کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


كێ خاوەنی راستەقینەی سەروەت و سامانی نا شەرعی بەرپرسانە؟

Sunday, 29/08/2010, 12:00



 دەگێڕنەوە كاتی خۆی عەلی كیمیاوی تەلەفۆن كردوە بۆ وەزیری كشتوكاڵ كە زەویەكی باشی بۆ دابین بكات لە سەر روباری دیجلە، وەزیری كشتوكاڵیش لە وەڵامدا بە عەلی كیمیاوی دەڵێت: ئەوە لە دەستی مندا نیەو لە دەستی سەرۆكدایە، عەلی كیمیاوی تەلەفۆن بۆ سەدام حوسێن دەكاتو پێی دەڵێت: جەنابی سەرۆك پێویستم بە دابینكردنی زەویەكە لە سەر روباری دیجلە. سەدامیش لە وڵامدا بە عەلی كیمیاوی دەڵێ: ئەرزەت بۆ چیە، ئێمە تاوەكو لە دەسەڵاتدا بین هەرچی ئەرزە هەیە لە (فاو)ەوە تا زاخۆ وەكو موڵكی خۆمانە، كاتێكیش دەسەڵاتمان لە دەستدا نەما ئەوە یەك مەتر زەویش نابێتە موڵكی ئێمە.
 فیعلەن ئەو قسەیەی سەدامی خوێنڕێژ راست دەرچو، بینیمان دوای روخانی دەسەڵاتەكەی چی بەسەر خۆی و خزم و دارو دەستەكەیدا هات، هەرچی موڵك و ماڵیان هەیە كە بە ناشەرعی پێكەوەیان نابو هەموی كەوتەوە ژێر چنگی خەڵكی عیراق.
 
 لە ساڵی 1991 كاتێك خەڵكی كوردستان راپەڕین و تاج و تەراجی بەعسیەكانیان تێكو پێك شكاندو ئەو پێشمەرگانەی لە چیاكان هاتنە نێو شارەكانەوە، تەنها جلێكی چڵكنی بۆر و كاڵایەكی شڕیان لەبەردابو و خاوەنی هیچ نەبون تەنها خاوەنی كۆمەڵێك ئەسپێ نەبێت، لە پاش 19 ساڵ حوكمڕانیكردنی جل بۆرەكانی شاخ لە نێوشارەكاندا.لە ئێستادا هەندێكیان خاوەنی زۆرترین ڤێلاو كارگەو بەنزینخانەو ئۆتۆمۆبیلی ئاخیر مۆدێلو باخو ئەرزەو چەند ژنی نایاسایی و چی و چیترن، ئەگەر بەراوردی ژیان و گوزەرانی ئەو جل بۆرانە لە رابردودا لەگەڵ ئێستادا بكەین، ئەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو جل بۆرانە ئەو هەمو ماڵ و موڵكەیان بە نا شەرعی پێكەوە ناوە و موڵكی گشتیە و بەتاڵانیان بردوە.
 بەرپرسێكی نەخوێندەواری حیزبی لە سلێمانی لە ماوەی ئەم چەند مانگەی پێشودا، لە ڕێگای كەسێكی تایبەتی خۆیەوە 400 دەفتەر دۆلاری ناردوە بۆ ئەرزەكڕین، ئەپرسین ئایا ئەو بەرپرسە نەخوێندەوارەی حیزب و بەرپرسە حیزبی و حكومیەكانی هاوشێوەی، ئەو پارە زۆر و زەوەندەیان بەچی پەیداكردوە؟ ئەگەر بە تاڵانكردنی سامانی گشتی نەبێت. ئایا ئەوبەرپرسانە قەت لە خۆیانیان نەپرسیوە رۆژێك دێت ئەمانیش لە دەسەڵات دەهێنرێنە خوارەوە و وەكو سەدام و دارودەستەكەی چیان بەتاڵانبردوە دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنی ئەسڵی خۆیان كەخەڵكە؟.
 رەنگە ئەو بەرپرسە جل بۆر و چڵكنانەی دوێنێ و تاڵانچیانەی ئەمڕۆ دڵیان بەوە خۆش بێت كە هەرچیان دزیوە كردویانە بە ناوى خزم و كەسە نزیكەكەكانی خۆیانەوە و شێوەی یاسایان پێ بەخشیوە، بەڵام خەیاڵیان خاوە بتوانن بەو شێوەیە فێڵ لە خەڵكی كوردستان بكەن، چاوەڕوان دەكەین با لە دەسەڵات بهێنرێنە خوارەوە ئەو جار خەڵك پێیان پیشان دەدات كە ئەو هەمو سەروەت و سامانە ناشەرعیە كە بە تاڵانیان بردوە هێ كێیە.

 
[email protected]

تیبینی: ئەم وتارە لە رۆژنامەی چەترپریسیش دابەزیوە ئەوەش لینكی وتارەكەیە.
http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=206&Action=2&TypeID=2&AutherID=156
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە