سەردار عەزیز، لاوازترین کاندیدی گۆڕان
Thursday, 15/08/2013, 12:00
بۆ بردنەوەی بەشێکی زۆری کورسییە کانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان پێویستی بەوە بوو لە نێوان کاندیدی لاواز و بەهێز ، لاوازترین و بە هێزترین دا بەهێزترینیان هەڵبژێریت کە لە ناو جەرگەی خەلکی کوردستانەوە بێت ، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان گەورەترین هەڵەی ستراتیژی کرد بە کاندیدنکردنی کەسانێک ،کە ئەوەندەی بەرژەوەندی گیرفان و شەخسی لە سەر حیسابی خەلکی ڕەش و ڕووتی کوردستان لە گەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆی کردوونەتەوە ،لە بەرامبەردا نیو ئەوەندە مەبەستیان خزمەت کردنی خەلکی نیە ،
یەکێک لە لاوازترین کاندیدەکانی گۆڕانیش کاک سەردار عەزیزە. دیارە من مەبەستم ل تەنها ەو پەیامانەیە کە بۆ پارتی و یەکیتی ئەنێرێ. بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان و خودی نەوشیروان مستافا پێویستە لایەنی سیاسی و پەیام و بۆچونەکانی ئەم دوایەی سەردار عەزیز کە لە پەیجەکەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە بە باشی هەڵسەنگێنن و بزووتنەوەی گۆڕان پێی وا نەبێت کە کاندیدێکی بەهێزی داناوە ، بەهێزی کاک سەردار لە روانگەی گۆڕانەوە، ئەوەیە دکتۆرە و شەهادەی هەیە و لە حوکمڕانیدا دیپلۆمی هەیە و لە ناو گۆڕانیشدا چەند کەسێکی نزیک لە سەرکردایەتی گۆڕان پاڵپشتی
سەرداریان کرد، لەسەر حیسابی دەیان کاندیدی لە سەردار بەهێزتر.
کاک سەردار ماوەیەک وەک رۆشنبیر خۆی دەرئەخست و هەمیشە ناوی کۆمەڵێ فەیلەسوفی ئەکردە ناو وتارەکانیەوە، بۆ ئەوەی بە خۆێنەر بڵێ شارەزایم هەیە، بێئەوەی هیچیان لەبارەوە بزانێ و تەنیا لە گوگول و وێکییپیدیا ناوەکانی دەرهێناون. زۆریش بەوەوە شانازی ئەکرد، گوایە یەکەمین کەسە لە کوردا کە بە شیوەیەکی ئەکادیمی خوێندویەتی و هیچ کوردێک وەکو ئەو نەیخوێندوە(ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمە بەخۆداهەڵدانێکی زۆر لە قەبارەی خۆی گەورە کراوە) لەکاتێدا چەندین کەس لە گەنجانی کوردستان، لە زانکۆکانی کوردستان و لەزانکۆکانی وڵاتانی دەرەوە ئەم بەشانە ئەخوێنن
و باسیشی ناکەن. هەروەها کاک سەردار یەکەمین کاندیدە شانازی بەوەوە بکات، پێویستی بەپارەی ئەندام پارلەمانی و خانەنشین و ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانە بۆ ئەوەی توێژینەوەی پێ بکات!؟ وەک ئەوەی لە کوردا کەسیتر نەبێ توێژینەوە بکات و هەموو کورد چاوەڕێی بەڕێزیان بن. من ئەمەوێ لەسەر مەترسیەکانی ئەم پەیامە، پەیامێک بۆ سەرکردایەتی گۆڕان وهەموو ئەوانە بنێرم کە دڵیان بە کاندیدبوونی کاک سەردار خۆشە.
ئایا ئەوە شەرمەزاریەکی گەورە نیە بۆ گۆڕان، کاندیدێکی وەک کاک سەردار دائەنێ کە ئەوەندە بەخۆیدا هەڵبدات و ئەوەندەش بە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا باسی پارە بکات. ئایا چەندین کەسی رۆشنبیری تر نین لە سەردار بەتواناتر و شارەزاتر و نەفسبەرزتر و چاونەترس تر ..بۆ دەبێ کاک سەردار، لە هەندەرانەوە نوێنەرایەتی خەڵکی هەژار و چینی ناوەندی کوردستان بکات. ئایا ئەو پەیامەی کاک سەردار کە لەفەیسبوکی خۆی نووسیبوی و ئەڵێ بۆیە ئەبمە کاندیدی پەرلەمان چونکە پێویستم بە پارەیە تا توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی پێ بکەم و کتێبی پێ چاپ بکەم، پەیامێکی زۆر مەترسی دار
نیە و پارتی و پاراستن زۆر بە وردی کار لەسەر ئەمجۆرە کەسایەتیانە ناکات و بەلای خۆیدا رایان ناکێشێ؟
ئەگەر بزووتنەوەی گۆران بیەویت لە ڕێگای خەباتی پەرلەمانیەوە دژی ئەو هەموو ناهەقی و گەندەڵیەی کوردستان بوەستێت ئەوا هەرگیز ناتوانێت لە ڕێگای کەسایەتی سیاسی لاوازەوە بە مەرامەکانی بگات ، ئایا بزووتنەوەی گۆڕان ئەتوانێت دڵنیا بێت لەوەی کە کاک سەردار و هەموو ئەوانەی وەک ئەو بیر ئەکەنەوە سبەینێ پارتی و یەکێتی بە قیمەتی چەند دەهەزار دۆلارێک نووزەیان لێ نابڕێت و تەنانەت واشیان لێ ناکات کە کار بۆ کارنامەو و بەرنامەکانی پارتی ویەکێتیش بکەن .
ووشە گەلێکی وەکو (دکتۆر و مامۆستای زانکۆ)کەی کاک سەردار وەکو پێشگر و هەندێک جارێش وەکو پاشگر لە سەر ڕووپەری رۆژنامە و سایتەکان لە تام چووە دەر ، کە من گومانی تەواوم هەیە لەو دکتۆرایە و تەنانەت گومانیشم هەیە لەوەی کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان مامۆستای زانکۆ بوبێت لە ئێرلەندا ، جونکە باوەڕ ناکەم مامۆستایەکی زانکۆ لە زانکۆیەکی ئێرلەندە ئەوەنە پەرێشان بێت بۆ دامەزراندن لە کوردستان و تەنانەت ئەگەر بۆی بکریت و لە سەر کەسایەتی نەکەویت بۆی هەیە سەر بکات بە کۆشی پارتی و یەکێتی دا بۆ دامەزراندن !
لە ووڵاتانی ڕۆژ ئاوا شانسی دامەزراندن هەمیشە بۆ ئەو کەسانەیە کە کەسانی کارامە و لێهاتوون ، جا گرنگ نیە ئەو کەسە لە چی باکگراوندێکەوە هاتووە بەلام بەو مەرجەی شەهادەکەی تەزوویر نەبێت ، ئەتوانێت لە ناوەندی دەستەڵات یان ئەکادیمی شوێن پێی خۆی بکاتەوە بۆ سەلماندنی قسەکەشم دوو نموونەی دیار ئەهێنمەوە .
1 (نازم زەهاوی) کە کوردێکی عێراقیە و لە زانکۆی لەندەن بەشی زانستی کیمیای تەواو کردووە توانی بە خۆی و شەهادەکەیەوە خۆی کاندید بکات لە 2010 دا لە سەر لیستی پارتی پارێزگارانی فەرمانڕەوا و لە ئێستادا ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیایە بۆ ناوچەی ستاردفۆرد ئاڤۆن ..
2- دکتۆر میشە فلیپ ،سەرۆکی بەشی کۆلیژی ئەندازیاریە لە زانکۆی پۆرتسماوس لە بەریتانیا بە هەموو بەشەکانیەوە ،بەڵام دکتۆر میشە لە بنەڕەتدا خەلکی شاری بەلەگرادە لە ووڵاتی سڕبیا .
کەوابوو ئەگەر بڕوانامەکەت ، دکتۆراکەت ، پرۆفیسۆریەکەت تەزوویر نەبێت ، ئەوا بێ گومان ئەتوانیت لە هەموو جۆرە ناوەندیکدا شوێنی خۆت بکەیتەوە . بەڵام لە بەد بەختی ئەم کوردە نەگبەتە ئەوەیە کە رۆشنبیرەکانی لە پاڵ پێشگری (دکتۆر ، مامۆستای زانکۆ ، پرۆفیسۆر) و بڕوانامەی تەزوویر بە زۆری زۆرداری خۆیان بە یەخەی سیاسەتدا هەڵ ئەواسن بۆ ئەوەی بە کەمترین ماوە خۆیان دەولەمەند بکەن و لەمەشدا زۆربەیان بە زیرەکانە کڵاویان کردۆتە سەر بزوتنەوەی گۆران !
سەرباری هەموو ئەمانەش کاتێک ئەو دەنگۆیە هەبوو کە لەوانەیە ئۆپۆزسیون بایکتۆی هەلبژاردنەکان بکات بە هۆی ئەو هەموو تەزویرەی پارتی و یەکیتی یەوە ئەم سەردارە یەکەم کەس بوو وەکو نوسەر کە وتتارێکی بڵاو کردەوە و ووتی بایکۆت کردن زیانی هەیە و وەکو سونەکانی عێراقمان لێ دیت ، بەس لەبەر ئەوەی بەرنامەی خۆ کاندید کردنی هەبوو ،بایکۆت کردنی بە باش نازانی ،بۆ ئەوەی لەو هەموو خێر و خۆشیە بێ بەری نەبێت !
خاتوو ژیار محەمەدی لڤین راستی فەرموو هەر نوسەر و شاعیریک فەیسبوکەکەی لە ئەکاوتنەوە کرد بە پەیج ئەوا بزانە خۆی کاندید کردوە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان ، ڕیک ئەم قسەیەی خاتوو ژیار پر بە پێستی سەردار عزیزە ،جونکە سەردار عزیزیش دەمیکە بانگەشەی ئەوە ئەکات کە ئەکاونتەکەی پڕ بووە و لایکی پەیجەکەی بکەن .
دوا جار گٶڕان ئەگەر ئەو پەیامە مەترسیدارەی کاک سەردار لەبەرچاو نەگرێ کە بە ئاشکرا دای بەدەسەڵات، کە ئەو کاندیدی پارەیە و بۆ پارە دەچێتە پارلەمان تا لێکۆلینەوەو توێژینەوەی پێ بکات بەدڵنیایەوە پارتی و یەکێتی هەموو توێژینەوە و لیکۆلینەکانی بە گرانترین نرخ لێ ئەکڕن و پارەکەشی بۆ دابین ئەکەن و لە گۆڕانیشی ئەکەنەوە. ئەوانەی دڵیشیان بەوە خۆشە رۆشنبیر باشە بۆ پارلەمان، ئەوە من گەرەنتی ئەوە ئەدەم لەم بریتانیا و ئەوروپایەوە، زۆربەی ئەوانەی لەهەندەران ئەیانناسم یان ناوم بیستون، شەهادەی گەورە گەورەیان لەخۆیان بەستوە و لە
هەڵبژاردندا بە چاوی خەڵکی هەژاری کوردستانیدا ئەدەنەوە، زۆربەی هەرە زۆریان، قاپشۆرن، سایەقی تاکسی و پاسن، دۆنەرفرۆشن، ئیشی پاک کردنەوە ئەکەن، کاری رەش ئەکەن، بەلام هیچیان لە بەشە ئەکادیمیەکەی خۆیاندا ئیش ناکەن لە بەر بێ تواناییان . ئەوە زۆر شتێکی زۆر ئاسای و ، بگرە شەرافەتمەندایە، مرۆڤ ئیش بکات و کرێکاریی بکات و خۆشم یەکێکم لەوانەی کە پاک کردنەوە و قاپشۆریشم کردووە بەڵام ئەوە زۆر شەرم و ئابڕوبەرە، کە هەندێ کاندید بە بڕوانامەی تەزوویرەوە لە کوردستان، بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن، بڕوانامەکانیان نمایش دەکەن ،بەڵام ئیشە ڕاستەقینەکانی خۆیان ئەشارنەوە
هەڵۆ عزیز
بەریتانیا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست