کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ جاری سێهەم زەنگە زەنگە

Saturday, 22/10/2011, 12:00






معمر قەزافی دڕندە ترین دیکتاتۆری جیهانی عەرەبی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەدەستی شۆڕشگێڕانی ئەو وڵاتە بە سزای خۆی گەیەنرا ، بەڵام چۆن سزایەک ؟ سزایەک کە لەباتی جارێک چەندین جار مردن بوو ، شکاندنی لوتبەرزی سەرۆکێک بوو ، کە جگە لە خزمەت بە خۆی و بنەماڵەکەی هیچ مەبەستێکی تری نەبوو ، بەڵێ ئەمەیە سزای گەلێکی توڕە و چەوساوە ، گەلێک کە بێبەش بوو لە مافی ئازادی مافی ژیان مافی بوژانەوە و پێشەکەوتن ، ئەم دیکتاتۆرە عەنتیکەیەی جیهانی عەرەبی ، زۆر جیاواز ژیا و زۆر جیاوازیش مرد ، مردنێک کە سەرەڕای مردن ئابڕو چون و تف و نەعلەتی گەلێکی بەشخورا و ماندووشی بەدواوە بوو ، بەڵێ ئەمە زەنگە بۆ هەموو سەرکردەکانی دوونیا ، بەتایبەت وڵاتە ئاسیاییەکان ، بەتایبەتی تر بۆ سەرکردە عەرەبیەکان و سەرکردەکانی کورد ، بزانن کە شەقی میللەت چەند بەهێزە ، هێزێک کە هەڵقوڵاوی دڵی گەنجە ، کە یاری بە هەست و کەسایەتی و ئابرووی کراوە ، ئەم هێزە میللەتیە نەک دەسەڵاتی بنەماڵە و سوپا و تانک و فڕۆکە ، بەڵکو ئاسن ئەتوێنێتەوە و سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر دەکات
ئەگەر سەرکردەکانی کورد بڵێن جیهانی عەرەبی جیاوازە لە جیهانی کوردی و سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەوێ ناکرێت بەراورد بکرێت لەگەڵ ئێرە ، ئەم ڕوداوانە شمولی ئێمە ناکات ، ئەمە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە و دوورە لە مەنتیق ، چونکە ئێستا لە کوردستانا ئەمن و ئاسایش سنوردار کراوە ، واتە ئەگەر تۆی هاوڵاتی یان تۆی لیستی نەیار گەر زیاتر لەو هێڵە بڕۆیت کە دەسەڵات کێشاویەتی ، هێزی عەسکەر تاری و چەک دژی تۆی هاونیشتیمانی بەکار دەهێنرێت ! پرسیار ئەمەیە ئەم شێوەیە لە بیرکردنەوە لەلایەن سەرانی پارتی و یەکێتی چی کەمترە لەو شێوە ڕوبەڕوبوونەوەی دەسەڵاتی لیبی و هێزەکانی معمر قەزافی ؟ بۆ نمونە ،(هەر ئینسانێک تۆسقاڵێک مانای مرۆڤ بوون و مرۆڤایەتی بزانێت ئەزانێت کە گیانی یەک هاوڵاتی زۆر گرنگ تر و پیرۆزترە لە هەموو پیرۆزیەکانی حیزب)، هەموو ئەو شتە ماددیانەی کە خولقێنراوی دەستی مرۆڤن ، بەڵام لە کوردستاندا جەستەی گەنج و هاونیشتیمانیان ئەکرێت بە خشت و بلۆک بۆ فراوان بوونی بازنەی حیزب و دیواری کۆشکی بنەماڵە خۆسەپێنەکانی چەشنی بنەماڵەی قەزافی ، زیندوو ترین نمونەش خۆپیشاندانەکانی دوای ١٧ شوباتە کە زیاتر لە ١٥٠ کەس برینار بوون نزیکەی ١٠ هاوڵاتیش گیانی سپارد ، ئەوە باسی شەڕی ناوخۆ هەر ناکەم ، بۆیە من پێم وایە تێڕوانینێکی هەڵەیە گەر بڵێین کوردستان جیاوازە لەو وڵاتانەی کە میللەت بێدار بۆتەوە و دژی سەرۆک و سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات وەستاون ، چونکە هەمیشە لێدوانەکانی ئەو سەرکردانەی کا عاقیبەتێکی باشیان نەبوو بریتی بووە لە قسەی بریقەدار بەڵام بێ عەمەل ، واتە چەواشەکاری ، لەکوردستانیش هەمیشە لێدوانی پڕ لە چەواشەکاری سەرکردەکان ئەبیستین ، بڕیار خزمەت و بوژانەوەی وڵات ئەدرێت < بەڵام جێبەجێ ناکرێت ، بۆیە ئەڵێم ئەم زەنگە بۆ سەرکردەکانی کوردیشە ، باش وایە هەوڵ بدەن بە خزمەت کردن و دڵسۆزی و گێڕانەوەی مافەکانی هاوڵاتیان خۆیان خۆشەویست بکەن ، چونکە بە دڵنیاییەوە کوردستان ئەبوایە زۆر لەوە پێشکەوتووتر بوایە کە ئێستا هەیە ، ئەبوایە ئێستا کێشە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ڕێگاو بان و ئاو دەمێک بوایە چارەسەت کرابان ، بەڵام ئەی کوا ؟ کوا خزمەت بە شاری هێرۆشیما ، کوا ئاوڕدانەوە لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان ؟ کوا خزمەتی چینی گەنجی هەژار و بێکار ، کوا ئاوەدان کردنەوەی دێهاتەکان کە وەختی خۆی لانکەی پێشمەرگە بون ؟ئەی کوا باش کردنی گوزەرانیان و دابین کردنی پێویستیەکانیان ؟
لە کۆتاییا ئەڵێم ئەی هاوڵاتیانی کوردستان ، معمر قەزافی کە بە دیلی کەوتە ژێر دەستی شۆڕشگێڕان ووتی " ئێوە کوڕی منن ! چی ڕویداوە !!! وەک ئەوەی نە بای دیبێ و نە دەوار ، بزانن چۆن ئەو سەرکردە زاڵم و دیکتاتۆرە لە سەرە مەرگیشدا ئەیویست خەڵک فریوبدات ! ئایا ئەکرا شۆڕش گێڕان دوای ئەو هەموو کوشتارەی خەڵکی لیبیا باوەڕ بەم قسەیە بکەن ؟ نەخێر بێگومان نەخێر ، دەی ئێمە چۆن دڵنیابین کە سەرکردەکانی کوردیش سەری زمانیان ئەم جۆرە قسانە نیە و دڵیشیان پڕ پڕ لە خیانەت ؟؟؟

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە