ئایە كاتی ئەوە نەهاتووە ئەنفالچیەكانی شەڕی براكوژی دادگای بكرێن؟
Wednesday, 28/07/2010, 12:00
كوشتن هەر كوشتنە، تاوان هەر تاوان، ئەگەر كابرایەكی فارس یان عەرەب یان تورك یان كورد كەسێك بكوژێت، هەرهەمووی هەر تاوانە، ئەگەر گروپە توندڕەوە ئیسلامیەكان و كابرایەكی علمانی كەسێك بكوژێت هەر تاوانە، ئەگەر مارێك لە بەغداد پێتەوە بدات و مارێكیش لە سلێمانی هەردووكی هەر ژەهر دەڕێژێت. مەعقوڵ نیە بڵێت ئەو مارەی لە بەغداد پێتەوە دەدات ژەهرەكەی ئێشی زۆرە و دەبێت بە سەزای خۆی بگەیەنرێت، لە بەر ئەوەی لە سنوری عەربدایە، ئەو مارەی لە سلێمانی پێتەوە دەدات، ئێشەكەی كەمەو هیچ نیە، لە بەر ئەوەی لە سنوری هەرێمی كوردستاندایەو خۆماڵیە ئەبێت ئەو مارە بە سەزای خۆی نەگەیەنرێت.
رژێمی بەعسی رووخاو هەرچی نەشێت بە خەڵكی كوردستانی كرد. بە ئەنفالكردن و كیمیابارانكردن و رووخاندنی دێهاتەكانی كوردستان و چی و چیتر، بەڵام زۆریەك لەو ئەنفالچی و تاوانبارانە بە سەزای خۆیان گەیەندران و كەس و كاری قوربانیان خۆشحاڵ بوون بە سەزاگەیاندی تاوانباران. راستە هێشتا زۆریەك لەو ئەنفالچیانە بەهۆی پشتگیری بەرپرسانی كوردەوە بەدادگای و سەزای خۆیان نەگەیشتوون. بەڵام هەرچۆنیەك بێت تاوانباراە رەئیسیەكان بە سەزای خۆیان گەیەندران.
یەكێتی و پارتی لە شەری براكوژیدا بە هەزاران گەنجیان گولەباران و كوشت و بە هەزارانیشیان بە قەولی خۆیان ئەنفال و سەرنگوم كردووە، ئەم ئەنفالچیانەی شەڕی براكوژی رۆژانە بە پێش چاوماندا دێن و دەچن و زۆربەیان پۆستی باڵایان هەیە لە كوردستانی باشورەكەم، لە بری ئەوەی ئەم ئەنفالچیانە دادگای بكرێن و بخرێنە قەفەسی زیندانەوە و بە سەزای یاسای خۆیان بەگەیەنرێن، كەچی هێشتا ئەوان دێن كوردایەتی بە خەڵكی زوڵمڵیكراوی كوردستان دەفرۆشنەوە و خەڵكی كوردستان بە قەرزاری خۆیان دەزانن!.
خەڵكی كوردستان بە زۆری بە سەدام رژێمەكەی دەڵێن ئەنفالچی و دڕەندە، بەڵام بە سەرانی كورد كە ئەوانیش خەڵكیان ئەنفالكردوە دەڵێن: شۆڕش گێڕ و سەركردە!، لێرەدا ئەپرسین ئایە مەعقوڵە دوو مرۆڤ عەرەب و كورد هەردووكیان تاوان ئەنجام دەدەن، بە عەرەبەكە بڵێیت لەبەر ئەوەی عەرەبە تاوانبارە، كەچی بەكوردەكە بڵێت ئازادی خواز و مرۆڤ دۆست و بێتاوان؟. ئەپرسین ئایە بۆچی كاتێك یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شەڕی براكوژیدا زۆربەی هەرە زۆری مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی بە سەرۆكەكەیانیشەوە بەدیل گرت یەك قسەی ناشرینی پێیان نەكردن، كەچی لە سەنگەرەكانی شەڕدا دیلەكانی پارتی گولەبارن دەكرد؟ بەپێچەوانەشەوە لە پارتی دەپرسین خێرە لە كاتی هێنانی دەبابەی بەعس بۆ هەولێر لە 31 ئابدا زۆربەی سەركردەكانی یەكێتی بە دیل گرت یەك قسەی ناشرینیان پێیان نەدەگوت، كەچی كاتێك دیلەكانی یەكێتیان دەستگیر دەكرد گولەبارانیان دەكردن؟. ئەی خێرە ئێستا هاتوون ئەو هەموو دیل كوشتن و ئەنفالكردنەمان بە كوردایەتی پێ دەفرۆشنەوە و خەڵك بە تاوانبار دەزانن؟ سەرەڕای ئەو هەموو كورد كوژی و ئەنفالكردنەش، هێشتاش وازتان لە كوشتن و بڕینی خەڵكانی ئازادیخواز و سەربەخۆ نەهێناوە كە تەنها تاوانیان ئەوەیە راستیەكان بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا دەكەن.هێشتا هەر سەروەت و سامان و نەوتی ئەم وڵاتە بە تاڵان دەبەن و بە كوردایەتی و نیشتمان پەروەری پێمانی دەفرۆشنەوە. لە هەمانكاتدا تاوانبارانی حیزبەكانی تریش كە ئەوانیش هەمان تاوانیان ئەنجامداوە، ئەوانەش تاوانبارن و ئەبێت بە سەزای یاسای خۆیان بگەن. ئەپرسین ئایە كاتی ئەوە نەهاتووە ئەنفالچیەكانی شەڕی براكوژی لە كورسی دەسەڵات بهێنرێنە خوارەو دادگای بكرێن و بە سەزای یاسای خۆیان بەگەیەنرێن؟
[email protected] تیبینی: ئەم وتارە لە ژمارە (649) ی رۆژنامەی هاوڵاتیش دابەزیووە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست