کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەنج کردنی مێشکی گەنجان

Thursday, 27/09/2012, 12:00







بە لاڕێدا بردنی توێژی گەنج و سەرقاڵ کردنیان بەو فعلانەی کە دووریان ئەخاتەوە لە کرانەوە و چاودێری کردنی سیاسەت و ئەدای کاری کاربەدەستانی حوکمی و حیزبی ، بەشێکە لە فکر و بەرنامەی کار بە دەستانی سەر بە دەسەڵات ، چوونکە دەسەڵاتداران لەوە تێگەشتوون کە هەتا تاکی کورد چاوکراوەتر و خاوەن فکر و چالاکتر بێت ، ئەوەندەش هێزی زۆرە ملێ و تۆتالیتارەکان ئەکەونە ژێر ڕەخنە و پرسیاری زیاتر ، بەتایبەت کە ئێستا سەردەمی قات و قڕی دیکتاتۆرەکانە .
 ئەو نوخبەیەی کە ڕەخنەگرن و دەست ئەخەنە سەر برینەکانی جەستەی حیزبە باڵادەستەکان و هەڵە و پەڵەکانیان ئەخەنە ڕوو ، دایمەن هێزە خۆسەپێنەکان ئەم نوخبەیە لە نوسەران و ڕۆشنبیرانیان وەک مۆتەکە و دێوەزمە دێتە بەر چاو .
 لە دیدی دەسەڵاتەوە ئەو نوخبەیە گێرە شێوێن و تێکدەرن و پێویستە دەمکوت بکرێن ، گەر شێوازی دەمکوت کردن و هەڵبڕین و تیرۆریان بۆ نەچوە سەر ئەوا ڕێگە چارەی دیکە زۆرە ، ئاشکرا ترینیان ئەوەی مێشکیان بەنج بکرێت بە (مسەلسەلی تورکی و کۆری ، یان سەرقاڵ بکرێن بە کێشەی تاعین بوون و تاعین نەبوون ، یان مەسەلەی ماددە و پارە و سەیارە و موبایل و ئەم شتانە ببێتە خەم و هەمی چینی گەنج)
بۆیە بە بوونی نوخبەی ڕۆشنبیر و چالاک دەسەڵاتداران ئاڵۆش ئەیانگرێ و قەڵس ئەبن و زیاتر هەوڵی ئەوە ئەدەن پاسی کورسیەکانیان بکەن ، بۆیە ئەیانەوێت نوخبەی چاو کراوە بوونی نەبێت لەناو هاونیشتمانیاندا ، یاخوود کەمترین بوونیان هەبێت .
 بۆیە ئەم فکرە وا لە دەسەڵاتداران ئەکات ، چەندین میکانیزمی هەمەجۆر بگرنەبەر بۆ فریودانی هاوڵاتیان و مانەوەی خۆیان ، بۆنمونە " پارتی و یەکێتی دەستیان گرتووە بەسەر سەرجەم جومگە هەستیارەکاندا ، ئەم دوو هێزە کە ئەمیان شوناسی دیموکراتی و ئەویان شوناسی نیشتیمانی بۆ خۆی ئەکات ، بەڵام ئەگەر بە عەقڵ و ویژدانەوە سەیری ئەدای کار و بەرنامەی ئێستای ئەم دوو حیزبە بکەین ، بێگومان دەرئەکەوێت کە تەواو خاڵین لەو دروشمانەی کە هەڵیان گرتوە ، وەک کوردەواری ئەڵێت (ناوی گەورە و دێی وێران) تەواوی دام و دەزگا حیزبیەکانیان کردۆتە ئامرازی گەورە بوونی قەبارەی خۆیان .
 ئەتوانین بڵێن حکومەتێکی کارتۆنی دروست کراوە هەم وەک شتێکی ڕۆتینی هەم بۆ پتەو کردنی پایەکانی هەر دوو حیزب ، ئەگینا لە کوردستاندا هەموو کەس باش ئەوە ئەزانێت کە لە دەڤەری هەولێر و بادینان پارتی حوکمڕانە و لە دەڤەری سلێمانیش یەکێتی ، دەسەڵاتدارانی حوکمی سەر بە یەکێتی لە دەڤەری بادینان و هەولێر قسەیان بەقەدەر سکرتیرێرێکی پارتی ناڕوا ،لە دەڤەری سلێمانیش بۆ پارتیەکانیش هەمان شێوە ، ئەوەی لەم نێوەندەدا ئەبێتە ژێر تەپوتۆزی سوپای گەندەڵستانی ئەم دوو هەرێمە سەوز و زەردە ، ئەوانەن کە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو دوو حیزبەن ، سەیر نیە ئەگەر بڵێین لای پارتیەکان بەس ئەندامانی پارتی کوردن ! وە هەمان شێوە لای یەکێتیەکانیش ، پرۆگرامی ئەم دوو حیزبە لێوان لێوە لە کلتور و بەرنامەی ئێکسپایەری ئەورووپا و عەلمانیەت ، ڕادیۆکانیان تیڤیەکانیان تەنراوە بە بەرنامەی بێمانا و شتی لاوەکی بۆ بەنج کردنی مێشکی تاکی کورد ، هەڵبەت ئەمەش بۆ ئەوەی کە موعاناتەکان بشارنەوە ، لەلایەک وای نیشان بەن کە وڵات خۆشە و هادئە ، لەلایەکیش هەوڵەکانی نوخبەی ڕۆشنبیر کەم بکەنەوە کە مەبەستیان تاکی کورد لە مەرامەکانی ئەم دوو حیزبە تێبگات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە