کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیوەندیەکانی سەنتەر و هەرێم، مەترسی لەسەر فیدڕاڵیزم لە عێراقدا

Tuesday, 27/03/2012, 12:00




لەم دواییانەدا پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و سەنتەر بارگرژیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و کێشە کەڵەکەبوەکانی پێشوش (سەرچاوە سروشتیەکان، پێشمەرگە، ناوچە جێناکۆکەکان و ماددەی ١٤٠) هێشتا وەک بازنەیەکی بەتاڵ وان و نەک ڕێگە چارەیان بۆ نەدۆزراوەتەوە بەڵکو ئاستی ململانێکانی بردۆتە قۆناغێکی نوێوە و دوو ئاڕاستەی دژ بە یەکی دروست کردوە (کورد و داوای سەربەخۆبوون و زۆرینەی هێزە عەرەبیەکان داوای بەهێزکردنەوەی سەنتەر) کە پێکەوە هەڵکردنیان کارێکی زۆر دژوارە و ئاسۆی چارەسەریش ڕوون نیە. هۆکار و پاشخانی بەرەو ئاڵۆز بوون چوونی ئەم پەیوەندیانە زۆرن و ڕوونکردنەوەیان لە چوارچێوەی ئەم کارەی ئێمە بەرفراونترە بەڵام ئەوەی دەمانەوێت بیکەین تەنها نوسینە لەسەر یەک فاکتەریان کە ئەویش سروشتی پەیوەندیەکانە لە دەوڵەتی فێدڕاڵیدا. 
لە ڕووی تیۆریەوە فیدڕاڵیزم وا گوزارشتی لێ دەکرێت کە ئامڕازێکە لە جیاوازیەکان یەکێتی دروست دەکات جا جیاوازیەکان نەژادی، زمان، دین، مەزهەب، یان کەلتوری بن. ئەم تێۆرەش بە پشت بەستن بە چەند نمونەیەکی زیندو و سەرکەوتوی چەند دەوڵەتێکی دیموکراسی خاوەن بنەمای فیدڕاڵی بناغەکانی خۆی دادەڕێژێت (ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک نمونەی جیاوازی کەلتوری، کەنەدا وەک نمونەی جیاوازی نەژاد و زمان، هیندستانیش وەک نمونەی جیاوازی کەلتوری و زمان و دین...هتد). بەڵام ئەم تیۆرە تا چەند دەتوانێت بەرگری لە ئارگومێنتەکانی خۆی بکات لە بەردەم ئەو هەوڵانەی تر کە هەن بۆ سەلماندنی ئەوەی کە فیدڕاڵیزم نەک نەبوەتە فاکتەری سەقامگیری بەڵکو هاندەرێکی سەرەکی ململانێکانە بە هەموو شێوازەکانیەوە، ئەمان نمونەی لەبەریەک هەڵوەشانی دەوڵەتە فیدڕاڵیەکانی وەک (ڕووسیا، یۆگۆسلاڤیا، چیکۆسلۆڤاکیا) دەهێننەوە و ئەگەر پێیان بوترێت کە ئەمانە هۆکاری لە بەریەک هەڵوەشانیان ئەوەبوە کە دەوڵەتی سەرکوتکەر و نا دیموکرسی بوون ئەوا نمونەی نا سەقامگیری و ململانێ بەردەوامەکانی هەریەک لە پێکهاتەکانی دەوڵەتانی دیموکراسی وەک (لوبنان، بەلجیکا، نەیجیریا...هتد) دەهێننەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا فیدڕاڵیزم لە عێراقدا لە کوێی ئەم دوو هاوکێشە دژ بە یەکەدایە؟ لە ڕاستیدا فیدڕالیزم لە عێراقدا بە قۆناغێکی هەستیار دا تێپەڕ ئەبێت. ئەو ئەکادیمی و سیاسەتمەدرانەی شارەزای چۆنیەتی کارکردنی فیدڕاڵیزمن لە دەوڵەتە جیا جیاکاندا سەرکەوتنی فیدڕاڵیزم لە هەر سیاقێکدا لە چەند خاڵێکدا دەبیننەوە و لەوانەش:
1- بتوانێت یەکپارچەیی خاک بپارێزێت
2- سەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی فەراهەم بهێنێت
3- ئەو سەقامگیریەش ماوەیەکی دوور و درێژ بەردەوام بێت و ڕەگی داکوتراو بێت (سەقامگیری لە فیدڕاڵیزمی کەنەدیدا تەمەنی نزێکەی ١٥٠ ساڵە)
4- پێکهاتەکانی ئەو دەوڵەتە فێدڕاڵیە لە خەمی پاراستنی ئەزمونەکەیاندا بن
5- گەشەکردنی فیدڕاڵیزم هاوتەریب گەشەی پرۆسەی دیموکراسی لەگەڵ خۆیدا بەرەو پێش بردبێت
ئەمانە تەنها چەند خاڵێک بوون لەو تایبەتمەندیانەی کە فیدڕاڵیزمی سەرکەوتوی پێ لە فیدڕاڵیزمی پەککەوتوو جیا دەکرێتەوە. دەتوانین بڵێین بە خوێندنەوەیەکی ووردی بارودۆخی دوای ٢٠٠٣ ی عێراق و تا ئەم ساتەش عێراقی فیدڕاڵی زیاتر لە نمونەی فیدڕاڵیەکی پەککەوتەوە نزیکترە تا سەرکەوتوو. ئەوەی تا ئێستا لە عێراقدا دەیبینین زۆر بە کەمی هەوڵدانە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، خۆ ئەگەر ڕەفتاری سیاسی هێزە کوردیەکان بتوانرێت پاساوی ئەوەی پێبدرێت کە نەژادێکی جیاوازە و بە درێژایی مێژوی دەوڵەتی عێراق سوودمەند نەبووە و بەڵکو زیانیشی لێکەووتوە، بەڵام خۆ ڕەفتاری سیاسی هێزە سیاسیە عەرەبیەکان بە پابەند نەبونیان بە دەستوور و جێبەجێنەکردنی هەندێک ماددەی (وەک ماددەی ١٤٠)، و نەک هەر ئەمە بەڵکو هەندێک لەو هێزانە بڕوایان وایە کە سەرلەبەری دەستور دەبێت هەموار بکرێت لە ناویشیاندا ئەو ماددانەی دەوڵەتی عێراق بە فیدڕال ناو دەبەن، دەتوانرێت چ پاساوێکی بۆ بهێنرێتەوە؟ لە سەرەنجامدا هەردوو ئاڕاستەکە کار بۆ لەبەر یەک هەڵوەشانی خاکی عێراق دەکەن.
سەبارەت بە فەراهەم هێنانی سەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەوە ڕوونە بۆ هەموان کە فیدڕاڵیزم لە عێراقدا نەیتوانیوە داخوازی هەموو پێکهاتەکان دابین بکات و بەلکو هەندێکیان لە پرۆسەی سیاسیش وەدەرنران و ئەمەش جۆرێک لە ناسەقامگیری سیاسی دروست کردوە کە کاریگەریەکانی بەسەر ئابوری و لایەنی کۆمەڵایەتی خەڵکی عێراقەوە دروست کردوە. 
لە کۆتایی ئەم شرۆڤە کورتەدا ئێمە (وەک سەنتەری کوردی بۆ شرۆڤەی هەواڵ) دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەگەر چی ئەزمونی فیدڕاڵی سەرکەوتوو ببینرێن لە جیهاندا ئەمە مانای ئەوە نیە کە فیدڕاڵیزم دەتوانێت لە هەموو شوێنێکی ئەم دنیایەدا چارەسەر بێت و پێشمان وایە تا ئەم ساتەش فیدڕاڵیزم لە عێراقدا نەیتوانیوە نموونەیەکی کارا بێت و زۆرینەی ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەدان کە بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان ئەزمونی فیدراڵیزم لە شکست و هەڵوەشانەوە نزیکتر بێت وەک لە سەرکەوتن.

سەنتەری کوردی بۆ شرۆڤەی هەواڵ
http://www.facebook.com/KurdishCenter
ئیمەیڵی سەنتەر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە