کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆژئاوا بڕیاری خۆیدا

Saturday, 29/04/2017, 1:25


هەرچەندە ئەمریکا و سیستەمی جیهانی دەمێک بو دەیان ویست گەلان بەگژیەکدا بدەن و کوردانی رۆژئاوا بخەنە نێو شەڕی تورکیاوە و لەوێشەوە هەم کورد و هەمیش تورک ناچار بەخۆیان بکەن، بەڵام ژیری رۆژئاوای کوردستان و سیاسەت و ستراتیژی نەکەوتە نێو ئەم گەمەی هێزە جیهانیەکان.
دوایی لێدانی قەرەچۆخ و شەهیدبوونی بیست شەڕڤان کە لەناوەندی پێدانی زانیاریەکەیدا پارتی هەبوو، رۆژئاوا بەناچاری کەوتە نێو قۆناخی بەرگری و شەڕی راستەوخۆ و لەیەکەم هەنگاوەکانیشدا ئەمە دوو رۆژە دەیان چەتەی تورک کوژراون و تا ئێستا ئەوەی دەزانرێت هەشت تانک و زریپۆش تێکشکاون. 
ئیتر رۆژئاوا جەبهەیەکی تری شەڕی لەپاڵ داعش و رژێمی سوریادا لێکرایەوە کە ئەویش تورک و خیانەتکارە هاوکارەکانێتی. کە دەتوانرێت دەرئەنجامەکانی وا ریز بکەین. 
یەکەم: کرانەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ لەتێڕوانینی پارتیدا کە هەموو هەوڵی ئەوەبوو ئەم بەرەیە دروستبکات و بەڵێنی بەتورکیا داوە بۆ سەرخستنی شەڕەکەی. پێی وایە دەتوانێ دوایی ماوەیەک بەکۆچبەرکردن و روولێکردنی کوردان و گەلان لەهەرێم خۆی وەکو پەناگە نیشان بدات و کوردان بەخەتی خیانەتەوە پەیوەست بکات. 
دووەم: لاوازکردنی یەپەگە و یەپەژە کە ئەمرۆ لەسەر ئاستی هەموو کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین بەکاریگەرترین و رێکخستووترین هێزن. ئەمەش لەدیدی تورکیاو پارتیدا لەئەگەری لاوازبوونی ئەم هێزەدا ناچاری دەکەن چەتەکانی بەناو پێشمەرگەی ئەنەکەسە و رۆژ کە زۆربەیان ئەندامی داعش و نەسرە و خیانەتکارە هەڵهاتوو تاوانبارەکانن، بنێرنە رۆژئاوا و دووهێزی هاوشێوەی باشوری بەدبەخت کە ئێستاش گەورەترین بەڵای سەرمانە دروست بکرێت، تا تورکیا بەرێگەی پارتی پیلانەکانی لەوێ پێک بهێنێت. 
سێیەم: گەلانی سوریا لەکورد داببرێ و بڵێ ئەوەتە کوردان هێندە خەمی خۆیانە ئێوە ناناسن ئەو پەیوەست بوونی سەرەتایان تەنها بەرژەوەندی و بەکارهێنانی ئێوەبوو. بەمجۆرە پەرتەوازەی هێز بکاتە هۆکاری دابڕانی گەلانی تر لە سوریای دیموکراتی و سیستەمی نوێی خۆسەری سوریا. 
چوارەم: لەم هەلوومەرجەدا هەناسەیەک بەداعش بدات تا ئەنجامی شکستە یەک لەدوایی یەکەکانی لەئێراق و سوریا و بەتایبەتی ئۆپەراسیۆنی رەقا راگرێت و بۆڕیەکی دەربازبوونیان بۆ بدۆزێتەوە. ئەوەی لەشەنگالیش کرا بۆ دروستکردنی دەرچەی هەناسەی داعش و دەربازکردنی ئەمیر و ئەندامە میتەکانی لەتەلعەفەر و موسڵ بەسەر شەنگالا بۆ ناوچەی پارتی و لەوێشەوە بۆتورکیا و بەگوێرەی پێویست دابەشکردنیان. 
پێنجەم: تورکیا دەیەوێ ئەمریکا ناچار بکات یەپەگە یەبەشە، یەپەژە، بخاتە لیستی تیرۆر و بۆئەمەش کوردی بەکارهێنا و پارتی ئەم رۆڵەی گرتە سەرمل، تاوەکو لەئەگەری دروستبوونی شەڕ بڵێ ها ئەمریکا ئەو هێزەی هاوکاری دەکەی ئەوەتە تیرۆرە و دەست لەبرای خۆشی ناپارێزێ. 
شەشەم: ئەگەر کوردان بکەونە نێو ئەم شەڕە ئیتر تورکیا بەبەهانەی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی موداخەلەکەانیان بەپێش چاویی جیهانەوە لەرۆژئاوا زیاد بکەن و ئەمەش بکەنە بەهانەی دەستێوەردانی زیاتر لەسوریا کە ئێستا لەبەر داعشبوونی ئەردۆگان و پارتەکەی لەسوریادا رۆڵی بەتەواوی کەم بوەتەوە.
وەکو ئەنجام کۆی ئەم گەمەیە دەتوانێ چەند ئەگەر له گەڵ خۆیدا بهێنێ، کە دیارترینیان رۆژئاوا پەلکێشی شەڕێکی سەرتاسەری کردن لەگەڵ تورکیادا کە خواستی سەرەکی زۆرێک لەهێزە دەرەکیەکان و پارتی لەمەدا هەیە کە ئەو کات ئیتر تێکۆشانی رۆژئاوا ئاوێتەی باکور دەبێت، ئەمە داعش بەهێزدەکات و تەمەنی رژێمەکەی ئەسەد درێژتر دەکاتەوە بەڵام تورکیا لاوازتر و شەڕی تیرۆریش درێژ دەکات. 
ئەگەری دووەم لەسەر بانگی هێزە دەرەکیەکان و لەسەرووی هەموشیانەوە ئەمریکا لەپیناوی هەیبەتی خۆی لەسوریا بۆ شەڕی رەقا راوەستانی شەڕ کە لەم ئەگەرەدا دەبێت ئەمریکا لەپێش کوردانەوە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر تورکیا دیاربکات و ناچاری بکات دەست لەموداخەلە بەردات، کە ئەم ئەگەرە لەئێستادا لەبەر ستراتیژی سەربەخۆی کوردەکان و توڕەییان بەرامبەر سارد هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر روداوەکانی رۆژئاوا تا ئاستێک لاوازە. 
بۆیە تورکیا ئێستا ئەو دوو ئەگەرەی بە ئەمریکای دابوو لەبەرامبەر ئەوەی یان لایەنگری کوردەکان یان تورکیای هاوپەیمانی هەڵبژێرێت، ئەمریکا ناچارە هەڵیبژێرێت. لەئەگەری هەڵبژاردنی یەکەم هاوکاری بەردەوام بۆ شەڕی رەقا نێوان ئەمریکا و تورکیا زیاتر ئاڵۆز دەبێت، لەئەگەری لایەنگری نیشاندان بۆ تورکیا شەڕێکی قوڵ و ئاڵۆزیی زیاتر لەرۆژئاواو تورکیا پەرە دەسەنێت. 
کوردانیش بڕیاری خۆیان داوە کە ئەویش شەڕێکە بەسەریدا سەپێنراوە سەرەڕای زیانێکی زۆر ئەنجامەکەشی بەکۆمەڵێک دەستکەوت کۆتایی دێت کە لەسەرووی هەموویانەوە درووستبوونی تورکیایەکی لاوازە لەرۆژهەڵاتی ناوین و خێراکردنی هەنگاوەکانی لەناوچوونی هێڵی خیانەتە لەکوردستاندا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە