کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاخر بۆ به‌س زمانی فیشه‌ک ئه‌زانن !

Saturday, 19/02/2011, 12:00




ده‌یان ساڵه‌ زۆرێک له‌ سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵکی کوردستان و بودجه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری خۆسه‌پێنی پارتی و یه‌کێتی ئه‌درێت به‌ (چه‌ک و فیشه‌ک و بارووت) و پڕچه‌ک کردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزی ئاسایش و هێزی بنه‌ماڵه‌ و هێزی چی و چی ، وه‌ نه‌بێت بۆ ڕزگارکردنی ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانی کوردستان به‌کار بهێنرێت ، به‌ڵکوو له‌ گیانی گه‌نجی کوردی به‌ش خوراوو خێر له‌ خۆ نه‌دیودا به‌کار ئه‌هێنرێت و سه‌رف ئه‌کرێت ، کێ له‌ ئێمه‌ ئه‌و مێژوه‌ خوێناویه‌ی بیر نیه‌ که‌ یه‌کێتی و پارتی تۆماریان کرد ؟ زیاتر له‌ (سی هه‌زار) کوڕی کوردیان کرده‌ قوربانی و ته‌رمه‌کانیان به‌ دیاری بۆ که‌سو کاریان ناردنه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش له‌ نه‌تیجه‌ی له‌ یه‌ک تێنه‌گه‌شتن و ڕقه‌به‌رایه‌تی و خۆسه‌پاندن و ئیحتراف نه‌کردن به‌ ئه‌ویتر ڕویدا ، گه‌ر سه‌رکرده‌کانی هه‌ردوولا ئه‌وکات ، زمانی دیالۆگ و گفتوگۆی سه‌رمێزیان به‌کار بهێنایه‌ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نێوانیان ، خوێنی ئه‌و هه‌موو لاوه‌ تێکه‌ڵی گڵ نه‌ئه‌بوو ، به‌هه‌ر حاڵ با واز له‌وه‌ بێنین ڕه‌نگه‌ بوترێت کای کۆن به‌با مه‌که‌ ، باشه‌ ئه‌ی ئێستا چی ؟ گه‌ر پارتی و یه‌کێتی به‌ هه‌مان عه‌قڵیه‌تی شاخ ‌ بیر نه‌که‌نه‌وه‌ بۆچی له‌به‌رامبه‌ر ده‌نگی ناڕه‌زایی کۆمه‌ڵێک گه‌نجی خوێن گه‌رمی دڵ پڕله‌ ژانی بێ چه‌ک ، جاده‌ی سالم کرایه‌ قه‌سابخانه‌ و خوێنی ئه‌و هه‌موو لاوه‌ ڕژێنرا له‌ لایه‌ن خوێنڕێژه‌کانی پارتی ، من قه‌ت تێناگه‌م بۆ ئه‌وه‌ی لای سه‌رکردایه‌تی پارتی و یه‌کێتی قیمه‌تی نیه‌ گیانی هاوڵاتیانه‌ ؟ ئاسانترین کار لایان ڕشتنی خوێنه‌ ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو پێشێلکاریه‌ ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ترساندن و تۆقاندن و ڕشتنی خوێنه‌ی پاسه‌وانانی پارتی ، هێشتا خۆیان به‌ مه‌غدور و زوڵم لێکراو ئه‌زانن ، هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌که‌ی یه‌کێتی و به‌یاننامه‌که‌ی پارتیدا ئه‌وه‌ به‌دی ئه‌کرێت ، جگه‌ له‌ به‌یاننامه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی که‌ هێزی ئاسایشی سلێمانی به‌ که‌م ته‌رخه‌م وه‌سف ئه‌کات ،‌ پێی کفره‌ ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵک ببیستێت ، هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتتداران ئه‌وه‌ی لێی ئه‌ترسن خوپێشاندان و ڕه‌خنه‌یه‌ ، باسی پاراستنی سه‌روه‌ریه‌کان و ئه‌زموونی کوردستان ئه‌کات ، ئاخر کام سه‌روه‌ریه‌تان تۆمار کردوه‌ یان کام سه‌روه‌ری ؟ له‌ کاتێکا ئه‌و هه‌موو گه‌نجه‌تان دایه‌ به‌ر ده‌ست ڕێژی بیکه‌یسی ! ئایا چ شتێک هه‌یه‌ له‌ خوێنی گه‌نج به‌نرختربێت ؟ بۆیه‌ جه‌نابی سه‌رۆک ئه‌و گه‌نجانه‌ له‌ تاو بێکاری گه‌نده‌ڵی بێ خزمه‌تی فه‌رامۆش کردنی خه‌ڵک زوڵم و دزی ڕاپه‌ڕین ، که‌چی وه‌ک هه‌میشه‌ لێکدانه‌وه‌ی تۆ شێوازێکی دیکه‌ بوو ، وه‌ک سه‌رکرده‌ی گروپێکی مافیا هاتیته‌ به‌ر چاو نه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم ! ئافه‌رین پارتی هه‌ر وه‌کوو ڕوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆتان نیشانداین ، به‌ڕاستی ئه‌مه‌ ڕوی ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه‌یه‌ زمانی چه‌ک و بارووت و خوێن ڕشتن، ده‌رکه‌وت ئه‌وه‌ی که‌ ئێوه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌که‌ن خۆسه‌پاندنه‌ ، که‌ی ده‌ست له‌ کوشتن و کوشتار هه‌ڵ ئه‌گرن که‌ی ئه‌و ئه‌قڵه‌ ڕزیوه‌ی شاختان ئه‌گۆڕن ؟ که‌ی ؟ که‌ی ؟ ..
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە