وەڵامێک بۆ ڕەفعەت هەڵەبجەیی!
Sunday, 10/06/2012, 12:00
ڕەفعەت هەڵەبجەیی لە بابەتێکدا چەندین زانیاری دوور لە مەنتیق و دەستەواژەی ناجۆری بەکار هێناوە و خستویەتیە ڕوو ! بەخوێندنەوەکەی زۆر سەرم سوڕما بۆیە بڕیارمدا بۆی ڕاست بکەمەوە و بۆ ئەوانەش کە هەمان فکری ئەویان هەیە ، هەڵبەت ئەبێت بە ڕۆحێکی گەورە لێم وەرگرێت چونکە ئێمە لە نزیکەوە یەک ئەناسین.
مالیکی کەسیکی دیکتاتۆر و تاکڕەوە دەستی بەسەر چەندین دەزگای حەساسی عێراقدا گرتووە ، بێدەنگی لە ئاست زاڵم و دیکتاتۆرێکی ئاوادا سەدامێکی دیکە دروست ئەکات ، تۆ ئەڵێیت ئیعازی تورکیایە لەبەر ئەوەی سوننیە ، ئەی وەڵامت چییە بۆ موقتەدا سەدر کە شیعەیە و شەو وڕۆژ لە تاران میوانە ، کەچی ئەویش لە کورد زیاتر دژی مالیکیە؟ من تێناگەم بۆ ئاوا شین بۆ مالیکی ئەکەیت ؟ باسی گۆڕانت کردوە و بە شان و باڵیدا هەڵت داوە ، خۆ دوور گرتنی گۆڕان لە متمانە بە مالیکی تەنها ڕووکەشە ، ئەگینا ئەوەنەی گۆڕان نزیکە لە پارتی و یەکێتی هەر مەپرسە. ئیسلامییەکان بە دەستەمۆی پارتی و بنەماڵەی بارزانی وەسف ئەکەیت ، یەکگرتوو و کۆمەڵیشتان بە نمونە هێناوەتەوە ، وەڵامی من بۆ ئەو تێگەشتنە ئەمەیە: دوێنێ پارتی لە دهۆک و زاخۆ بارەگاکانی یەکگرتوویان سوتاند ، یەکگرتوو یەکەم حیزبە لە دهۆک و زاخۆ کە ڕکابەری سەرەکی پارتیە ، لەبەر پێگەی جەماوەری یەکگرتوو لە دەڤەری دهۆک و زاخۆ ، پارتی کێچ کەوتۆتە کەوڵی ، ئێستا یەکگرتوو هیچ ناکات ئیعاز لە پارتی وەر ئەگرێت و ئەکەوێتە ژێر ڕکێفی ئەو ، یان پارتی ئەگەر ئەوەندە لە یەکگرتوەوە نزیک بوایە وەک تۆ ئەڵێیت ، بارەگاکانی نە ئەسوتاند. کۆمەڵی ئیسلامیش کە زۆرێک لە بە ناو ڕۆژنامەنووسەکان پێیان وابوو کە دەستی لەگەڵ ئێران تێکەڵە ! ئەم هەڵوێستەی کۆمەڵ سەلماندی تەواوی ئەو تۆمەتانەی دەدرێتە پاڵی ناڕاستن و دوورن لە مەنتیق ، چونکە حکومەتی ئێران بە تەواوی تواناکانی خۆی هەوڵ ئەدات بۆ مانەوەی نوری مالیکی ، گەر ئێوه بێلایهنن و له خهمی ئهو خهڵکهدان، دهبوو وشەیەکت بنوسیایه لەسەر کۆبوونەوە نهێنیە ژێر بە ژێرەکەی نەوشیروان لەگەڵ ئاشتی هەورامی، باشە خۆ کۆنگرەی شەشەمی یەکگرتوو کە لە مانگی ٥ ئەمساڵدا ئەنجام درا زۆر لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بوو، ئەمە قسەی یەکگرتوەکان نییە بە تەنها ، بەڵکوو قسەی ههندێک له ڕۆژنامە نووسە ئازادەکانیشه، ئەی بەڕێزتان بۆ وشەیەکتان لەو بارەیەوە نەنوسی؟ ڕۆشنبیر دەبێت واقیع بین بێت، بە چی حەقێک ئەڵێیت دەستەمۆی ایغرا و ماددەیان وەرگرتوە، پێم ناڵێیت نووسهر بۆ دەبێت لەسەر وەهم و گومان شت بنوسێت ؟
پارتی و یەکێتی بە دەیان هەزار مناڵیان بێباوک کرد لە شەڕی ناوخۆ، کە ئەوکات دامهزرێنهر و رابهر و زۆربهی ههڵسوڕاوانی گۆڕانیش لە ناو یەکێتیدا بوون، ئێستا یەکگرتوو زیاتر لە ٢٠ هەزار مناڵی بێناز خزمەت ئەکات و بووە بە باوک بۆیان ، گەر ئەمە خەمی نەتەوە نەبێت ئەی چییە؟ بڕۆ بپرسە کێ بووە هۆی بێناز بوون و بێباوک بوونی ئەو هەموو مناڵە چاوگەشە جگە لە سەرانی گۆڕان و پارتی و یەکێتی؟ ئاخر خۆ ڕووداوەکان زۆریان بەسەردا تێنەپەڕیوە تا خەڵک لەبیری چووبنەوە و ئێستا ئێوەمانان بە دیوێکی دیکەدا نیشانمانی بەن
من هەمیشە وتومە تێگەشتنی هەڵە ، دەرەنجامەکەشی هەر هەڵە ئەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست