کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بانگەوازێک لە نەوەی نوێی راپەرینەوە بۆ : مەسعودی بارزانی ، جەلالی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا

Thursday, 03/03/2011, 12:00



 خانمی یەکەمی عێراق کە سەرمایەیەکی زۆری پێکەوەنا بەناوی منداڵپارێزییەوە و ئێستا وەک فاشیستێک کاری منداڵکوژی ئەنجامدەدات لەناوشاری سلێمانی و ناوچەکانی گەرمیاندا.
سەربەرزی بۆشەهیدانی راپەرینی نێرگز دژ بە تاڵانکردنی کوردستان و زەوتکردنی کەرامەتمان.
سەروەری بۆ خوێنی بەناحەق ڕژاوی : رێژوان..شێرزاد ، سورکێو ، زمناکۆ ، بیلال ، ئومێد ، گەرمیان ،ئەحمەد.
وەک سەرەتا ئێمە پێمانوایە کە هیچ لایەنێکی سیاسی وەک پێویست لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نەبووە و خوێنی بەناحەق رژاوی ئێمە فەرامۆشکراوە. کێشەی ئێمە کێشەیەکی یەک رەهەندی نییە لەگەڵ دەسەڵاتدا ، ئەودەسەڵاتەی کە ئێمە لەدوای ئەو کوشتار و خوێن رشتنەوە بەدەسەڵاتی فاشیستی ناوزەدی دەکەین و لێرە بەدواوە وەک رژێمێکی فاشیستی ناوی دەهێنین.
یەکێک لە و رەهەندانەی کە بۆ ئێمە جێگەی بایەخەو بۆ دەسەڵاتی فاشیستی خۆماڵی هیچە ئەوەیە کە تا هەنووکە هیچ لایەنێک ئێمەی نەوەی راپەڕینی بەهەند وەرنەگرتووە و لە ئێمە تێنەگەیشتووە بەڵام بە ویژدانەوە بڵێین هاوڕێیانی گۆڕان لەو بوارەدا پێشەنگ بوونە .
هەرچەندە بەبڕوای ئێمە دانیشتنی رەمزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دەم و چاوە گەندەڵە کەوتووەکانی بەناو مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەتایبەتیش ئەو سێ ئەندامە بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و ئێمە ئەوانە وەک جەللادی مێژووی دوای راپەرین دەناسین لە ریزی پێشەوەی ئەو بەناو بەرپرسانەدا ئەژماریان دەکەین کە هەڵساون بە تاڵانکردنی سامان و دارایی کوردستان .
خانمی یەکەمی عێراق کە خۆی بەبەرپرسی منداڵپارێزی کوردستان دەزانێت، ئێستا خۆی و هاوسەرەکەی وەک دوو سیاسی هەلپەرست و فاشیست دەستێکی گەورەیان هەیە لە کوشتنی ئەو منداڵانەی سلێمانی و کەلار و چەمچەماڵدا و بەفرمانی راستەوخۆی جەنابی ناموبارەکیان لە سلێمانیدا چەندەها کەس بریندار کراون و گیراون ، کوژراون ئەشکەنجە دراون .
هەرلێرەوە بە مەسعودی بارزانیش رادەگەیەنین کەئێمە چی تر بە درۆ و سیناریۆی بەدرەوشتانەتان فریوو ناخۆین و گاڵتەیشمان بە چاکسازی خۆت و بنەماڵەت و بە ناو پارتە دیکتاتۆرەکەیشت دێت . وەک چۆن ئێوە بیست دانە ساڵە گاڵتە بە خواست و داواکارییە رەواکانمان دەکەن و تەنها کات دەکوژن .
خاڵێکی دیکە کە لای ئێمە زۆر گرنگە هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی بەناو ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتییە ، ئێمە ئەوەیش بە سیناریۆیەکی دیکە دەزانین بۆ رزگارکردنی یەکێتی لەو قەیرانەی تێیکەوتووە تا خەڵک لەوان خڕ بێتەوە و نەچێت بەلای لایەنەکانی دیکەدا..ئێمە بەدووری نازانین وەک سیانریۆیەکی دیکە تەنانەت شەڕی ناوخۆیش هەڵبگیرسێننەوە بۆ مانەوەی خۆیان لەسەر دەسەڵات.
ئاهەنگگێڕانی پارتەکەت و شیرینی بەخشینەوەتان لە هەولێر لەکاتێکدا بوو کە شارەکانی دیکەی کوردستان خەڵتانی خوێنکرابوو لەلەیەن بەکرێگیراوەکانتانەوە . ئەو سیناریۆ و شانۆگەرییە سووکە جارێکی تر خەڵکی کوردستانی دڵنیا کردەوە کە خۆت و بە ناو پارت و بەکرێگیراوەکانت دوژمنی راستەقینەی خەڵکی کوردستانن. .
سکرتێری بەناو حیزبەکەت فازیل میرانی بەرلەوەی هەڕەشەی بڕینی دەستی ئێمە بکات بابچێت لەسەر کوشتنی کچەکەی خۆی رووبەرووی یاسا ببێتەوە . وەک چۆن خۆت و کورەکەت تاوانبارن بە شەهید کردنی سەردەشت عوسمان و دارشتنی سیناریۆی گاڵتەجاڕی بۆ وونکردنی کەیسەکەی کە زۆرتر بەم ئاهەنگ و سیناریۆیەی ئێستای هەولێر دەچوو.
هاتووی هەمان قسەی سەدام حوسەین و سەرۆکی میسر و توونس و لیبیاو و سەرکردە دیکتاتۆرەکانی ترمان بۆ دەکەیت گوایە ئەم راپەرینەمان ئەجندای خاریجییە . بۆ تۆ وادەزانیت ئێمە وەک جەنابتان بێئاگاین لە جیهانی دەرەوە ، نوقمی عەقڵیەتی عەشیرەتگەرایی بووینە وەک تۆ و ئەندامەکانی کۆمپانیاکەت. پاشان کەس هەیە نازانێت کە ئەگەر ئەجیندای خاریجی هەبێت لە کوردستاندا ئاوا تاڵەبانی و بارزانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.
ئێمە تەنها بە داماڵینی ئێوە لە دەسەڵات و دارایی کوردستان کۆتای دەهێنین بە قۆناغی یەکەم لە تێکۆشان و هیچ پەیوەندیمان بە ئەو بەناو ئۆپۆزیسیۆنەیشەوە نییە کە سازشتان لەگەڵ دەکات و بروای بە چاکسازی ئێوە هەیە و دەیەوێت خۆیشی و ئێمەیش فریوو بدات.
لە کۆتایی یەکەم بانگەوازماندا دەمانەوێت پێتان بڵێین کە :
ئێمەی نەوەی راپەرین ئێستا شەوانە ئاڵا خوێناویەکەی کوردستانمان ماچ دەکەین و پاشان بە شانازییەوە دەیخەینە ژێر سەرمان ، ئەو ئاڵایەی ئێوە لە بەرچاوتان خستبووین.
سوێندیش دەخۆین بەو ئاڵایە کە بەخوێنی خۆمان نەخشاندمان بۆ چرکەیەکیش دوو دڵ نەبین لە ئاوات و ئامانجەکانمان و تا کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی فاشیستیانەی ئێوە کۆڵ نادەین .
دووبارە سەری رێز و پڕ لە خۆشەویستی دائەنەوێنین بۆ قوربانیەکانی رێگای ئازادی کورد و کوردستان.
نەوەی نوێی ڕاپەرین


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە