له‌بن سێبه‌ری ریفراندۆمدا چی ده‌گوزه‌رێ؟!
Sunday, 25/06/2017, 22:50
له‌خۆڕا نییه، به‌ڕۆژه‌ڤکردنی ریفراندۆم هاوكاته له‌گه‌ڵ كۆتایی داعش، ئۆپه‌راسیۆنی به‌رفراوانی ده‌یان هه‌زار سه‌ربازی توركیا بۆ داگیركردنی ناوچه سنورییه‌كانی باشووری كوردستان و له‌هه‌مان كاتدا له‌رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ده‌ورووبه‌ری عه‌فرین تا ئیدلب كه ئه‌مەیش به‌ڕێكه‌وتنی توركیا و رووسیا هه‌وڵی بۆده‌درێت.
له‌ئێستادا هاوكێشه‌ی هێز و هه‌وڵدانی هاوپه‌یمانێتی نوێ، گه‌وره‌ترین لێگه‌ڕ و هه‌وڵدانی هێزه هه‌رێمی و جیهانییه‌كانه، چونكه له ئه‌گه‌ری كۆتایی هاتنی كارتی درووستكراوی داعشدا كه نزیك بووەته‌وه، ناچارییه‌كه كه دوای ئه‌و هه‌موو ئاڵۆزیی و كۆشتاره‌ی له‌ناوچه‌كه به‌ڕێوه‌چوو، ئیتر هه‌وڵدان بۆ شێوه‌گرتنی رۆژهه‌ڵاتی ناوینی نوێ ببێته ئه‌جیندای كاری هه‌موو هێزه‌كان و به‌گوێره‌ی ئه‌وه هاوپه‌یمانی نوێی هه‌رێمی و جیهانیی دروست بكه‌ن.
له‌هه‌لوومه‌رجی شكستی، هه‌وڵدانه پێشوه‌خته‌كانی زۆرێك له‌هێزه‌كاندا و به‌دیاریكراوی توركیا، قه‌ته‌ر و سعودیه و داروده‌سته هه‌رێمییه‌كانیان كه پارتی دیموكرات یه‌كێك له‌هێزه كاریگه‌ره‌كانی بوو، ئیتر قۆناغی هه‌ره‌سی هه‌یمه‌نه‌یان ده‌ستی پێكرد. توركیا زوو هه‌ستی به‌هه‌ره‌س كرد و به‌بڕیاری ریفراندۆم بۆ ئاواكردنی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی و دروستكردنی سیناریۆی كوده‌تا، خۆی وه‌كو سیستمێكی تاكڕه‌وی دیكتاتۆر بوونیادنا و شه‌ڕی به‌رفراوانی راگه‌یاند. پارتی دیموكراتیش له‌چوارچێوه‌ی هه‌مان پیلاندا و به‌هه‌مان فۆڕم، هه‌م ریفراندۆمی خسته رۆژه‌ڤ، هه‌میش به‌هێرش و په‌لاماره‌كانی شه‌نگال و رێگه ئاوه‌ڵاكردن بۆ هێرش و داگیركردنی باشوور له‌لایه‌ن توركیاوه، له‌نێو شه‌ڕی قازانجكردنی كاتدایه بۆیه‌كلای بوونه‌وه‌ی چاره‌نوسی توركیا.
هه‌رچی سعودییه‌یه له‌گه‌ڵ هاتنی ترامپ بۆ ئه‌و وڵاته، هه‌موو تۆپه‌كانی خۆی خسته سه‌به‌ته‌كه‌ی ئه‌مریكا و تاكه داواكاریشی ئه‌وه‌بوو بهێڵن له‌سه‌ر پێ بمێنێ، ئه‌مریكا به‌ڵێنی پێدا و گه‌وره‌ترین هاوكاری تیرۆری به‌رامبه‌ر به‌پاره له‌رۆژه‌ڤ ده‌رخست، به‌ڵام له‌م قوماره‌ی هه‌لوومه‌رجی كۆتایی هاتنی داعشدا، قه‌ته‌ر یه‌كه‌م میرنیشین بوو كه توانیان له‌ڕێگه‌یه‌وه رووی راستی ده‌وڵه‌تان له‌هاوكاری تیرۆردا پێ‌نیشان بده‌ن.
له‌ئێستادا هێزێكی لۆكاڵی وه‌كو پارتی، له‌نێو ئه‌م هاوكێشه هه‌رێمییه‌دا له‌به‌ر ته‌نگاوی سه‌رداره‌كه‌ی له‌وپه‌ڕی ته‌نگاوییدایه، سه‌ره‌تا به پێكهێنانی پیلانه‌كانی ئه‌و وڵاتانه به‌رێگه‌دان به‌هاتنی داعش بۆ نێو ئێراق و به‌تایبه‌تی شه‌نگال، یه‌قین بوو له‌وه‌ی سه‌رده‌كه‌وێ بۆیه ده‌وڵه‌تێكی میری دراوسێی داعش گه‌وره‌ترین خه‌ونی سه‌ره‌تایی هاتنی داعش بوو كه به‌ڵێنی پێ‌درابوو له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه، داعش-یش له‌ناویاندا، به‌ڵام تێكچوونی پیلانه‌كان كه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی تێكدانی، بزووتنه‌وه‌ی ئازادییخوازی كوردان بوو و سه‌ره‌تاكه‌ی له‌كۆبانییه‌وه ده‌ستی پێكرد، ئیتر هاوكێشه‌ی هێز و هاوپه‌یمانی ناوچه‌كه‌ش كه‌وته به‌ر لێزمه‌ی گۆڕانكاریه‌ك كه له ئەگه‌ری سه‌رنه‌كه‌وتنی پیلانی پێشوودا چی بكرێت. توركیا به‌بڕیاری پێشخستنی سیستمی تاكڕه‌وی بڕیاری خۆپاراستنی به‌هێز خسته رۆژه‌ڤ و له‌وێوه چووه سوریا و له‌ئێستاشدا سه‌ره‌ڕای هه‌بونێكی ده‌یان ساڵه له‌باشوری كوردستاندا هه‌رده‌چێت هێزی خۆی زیادده‌كات و هاوشێوه‌ی داگیركارییه‌كانی شه‌سته‌كانی رابردووی قوبرس له‌ئێستادا له‌ڕێگه‌ی پارتییه‌وه هه‌مان سیناریۆ ده‌ستی پێكردوه و له‌م كاته‌دا كه هه‌موو نیگاكان له‌سه‌ر گاڵته‌جاڕی ریفراندۆمن، ڕۆژانه شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه له‌سه‌ر سنوره‌كان هه‌یه و رێگه‌نادرێ به‌داگیركردنی باشووری كوردستان له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه.
له‌بری سه‌ربه‌خۆیی، شه‌ڕی كات و وه‌ده‌ستخستنی كارتی فشار، تا یه‌كلای بوونه‌وه‌ی ره‌وشی توركیا كه سیاسه‌تی پارتی ده‌ستنیشان ده‌كات و پارتیش سیاسه‌تی ئه‌م هه‌رێمه دیارده‌كات، گه‌وره‌ترین ئامانجی ئه‌م راپرسیه‌یه كه ئه‌مه‌یان خوودی پارتیش به‌شێوه‌ی جۆراو جۆر و به‌وتنی "ریفراندۆم بۆسه‌ربه‌خۆیی نییه، كارتی فشاره گوایه له‌دژی ئێراق بۆقه‌بوڵ كردنی مافه‌كان....هتد" ئه‌و راستییه ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌وه‌ی له‌بن سێبه‌ری ئه‌م ریفراندۆمه‌دا ده‌گوزه‌رێ، له‌لایه‌ن پارتییه‌وه زۆر له‌ئامانجه‌كانی ریفراندۆمه‌كه بۆ پارتی گرنگترن.
مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم له‌ڕوویی یاسایی، سیاسیی، هه‌لوومه‌رجی هه‌رێمی و ناوخۆییه‌وه به‌شی پێویست ره‌خنه‌ی لێ‌گیرا و به‌رچاوروونی ده‌ركه‌وت، له‌ئێستا ئه‌وه‌ی پێویسته بكرێت له‌ریفراندۆم زیاتر وشككردنی سه‌رچاوه‌یی ورووژاندنی رۆژه‌ڤه‌كه‌یه كه له هه‌لوومه‌رجه‌كه‌یدا له‌هه‌وڵی به‌جێگه‌یاندنی پیلانێكه سه‌رەتاپا دژبه‌ری جه‌وهه‌ریی سه‌ربه‌خۆییه و سه‌رچاوه‌یی نه‌هامه‌تییه‌كانی پێشه‌ڕۆژه كه ئه‌ویش هاوشێوه‌ی قوبرس به‌هه‌رێمكردنی باشووری كوردستانه له‌سه‌ر میلاكی توركیا و له ئێستا دا كه ئێمه سه‌رقاڵی به‌ناو ریفراندۆمین، رۆژانه بۆ پێكهێنانی له‌لایه‌ك و له‌لایه‌ك بۆپێش لێگرتنی خوێن ده‌ڕێژرێت.
قوماری پارتی له‌سه‌رمێزی توركیایه، گۆشه‌گیركردنی قه‌ته‌ر په‌یامه بۆ توركیا و ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، یان ئه‌وه‌ته پارتی گۆڕانكارییه‌كی ریشه‌یی بكات له‌سیاسه‌ته چه‌وته‌كانی، یان ئه‌وه‌ته وه‌كو نه‌خۆشێك هه‌ر ئان و سات له‌گه‌ڵ مه‌رگی توركیا چاوه‌ڕوانی مه‌رگی خۆی بكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست