وه‌ڵامی نامه‌ی ڕێزدار زارعی
Thursday, 10/03/2011, 12:00
له ڕۆژانی ڕابردوودا نامه‌یه‌کی سه‌رئاوه‌ڵه له لایه‌ن به‌ڕێزان موختار زارعی و ئازاد نمه‌کی به ناو نیشانی ڕێزدار حاجی ئه‌حمه‌دی بڵاو کرایه‌وه و تێیدا کۆمه‌ڵێک مژار له ژێر ناوی ڕه‌خنه یان وشیارکردنه‌وه یان خود تاوانبارکردن، ورووژێندراون که من وه‌ک ئه‌ندامێکی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان به پێویستم زانی وه‌ڵامی بده‌مه‌وه.
من ئه‌و نامه‌یه له چوارچێوه‌ی ئه‌و مه‌قاله‌یه‌دا ده‌بینم که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له لایه‌ن دۆستی ڕێزدار زارعی، واته ئاسۆ سالحدا بڵاو کرابۆوه.
له ڕاستیدا زۆرم هه‌وڵدا که وه‌ڵامی ئه‌م نامه‌یه وه‌ک نامه‌ی تاکێک نهنرخێنم به‌ڵکو وه‌ک چه‌مکێکی سیاسی یانخود فکری ڕاوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بکه‌م. هه‌ر بۆیه به له‌به‌ر چاوگرتنی ناوه‌رۆکی نامه‌که سه‌رلێدانی کۆمه‌ڵێک مه‌کته‌بی فکری- فه‌لسه‌فیم کرد بۆ ئه‌وی که له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ڕاوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بکه‌م به‌ڵام به‌داخه‌وه یان له‌به‌ر لاوازی تێکسته‌که ده‌بێت یان له‌به‌ر لاوازی ئاستی نوخبهبوونی رێزدار زارعی، هیچ مه‌کته‌بێک ئه‌و بێلۆژیکیهی له‌خۆ نه‌گرت. هه‌ر بۆیه له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی که ئاماژه‌ی پێکراوه ڕاوه‌سته ده‌که‌م و هه‌وڵ ده‌ده‌م وه‌ڵامێکی شیاو پێشکه‌شی خوێنه‌رانی به‌ڕێز بکه‌م.
بۆ نرخاندنی ڕه‌وابوونی شه‌ڕی چه‌کداری یان خود مافی خۆپاراستنی گه‌لێک هه‌تا ئێستاکه له‌لایه‌ن پاڕتیمان و هاوکات له چوارچێوه‌ی پڕتووک و پارێزنامه‌کانی ڕێبه‌رمان ڕێزدار عه‌بدوللا ئۆجه‌لان کۆمه‌ڵێک نرخاندنی ده‌وڵه‌مه‌ند و ته‌نانه‌ت خه‌باتێکی مه‌زنی فکری- فه‌لسفی به‌ڕێوه چوو و ته‌نانه‌ت مرۆڤ به جه‌ساره‌ته‌وه ده‌توانێت ئاماژه به‌وه بکات که مه‌کته‌بێکی فکری به‌هێزی نوێ له‌و بواره‌وه دامه‌زراوه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه فه‌لسفه‌ی ساڵانی 1500 به‌ر به ڕۆژگاری ئه‌مڕۆکه‌مان، که‌سانێکی وه‌ک هۆبس ده‌که‌ونه به‌رچاو که به وردی کاریان له‌سه‌ر ئه‌و مژاره کردووه. هۆبس له پێناو مهشڕوعکردنی ده‌وڵه‌ت و پاوانه‌ی هێز و توندوتیژی له‌ده‌ست ده‌وڵه‌تدا باس له‌وه ده‌کات که مێژووی مرۆڤایه‌تی به دوو قۆناخی سروشتی و شارستانی دابه‌ش ده‌کرێت. بۆ ئه‌و، قۆناخی سروشتی قۆناخی شه‌ڕی هه‌ر که‌س له دژی هه‌ر که‌سه و له‌به‌ر نه‌بوونی هێزێکی مه‌زنی دادپه‌روه‌ری هه‌رکه‌س داد ده‌گرێته ناو ده‌ستانی خۆی و به‌خۆی دادپه‌روه‌ری ده‌گرێته ده‌ستی خۆی و به پێی خۆی هه‌وڵی سه‌قامگیرکردنی ده‌دات. هه‌ر بۆیه مه‌شروعیه‌تی هه‌ری گه‌وره ده‌داته ده‌وڵه‌تێک که ببێته لویاتانێک و پاوانه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات و له ئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا پاوانه‌ی توندوتیژی بگرێته ده‌ستی خۆی. ئه‌مه زه‌مینه‌ی هه‌ره به‌رچاو فکری ده‌خوڵقێنێت بۆ ئه‌وه‌ی که یه‌که‌مین هه‌نگاوه‌کانی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌و بێته ئاراوه به بێ ئه‌وه‌ی که ببیندرێت یان ویستی بینینی ئه‌وه هه‌بێت که ده‌وڵه‌ت خۆی له ناوخۆیدا مه‌زنترین نه‌هادی بێدادی و زوڵم و زۆریه. چه‌ند سه‌د ساڵێک دواتر ڕوسۆ له دژی ئه‌م بیرۆکه‌یه ده‌رده‌که‌وێت و ده‌ڵێت که ئه‌و شارستانیه‌ی که به ده‌ستی ده‌وڵه‌ت دامه‌زراوه، له که‌له‌پچه کردنی کۆمه‌ڵگا زیاتر هیچی لێناکه‌وێته‌وه.
دواتر مشت و مڕی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و مژاره هه‌تا سه‌ده‌کانی 20 پێشده‌که‌وێت و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مه‌کته‌بی جۆراوجۆر پێده‌نێنه ناو جیهانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا.
ڕێزدار ئۆجه‌لان ده‌ڵێت که پاوانه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی ئابووری به پاوانه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی هێز مسۆگه‌ر ده‌بێت. ئه‌و هێزه له نه‌هاده جۆراوجۆره‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌تدا نههادینهدهکرێت و به‌و پێیه کۆمه‌ڵگا له‌به‌رامبه‌ر هێزی پاوانه بێچه‌ک واته بێده‌سه‌ڵات و کۆیله ده‌کرێت. به‌ڵام له راستینه‌ی کوردستاندا ئه‌و ڕه‌وشه زۆر تراژیدیکتر و دژواتر ده‌رباز ده‌بێت. جودا له‌وه‌ی که ده‌وڵه‌تێک به پاوانه‌ی هێز و توند و تیژی دێته ئاراوه، کۆلۆنیالیزمێکی دژوار سه‌ره‌تا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردستان و خاکی کوردستان په‌یڕه‌و ده‌کرێت. کۆلۆنیالیزمێک که وێنه‌ی له جیهاندا نه‌بووه و هه‌تا ئه‌مڕۆکه‌ش نیه. ئه‌وه وه‌های کردوه که له ئاست جوگرافیای کوردستاندا پارچه پارچه‌کردنی وڵات پێش بکه‌وێت، واته جینۆسایدێکی جوگرافی، هه‌م له ئاستی سیاسی‌دا کورد بێ ئیراده کراوه و ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی سیاسه‌تی لێزه‌وتکراوه، واته جینۆسایدێکی سیاسی، هه‌م ئه‌وه‌ی که هه‌وڵی پاکتاوی شوناس و کولتووری کوردیش به شێوازی جۆراوجۆر دراوه و ده‌درێت، واته جینۆسایدی کولتووری. هه‌ر بۆیه له‌سه‌ره‌تای که‌ڵه‌که‌بوونی پرسی کوردستان (به‌کار هێنانی پرسی کوردستان ڕاستره هه‌تا پرسی کورد) له‌به‌ر داگیرکاری ئاماژه پێکراوه گشت گۆڕه‌پانه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ بهتهڤگهڕبوون و هه‌ڵوێست نواندن یان هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌م ڕاستیه داسه‌پاو بنبڕکراوه. ئه‌مه‌ش هه‌ر له یه‌که‌مین سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی کورد له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌تا ڕۆژگاری ئه‌مڕۆکه ده‌بیندرێت. له سه‌رده‌می ده‌رکه‌وتنی شێخ سه‌عیدی پیرانه‌وه و شێخ ڕه‌زا، هه‌تا شێخ مه‌حموود و مه‌لا مه‌سته‌فای بارزانی و هه‌ر له ده‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک هه‌تا ده‌رکه‌وتنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمه‌ڵه له ئارادا هه‌بووه و ئه‌مڕۆکه‌ش که په‌ژاک پێی ناوه‌ته ئه‌و تێکۆشانه، ئه‌م زنجیریه به‌رده‌وامه.
بۆ تاکێکی کورد به‌تایبه‌تی بۆ که‌سێک که خۆی پێ نوخبه‌ی کورده، دڵته‌زێنه که مه‌جبوور بی بگه‌ڕێیه‌وه ده‌رسێک که جه‌وانێک له سه‌ره‌تاکانی هاتنه ناو سیاسه‌ته‌وه ته‌جروبه‌ی ده‌کات و ده‌یخوێنێت. به‌ڵام ئه‌و ڕه‌وشه قه‌یراناویه‌ی ئه‌م نوخبهگهلهش هه‌ر له‌و ڕاستینه تاڵهیهوه سه‌رچاوه ده‌گرێت که له‌سه‌رێدا ئاماژه‌ی پێکرا. هه‌ر بۆیه کاتێک بۆ جاری یه‌که‌م نامه‌که‌تانم خوێنده‌وه تووڕه‌بوون دایگرتم و جاری دووهه‌میش خهموپهژاره.
برای هێژا، ڕێزدار کاک موختار زارعی
تێکۆشانی ئازادیخوازی گه‌لی کورستان قه‌ت به ویست و داخواز خۆی ده‌ستی بۆ چه‌ک نه‌بردووه، ئه‌وه ئه‌سڵێکه که ئینکار ناکرێت. هه‌رده‌م چه‌ک وه‌ک مژارێکی داسه‌پاو له تێکۆشانی هه‌موو لایه‌نه‌کانی سیاسی کورددا به هاسانی به‌دی ده‌کرێت. بۆ ئه‌مه‌ش پێشنیار ده‌که‌م قسه‌کان و وه‌سیه‌ته‌کانی نه‌مرانی وه‌ک شێخ سه‌عید و شێخ ڕه‌زا، قازی محه‌مه‌د و سوله‌یمان موعینی و عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان بخوێنه‌وه و سه‌ردانێکی جیهانی ئه‌ده‌بی کوردیش بکه‌ن که رۆڵی ئاوێنه‌ی کۆمه‌ڵگا و ڕاستیه‌کانی ئه‌م گه‌له ده‌بینێت.
مامۆستا هێمن ده‌ڵێت:
نایه‌ڵن قه‌ت چێژی ئازادی بچێژم من ده‌نا
خوێنی شیرینم ده‌وێ، کوا ته‌رمی خوێنینم ده‌وێ؟
یان ده‌ڵێت:
نایه‌ڵن ئاسوده دانیشم له لاپاڵی چیام
قاسپه‌قاسپی خاسه‌که‌و بێ، گرمه‌یی مینم ده‌وێ؟
هه‌ر له به‌رده‌وامی هه‌ڵبه‌ستی فرمێسکی ڕنوودا ده‌ڵێت:
نامه‌وێ خوێن بڕژێ یان بۆنی که‌لاکی کۆن بکه‌م
ڕه‌نگی مێلاقه و گوڵاڵه و بۆنی نه‌سرینم ده‌وێ
ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌ک چه‌ند ساڵێک به‌ڵکو ئه‌گه‌ر مانگێکیش له چیاکانی کوردستاندا مابێته‌وه و نه‌هامه‌تی و دژواریه‌کانی ژیانی شاخ و هۆڤێتی و بێبه‌زه‌یی شه‌ڕی دیتبێت و ئێشی له‌ده‌ستدانی گیانی هه‌ڤاڵ یان هاوڕێیه‌کی چێشتبێت، باوه‌ڕکه ده‌زانێت که په‌نابردنی کورد بۆ چیا و هه‌بوونی شه‌ڕی چه‌کداری له کوردستاندا نه‌ک ته‌رجیح به‌ڵکو راستیه‌کی داسه‌پێندراوه.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی که نوخبه‌کانی وه‌ک جه‌نابتان پێویسته لێی تبگه‌ن و سه‌رنجی بده‌ن ئه‌وه‌یه که له کوردستاندا ڕاستینه‌یه‌ک هه‌یه، ئه‌ویش داگیرکاری خاک و وڵاتێکه که له‌گه‌ڵ خۆیدا پێویستیه‌کانی داگیرکاری خوڵقاندووه و ئه‌ویش گشت ئه‌و قه‌یرانانه‌یه که ڕۆژانه کۆمه‌ڵگای کوردی له بواره‌کانی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و هونه‌ر و ئه‌ده‌بیدا به‌خۆیه‌وه گیرۆده کردوه و ده‌بینێت. لێره‌دا هێنانه‌وه‌ی نمونه‌ی تێکۆشانی هیند به پێشه‌نگایه‌تی گاندی و وروژاندنی تێئۆری دژ به توند و تیژی هه‌مووی چیرۆکی دڵڕفێننه که بۆ مرۆڤی کورد جودا له ته‌سلیمیه‌ت و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان هیچی لێناکه‌وێته‌وه. ڕاستینه‌ی هه‌ر کێشه‌یه‌ک، شێواز و ڕێبازی تایبه‌ت به‌خۆی بۆ تێکۆشان ده‌وێت. ئه‌گه‌ر وه‌ها نه‌بێت ته‌جرووبه‌ی تاڵی زۆر تێکۆشانیتر له مێژووی دوور و کورتی مرۆڤایه‌تیمان بۆ دووباره ده‌کاته‌وه. ده‌نا فه‌رموو ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه ئێوه ببنه گاندی و ئێمه‌ش وهدواتان ده‌که‌وین، جا با بزانین کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بێته ئینگلستان و گاندیهک قه‌بووڵ ده‌کات؟ گاندی هه‌رده‌م توانی له‌ناو وڵات و گه‌لی خۆیدا بێت و خه‌باتی خۆی سیاسی- فه‌رهه‌نگی به‌ڕێوه به‌رێت، ئایا ئێران ئه‌وه قه‌بووڵ ده‌کات؟ ئینگلستان هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له هیندستان بوو نه خاکی هیندوستانیان پارچه‌کرد و نه داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی قه‌ده‌خه کرا و نه جنۆسایدێکی فیزیکی- فه‌رهه‌نگی له دژی گه‌لانی هیندوستان به‌ڕێوه چوو. ئێوه چه‌ند قسه‌یه‌کتان کرد نه‌ک هه‌ر گیران و ده‌ستبه‌سه‌ر بوون به‌ڵکو سهرهموقلاتی وه‌هایان پێدان که که‌س نازانێ له کوێ سه‌رتان وه‌ده‌رنا و له کوێ ده‌رکه‌وتن. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانن که گاندی ده‌ڵێت:
له نێوان شه‌ڕ و ئاشتیدا من هه‌رده‌م ئاشتی هه‌ڵده‌بژێرم به‌ڵام له نێوان شه‌ڕ و تهسلیمیهتدا من هه‌میشه شه‌ڕ هه‌ڵده‌بژێرم.
کێشه‌ی نوخبهگهلی وه‌ک جه‌نابی به‌ڕێزتان له دوو خاڵی جوداوهوه سه‌رچاوه ده‌گرێت:
یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه که له ڕێبازی فکری‌دا کێشه هه‌یه، واتا خوێندنه‌وه‌یه‌کی زۆر ئێپیستیمۆلۆژیکتان هه‌یه و له ناوه‌رۆک یان هه‌بوونناسی پرسی کوردستان دوورن و ئه‌وه‌ش وا ده‌کات له جیاتی مژووڵ بوون به ڕاستینه و ناخی کێشه‌کان خۆتان به پێکهاته واته ساختاره‌کان و ڕوداوه‌کانی ڕۆژانه و کورتخایه‌نه‌وه مژووڵ ده‌که‌ن.
هێڵی دووهه‌م، له‌و که‌سانه پێکدێت که به‌خۆیان باش له ڕاستی کێشه تێده‌گه‌ن به‌ڵام له‌به‌ر چه‌ند مانگێک گیران و ئه‌و ڕووداوانه‌ی که له کاتی گیراندا به‌سه‌ریان هاتووه یان له‌به‌ر کۆمه‌ڵیک به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی تاکه‌که‌سی خۆیان له گێلی ده‌ده‌ن و به زمانی ده‌وڵه‌ت قسه ده‌که‌ن.
ئێوه ده‌ڵێن که په‌ژاک فه‌زای ئێران و کوردستانی میلیتاریزه کردوه هه‌ر بۆیه مرۆڤی کورد له سێداره ده‌درێت یان ده‌گیرترێت یان نوخبه‌ی کورد ناتوانێت خاوه‌ن ڕۆڵ بێت. منیش له ئێوه ده‌پرسم هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌و له ئێران‌دا، که‌ی مرۆڤی کورد له سێداره نه‌دراوه. که‌ی مرۆڤی کورد ڕووبه‌ڕووی زیندان نه‌بۆته‌وه و که‌ی فه‌زایه‌ک له ئارادا هه‌بووه که نوخنه‌ی کورد نه‌ک هه‌ر کار بکات به‌ڵکو ساز ببێت؟
نزیکایه‌تی و هه‌ڵوێستی ئێوه نزیکایه‌تیه‌کی سه‌رانسه‌ر و هه‌رزانه، ئه‌گه‌ر وه‌ها نه‌بووا هه‌ندێک به لێکۆڵینه و به جدیه‌ته‌وه مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه ده‌کرد و دواتر هه‌وڵی نوسینی نامه‌تان بۆ ڕێزدار حاجی ئه‌حمه‌دی ده‌دا. په‌ژاک له منداڵدانی فه‌لسفه و ڕامانی په‌که‌که‌دا له دایکبووه. به قسه‌ی زۆر پسپۆر و لێکۆڵه‌ری ئێرانی و ڕۆژئاوایی، لێکۆڵینه‌وه له شێوازی تێکۆشانی په‌که‌که و گرێدانی تێکۆشانی ڕزگاری خوازی و تێکهه‌ڵکێشکردنی ئه‌مه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه پرس و خه‌باتی ژن و ڕۆشنبیری، خۆی له خۆیدا ده‌یان تێزی دۆکتۆڕا هه‌ڵده‌گرێت. هه‌ر بۆیه ئێمه باش له گرینگیه‌کانی خه‌باتی مه‌ده‌نی و ڕۆشنبیری و لێگاڵ تێده‌گه‌ین و هه‌رده‌م هه‌وڵی ئه‌وه‌مان هه‌یه که له ئه‌زمونه‌کانی تێکۆشانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورد له باکووری کوردستان (نه‌ک هیندوستان) که‌ڵک وه‌ربگرین.
باس کردنی کورته‌یه‌ک له دامه‌زراندنی په‌ژاک لێره‌دا به پێویست ده‌زانم. پێشینه‌ی خه‌بات و پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی په‌ژاک له ساڵی 1997 ده‌ست پێده‌کات. له‌و قۆناخه‌دا بوو که بۆ یه‌که‌مین جار ده‌یان رێکخراوی خوێندکاری و ده‌یان گۆڤاری خوێندکاری کورد له زانکۆکانی ئێران‌دا به پێشه‌نگایه‌تی کادیرانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ده‌ستی پێ‌کرد. دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵێک رێکخراوی مه‌ده‌نی- ڕۆشنبیری و ژنان له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌شێک له مێژووی په‌ژاک پێکدێنێت. ده‌ستپێکی ئه‌م قۆناخه هاوکات بوو له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌ر کاری ده‌وڵه‌تی ریفۆرم و بزوتنه‌وه‌ی 2 خورداد که ده‌ره‌تانێکی باشی بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌م خه‌بات و تێکۆشانه هێنایه ئاراوه. له به‌رده‌وامی ئه‌م قۆناخه‌دا له ساڵی 2000 بزوتنه‌وه‌ی یه‌کێتی دیموکراتیک دامه‌زرا و خه‌باتی ئێمه له ژێر ئه‌و ناوه هه‌تا ساڵی 2004، کاتێک که ئیتر پرۆسه‌ی ریفۆر جێگای خۆیدا به فاشیزمی دینی و هاوکات له لایه‌ن ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ی که پشتی کرده سه‌ره‌تاییترین دروشمه‌کانی واته ئێران بۆ ئێرانیه‌کان که دڵی گهڵانیتری پێخۆش ده‌کرا کرد، هاته ئاراوه. ده‌رکه‌وتنی په‌ژاک هه‌ڵوێستێک بوو له دژی ئه‌و بۆشایهتیهی که له ئاست پرۆژه و به‌رنامه‌ی سیاسی و رێکخراوه‌یی و پێویستیه‌کانی ده‌رکه‌وتنی فه‌رهه‌نگێکی نویی تێکۆشان له ئاست رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا بوو. یه‌که‌مین پێکدادانه‌کانی نێوان په‌ژاک و ئێران له لایه‌ن کێ ده‌ستی پێ‌کرد؟ ئایا ئێوه ده‌زانن که یه‌که‌مین شه‌هیدی په‌ژاک کێ بوو و چۆن شه‌هید بوو؟ یه‌که‌مین شه‌هیدی په‌ژاک به ناوی شه‌هید نه‌وزاد کۆمار له هه‌رێمی ئاسۆس که ناوچه‌یه‌کی شاخاوی سه‌ر به سنووری باشووری کوردستانه (شایانی باسه که ئه‌م هه‌رێمه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمی باشووری کوردستاندا نیه) له دوای ئه‌وه‌ی که سوپای پاسداران هێرش بۆ سه‌ر چه‌ند بنه‌که‌یه‌کی هێزه‌کانی ئێمه ده‌کات، شه‌هید ده‌بێت. واته یه‌که‌مین پێکدادان له لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌ستی پێکردوه و نه‌ک له لایه‌ن کورده‌وه.
ئایا هه‌تا ڕۆژی ئه‌مڕۆکه چ له لێدوان یان پڕتووک یان به‌رنامه‌یه‌کی تیلڤیزیۆنیدا خوێندۆته‌وه یان بینیوه که په‌ژاک شه‌ڕی چه‌کداری ڕاگه‌یاندبێت؟ لێدوانی کۆتایی کۆنگره‌کانی یه‌که‌مین، دووهه‌مین و سێهه‌مینی په‌ژاک و ئه‌نجامی یه‌که‌مین کۆنفرانسی پهژاکتان پێپێشنیار ده‌که‌ن که بیخوێنه‌وه. ئایا له پاراگرافێکدا یانخود دێڕێک‌دا باس له ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕی چه‌کداری یانخود شه‌ڕی چه‌کداری وه‌ک چاره‌سه‌ری بۆ پرسی کوردستان وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێت؟ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی پاڕتیمان هه‌م وه‌ک پڕتووک و هه‌م وه‌ک فایل له‌سه‌ر تۆری ئینتێرنێتی وه‌ده‌ست ده‌که‌وێت، دهکوا فه‌رموون له کوێ بانگه‌شه‌ی شه‌ڕی چه‌کداری له ئارادا هه‌یه؟
هاوکات په‌یامی کۆنگره‌ی سێهه‌ممان بانگهێشتکردنی ئێران بوو بۆ ئه‌وه‌ی که ئێمه ئاماده‌ین شه‌ڕ که‌م ڕه‌نگ بێته‌وه و فه‌زایه‌کی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ری بخوڵقێت. وه‌ڵامی په‌یامی کۆنگره‌ی سێهه‌م به شه‌هید کردنی شه‌ش هه‌ڤاڵ له هه‌رێمی مهڕگهوڕ بوو که سێیانی ئه‌ندامی مه‌جلیسی پارتیمان بوون. هاوکات پێشخستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ تورکیا بوو که شه‌ش ئه‌ندامی به‌شی ڕاگه‌یاندمان به هێرشی فرۆکه‌کانی F-16 شه‌هید که‌وتن. له هاوینی 2008 ڕا قۆناخی ڕاگرتنی چالاکیمان ڕاگه‌یاند. له‌و کاته‌وه هه‌تا 2011 له سێ قۆناخی جیاوازدا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌مان دووباره کردۆته‌وه و پێداگریمان له‌سه‌ر کردوه. هه‌ری دوایی له کۆنفرانسی یه‌که‌مینی هه‌مینی په‌ژاک ئه‌و هه‌ڵوێسته‌مان دووباره کردوه که به ئێعدام کردنی شه‌هید فه‌رزاد که‌مانگه‌ر و هه‌ڤاڵانی و هاوکات ژه‌هرخوارکردنی پێنج ئه‌ندامان له داڵاهۆ وه‌ڵامی درایه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه له 2010-10-20 دێکلاراسیۆنێکی حه‌وت خاڵیمان له پێناو چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی پرسی کورد ڕاگه‌یاندوه. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه که ئایا په‌ژاک حه‌رکه‌تێکی شه‌ڕخوازه یان ئه‌وه کۆماری ئیسلامی ئێرانه که کاراکته‌ری سه‌ره‌کی ئه‌و توند و تیژی و زه‌خت و گوشاره؟ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئێوه نوخبه‌ی کوردن و پێشوازی له هێڵی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه ده‌که‌ن بۆ قه‌ت له‌و قۆناخانه‌دا خاوه‌ن هه‌ڵوێست نه‌بوون و هه‌وڵتان نه‌دا چاره‌سه‌ری ئاشتیانه بچه‌سپێنن؟ ئێوه هه‌رده‌م ڕووتان له ئێمه‌یه بۆ واز هێنان له چه‌ک، ئه‌ی بۆ قه‌ت ئه‌و داوایه له‌به‌ر ده‌وڵه‌تدا دانانێن؟ بۆ ده‌بێت ده‌وڵه‌ت مافی به‌کار هێنانی چه‌کی هه‌بێت و بۆ نابێت نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا خاوه‌ن ته‌دبیر و خۆپاراستن بێت؟ ئایا هه‌تا ئێستاکه کام نه‌ته‌و له جیهاندا بێ هێزی خۆپاراستن ماوه‌ته‌وه؟ بۆ هه‌رکه‌س ده‌توانێت ئه‌و مافه بۆخۆی به‌کار بێنبێت که خاوه‌ن چه‌ک بێت، چه‌ک به داگیرکه‌ری کوردستان بفرۆشێت، چه‌ک له دژی کوردان به‌کار بهێندرێت و چه‌ک له سه‌ر کوردان به‌تاقی بکرێته‌وه، به‌ڵام قه‌ت مافی خۆپاراستن به کورد نه‌درێت؟
دواتر پرسیاری زۆرتر ده‌رده‌که‌ون که پێم باشه لێتان بپرسم که ئایا ده‌رکردنی فتوای خومیه‌نی بۆ هێرش بۆ سه‌ر کوردستان و شه‌پۆلی له‌سێداره‌دانه‌کانی ناو گرتووخانه‌کانی ئێران له ساڵانی 60 هه‌تا 67 خه‌تای په‌ژاکه؟ ئایا وه‌ڵام نه‌دانه‌وه و سه‌رنه‌که‌وتنی چاوپێکه‌وتنه‌کانی لایه‌نی کوردی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی خومه‌ینی له ساڵانی 60، سه‌ره‌ڕای ئیسراری لایه‌نی کوردی له چاره‌سه‌ری سیاسیانه‌ی پرسی کوردستان، خه‌تای په‌ژاک یان لایه‌نی کوردی یان کۆماری ئیسلامی بوو؟ ئایا ته‌جاوز به گیراوانی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی که‌سک و کوشتنی نه‌دا و به ئۆتۆمۆبیل و ماتۆر هێرش بۆ سه‌ر خۆپێشاندانه‌کانی تاران و گیرانی نوخبه‌کانی فارس خه‌تای په‌ژاک بوو؟ بێ‌کاری 30 ده‌رسه‌دی له ئێران‌دا خه‌تای په‌ژاک؟ په‌ره‌سه‌ندنی له‌شفرۆشی و ماده هۆشبه‌ره‌کان و قه‌یرانه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له به‌ر شه‌ڕی چه‌کداری په‌ژاک هاتۆته ئاراوه؟
نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئیمه شه‌ڕی چه‌کداری پیس و قیزه‌ون ده‌بینین و به بێڕێزیه‌وه ده‌ڕوانینه مێژووی پاڕتیهکانیتری کوردی یان ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له‌و ڕێگایه‌دا گیانیان له‌ده‌ست داوه. مه‌حکومکردنی شه‌ڕی چه‌کداری مه‌حکومکردنی گشت ئه‌و کوڕ و کچه کورده جهوانانهیه که گیانیان له ڕێگای ئازادی و ڕزگاری خاک و گه‌له‌که‌یاندا پێشکه‌شیان کردوه.
ژان پۆل سارتر بۆ گه‌لانی داگیرکراو و چه‌ساوه ده‌ڵێت، داگیرکه‌رانی کۆلۆنیالیست کاتێک ده‌ست به‌سه‌ر وڵات و خاکتان داده‌گرن ئێوه له مرۆڤ بوون دوور ده‌خه‌نه‌وه. هه‌ربۆیه ده‌بێت ئه‌و ده‌سته بگهزی هه‌تا کۆتایی به ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی وڵاته‌که‌تان بێنی. فرانز فانۆن ده‌ڵێت توندوتیژی بۆ گه‌لی داگیرکراو و کۆیله‌کراو له حوکمی به‌ردێک و دوو نیشانه‌یه. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که کۆیله‌بوون له خۆیدا ده‌کوژێت دووهه‌م داگیرکه‌ر ده‌کوژێت. ئه‌و دوو گوتنه گوزاره له‌وه ده‌که‌ن که مرۆڤ ده‌بێت جیاوازیه‌کانی نێوان توند و تیژی ببینێت. توند و تیژیه‌ک که له لایه‌ن دوڵهتێکهوه له پێناو له‌ناو بردن و پهکتاوکردن و خه‌ساندنی نهتهوێک په‌یڕه‌و ده‌کرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و توند و تیژیه‌ی که وه‌ک کاردانه‌وه له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ده‌رده‌که‌وێت جیاوازی هه‌یه. ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئه‌و ڕاستیه نه‌بینێت ئه‌و کاته به‌رد هاویشتنی منداڵێکی کورد له دژی تانگه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک ده‌کاته یه‌ک و تانگه‌کانی تورک نابینێت به‌ڵام به منداڵه‌که ده‌ڵێت ئه‌وه تیرۆریسته و توند و تیژی به‌کار دێنێت. رۆژانه ئه‌ردۆغان ئاوها ده‌ڵێت، ئه‌ی که واته جه‌نابتان چۆن ده‌چنه هه‌مان خانه‌وه؟ چه‌کی ده‌ستی گه‌ریلایه‌ک واته کهڵانشینکۆفێکی ساده له‌گه‌ڵ تانک و تۆپ و چه‌شنی جۆراوجۆری موشه‌ک و پێشکه‌وتووترین چه‌شنه‌کانی ته‌کنیکی شه‌ڕ و فرۆکه‌ی کۆبڕا و جێتی F-16 یه‌کن؟
ڕێبه‌ر ئاپۆ ده‌ڵێت ته‌نانه‌ت گوڵ بۆ خۆپاراستن دڕکی هه‌یه و ئه‌گه‌ر تۆ پشیله‌یه‌کیش له چوارگۆشه‌یه‌کدا بگری و هێرشی بۆ بکه‌ی ئه‌وا خۆی ده‌پارێزێت. به درێژایی مێژووی کار و خه‌بات و تێکۆشانی په‌ژاک، هه‌رده‌م ئه‌و تێئۆریه واته خۆپاراستنی ڕه‌وا، چه‌مک و ڕێبازی ئیمه بووه و هه‌تا هێرش نه‌کرابێت یانخود هه‌وڵی ئاماده‌کاری ئۆپه‌راسیۆنی به‌رفراوانی سه‌ربازی له دژمان نه‌هاتبێته ئاراوه ئه‌وا پێشدهستیمان له پێکداداندا نه‌کردوه. نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له ره‌خنه‌ی نوخبهگهلی وه‌ک ئێوه ده‌ترسێین یانخود بێهێزین و ناتوانین. به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که له‌و بڕوایهداینه که شه‌ڕی چه‌کداری ناتوانێت چاره‌سه‌ری بۆ گشت پرسه سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له‌گه‌ڵ خۆیدا بێنێت. شه‌ڕ ته‌نها پێویسته وه‌ک هێزی به‌رگریکردن له‌خۆ و هاوکات له شوێنێکدا که سیاسه‌ت ئیتر ناتوانێت خاوه‌ن ڕۆڵ و کاریگه‌ری بێت، ڕۆل ده‌گێرێت و زه‌مینه‌ی سیاسه‌ت ده‌خوڵقێنێت.
ڕێزداران
ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆکه جه‌وانانی کور و کچ له ڕیزه‌کانی په‌ژاکدا ده‌یکه‌ن ئه‌و خۆپاراستنه ڕه‌وایه‌یه. پراکتیکی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان هه‌ر له ده‌وله‌تی په‌هله‌وی هه‌تا ده‌گاته کۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌یان سه‌لماندوو که بێخۆپاراستن سیاسه‌ت له کوردستاندا نامومکینه. ئه‌گه‌ریش سیاسه‌تێک هه‌بێت ئه‌وا پاشکۆبوونی ده‌وڵه‌ته و هیچ ده‌رئه‌نجامێکی بنه‌ڕه‌تی لێناکه‌وێته‌وه. کاتی ئه‌وه هاتووه که کورد به فکر و ڕامانی خۆی، به به‌رنامه و پرۆژه‌ی خۆی و به هێزی خۆیه‌وه سیاسه‌ت بکات و بڕیار له سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بدات. جه‌نابتان و من له دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری ئێران له ته‌لڤیزیۆنی نه‌وروز تیڤیدا به‌شدار بووین. ئه‌و کات جه‌نابتان فه‌رمووتان که " ئێمه هه‌موومان فریومان خوارد". ڕاسته ئه‌و کات فریوتان خوارد به‌ڵام هه‌تا که‌ی به‌ته‌مای ئه‌وه بین که ئێوه فریو بخۆن و بینه سه‌ر شاشه‌کان دان به لاوازیهکانتان بنێنن؟ ئایا ئه‌م جاره‌ش فریوتان نه‌خواردوه؟
له بهشیکیتر دا ده‌ڵێن که هۆکاری کوشتنی کاسبکارانی کورد شه‌ڕی چه‌کداری په‌ژاکه. ئێوه پێویسته له‌خۆتان بپرسن که بۆچی مرۆڤی کورد مه‌جبووری کاسبکاری سه‌ر سنوور ده‌بێت؟ ئایا کاسبکاری سه‌ر سنوور به په‌ژاک ده‌ستی پێکردووه؟ یان ئه‌وه‌ی که ئێوه پێتان وایه په‌ژاک، کۆمیسیۆنی عومران و به‌رنامه و بودجه‌ی مه‌جلیسی کۆماری ئیسلامیه که ده‌ره‌تانی پیشه‌سازی و گه‌شه‌سه‌ندی ئابووری له کوردستاندا ناخولقێنێت؟ به‌و زیهنیهتهتانهوه له‌وانه‌یه بفه‌رموون که هۆکاری ده‌نگ نه‌هێنانه‌وه و ههڵنهبژاردنتان بۆ شوڕای شاری سنه، ئه‌ویش هه‌ر خه‌تای شه‌ڕی چه‌کداری په‌ژاکه.
له به‌شێکیتری نامه‌که‌تاندا ده‌ڵێن که گۆیا په‌ژاک مرۆڤی بێگوناحی کوشتووه. ساڵی 2008 ده‌وڵه‌تی ئێران له ڕێگای تورکیا په‌روه‌نده‌یه‌کی ڕاده‌ستی پۆلیسی ناونه‌ته‌وه‌یی کردبوو که تێیدا هه‌مان تۆمه‌ت خرابوو پاڵ په‌ژاک و په‌ژاک وه‌ک تیرۆریست ناوزه‌د کرابوو. ئه‌مڕۆکه دوای 3 ساڵ جه‌نابتان به هه‌مان شێوه‌زار هه‌مان تاوان ده‌خه‌نه پاڵ په‌ژاک. له دوای ده‌ستبه‌رسه‌ر کردنی ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌ی که‌سک له دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان، زۆربه‌ی تیئۆریسیهن و ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یان له دوای ئه‌شکه‌نجه و ته‌جاوزی جنسی یان چاوترساندن هێنایه سه‌ر شاشه‌ی تهلڤیزیۆنهکان و هه‌موویان مه‌جبوور به داوای لێبوردن کردن. نامه‌که‌ی ئێوه‌ش هه‌مان سیما و هه‌مان چیرۆک له لای من دووباره ده‌کاته‌وه، چونکه موختار زارعی ئه‌و که‌سه بوو که په‌ژاک زه‌مینه‌ی قسه‌کردنی بۆ ده‌خوڵقاند و هه‌موو ڕۆژه له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنه‌کانی په‌ژاک و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ڕاگه‌یاندنی په‌ژاک له په‌یوه‌ندیدا بوو، ئه‌وه چۆن له ناکاو له دوای ده‌رباز بوونی ته‌نها چه‌ند مانگێک جه‌نابتان 180 ده‌ره‌جه ده‌گۆڕدرێن و له گۆشه‌یه‌که‌وه ده‌چنه گۆشه‌یه‌ک. یان ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵێک شتی شاراوه‌ی قۆناخی گیرانتان له پشت نووسینی نامه‌که‌تان هه‌یه یان ئه‌وه‌یه که کێشه‌یه‌کی کولتووری له ئارادا هه‌یه. چونکه ئه‌گه‌ر یه‌کێک له پێناسه‌کانی کو‌لتوور، پێوانه‌کانی ره‌د و قه‌بووڵ بێت، ئه‌وا له‌و سۆنگه‌یه‌وه ئێوه بێکولتووریهکی مه‌زنتان به نووسینی نامه‌که‌تان نواندووه.
یه‌کێک له خاڵه مه‌ترسیداره‌کانی ناو گه‌لێکی داگیرکراو و کۆیله ئه‌وه‌یه که ڕۆشنبیره‌کانی ئه‌و گه‌له له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له ناو فه‌زای ڕۆشنبیری بورژوای سه‌ر به نه‌ته‌وی سه‌رده‌ستدا ده‌خوێنن و له‌و فه‌زایه‌دا هه‌ناسه ده‌ده‌ن، زۆرجار هه‌ر به هه‌مان شێوه‌زار و له هه‌مان سۆنگه‌ی فکریه‌وه ده‌ڕواننه کێشه‌کانی گه‌لی خۆیان. له نێوان نامه‌که‌ی جه‌نابتان و ئه‌و ڕێپۆرتاژانهی که شهمس الواعچین و ڕامین جه‌هانبه‌گلو که تێیدا گه‌لی کورد وه‌ک هۆڤ و دواکه‌وتوو و شه‌ڕخواز پیشاندرابوو هیچ جیاوازیه‌ک نابینم. ته‌نها جیاوازیه‌که ئه‌وه‌یه که ئێوه له‌وان زیاتر ڕۆیشتوون و تۆمه‌تی تیرۆریست بوونتان داوه‌ته پاڵ په‌ژاک. ئایا ئێوه ده‌زانن که مامۆستا فه‌رزاد که‌مانگه‌ر ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌و ڕسته‌یه بڵێت به ده‌یان جار به‌ڵێنی ئازادی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری سێداره‌یان پێدا به‌ڵام له نێوان خیانه‌ت و قاره‌مانێتیدا، ئه‌وه‌ی که ئێوه هه‌ڵتان نهبژاردی، هه‌ڵبژارد؟ مادام ئێوه به‌شێکن له‌و نه‌ته‌وه‌یه چۆن ئه‌و ئیزنه به‌خۆتان ده‌ده‌ن ئاوها به‌و خیتابهته ناحه‌ز و ئاوها به سووک و هاسانی به‌م شێوه‌یه هه‌ڵوێست له دژی خوشک و برایان و ده‌یان بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید و زیندانی بنوێنن؟
جارێکی‌تر سه‌رنجتان ده‌به‌مه‌وه بۆ هه‌ڵبه‌ستی فرمێسکی ڕنوو که مامۆستا هێمن تێیدا ده‌ڵێت:
جێی گه‌رم، پارووی نه‌رم خۆشه، به‌ڵام بۆ مافی خۆم
سێبه‌ری ئه‌شکه‌وتی سارد و نوێنی به‌ردینم ده‌وێ
ئه‌م پارچه هه‌ڵبه‌سته له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ڕاستیه‌دا له ناخی مرۆڤێکی هه‌ست ناسکی وه‌ک مامۆستا هێمن ده‌رده‌که‌وێت که له هه‌موو ڕێبازه‌کانی تێکۆشانی ئازادیخوازی گه‌لی کوردستاندا جێگای گرتووه و له نزیکه‌وه له‌و ڕاستینه‌یه تێگه‌یشتووه.
منیش پێم خۆش بوو له جیاتی ئه‌وه‌ی که له قه‌ندیله‌وه ئه‌و نامه‌یه‌تان بۆ بنووسم له‌گه‌ڵتان له تاران بووبام و له‌وێ ئه‌و نیقاشانهمان کردبا به‌ڵام ڕاستینه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه که جه‌نابتان بیری لێده‌که‌نه‌وه یان وا نیشان ده‌ده‌ن که ئاوها بیری لێ ده‌که‌نه‌وه. ئێوه فهرمووبوتان که په‌ژاک بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که نوخبه‌ی کورد نه‌توانێت خاوه‌ن ڕۆڵ بێت و زه‌مینه‌ی کار کردن نه‌ماوه بۆ ئێوه. لێره‌دا دوو حاڵه‌ت هه‌یه: یان ئه‌وه‌یه که قسه‌که‌تان ڕاست نیه چوونکه ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ی ئێوه کارێکی نوخبهییانه بێت، ئه‌وا ئێوه له تارانه‌وه ئه‌و نامه‌یه‌تان نووسیوه واته هێشتا زومینهی کارکردن بۆ ئێوه خراپ نه‌بووه و ئێوه شانتان وه‌به‌رداوه یان ئه‌وه‌یه که فه‌زای کار کردن نیه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئێوه ئیزنتان له شوێنێکیتره‌وه پێدراوه، توانیوتانه ئه‌و نامه‌یه بنووسن.
لێره‌دا پێویسته بگوترێت که کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که نوخبه‌ی کورد خاوه‌ن ڕۆل نیه و کاتێکیش ڕۆڵ ده‌بینێت ئه‌وا یان رێگای ئه‌وروپا نیشان ده‌دات یان پاشه‌کشه و ته‌سلیمیه‌ت بۆ کورد پێشنیار ده‌کات. ئه‌گه‌ر ئێوه به‌ڕاستی نووخبهن ئه‌وا نوخبه‌ی کورد پێویسته واز له کروزاندنهوه بێنێت و ببێته خاوه‌ن ئیراده و هێزی خوڵقێنه‌ری. واته چاو له ده‌ستی حیزبه‌کان و ده‌وڵه‌ت نه‌بێت بۆ کار کردن و بۆخۆی زه‌مینه‌ی کارکردن بۆخۆی بخوڵقێنێت.
له کۆتاییدا ده‌ڵێم نامه‌که‌تان چوو خانه‌ی ئه‌و قۆناخه‌ی که ڕێزدار هادی سۆفیزاده وه‌ک قۆناخی سێهه‌می هێرش بۆسه‌ر په‌ژاک نرخاندبووی. ئه‌و قۆناخه‌ی که به هۆشیار زێبار ده‌ستی پێ‌کرد و به یارمه‌تی به‌رێزانی وه‌ک جه‌نابتان و دۆستانتان به‌رده‌وام ده‌کرێت.
نامه‌که‌تان هاوکات هێرشکردنه سه‌ر ته‌نها لایه‌نێک یان تاوانبارکردنی لایه‌نێک نه‌بوو. چوونکه ناخی تێکۆشانێک چوو ژێر پرسیاره‌وه که شه‌هیدانی وه‌ک قازی محه‌مه‌د، دوکتور قاسملۆ و شه‌ره‌فکه‌ندی و فه‌رزاد که‌مانگه‌ری له ئامێز ده‌گرێت. هه‌ر بۆیه پێشنیار ده‌که‌م که بۆ جاریکی‌تر ئه‌و وێنانه ته‌ماشا بکه‌ن که چۆن دوکتور قاسملۆ و شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕێکانیان له شه‌تڵی خوێندا گهوزیون. هاوکات پێشنیار ده‌که‌م نامه‌که‌ی شه‌هید فه‌رزاد که‌مانگه‌ر به سه‌ردێڕی داوای لێبوردن له کێ بکه‌م بخوێننه‌وه که خۆی له خۆیدا مهکتهبێکه پڕ له وانه‌ی بوێری و باوه‌ڕ به‌خۆ بوون. ئاخرین گوته‌م ئه‌وه‌یه که پێویسته هیندێک جدی بن و بزانن که چی ده‌ڵێن و چی ده‌نووسن و ئه‌مانه ده‌چنه خانه‌ی کێوه. ئه‌مڕۆکه ده‌وڵه‌ت ده‌یهه‌وێت له ڕێگای که‌سانی وه‌ک جه‌نابتان و به نامه‌ی که‌سانی وه‌ک جه‌نابتان هه‌م ڕه‌وابوونی تێکۆشانی کوردستان به‌رێته ژێر پرسیاره‌وه هه‌م ئه‌وه‌ی که پاشه‌کشه به کورد بکات. ئازادی و ڕزگاری و دیموکراسی له کوردستاندا به جایزه‌ی نۆبێل و شتی ڕه‌واڵه‌تی له‌م چه‌شنه که به قسه‌ی جه‌نابتان ڕێز و ستایشی ئێرانی لێکه‌وتۆته‌وه، مسۆگه‌ر نابێت. هه‌ر کرده‌وه‌یه‌ک که رێز و ستایشی ئێرانی لێبکه‌وێته‌وه، پێویسته هه‌م کرده‌وه‌که و هه‌م بکه‌ری ئه‌م کرده‌وه‌یه بکه‌وێته ژێر پرسیار و هه‌ڵوێستی له به‌رامبه‌ردا بنوێندرێت.
شه‌ماڵ به‌شیری- ئه‌ندامی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست