کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا حکومەتی بنکە فراوان لە هەرێمی کوردستاندا سەرکەوتوو دەبێت ؟

Friday, 03/02/2012, 12:00




ماوەیەکە لە کوردستاندا قسەو باس لەوە دەکرێت کە گوایە نێچیرڤان بارزانی لە هەوڵی دروستکردنی حکومەتێکی بنکە فراواندایە لەکابینەی حەوتەمدا، ئەگەرچی پێکهێنانی حکومەتێکی لەوچەشنە لە ئێستادا کارێکی ئاسان نیە، بەڵام ئێمە لە (سەنتەری کوردی بۆ شرۆڤەی هەواڵ) پێمان باش بوو شرۆڤەی خۆمان بخەینەڕوو و وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگ لەسەر ئەو پرسەبدەینەوە، وەکو : بۆچی نێجیرڤان بارزانی جیاواز لەد. بەرەەم خواستی پێکهێنانی حکومەتێکی بنکە فراوانی هەیە؟ کوردستان پێویستی بەچی جۆرە حکومەتێکە؟ حکومەتی زۆرینە یان بنکە فراوان؟ کامیان لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندایە؟
بە ڕای شرۆڤەکارانی (سەنتەری کوردی بۆ شرۆڤەی هەواڵ) ئەکرێت بەگشتی بڵێین حکومەتی بنکە فراوان بریتی یە لە پێکەێنانی حکومەت لەلایەن هەموو یان زۆرینەی لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەوە، بە مانایەکیتر بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن بەشێوەیەکی فراوانتر و بە زۆریش لە ووڵاتە فیدراڵیەکاندا جێ بەجێ دەکریت. پێکهێنانی ئەم جۆرە حکومەتە چەندین سودی هەیە. بۆ نموونە: لایەنەکان زیاتر هەست بە گرنگی خۆیان دەکەن لە دروست کردنی بڕیاردا، بەگشتی ئەم جۆرەحکومەتە هۆکارێکی گرنگی بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابوری یە، هەروەها لایەنەکان زیاتر هەست بەبەرپرسیارێتی دەکەن بەو پێیەی بەشدارن لەحکومەتدا.
هەروەک بە ڕای شرۆڤەکارانی (سەنتەری کوردی بۆ شرۆڤەی هەواڵ) ئەمە جگە لەوەی لەبواری نوێنەرایەتیکردندا حکومەتی بنکە فراوان بەشێوەیەکی وردتر نوێنەرایەتی سەرجەم لایەنەکان دەکات بەتایبەتی کەمینەکان و هست بە پەراوێزخستن ناکەن. لەمامەڵەشدا لەگەڵ هاوڵاتیان، ئەم جۆرە حکومەتە زیاتر بەوە دەناسرێتەوە کە نەرم و نیان و کراوەیە چونکەن وێنەرەکانیان بەشداری حکومەتەکەن. ئەم جۆرە حکومەتە بەزۆری لەو ووڵاتانەدا پێکدەهێنرێت کە بە سەر چەندین هێڵی نەژادی و ئاینی و کەلتوری جیاوازدا دابەش بوون و بۆ دەسەبەرکردنی دادپەروەری زیاتر هەوڵ دەدرێ هەموو گروپە جیاوازەکان نوێنەریان لە حکومەتدا هەبێت. لەکۆمەڵگەیەکی گرفتار بەکێشەی ئاینی و مەزهەبی و نەژادی ، ئەو ولاتانەى فرە نەتەوە وفرە ئاین بێت گەر حکومەتی زۆرینە پێكێت ڕەنگە نەک نادیموکراسی بێت بەڵکو جێگەی مەترسیش بێت، چونکە لە دۆخێکی وادا حوکمی زۆرینە دەگۆڕێت بە دیکتاتۆریەتی زۆرینەو کەمە نەتەوەو ئاین و مەزهەب و نەژادە جیاوازەکان لەبەردەم هەڕەشەی پەراوێزخستن و تەنانەت پاکتاوی ڕەگەزی و جینۆسایدیشدا دەبن.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان شرۆڤەکارانی (سەنتەری کوردی بۆ شرۆڤەی هەواڵ) روونیدەکەنەوە: لەکوردستاندا بە هۆی نەبوونی ئەو جۆرە گرفتانەی سەرەوە، ئەوا پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە (مۆدێلی وێست مینیستەر) مەترسی دروست ناکات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر گریمان پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان پێویستیەکی واقیعی بێت بۆ ئەمڕۆی کوردستان، ئەوا دەبێت زەمینەسازی بۆ بکرێت، بۆ نموونە بوونی متمانە لەنێوان لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت پێداویستیەکی سەرەکیە بۆ سەرکەوتنی ئیشوکارەکانی ئەو حکومەتە، بەڵام لەکوردستاندا بەڕوونی قەیرانی متمانە دەبینرێت لەنێوان لایەنەکاندا. نەبوونی شەفافیەت بەگشتی و بە تایبەتی لە بواری بوجەی گشتیدا بەربەستێکیتری سەرنەکەوتنی هەر حکومەتێکی بنکە فراوانەلە داهاتوودا. ناکامڵی سەروەربوونی یاسا و بوونی چەند کەس و لایەنێک لەسەرووی یاساوەو سەربەخۆ نەبوونی دادگاکان هۆکارێکیتری شکستی هەر حکومەتێکی بنکەفراوان دەبێت لەکوردستاندا. ئەمە جگە لەوەی کە لە ئەزموونی کابینەکانی ڕابردووەوە دەرکەوتووە کە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار مامەڵەیەکی تەندروستیان لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی بەشداربووی حکومەت نەکردووەو زیاتر بەشداری ئەو لایەنانە شکڵی بووەکەئەمەش وا دەکات هەست بە نادادپەروەری بکەن و وەکو پێویست ڕۆڵ نەبینن لەسەر کەوتنی هەنگاوەکانی حکومەتدا.
بۆیە شرۆڤەکارانی (سەنتەری کوردی بۆ شرۆڤەی هەواڵ) پێیان وایە: لە ئێستادا هەوڵدان بۆ دروستکردنی حکومەتێکی بنکەفراوان هەوڵدانە بۆ خۆلادان لە بەرپرسیارێتی و بەشدارکردنی لایەنەکانیتر لەدرێژەدان بەو کەموکوڕیانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.
(سەنتەری کوردی بۆ شرۆڤەی هەواڵ) بە وردی چاودێری بارودۆخی ئێستای کوردستان دەکات و رای وایە: لەم قۆناغەی ئێستادا هەرێمی کوردستان پێویستی بەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بە هێز هەیە تا چاودێریەکی وردی کارەکانی حکومەت بکات کە لە حاڵەتی پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراواندا ئەو چاودێریە لەوانەیە لەدەست بدرێت، وە یەكێك لە سیماكانى دیموكراسى بریتیە لە بوونى ئۆبۆزسیۆن، مەگەر بۆ كاتێكى كورت حكومەتێكى كاتى دروست بكرێت بۆ زەمینەسازی بۆ هەڵبژادنێكى پێشوەخت یان دەستكردن بە چاكسازییەكى ریشەیى گەر نا حكومەتى بنكە فروان بۆ هەرێمێكى وەك كوردستان زیاتر وێنا دەكرێت كۆ بۆ دابەشكردنى ئیمتیازات یان بێ دەنگكردنى لایەنەكان بێت نەك بۆ چاكسازى..
هەروەکو شرۆڤەکارانی (سەنتەری کوردی بۆ شرۆڤەی هەواڵ) هێما بۆ ئەوە دەکەن: لەم دۆخەدا بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانیشدایە، چونکە لەوەها بارودۆخێکدا هەردوو لایەنی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات پێشبڕکێ دەکەن بۆ جێبەجێکردنی خواست و بەرژەوەندیەکانی جەماوەر و گەندەڵیش وەکو دەردێکی کوشندە لەوانەیە بەرەو کەمبوونەوە بڕوات.
(سەنتەری کوردی بۆ شرۆڤەی هەواڵ) لە رێگەی شرۆڤەکارەکانیشیەوە روونیدەکاتەوە: کە حکومەتی بنکە فراوان لەم دۆخەی ئێستای کوردستاندا تەنها لەبەرژەوەندی دەسەڵات و نوخبەی حیزبەکاندایەو ناتوانێت خواست و بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیان بێنێتەدی.


ناونیشانی (سەنتەری کوردی بۆ شرۆڤەی هەواڵ) لە فەیس بووک:
www.facebook.com/KurdishCenter
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە