مەسعود بارزانی پێویستە چیبکات ؟!
Monday, 15/04/2013, 12:00
پرسی هەڵبژاردن ، بەتایبەت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم قسەو باسی میدیاکان و نوخبەی ڕۆشنبیرانە لە ئێستادا ، ئەوەی کە جێگەی سەرسوڕمان و سەرنجە قسە و باس زۆر هەڵدەگرێت ، پرسی خۆکاندید کردنەوەی مەسعود بارزانیە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم !، یاخود درێژ کردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی بۆ دووساڵی دیکە !، هەر لە ئێستاوە پارتی و یەکێتی لە مشوری ئەوەدان کە چۆن مەسعود بارزانی بهێڵنەوە لە پۆستی سەرۆکایەتیدا ، بینیمان وەفدی پارتی و یەکێتی سەردانی هەر سێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنیان کرد لەبەر هەمان مەبەست !! بەڵام خۆشبەختانە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەو داوایەیان ڕەد کردەوە
مەسعود بارزانی دەبێت چی بکات ..؟
هەر لە ئێستاوە بەبێ یەک و دوو بۆ ڕەوینەوەی گومان و لێکدانەوەی جیاواز ، پێویستە مەسعود بارزانی ڕایبگەیەنێت یاخود پایامێک بداتە میدیاکان و خەڵکی کوردستان کە چیتر وویستی خۆ کاندید کردنەوەی نیە ، وە بە جدیش هەوڵ بۆ ئەم مەسەلەیە بدات و لە بواری پراکتیکیدا جارێکی دیکە بیر لە پۆستی سەرۆکایەتی نەکاتەوە ، چونکە ئەو وادەی خۆی تەواو کرد و کاتی ئەوەیە ئەم پۆستە ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت ، ئەم هەنگاوە بۆ مەسعود بارزانی لە بوونەوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگ تر و پڕ بایەخترە
ئەگەر مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوەی بنێت ، ڕێگا خۆش بکات بۆ ئەوەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم هەڵبژاردن بکرێت و لە ڕێگەی دەنگی خەڵکی کوردستانەوە سەرۆکی ئایندە دەست نیشان بکرێت ، بێگومان ئەمە ئەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە و گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان و پێم وابێت باسێکی گرنگیش دەبێت بۆ جیهانی دەرەوەی کوردستان ، کوردستان لە چەقبەستووی و یەک دەنگی و یەک ڕەنگی ئەپارێزێت ، چونکە بە عەمەلی ئەسەلمێت کە بەڵێ کوردستان هەرێمێکی دیموکراسیە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکرێت و سیستمی سەرۆکایەتی پاشایەتی نیە ، چونکە " بە پێی ماددەی 17 و ماددەی 3 ی سەرۆكایەتی هەرێم سەرۆك تەنها بۆی هەیە دووخول خۆی هەڵبژێرێتەوە
پێویستە مەسعود بەرزانی نەک خۆی کاندید نەکاتەوە ، بەڵکوو نابێت تەنانەت بیر لە خۆ کاندید کردنەوەش بکاتەوە ، چونکە بە هەموو لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان و بە جەنابی مەسعود بارزانیشەوە ئەو ڕاستیە باش دەزانن کە خۆ کادید کردنەوەی مەسعود بارزانی پێچەوانەی هەموو بنەما یاسایی و دەستوریەکانی هەرێمی کوردستانە ، و هیچ مانایەک بۆ دیموکراسی ڕای ئازاد و دەنگی جیاواز نامێنێتەوە ، بەڵام بۆچی هێزەکانی دەسەڵات هێندە مەبەستیانە مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە ! ئائەمە ئەو پرسیارەیە قەڵەم بەدەستان و سیاسەتوانانی قەڵس و توڕە کردوە ، هەڵبەت ئەم پرسە پرسێکی کەمێش نیە و هەر لەبەر ئەوەشە نوخبەی ڕۆشنبیرانی خستۆتە جموجوڵ و چاودێری کردنی ڕەوشەکە
دوا ووتە " ئەگەر مەسعود بارزانی لە خەمی سومعەی خۆی و پارتی دیموکراتی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستاندایە ، پێویستە تاک ڕەوانە بیر نەکاتەوە و پابەند بێت بە ماددەی سەرۆکایەتی هەرێم ، ڕێگە بدات هەڵبژاردنێکی پاک و نەچیف بکرێت ، و تێیدا سەرۆکی هەرێم دەست نیشان بکرێت ، ئەگەر سەرۆکی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی چەند مانگی داهاتوو ئەم هەنگاوەی نا ، بەدڵنیاییەوە ئەم هەنگاوە بۆ ئەو لە بوونەوە بە سەرۆک پڕ بایەخ ترە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست