کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


لە پەیامەکەی نەوشیروان مستەفا گەیشتم، کە دەبێت گردەکە جێ بهێڵم

Tuesday, 12/08/2014, 12:00


له‌ دوای ئه‌وه‌ی نه‌وشیران مسته‌فا ده‌ستی له‌ جێگری سکرتێری گشتی یه‌کیتی نیشتمانی کوردستان کشانده‌وه‌ و کۆمپانیای وشه‌ی ده‌مه‌زراند. منیش وه‌کو گه‌نجێک ماوه‌یه‌ک بوو به‌هۆی ئاشنابوونم به‌ سایتی کوردستانپۆست چرۆی یاخی بوون له‌ مێشکمدا دژی ناعه‌داله‌تی نادادپەروەریی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیتی و پارتی دروست بوو بوو. به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌یان چیرۆکم له‌سه‌ر نه‌وشێروان مسته‌فا بیستبوو گوایه‌ دژی خه‌ڵکی داوێنپیس و ده‌ستپیس و ماستاوچییه‌، ده‌رکه‌وت پێچه‌وانه‌ی ئه‌و چیرۆکانه‌ راستن‌. لێ بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌رەتای دروست بوونی کۆمپانیای وشه‌وه‌ به‌ عیشقه‌وه‌ له‌ رێگای (بابه‌کر دره‌یی)یه‌وه‌، دواتر ناساندنی بەهۆی (هونه‌ر ره‌سوڵ) و بینینی (نه‌وشیروان مسته‌فا)وه‌ کارکردنم له‌ بنیاتنانی سایتی سبه‌ی وه‌کو په‌یامنێرێک و دواتر رۆژنامه‌ی رۆژنامه ده‌ستم پێکرد‌. تا جارێک نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ (عه‌دنان عوسمان) که‌ ئه‌وده‌م سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ بوو جوابی بۆ ناردم وتبووی یان ده‌بیت بۆ ئیمه‌ ئیش بکات یان بۆ سایتی کوردستانپۆست. منیش پێم وت من واز له‌ کوردستانپۆست ناهێنم، و کاریان بۆ ئێوە ناکه‌م، له‌و ساته‌وه‌ هیچ کارێکم بۆیان نه‌کرد. به‌ڵام له‌ مانگێکدا چه‌ند جار نه‌وشیروان مسته‌فام ده‌بینی و پۆل پۆل گه‌نجمان ده‌برد بۆ لای و گوێی لێده‌گرتن. من یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی به‌ به‌رده‌وامیی هانم ده‌دا، که‌ ده‌بێت لیستێکی په‌رله‌مانی دروست بکات، چونکه‌ خه‌ڵک لە یەکێتیی و پارتی زۆر توڕه‌ و بێزارە. کاتێکیش بریاری ئه‌وه‌ی دا لیستی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان دەبێت و له‌ ریگای دانای سکرتێری ئه‌و کاته‌، ئاگاداری کردم تا  له‌ نێو خه‌ڵکدا کار بۆ ئه‌و لیسته‌ بکەین. دوای ئه‌وه‌ یه‌کسه‌ر ده‌ستم به‌ کارکردنی جدیی کرد و له‌ نێو خه‌ڵکدا باسی ئه‌وه‌م ده‌کرد، کە نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ ته‌مای دروستکردنی لیستێکی هه‌ڵبژاردنه،‌ خه‌ڵکێکی زۆر گاڵته‌یان پێده‌کردم و به‌ شێتیان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دام، ده‌یان گووت نه‌وشێروان مسته‌فا جێگری سکرتێری یه‌کێتی بوو هیچی پێنه‌کرا، ئێتر  له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌کیتی چی پێدەکرێت؟ سه‌ره‌رای ئه‌و قسانه‌ش توانیم قه‌ناعه‌ت به‌ زۆر گه‌نجی خوێنه‌وار و به‌ ئاگا بکەم که‌ تینوی گۆرانکاری ریشه‌یی بوون و ده‌مناسین له‌ شوێنه‌ جیاجیاکانی گه‌رمیان و ناوچەی سلێمانی، ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش پەیوەندییان پێوە دەکردن که‌ کار بۆ ئه‌و لیسته‌ و به‌رنامه‌کانی بکه‌ن.

کاتێکیش لیسته‌که‌ راگه‌یه‌ندرا و له‌ کفری له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک گه‌نجی خوێن گه‌رم و ئازا و هه‌ندێک خه‌ڵکی به‌ هه‌ڵوێستی دیکه‌، که‌ به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردران، ئیتر نووسینگه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی گۆرانمان له‌ کفری دانا و پێکەوە به‌ڕێوەمان‌ ده‌برد، ئێمە تونیمان ده‌نگێکی زۆر له‌ شاره‌که‌ بۆ گۆران کۆبکه‌ینه‌، له‌ هه‌رچ شارێکیتری کوردستانیش کاریگەرییمان له‌ سه‌ر هه‌رچ که‌سێک بێت له‌ رێگای راگه‌یاندنه‌وه‌ هانمان دان تا ده‌نگ به‌و لیسته‌ بده‌ن.
له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان کاتێک بینیمان نه‌وشیروان مسته‌فا و بزوتنه‌وه‌که‌ی له‌ یه‌که‌م هه‌نگاودا له‌ هه‌موو شاره‌کان له‌ سه‌ره‌وه‌ خه‌ڵکی فه‌رز دەکرد بەسه‌ر گۆرانخوازه‌کاندا و ئەوانی دەکرد به‌ به‌رپرسیان. ئیتر ئێمه‌ش وه‌کو کۆمه‌ڵێک گه‌نج که‌ بۆ گۆران کارمان کردبوو هه‌ڵوێستی توندمان هه‌بوو بایکۆتی کۆبونه‌وه‌کانمان کرد. ناره‌زایه‌تی خۆمان له‌ رێگای نووسینه‌وه‌ ده‌ربڕی تا دواتر من و مامۆستا خالید و مامۆستا پشتیوان و هێمن عه‌دنان له‌ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رووکردنه‌وه‌یەکمان بڵاوکرده‌وه‌ رامانگەیاند چیتر ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌کمان به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆرانه‌وه‌ نییه‌ و وه‌کو که‌سانی سه‌ربه‌خۆ کار بۆ شاره‌که‌مان ده‌که‌ین.
دوای ماوه‌یه‌ک له‌ وازهێنانم و به‌رده‌وامیدان به‌ خه‌باتی نووسین و خۆپیشاندان له‌ شاره‌که‌دا. له‌ ساڵی 2010 له‌ سه‌ر نووسینێکم که‌ له‌ سه‌ر چۆنێتی شه‌هیدکردنی شه‌هیدێکی یه‌کێتی له‌ سه‌رده‌می شاخدا بڵاوم کرده‌وه‌. دوای مانگێک بەسەر تێپەڕبوونی ئه‌و نووسینه‌دا، به‌رپرسێکی یه‌کیتی له‌ گه‌رمیان به‌ ناوی چه‌ند به‌رپرسێکی تره‌وه‌ قسه‌ی کرد و وتی من کراومه‌ته‌ وه‌کیل بۆ ئه‌وه‌ی سکاڵا له‌ سه‌ر تۆ تۆمار بکه‌ین له‌ سه‌ر ئه‌و نووسینه‌. منیش بێ منه‌تی خۆمم راگه‌یاند، چونکە ناوی که‌سم لە نووسینەکەدا نەهێنابوو، کاتێک ئه‌و به‌رپرسه‌ زانی ناتونێت سکاڵاکه‌ بباته‌وه‌. بۆیه‌ ئێواره‌ی19-1-2010 له‌ پێش ماڵی خۆمان له‌ کفری سێ که‌سی نار بۆ ئەوەی بمڕفێنن و دواتر تیرۆرم بکەن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ به‌ هۆی ناسینی که‌سێک له‌و سێ که‌سه‌ی کە هەوڵی رفاندنمیان دا، من توانیم فێلی لیبکه‌م و رابکه‌مه‌ مالی دراوسییه‌کمانه‌وه‌.
دواتر بیرم له‌وه‌ کرده‌وه‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ بۆیان هه‌یه‌ خۆیان ئه‌و که‌سه‌ رفێنه‌رانه‌ که‌ ئاشکرابوون بکوژن و دوایی تاوانەکە بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی منه‌وه‌ و بەمە کێشەیەکی عەشایری لە نێوان بنەماڵەی من و ئەو کەسەدا دروست بکەن، کێشه‌که‌ له‌ کیشه‌ی سیاسی دووبخەنەوە و بیکه‌ن به‌ کێشه‌یه‌کی عەشایریی و کۆمه‌لایه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌تا هه‌تایه‌ خۆم و که‌سوکارم پێوه‌ی بتلێینه‌وه‌. بۆیه‌ یه‌کسه‌ر هوشداریمدا بە‌ راگه‌یاندنه‌کان، کەوا سیناریویه‌کی له‌و جۆره‌ رەنگە روو بدات، ئیتر دۆست و براده‌ره‌کانیشم لێئاگادار کرده‌وه‌. مامۆستا خالید عه‌بدولکه‌ریم و ئیحسان مه‌لا فوئاد و مامۆستا پشتیوان حوسێنی هاورێم پێشنیاریان بۆ کردم بچمه‌ سلیمانی لەوێ نیشته‌ جێ ببم. منیش پێشنیاره‌که‌یانم به‌ مه‌عقوڵ زانی و په‌سه‌ندم کرد. نه‌ک له‌ ترسی ئه‌وه‌ی بکوژرێم، بەڵکو وەک وتم له‌ ترسی ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ وه‌کو پیشه‌ی هه‌میشەییان ئه‌و سینارۆیه‌ به‌رێ بخه‌ن و ماڵه‌وه‌مان بخه‌نه‌ نێو گیژاوی کێشه‌ی کۆمه‌لایه‌تییه‌وه‌. بۆ ئەمە چوومه‌ سلیمانی و ئه‌و مه‌ترسییه‌م بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا باسکرد، پێم گوت ئه‌مه‌وێت بێمه‌ سلێمانی، ئه‌ویش وتی باشه‌ به‌ ناوی منه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ قادری حاجی عه‌لی قسه‌ بکه‌ و خۆشم قسه‌ی له‌ گه‌ڵدا ده‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی شتێکت بۆ بکات. ئه‌وه‌بوو په‌یوه‌ندیم کرد به‌ قادری حاجی عه‌لی و مه‌سه‌له‌که‌م بۆ باسکرد ئه‌ویش وتی جوابت لێده‌گیرمه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو پاش چه‌ند رۆژێک ئاگاداری کردمه‌وه‌، که‌ شیونی ئیشوکار و خه‌وتنی لە گردەکە بۆ دابین کردوم. دوای ئه‌وه‌ چوومه‌ سلێمانی و ماوه‌یه‌ک له‌ سایتی سبه‌ی کارم کرد و ماوه‌یه‌کی تر کارێکی تریان پێ سپاردم. دوایش وازم له‌و کاره‌ هێنا به‌هۆی هۆکارێکه‌وه‌ و له‌ دوای واز هێنانم له‌و کاره‌ چه‌ند جارێک داوام له‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ محمه‌د تۆفیق ره‌حیم و عومه‌ری سه‌ید عه‌لی و نه‌وشیروان مسته‌فا کرد ئه‌مه‌وێت ده‌ست به‌تال دانه‌نیشم و وەکو کارمه‌ندێک کارێکیان بکه‌م. به‌ بیانووی جیاجیا کاریان پێنه‌دام و بۆ خۆم ده‌ستبه‌تاڵ لێی دانیشتم. هۆکاری پێنه‌دانی کاریش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رایه‌وه‌ متمانه‌یان به‌ من نه‌بوو و له‌ مێشکی خۆیاندا له‌وه‌ ده‌ترسان،  من شت بده‌مه‌ راگه‌یاندنه‌کان له‌ سه‌ر ناوه‌وه‌ی گۆران، که‌ ئه‌و کاره‌ش له‌ پیشه‌ و کار و ئه‌خلاقیاتی مندا بوونی نییە. من هەر کاتێک ویستبێتم شتێک له‌ سه‌ر نه‌وشیروان و بزوتنه‌وه‌که‌ی بنووسم به‌ ناوی سیانی خۆمه‌وه‌ نووسیومه‌ سڵم نه‌کردوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌رشیفی نووسینه‌کانم له‌ کوردستانپۆست شاهیدیم بۆ ده‌ده‌ن.

ئه‌مه‌وێت باسی ئه‌وه‌ش بکه‌م که‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی له‌ گرده‌که ‌بووم چه‌ند جارێک له‌ مردن رزگارم بووە، دوو جاریان که‌ ئه‌ویسترا په‌لاماری گرده‌که‌ بدریت، ئەگەر په‌لاماریش بدرایه‌ ئێمه‌مانان ده‌کوژراین. جارێکیش له‌ 17 شوبات ئه‌فسه‌رێکی نانبراوی گۆرانیش هه‌وڵێ رفاندنی منی دا له‌ ده‌رگای گرده‌که‌ خۆمم خسته‌ خواره‌وه‌ لە دەستی رزگارم بوو. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ شوێنێکی ترم نه‌بوو ئەو رووداوە زۆر هەستیاربوو، بۆیە ناوی ئەو کەسەش ناهێنم، سەریم نایەوە و باسم نەکرد، لە 17 شوبات و رۆژانی دوایش که‌ فەرمانی گرتنم له‌لایه‌ن ئاسایشی گه‌رمیانه‌وه‌‌ بۆ ده‌رچووبوو، له‌ باره‌ی هه‌ڵوێست و کاره‌ مه‌یدانیه‌کانم ئه‌رشیفێکی ده‌وڵه‌مه‌ندم هه‌یه‌ و پێویست ناکات لێره‌دا ئاماژه‌ بە هه‌مووی بده‌م. هه‌روەها وەکو کارێکی ئه‌خلاقی کە ئه‌و ماوەیە‌ له‌ گرده‌که‌ بووم، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌ ته‌واویی هێز و توانا و پشتیوانیم له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆران کرد و ده‌نگم بۆ کۆکرده‌وه‌. جێی خۆیەتی لە هەمانکاتدا سوپاسیان بکەم، کە بۆ ئەو ماوەیەی لە گردەکە بووم وەک میواندارییەک جێگای منیان کردەوە سوپاسیان بکەم، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی بێدەنگیش بم و قسەی خۆم نەکەم، بۆیە دەڵێم ئه‌گه‌ر منیش دوای پاره‌ و پله‌ و پۆست بکه‌وتبامایە ئه‌متوانی ببمه‌ ئه‌ندام پەرله‌مان و وه‌کو خه‌ڵکانێک که‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر سفره‌ی حازر و بێهه‌ڵوێست و ماستاوچیی و ترسنۆکترین خه‌ڵک خۆم ده‌وڵه‌مه‌ند دەکرد، به‌ڵام باوەڕم به‌وە نه‌بووە، من ئیستا خۆم بە دەوڵەمەندترین کەس دەزانم، چونکە پاراستنی شەرەف و کەرامەتی نەتەوەیی و وڵاتپارێزی و خۆنەویستیم بەلاوە گرنگتربووە، مرۆڤ دەتوانێت ئەو سامانە بباتە ناو گۆڕەوە، نەک ئەو پارە و ماڵ و خانووەی کە زۆر کەس بە سەرمایەی بەختەوەریی خۆیانی دەزانن، من توانیم له‌و رێگایه‌وه‌ سه‌رمایی مه‌عنه‌وی خۆم بپارێزم و وه‌کو ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانیان نەکه‌وتومه‌ به‌ر تانه ‌و ته‌شه‌ری خه‌ڵک و سه‌رمایی مه‌عنه‌ویم که‌ له‌ نێو چونم به‌ نێو ئاگردا په‌یدام کردوه‌ له‌ ده‌ستم نەداوە.

با کورتی بکەمەوە و ئەوەی لەسەرەوە وتوومە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە، کە بۆچی من چووم بۆ گرده‌که‌؟

له‌ دوای هه‌وڵی تیرۆرکردنم له‌لایه‌ن یه‌کێتییەوە دوو رێگام له‌ به‌رده‌مدا بوو. یان ئه‌وه‌تا بچمه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات که‌ له‌ خه‌یاڵی مندا نه‌بووه‌ له‌و کاته‌نه‌دا. یان ئه‌بێت بچمه‌ شوێنێکی وەکو گرده‌که‌ و له‌ نێو رووداوه‌که‌ندا بمێنمه‌وه‌ و به‌رده‌وامی به‌ خه‌باتی مه‌یدانی بده‌م، بۆیه‌ چوونم بۆ گرده‌که‌ به‌و شێوه‌یەی باسی ده‌که‌م پێباشتربوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌و کات و ساته‌دا که‌ خه‌ڵکی مافخوراو دژی ده‌سته‌ڵاتی ره‌شی یه‌کێتی و پارتی وه‌ستابوونه‌وه‌ و داوای مافه‌ ره‌واکانی خۆیان ده‌کرد. مانه‌وه‌ی من له‌ گرده‌که‌ به‌و شێوه‌یه‌ی باسم کرد وه‌کو په‌نابەرێک‌ وابوو، وه‌کو ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی په‌نابەرن لە هه‌نده‌ران. له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا به‌ هیچ شێوه‌یه‌کیش به‌شداریم له‌ کاری حیزبی گۆران نه‌کردوه‌. یه‌کجار نه‌بیت به‌شداری کۆبوونه‌وه‌یکی گشتیم کرد له‌ باره‌ی پرسێکه‌وه‌ ئیتر به‌شداری هیچ کۆبوونه‌وه‌یکی ترم نه‌کردووه‌.
له‌ ئێستادا که‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆران چۆته‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و به‌شداره‌ له‌ رژێمی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا، سیاسه‌تی نووسینی ئێمه‌مانان له‌ گه‌ڵ سیاسه‌تی ئیستای گۆران وه‌کو ئه‌رز و ئاسمان جیاوازی هه‌یه‌. مانه‌وه‌ی ئێمه‌مانان له‌ نێو گۆراندا و له‌ گرده‌که‌ توانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رمایه‌ مه‌عنه‌ویه‌‌ گه‌وره‌یەیە، که‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ سه‌ر حیسابی مه‌رگی خۆم بنیاتم ناوه‌. ریگای ئێستای بزووتنه‌وه‌ی گۆران، سه‌ری ره‌ش و قه‌ڵاچۆلانه‌، رێگای منیش مانه‌وه‌یه له‌ به‌ره‌ی گەل، بۆیه‌ پێتان راده‌گه‌ینم که‌ چیتر من به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک پشتیوانی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران ناکه‌م، بەڵکو لە فه‌قیر و هه‌ژارانی وڵاتەکەم دەکەم. ماوه‌یه‌که‌ بۆ خۆم ئه‌مویست خۆم له‌ گۆران و گرده‌که‌ رزگار بکه‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای خۆشبه‌ختییه‌ خودی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ ناراسته‌وخۆ ئیزنێکی مه‌عقوڵانه‌ی دام و بۆ خۆم له‌ مه‌سجه‌که‌ی گه‌یشتم، که‌ چیتر ئه‌و وه‌کو راوێژکارێکی مه‌سعود بارزانی منی پێی هه‌زم ناکرێت، تا له‌ گرده‌که‌وه‌ ره‌خنه‌ له‌ ئاغاکه‌ی بگرم له‌ سه‌ری ره‌ش، نه‌وه‌ک له‌ راوێژکاری ده‌ری بکات و نانبراوی بکات. له‌ ئێستادا من له‌ ماڵی خۆمم له‌ شاری کفری. هه‌ر وه‌کو چۆن له‌ گرده‌که‌ش بووم بێ سڵەمینه‌وه‌ له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و کۆیله‌کانی به‌ توندترین شێوه‌ رۆشناییم خستۆته‌ سه‌ر لایه‌نه‌ تاریکه‌کانی نه‌وشیروان مسته‌فا و بزوتنه‌وه‌که‌ی، ئاواش بۆ له‌مه‌ودوا رۆشنایی ده‌خه‌مه‌ سەر لایه‌نی دیکه‌ی تاریکی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە