دوای پاشەكشێی هێزەكانی ئەمریكا هاوپەیمانەكانی لە عێراقدا بەچی ئەتوانرێت كوردستان لە هێرشی داگیركەران بپارێزرێت؟
Wednesday, 02/11/2011, 12:00
پێش رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق دا،ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كوردستانیان وەكو گەلێكی قوربانیدەر تەماشادەكرد، كوردیش ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی وەكو هێزێكی رزگاركەر تەماشادەكرد، لە بیرمە چەند رۆژێك دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانی و زەمینیەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ سەر رژێمی بەعس دەستی پێكرد، لە ناسریە كۆمەڵێك سەربازی ئەمریكا بەدیل گیران و دواتر رژێمەكەی سەدام لە راگەیاندنەكانیەوە وەكو سەركەوتنێكی گەورە تەماشای ئەو سەربازە بەدیلاگیراوانەی دەكردپیشانی ئەیان، لەو كاتەدا زۆربەی هەرەزۆری هاونیشتمانیانی كوردستان فرمێسك بە چاوانیاندا دەهاتە خوارێ بۆ ئەو سەربازە بەدیلگیراوانەی ئەمریكا و هاوپیمانەكانی، چونكە وەكوهێزێكی رزگاركەر لە دەست زاڵمێكی وەكو سەدام حسێن تەماشادەكران، لە بەرامبەردا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی پارتی و یەكێتی و هێزە كوردستانیەكانیان وەكو هێزگەلێكی ئازادیخواز ودادپەروەر تەماشا دەكرد، هەر بۆیشە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان متمانەی زۆریان بە یەكێتی و پارتی و هێزە كوردستانیەكان هەبوو كە بتوانن هاوكارێكی باشیانبن، بۆ بنیات نانەوەی عێراقێكی دیموكراسی و رێزگر لە مافەكانی مرۆڤ و بكرێتە نومەنی دیموكراسی بۆ ناوچەكەش.
لە دوای رزگاركردنی عێراق لە ژێر چنگی رژێمەكەی سەدام، پاش هەشت ساڵ گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن هێزە كوردی و شیعەكان و هەندێك لە سونەكانەوە، هەموو بۆچوونەكان پوچەڵ بوونەوە، زۆرێك لە هاونیشتمانیانی كوردستان كە پێشوتر فرمێسكیان بۆ هێزەكانی ئەمریكا هەڵ دەڕشت، دواتر خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی بە كوشتنی هێزەكانی هاوپەیمانیان، لێردا پرسیارەكە ئەوەیە ئایە بۆچی زۆرێك لە هاونیشتمانیان بۆچونەكانیان گۆڕا لەسەر هاوپەیمانان ولە هێزێكی رزگاركەرەوە لێبوو بە هێزێكی داگیر كەر؟ یەكێك لە هۆكارەكانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ماوەیەك هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان بەبێ هیچ هۆكارێك لە رێگا و بانەكاندا چەندین هاونیشتمانی كوردیان دەكردە قوربانی، هەروەها چاو نوقاندنی هاوپەیمانان، لەو هەموو گەندەڵی و تیرۆر و وتۆقاندنان، رەوەدونانی چالاكوانانی مەدەنی، رۆژنامەنووسانی دەرەوەی دەسەڵات، كوشتنی خۆپیشاندەران، نانبڕینی خەڵك لەسەر بیروو بۆچوونی سیاسی، دەست تێكەڵكردنی چەندین بەرپرسی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە گەڵ سەرانی یەكێتی و پارتی لە گەندەڵیكردن لە گرێبەستە نەوتیەكاندا، كە یەكێتی و پارتی بۆ مانەوەیان لەسەر دسەڵات ئەو هەموو كارەیان ئەنجامدەدا بە ئێستاشیانەوە بەردەوامن، هەروەها فشار نەخستنە سەر پارتی و یەكێتی بۆ ئەوەی هێزە چەكدارەكانیان بێلایەن كەن و بە چەند نشتەرگەریەك ڤایرۆسی حیزب لە ناو جومگەكانی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگادا دەربهێنرێت، دواتریش بێدەنگی هاوپەیمانان لە بەرامبەر سەركووتكردنی خۆپیشاندانەكانی سەرای ئازادیەكانی كوردستان لە لایەن یەكێتی و پارتیەوە، ئەوانە و چەندین هۆكاریتر بوونە هۆی ئەوەی خەڵكی كوردستان هیچ ئومێدیەكیان بە هێزی هاوپەیمانان نەمێنێت، هەرچەندە دەبێت هاونیشتمانیانی كوردستان پشت بە هەوڵ و كۆشەشەكانی خۆیان ببەستن و باوەڕیانی بە دەستێكی دەرەكی نەبێت رزگاریان بكات، بەڵام كێشەكە ئەوەیە گەلی كورد لەبەر ئەوەی هەمیشە زەلیلی ژێر دەستی داگیركەرانی كوردستان بووە و چەوسێنراوەتەوە، بۆیە هەمیشە خۆشباوەڕە بە بەڵێنەكانی زلهێزە بەرژەوەندیخوازەكانی هاوپەیمانان.
بە پێچەوانەشەوە پرسیارێكیتریش خۆی قوت دەكاتەوە كە ئەی ئایە بۆچی هاوپەیمانان باوەڕیان بە هێزە سیاسیەكانی كوردستان نەماوە و كوردیان لە قوربانیەوە لێبووە بە جەلاد؟ لەسەرەتای رزگاركردنی عێراقدا هێزەكانی یەكێتی و پارتی و لە بری پاراستنی كەل و پەلەكانی دام و دەزگاكانی حكومەت لە ناوچە دابڕاوەكان و رێگریكردن لە تاڵانچیەكان، كەچی خۆیان یەكەم كەس دەستیان بەتاڵان و بڕۆكردووە هەموو ئەو كەل و پەلە و ئامیرانەی دام و دەزگاكانی حكومەتیان لەو ناوچانە تاڵانكرد، لە یەكەم هەنگاودا كە هێزە كوردیەكان بەو شێوەیە دەستیان بەتاڵانیكرد و راگەیاندنەكانی جیهان بڵاویانكردەوە، ئەوە وایكرد هاوپەیمانان ئەو هێزانە لەو ناوچانەدا وەكو هێزێكی تاڵانكەر تەماشا بكات و لە ماوەی بیست و چوار كاتژمێردا لەو ناوچانە بەدەریان بنێن، هەروەها دەركەوتنی ماهێتی زۆرێك لەسیاسیەكانی یەكێتی و پارتی كە لە بەرامبەر پۆست و پلە و پایە و پۆڵدا چۆكیاندادا،بۆ هاوپەیمانان ئاشكرابوو، دواتریش درۆكردن لە گەل هاوپەیماناندا بەتەسلیمكردنی ئیرادەی خەڵكی عێراق بە ئێرانیەكان و پاراستنی زۆرترین بەرژەوەندیكانی نەیارەكانی هاوپەیمانان، لەلایەكیترەوە نەبوونی سیستەمێكی تەندروستی دیموركراسی لە كوردستاندا كە پێشوتر سیاسیەكانی پارتی و یەكێتی خۆڵیان لە چاوی هاوپەیمانان كردبووە بەوەی كە ئەو دیموكراسیەی لە كوردستاندایە دەیبەنە بەغداد، هەرچەندە سیاسیەكانی یەكێتی و پارتی لەوەیاندا راستیان كردووە ئەو سیستەمە سەقەتەی كوردستانیان لە بەغداد كۆپیكرد و ئیرادەی خەڵكی عێراقیشیان وەكو خەڵكی كوردستان كپ كردەوە لە ژێر ناوی تەوافقی سیاسیدا،وەكو چۆن لە كوردستانیش رێكەوتنامەی ستراتیجییان هەیە بۆ ئفلیجكردنی كۆمەڵگا و بە كۆیلەكردنیان ونەهێشتنی دەنگ و رەنگە جیاوازەكان و خنكاندانی دیموكراسی و دادپەروەری، ئەوانەو چەندین هۆكاریتر وایكردووە ئەوانیش بۆچونیان بگۆرێت بەرامبەر بە دۆزی كورد لە هەرێمی باشوردا.
پرسیارە جەوهەرێكە لێرەوە دەست پێدەكات كە ئایە دوای پاشەكشەی هێزەكانی هاوپەیمانان مەترسیەكانی سەر كوردستان چین و چارەسەر بۆ روبەڕوبوونەوە مەترسیەكانی سەر هاونیشتمانیان چیە؟ بە بۆچونی من پاش كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان هەرچی مەترسی و هەڕەشەیەك بكەوێتە سەر هەرێم لەلایەن داگیركەرانی كوردستنەوە، جارێكتر هاوپەیمانان ئامادە نین ناوچەی دژەفڕین درووست بكەن و هێز بنێرن بۆ رزگاركردنی هاونیشتمانیانی كوردستان لە مەترسیەكان، تەنها رێگا چارەسەر بۆ بەرەنگار بوونەوە مەترسیەكانی سەر هەرێمەكەمان،بوونی سیستەمێكی سیاسی تەندرووست و دادپەروەرو بوونی هەڵبژاردنی ئازادانەی بی دزی و فزی و قەناعەتكردنی بەدەستاودەستكردنی دسەڵات بە شێوەیەكی ئاشتیانە لە ژێر ئاڵای یەك هێزی چەكداری پڕمەشقی نیشتمانیدا، ئەگەر یەكێتی و پارتی عەقڵێتی خیڵەكی و گەندەڵی و جەهلیان فڕینەدەن و نەیەنە پای درووستكردنی وڵاتێكی دیموكراسی سیستەماتیكی دادپەروەر، هاونیشتمانیانیش بێدەنگی هەڵبژێرن و رانەپەڕن، بەرامبەر و ئەم عەقڵە سیاسیە كۆنەپەرستانە خێڵەكیەی لو كوردستاندا حاكمە، ئەوە كوردستان دەكەوێتە بەر هەڕەشەی جدیەوە و چاوی چنۆكی داگیركەرانی كوردستانیش دەكەوێتە سەر و داگیریدەكەن،ئوباڵەكەشی دەكەوێتە ئەستۆی سەرانی سیاسی یەكێتی و پارتیەوە، هەرچەندە هەرچ كاولكاری ماڵ ئوێرانیەك بهێنرێتە سەر هەرێمەكەمان، ئەوەی تێدا زەرەرمەند دەبێت تەنها هاونیشتمانیانی فەقیر و هەژاری كوردستانە، لەبەر ئەوەی بەرپرسانی سیاسی یەكێتی و پارتی ئەوەندە سەروەت و سامانی دزراوی خەڵكیان بەر چنگ كەوتووە كە هەتا ماون خۆیان و ماڵ و منداڵیان كوڕای كوڕپێی دەژین. بۆیە ئەگەر لە رابردودا سیاسیەكان ئەوەیان بە گوێ هاونیشتمانیاندا چپاندبێت كەتەنها چیاكانی كوردستان دۆستی كوردن، ئەوە پاش پاشەكشەكردنی هێزەكانی هاوپەیمانانیش تەنها پاڵ پشتمان ئەمجارە بوونی سیستەمێكی دیموكراسی دادپەروەری كۆمەڵایەتە كە مافەكانی تاك تێدا پارێزراوبێت، ئەگەر كوردستانیش بەمشێوە سەقەتە حزبیە خێڵەكەیە بەردەوام بێت لە حوكمكردن، ئەوە دڵنیان كە كوردستانی باشور وەكو كەشتیەك روو لە شەپۆلە بەهێزەكانی دەریا دەنێت و ژیانی هاونیشتمانیانیش دەخاتە بەر هەڕەشەی مەرگەوە.
تیبینی:
ئەم وتارە لە ژمارە(779) رۆژنامەی هاوڵاتی دابەزیووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست