نامهی فراکسیۆنی گۆران بۆ خاتوو فرانسوا میتهران...
Friday, 09/10/2009, 12:00
زۆر بەرێز خاتو فرانسوا میتەران...ئاگاداركردنەوە سەبارەت بە پێشێلكارییەكى ترسناكى مافى مرۆڤ لە كوردستاندا
ئێمە لە فراكسیۆنى گۆڕان كە فراكسیۆنێكى ئۆپۆزسیۆنین و متمانەى چواریەكى خەڵكى كوردستانمان بەدەستهێناوە بەرێژەى 25 كورسى لە پەرلەماندان لەكاتێكدا كە زۆر بە گەرمى بەخێرهاتنتان دەكەین وەكو دایكى هەموو خەڵكى كوردستان بێ جیاوازى، ئاگادارتان دەكەینەوە لە پێشێلكارییەكى ترسناكى مافى مرۆڤ لە كوردستاندا كە هەرەشە لە دیموكراسى دەكات. ئەو پێشێلكارییە بریتییە لە سزادانى سیاسى ژمارەیەكى زۆرى فەرمانبەرانى دەوڵەت كە گومانیان لێدەكرێت دەنگیان بە لیستى هاوبەشى یەكێتى و پارتى نەدابێت لە هەڵبژاردنى ئەم دواییەى پەرلەمانى كوردستاندا. ئەو هەڵمەتى سزادانە تا ئێستا بەردەوامەو خۆى لە چەند ئیجرائێكدا دەبینێتەوە، وەك نانبڕین، گواستنەوە، نەفیكردن، هەرەشەكردن و ئیهانەكردن، پلەدابەزاندن و سزادانى منداڵ و كەسوكارى ئەو كەسانەى كە دیدى سیاسى تایبەتیان هەیە، جیاواز لە دیدى سیاسى دەسەڵاتدارانى ئێستاى كوردستان.
چاوەڕێین لە بەڕێزتان وەك چۆن لە سەردەمى جینۆسایدى گەلى كورددا دایكى میهرەبانى گەلى كوردستان بوون و دەنگى ئێمەتان دەگەیاندە راى گشتى جیهانى، لەم سەردەمەشدا، كە سەردەمى حوكمى خۆماڵییە، بەرگریى لە كەرتێكى گەورەى خەڵكى كوردستان بكەن كە خۆیان و منداڵ و خێزانیان سزا دەدرێن بێ ئەوەى هیچ گوناهێكیان كردبێت، تەنها گوناهیان ئەوەیە كە خاوەنى كەسایەتى سەربەخۆو دیدى سیاسى تایبەت بە خۆیانن.
لەگەڵ ئەوپەڕى رێزدا.....
سەرۆك و ئەندامانى فراكسیۆنى گۆڕان
6/10/2009
تێبینى/ دۆسییەى ئەو سزادراوانە كە تا ئێستا ژمارەیان گەیشتۆتە 1165 كەس لاى ئێمە پارێزراوە، ئامادەین لە هەر كاتێكدا بتانەوێ پێشكەشتانى بكەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست