کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌قى راپۆرتى كه‌مپه‌ینى (چاو هه‌ر چاوه‌‌)

Tuesday, 20/08/2013, 12:00


كه‌مپه‌ینى چاو هه‌ر چاوه‌‌ هه‌رێمى كوردستان: كۆنترۆڵى جۆرى له‌سه‌ر ده‌رمان نیه ‌
له‌دوو هه‌فته‌ى رابردوودا راپۆرتێكمان ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ى باش ئه‌زانین كه‌ هێشتا هیچ داموده‌زگایه‌كى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و كه‌مپه‌ین و ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كان ئاشنا نین، بۆیه‌ ته‌نانه‌ت به‌ ده‌ستیش راپۆرته‌كه‌مان گه‌یانده‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ده‌م داواكانمانه‌وه‌ نه‌هاتن.

ئێمه‌ له‌و راپۆرته‌ى پێشووماندا رامانگه‌یاندبوو كه‌ وه‌زیرى ته‌ندروستى پێویسته‌ له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌دا له‌كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا قه‌ره‌بووى ئه‌و هاوڵاتیانه‌ رابگه‌یه‌نێت كه‌ له‌ماوه‌ى رابردوودا به‌هۆى ده‌رزى ئه‌ڤاستینه‌وه‌ چاوه‌كانیان كوێركردبوون، هاوكات داواى قه‌ره‌بووى مه‌عنه‌ویشمان كردبوو بۆ ئه‌و قوربانیانه‌، راشمانگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى داهاتوودا ئه‌م داوایه‌مان جێبه‌جێ نه‌كرێت، ئه‌وا ناچارین به‌ خسته‌ڕووى به‌ڵگه‌و دیكۆمێنتى ترو ئیدانه‌ى ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ناشارستانیه‌ى وه‌زاره‌ت وه‌ڵام بده‌ینه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دوو هه‌فته‌ به‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ماندا تێپه‌ڕده‌بێت و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى تا ئێستا ته‌نها ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه‌ كه‌ قه‌ره‌بووى ماددى ئه‌و 9 هاوڵاتیه‌یان كردووه‌ به‌ نوسراوى خۆیان كه‌ چاوه‌كانیان كوێركردبوون، تا ئێستاش ئه‌م نوسراو و بریاره‌ له‌كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رانه‌گه‌یه‌نراوه‌و هه‌ر ده‌نگۆیه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ راستیش بێت ئێمه‌ به‌ ده‌ستكه‌وتى هه‌وڵ و ماندوبوونه‌كانى خۆمانى ئه‌زانین، به‌ڵام پێمانوایه‌ كه‌ ئه‌و هاوكاریه‌ ماددیه‌ مافى سه‌ره‌تایى ئه‌و قوربانیانه‌یه‌و هێشتا قه‌ره‌بووى مه‌عنه‌ویش نه‌كراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ لێره‌دا داواكارین كه‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان جگه‌ له‌قه‌ره‌بووى ماددى ، قه‌ره‌بووى مه‌عنه‌وى ئه‌و قوربانیانه‌ش بكه‌نه‌وه‌ به‌دابینكردنى پسپۆڕى ده‌رونى بۆیان به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام و خزمه‌تكردنیان به‌پێى پێویستیان و ستانداردى جیهانى.

هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دروستبوونى كه‌مپه‌ینه‌كه‌مانه‌وه‌ ئه‌وه‌مان راگه‌یاندبوو كه‌ ئێمه‌ ته‌نها كار له‌سه‌ر مافى ئه‌و هاوڵاتیانه‌ ناكه‌ین كه‌ به‌ده‌رزى ئه‌ڤاستین چاویان كوێر كراوه، به‌ڵكو دواى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و هاوڵاتیانه‌و دادگاییكردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌ناونیشانى پزیشك ئه‌و ده‌رزیه‌یان بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ به‌كارهێنابوو، كارى ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌ى ئێمه‌ درێژه‌ى ده‌بێت و له‌سه‌ر ئاشكراكردنى نه‌بوونى كۆنترۆڵى جۆرى له‌سه‌ر ده‌رمان و بازرگانانى پشت ده‌رمان له‌هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كه‌ین.

له‌ئێستاشدا به‌ گرنگى ده‌زانین كه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا بكه‌ین كه‌ به‌هیچ جۆرێك كۆنترۆڵى جۆرى له‌سه‌ر ده‌رمان له‌هه‌رێمى كوردستاندا نیه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دوو به‌ڵگه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى دوو مانگى رابردوودا به‌ده‌ستمان هێناوه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو:

نوسراوى یه‌كه‌م : باڵانس شیتی کۆمپانیای FDASە کە لە لایەن "کۆمپانیاى هاوسی" به‌ریتانیا دەرچووە و تایبەتە بەو کۆمپانیانەی کە خەوتوون،‌ واته‌ به‌هۆى نه‌بوونى پاره‌وه‌ كار ناكه‌ن، یان مۆڵه‌تى كاریان لێوه‌رگرتوونه‌ته‌وه "Dormant". ، بە گوێرەی ئەم دیكۆمێنتە، کۆمپانیاکە، کە تا ٢٠١١/١٢/٣١ کۆمپانیایەکی خەوتوو بوو، تەنها ٣ پاوەندی هەبووە لەسەر حیسابەکەی، له‌ماوه‌ى رابردوودا وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و حكومه‌تى هه‌رێم رایانگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ل كۆمپانیاى ئێف دى ئه‌ى ئێس (FDAS) گرێبه‌ستیان كردووه‌ به‌مه‌به‌ستى كۆنترۆڵى جۆرى سه‌ر ده‌رمان و گوایه‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ بڕى یه‌ك ملیۆن دۆلارى وه‌ك گه‌ره‌نتى داناوه‌، هاوكات ئه‌و كۆمپانیایه‌ به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ئێمه‌ به‌ده‌ستمان هێناون، ته‌نها كارى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم كردووه‌ له‌ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێمه‌ ئه‌م لینكه‌ داده‌نێین كه‌ ماڵپه‌رى فه‌رمى ئه‌م كۆمپانیایه‌و هه‌موو كاره‌كانى خۆیانیان تێدا بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم كاریان كردووه‌:
لینكه‌كه‌:
http://www.fdas.org/6.html

نوسراوی دووەم: ڕاپۆرتی دەزگایەکی چاودێری داراییە بە ناوی (Smith Hodge and Baxter) لەسەر بارودۆخی دارایی کۆمپانیای FDAS تاوەکو رۆژی ٢٠١٢/١٢/٣١.
لەو دیکۆمێنتەدا کە کەمپه‌ینەکەمان دەستی کەوتووە، بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، کۆمپانیای ناوبراو لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢دا (کە هەمان ئەو ساڵەیە کە کۆمپانیاکە گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کردووە)، ئەو کۆمپانیایە بڕی ٨٢٧٥٧٨ پاوەند زەرەری کردووە و لە ئەنجامدا بڕی ٥٤٦٠٥٤ پاوەند عه‌جزی هەبووە، هاوكات ئەو دەزگایەی کە ڕاپۆرتی چاودێری دارایی لەسەر ئەو کۆمپانیایە نووسیووە پێی وایە کە کۆمپانیای ناوبراو لە دۆخێکی دارایی خراپدایه‌.

بۆیه‌ له‌سه‌ر رۆشنایى ئه‌م به‌ڵگانه‌و تێگه‌یشتنى خۆمان بۆ ئه‌م پرسه‌، رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌خه‌مى كۆنترۆڵى جۆرى ده‌رماندا نه‌بووه‌ له‌كوردستان و كۆنترۆڵى جۆرى سه‌ر ده‌رمان نیه‌، به‌ڵكو به‌ناوى كۆنترۆڵى جۆرى سه‌ر ده‌رمانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كى ئه‌وروپى مایه‌پووچ ده‌ستیان تێكه‌ڵكردووه‌و كۆمپانیاكه‌ قازانجى خۆى ده‌كات، وه‌زاره‌تیش به‌م كاره‌ى خۆى له‌ئه‌ركى كۆنترۆڵى جۆرى سه‌ر ده‌رمان ئه‌بوێرێت، هاوكات ئه‌و به‌رپرسانه‌یشى كه‌ له‌پشت بازرگانى ده‌رمانه‌وه‌ن چۆنیان بوێت ئاوا ده‌كه‌ن و بازرگانى به‌ده‌رمانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌زانن كۆمپانیایه‌ك سه‌رپه‌رشتى و به‌رپرسیاره‌تى كۆنترۆڵى ده‌رمانى خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆ كه‌ ته‌نها پاره‌ى ده‌وێت و قه‌رزارى خۆى پێ پینه‌ ده‌كات و پیشه‌ییانه‌ كار ناكات.

تێبینى : له‌ماوه‌ى رابردوودا داواى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیمان له‌گه‌ڵ ئه‌م كۆمپانیایه‌دا له‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كرد، به‌ڵام وه‌زاره‌ت ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌و گرێبه‌سته‌مان بده‌نێ، ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌كیان لایه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌م زانیاریانه‌ى كه‌مپه‌ینه‌كه‌مان بسه‌لمێنێت با بیخه‌نه‌ ڕوو.

كه‌مپه‌ینى "چاو هه‌ر چاوه‌‌"
20 8 - 2013

هاوپێچى هه‌ردوو دیكۆمێنته‌كه‌ به‌ دوو فایل له‌گه‌ڵ ئه‌م راپۆرته‌دایه‌ !

دۆکۆمێنتی یەکەم

دۆکۆمێنتی دووەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە