کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ناخمدا كات وه‌ستاوه‌

Wednesday, 18/09/2013, 12:00





1
چۆن عاشق بم
كاتێك...
له‌دابڕان بترسم
وه‌ره‌..
به‌ڵێن بده‌
كه‌شتی عیشقت
له‌كه‌ناری ده‌ریادا
ئارام بگرێ
تاكو ده‌ریا-ش
بۆ هه‌تایه‌
شه‌پۆلی عیشقی
هه‌ر بۆ تۆ بێ!.


2


لە عیشقی چاوانم
ئەترسم رۆژێک بێت، و

نەتبینمەو
لە تەنیایدا بمرم
خودایه‌ یارمەتیم بدە
بێدەنگی ژوورەکەم
ئەشکێنێ دەنگی لێدانی
کاتژمێری دیوارەکەم

3

تۆ...
هه‌نگاوێك نزیك به‌ره‌وه‌
ته‌واوی ته‌مه‌نم
به‌چاوه‌ڕوانیت ده‌به‌خشم و
هه‌موو ئێواره‌یه‌ك
وه‌ك مۆم
بۆ رۆشنایی رێگاكانی هاتنه‌وه‌ت
ده‌سوتێم!.
4
وه‌ره‌
وه‌ك باران ئاوێته‌م به‌
بڕژێ به‌سه‌ر ناخی ده‌ریا
هه‌ست به‌ نه‌رمه‌ شه‌پۆله‌كانی
عیشق بكه‌
ترپه‌ی پێی (با) ببیسته‌
كه‌به‌سه‌ر لێوی ده‌ریا
به‌چاوه‌ڕوانی هاتنت
به‌ره‌و كه‌نار
هه‌نگاو ده‌نێن
ئاخر تۆ
له‌ره‌گه‌زی بارانی و
بۆنی باران ده‌كه‌م.
5
له‌تاریكی شه‌ودا وه‌ره‌
خۆم ده‌تدۆزمه‌وه‌
وه‌ك مانگ
له‌كه‌ناری ده‌ریا
راكشێ
ترپه‌كانی دڵم
ده‌بیستی و
خونچه‌ی لێوت
به‌هه‌ناسه‌ی عیشقم
ده‌پشكوێ
ئیتر شه‌وێك
چاوه‌ڕوانیم بشكێنه‌و
وه‌ك ئه‌ستێره‌
له‌ئاسمانی دڵی منا
ده‌ركه‌وه‌!.
6
دووریه‌كان
هیچ ناگۆڕن
له‌عیشقی من
بۆ هه‌زار ساڵ
خۆشم ویستوی
وه‌ك گڵێنه‌ی چاوه‌كانم
ده‌تپارێزم
تاكو تۆ دێی
رێگه‌ ناده‌م
كات تێپه‌ڕێ
له‌ناخمدا كات وه‌ستاوه‌
ناهێڵم هیچ شتێ بڕوات
ده‌ستت بێنه‌
وه‌ك په‌روانه‌
عاشقت ده‌بم
بۆت ده‌مرم!.
7
تێناگه‌م...
چ چاره‌نوسێكم هه‌یه‌
ئه‌وه‌نده‌ دوور ده‌ڕۆیت و
نایه‌یته‌وه‌
كه‌ی سه‌فه‌ری باران
له‌دوو وه‌رز تێپه‌ڕی كردوه‌
خودایه‌...
تێنوێتی ده‌ریا
به‌ بارانی عیشق بشكێنه‌
زۆر له‌مێژه‌
خه‌نده‌ی عیشقی
له‌سه‌ر لێوی سه‌وز نه‌بووه‌
ژووری ته‌نیایی
ترپه‌ی دوو دڵی نه‌بیستوه‌
گوڵی ئینجانه‌كان
به‌شیرینی ماچێك
خونچه‌یان نه‌كردوه‌
كه‌ی خۆری رووت
له‌ژووره‌كه‌م
ده‌رده‌كه‌وێ؟!.
8
ده‌زانم دێی
وه‌ك ئه‌و با-یه‌ی
هه‌موو شه‌وێ
په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌م لاده‌داو
خۆی ده‌خزێنێته‌
پێخه‌ڤه‌كه‌م
تۆ...
زۆر دووری
كه‌چی چاو داده‌خه‌م
له‌سۆمای چاوانم خه‌وتوی!.
9
له‌هه‌ر كوێ بی
ده‌تدۆزمه‌وه‌
كات بوو
عیشقی تۆی پێدام
تۆی بۆ هێنام
بۆ هه‌زار ساڵ
خۆشم ده‌وێی
بۆ هه‌زار ساڵ
زیاتر
له‌دڵما
ده‌ژیت و ده‌مێنیته‌وه‌!.
10
هه‌ر كات هاتی
گومان مه‌كه‌
كه‌ باوه‌شم نه‌كه‌مه‌وه‌
بۆ عیشق و ئه‌وینی تۆ
كه‌ی زانیوته‌
ده‌ریا باوه‌ش نه‌كاته‌وه‌
بۆ چاوی ته‌ڕی باران
كه‌ی زانیوته‌
ناخی ده‌ریا پاك نه‌بێ و
عیشقی بۆ ئاسمان و ئاو نه‌بێ
ده‌ی مه‌ترسه‌
دڵی ده‌ریا

هه‌ر بۆ تۆیه‌و بۆ تۆ ده‌بێ!.



که‌ندا/ئه‌لبێرتا

ده‌ریا ره‌واندزی



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە