مەحمود سەنگاوی بۆچی تاقم و تفەنگەکەی فڕی دا ؟
Sunday, 29/07/2012, 12:00
مەحمود سەنگاوی ئەو ئەندام مەکتەب سیاسیەی کە زۆربەی کات بۆتە سەردێر و بابەتی مالپەڕ و گۆڤارەکان ، ئەم پیاوە ئەوەندەی بۆتە مایەی شەرمەزاری و بار گرانی بۆ سەر شانی یەکیتی ، لە بەرامبەردا نیو ئەوەندە خزمەتی لە پێناو ئەو حیزبەدا نەکردووە ، مەحمود سەنگاوی وەکو کەسایەتیەکی تێکشکاو هەم وەکو کەسێکی بزێوو نامۆ لە ناو ئەم سەرکردایەتیەدا گەورتەترین و بە هێزترین زیانی داوە لەم حیزبە داوەشاوە، بەجۆریک ئەوەندە هەڵەو موکەسەراتی زۆرە تەنانەت باقی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەشی شەرمەزار و سەر شۆڕ کردووە، لەبەرامبەردا چەند کەسێکی هەرزەکار و موراهیقی سیاسی لە ڕاگەیاندنە نووسراو و ماڵپەرە ئەلیکترۆنیەکانی یەکیتی زۆر سەر سەختانە بەرگری لێ دەکەن.
مەحمود سەنگاوی بە جۆرێک شوڵی لێ هەڵکیشاوە خۆی بە حاکم و ئاغا و سەردار و دەست رۆێشتووی هەموو ناوچەی گەرمیان دەزانێت هەر لە کەلار و کفرییەوە بگرە هەتا چەمچەمال و سەنگاو. قور بەسەر کوردی بەدبەخت کە سەرکردایەتیەکەی ئەم جۆرە پیاوە بێت . پیاو گریانی بۆ ئاستی هۆشیاری ئەم پیاوە دێت بەجۆرێک تەنانەت ووشەی (گەڕان) و (گەڕیان) لەیەک جیا ناکاتەوە .ئاخر بەراستی بۆ گلەیی لە مەحمود سەنگاوی بکەین؟ بە ناشوکری نەبێت یەکێتی کەسی وای تیا نەماوە، بۆیە کابرایەکی دەمپیی وەکو سەنگاوی کردوە بە هەموو شتێک.
سەنگاوی لە دەرگا و پەنجەرە و شێلمان دزینەوە بۆ لووتکەی دەسەڵات
لە بەهاری ساڵی 1996 کە گەرمەی شەرێ ناوخۆ بوو قورسترین شەڕیش لە دۆڵی هیران و نازانین و سماقوڵێ و کەپپکی حەمەد ئاغا و کڵا و قاسم بوو ،مەحموود سەنگاوی لەبری ئەوەی لە هێڵی پێشەوەی بەرەی شەڕدا بێت لە تاسڵوجە خەریکی فەرهوود و ڕاو و ڕووتکردن بوو، هەربۆیە کەوتبووە دزینی دەرگا و پەنجەرە و شێلمانی سەر خانووی ماڵە پارتیەکان، یەکێکیش لە دیارترین ماڵەکان کە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مەحمود سەنگاوی ڕووخاو تاڵان کران، ماڵی (عەزە ڕەشاش و براکانی و کوڕەکانی) بوو، دیارە رۆخانی خانووەکان بۆ دەرهێنانی دەرگا و پەنجەرە و شێڵمانی سەر خانووەکان بوو، لە پاشان هەر لە تاسڵوجە هەرزان فرۆش ئەکران، دیارە ئەو کاتە کەسێکی تر هاوکاری سەنگاوی ئەکرد ناوی (نەواف) بوو کەمێک زەمینیە بۆرەکەی بۆ مەحمود سەنگاوی لێئەخوڕی، ئەم نەوافەش کاتی خۆی مەفرەزە خاسە بووە لە چەمچەمال، ئەو نەوافە ئەگەر هەڵە نەبم بە تۆمەتی پێگیران و دەستبەسارا گرتنی برێکی زۆر پارەی دۆلاری تەزوویر، کە بە سەیارەکەی مەحموود سەنگاویەوە گیرا، لە پێنجوێن و گۆڤارری لڤینێش هەواڵەکەی بڵاو کردەوە.
مەحموود سەنگاوی بۆ تاقم و تفەنگەکەی فڕێدا؟
ڕۆژان هات و ڕۆژان رۆیشت لە کۆتایی مانگی 10ی ساڵی 1996 پاش ئەوەی یەکێتی زۆربەی ناوچەکانی لە دەست دابوو بە هۆی خیانەتی بنەماڵەی بارزانییەوە، یەکێتی توانی لە سەیرانبەن و ناوەچە سنوریەکان و بە پاڵپشتی ئێران خۆی کۆبکاتەوە و دەست بگرێتەوە بەسەر زۆر بەی ناوچەکانی دەور و بەری سلیمانی، کە پێشتر لە دەستی دابوو، ئەوە بوو شەڕێکی گەورە لە دوکان و کلکەسماق ڕوویدا و تیایدا گەورە جاش و کوڕەکەی بارزانی (تەحسین شاوەیس) کوژرا! دیارە ئەمەش کۆستێکی گەورە بوو لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی کەوت، بۆیە پارتی پاش ئەوەی دڵنیا بوو لەوەی کە لە دوکانەوە ناتوانێت هیچ پێشڕەویەک بکات چونکە کۆسرەت ڕەسوڵ سەرپەرشتی ئەو میحوەرەی ئەکرد، بۆیە بە ناچاریی لە ڕێگای تەق تەقەوە هێرشیکی بەر فراوانیان کردە سەر گۆپتەپە و لەوێشەوە بۆ ناحیەی ئاغجەلەر و پاشان بۆ تەکیە مەبەستی سەرەکی پارتی لەو هێرشە ئەوە بوو، کە بتوانن بگەنەوە تاسلوجە و لەوێشەوە پشت لە هیزەکەی یەکیتی بگرن، کە لە دوکان بوو! دیارە ئەم میحوەرەی لای گۆپتەپە و ئاغجەلەر سەنگاوی سەرپەرشتی دەکرد، پاش ئەوەی مەحموود سەنگاوی لە ترسان لە پێشمەرگەکان دابڕابوو لە دوو ڕێیانی ئاغجەلەر - تەکیە، کە ئیستا خاڵێکی پشکنینی لێیە تاقم و تفەنگەکەی لە ترساندا فڕێدا بوو، بۆ خۆدەربازکردنیش لە تەکیە خۆی خستبووە خانەی دواوەی سەیارەیەک لە جۆری سۆپەر کراونی 79 لە نیوان دوو ژنی بە ساڵاچوودا دانیشتبوو، کە سەیارەکە لە چەمچەماڵەوە هاتبوو، هەر بە گەیشتنی سەیارەکە بۆ ژێڕ پردەکەی تاسڵوجە ئیدی مەحمود سەنگاوی لە سەیارەکە دابەزی و بەهۆش خۆی هاتەوە، چونکە ئەو کاتە فەرەیدون عەبدلقادر بە هیزێکەوە لە ژێر پردەکەی تاسڵوجە بوون، کە با نیاز بوون بچن بۆ پشتیوانی ئەو هێزەی لە دەورەبەری ئاغجەلەر پەرتەوازا و تیکشکاو بوون.
ئەوە بوو مەحموود سەنگاوی ترسنۆک بە فسکە فسک مەسەلەکەی لە فەرەیدون گەیاند و پاش کەمێک سەنگاوی بە بێ تاقم و تەفەنگ خۆی هەڵواسی بە تەنیشتی لۆریە پرتەقاڵیەکە لە جۆری ڤالڤۆ بوو، لۆریەکەش هی بەڕێوەبەرایەتی ڕێگا و بان و ئیشغال بوو. لە بری ئەوەی بە ئاڕاستەی دەربەندی بازیان و تەکیە بڕۆن، فسکە فسکەکەی سەنگاوی، فەرەیدونیشی ترساند، بۆیە بریاریان دابە ئاراستەی سلێمانی هێزەکەیان بگەرێننەوە .
سوێند بە هەموو پیرۆزیەک ئەمە هەموو ماهیەت و شەهامەتی ئەم پیاوەیە ترسنۆکەیە، کە با چاوی خۆم بینیوومە و ئەمەم بە راستگۆیانە گێڕاوەتەوە، ئێستا لە مەکتەبی سیاسیە و خۆی لێگۆڕاوە! ئاخر سەرکردەیەک لە بەرەی شەڕدا خۆی لە پێشمەرگەیەکی سادە بشارێتەوە و مۆڕاڵی بۆ ئەو ئاستە دابەزێت تەنانەت ئاقم و تفەنگەکەی خۆی لێ ببێت بە دوژمن و فرێی بدات، ئاخر کەسێکی ئاوها ترسنۆک ژیان و ئێسک و پروسکی چەندین گەنجی پێشمەرگەی خیڕ لە خۆ نەدیووی کرد بە پەیژە بۆ سەرکەوتن بە لووتکەی دەسەڵات!؟
شەرم نییە بۆ یەکێتی و گەنجە خوێن سەوزەکان شانازیی بەو ڕەسمانەوە بکەن کە سەنگاوی بە تاقم و تفەنگەوە گرتتویەتی؟! یاخوا ئەوەی من بینیم لە مەحمود سەنگاوی، مەحمود سەنگاوی پەنجەرە ودەرگا دز، مەحمود سەنگاوی شێلمان دز کەس نەیبینێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست