هێزەکانی پارتی لەچیای قەرەچوخ چی دەکەن؟
Monday, 13/03/2017, 21:13
کاتێک خەڵکی وڵاتپارێزی باکوری کوردستان لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئاوارەو دەربەدەرکران، ئەوکاتە وەکو پەنایەکی ئارام روویان لەباشوری کوردستان کرد، بەڵام ئەوکاتەش رێگا نەدرا لەچوارچێوەی هەرێمدا جێگایەکی ئارامیان پێبدرێت و پێچەوانە بە زەبری هێز لەکامپی ئەتروش لەسنوری دهۆک لەساڵی 1998 دەرکران بەدەیانیان لێ شەهید و بریندارکران، دەسەڵاتی ئەو کات کەهەمان زهنیەتی ئێستای هەبوو کەوتە ناوپیلانگێڕیەک و دەربەدەری کردن، لەئەنجامدا بەناچاری ئەو خەڵکە هاتە ژێر دەسەڵاتی رژێمی بەعسی ئەوکات، ئەویش بەهەڵوێستی کوشتنێکی ماوەدرێژ لەبناری چیای قەرەچوخ لەباکوری مخمور لەشوێنێکی وشک و برینگ و بێ ئاو کە ئیمکانی ژیانی مرۆڤی کەمبوو داڵدەی هەزاران کوردی باکوریدا، کە لەسەرەتایی نیشتەجێبوونیانەوە تا ساڵێک زیاتر لە30 منداڵی کورد تەنها بەهۆی پێوەدانی دووپشکەوە گیانیان لەدەستدا، بەڵام ئیرادەی مەخموریەکان زۆرلەوە گەورەتر بوو کە چۆک دابدەن و بیابانێکی وشک و رەقیان گۆڕی بۆ ئاوەدانیەک کە ئێستا خاوەنی شارەوانی، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبردن، ئەکادیمیای هزری، قوتابخانە و چەندان کۆپەراتیڤی ئابوری و لەسەرو هەمووشیانەوە هۆشیاریەکی هزری یەکسانیە کە نمونەی زۆرکەمە.
دوای هاتنی چەتەکانی داعش ئەوەی زۆرترین رۆڵی بینی لەپاراستنی هەولێر و دەورووبەری ئەو رۆحەی مەخمور و هەبوونی ئەو هێزەبوو کە ناسنامەی مەخموری ئاوارەی نێو وڵاتی خۆی بوو. لەبەر ئەمەش بوو لەهەلومەرجی مەترسی لەسەر هەولێر و رۆڵە گرنگەکەی، سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی، بۆ خۆی سەردانی کەمپەکەی کرد و وەکو گەل ناویان لێنا؛ بۆ جاری یەکەم بەشێوەیەکی سادە دەرکەوت، خۆی نیشانی ئەو گەریلایانەی پەکەکەدا کە قەڵغانی پاراستنی گەل بوون و دەستخۆشانەی رۆڵە گرنگەکەی لێکردن.
تا ئێرە مەخموری ئاوارەی نێو وڵاتی خۆیان خاوەن شکۆبوون، بەڵام ئەوەی گرنگە و بابەتی ئەم باسەیە ئەگەری هێرشی پارتیە بۆ سەر مەخمور و ئامادەکاری هێرشەکەیە. بۆچی مەخمور؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە پێویستە وەڵامەکەی وەرگرین، مەخمور پاشماوەی گەلێکی ستەم لێکراوی دەستی ستەمی تورکیایە و لەهەمان کاتدا ئاوارەی وڵاتێکن کەناوی کوردستانەو بەناو سەرۆکەکەی لاف و گەزافی نەتەوەیی لێدەدا، کە هەتا مەخمور هەبێت پەڵەیەکی رەش لەنێوچاوانی تورکیا دیارە کە لەئاستی نێودەوڵەتیدا چەندان جار مەخمور بوەتە رۆژەڤی رەخنەی رێکخراوە جیهانیەکان بۆ تورکیا، تا ئێرەش دەتوانرێت بوترێت قەینا تورکیا دوژمنێکی راستەخۆی هەموو کوردانە. بەڵام ئەوەی جێگای شەرمە ئەوەی تورکیا بۆی نەکرا چەندین ساڵە پارتی هەوڵی پێکهێنانی دەدات، تا ئێستا پارتی چەندان جار ئابڵوقەی لەسەر داناون، تا هاتنی داعش و باڵادەستی پارتی لەناوچەکەدا کامپی مەخمور زیندانێکی گەورەبوو کەپارتی تەنانەت لەلێواری کامپەکەشدا بەبێ لێپرسین نەیدەهێشت کەسێک سەردانی بکات، وەکو تر لاف و گەزافی نەتەوەیی بوونی پارتی بەهەبوونی مەخمور نیشانەیەکی پرسیاری زۆر گەورەی لەسەرە و لەهەمانکاتدا لانکەیەکی بەرهەمهێنانی مرۆڤگەلێکی هۆشیارە کەلەگەڵ فکر و فەلسەفەی پاشڤەڕۆیەتی پارتیدا یەکانگیرنابێت.
دوایی هاتنی داعش و تێکدانی پیلانی دەوڵەتی تورک لەباڵادەستبوونی بەسەرناوچەکەدا بەڕێگەی داعش و هاوکارەکانی، کە رۆڵی مەخمور دیارکەربوو لەم پێناوەشدا چەندان شەهیدی بەخشیە پاراستنی باشوری کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی ناوچە جێناکۆکەکان و بەدیاریکراویش خەتی نێوان موسڵ و باشوری کوردستان لەهێڵی هەولێرەوە. ئەمەش زیاتر دەوڵەتی تورک و هاوکارەکەی پارتی لەدانشتوانی ئەم کامپە زویرکردوە.
لەئێستادا کەپیلانی هاوبەشی تورکیا و پارتی هەیە بۆ تەوەلا کردنی ئیرادەی کوردی ئازاد، هێرشە رۆژانەکانی سەر رۆژئاوا، هێرشەکانی سێی ئاداری سەر شەنگال و هەوڵدانەکانی قوتارکردنی پاشماوەکانی داعش لەموسڵ و رەقە و ئامادەکاریەکانی هێرش بۆسەر مەخمور و شەنگال و بردنی هێزێکی زۆری سەربازی بۆ ناوچەی قەرەچۆخ لەلایەن پارتیەوە، یەک سەرچاوەو ئامانجیان هەیە، کە ئەویش پەرتەوازەکردنی هێزی بزووتنەوە رزگاری و ئازادیخوازەکانی کوردستان بۆ ئەوەی پێشگرتنی موسڵ و رەقە بەدروستکردنی ئەم پشێویانە بۆڕی هەناسە بۆ ئەمیر و بەرپرسیارە باڵاکردنی گروپە چەتە و توندڕەوەکان بدۆزنەوە. پارتی لەم هاوکێشە نابەجێیەی دەوڵەتی تورکیادا رۆڵی تەنها قازانجکردنی کاتە بۆ تورکیا ولەڕێگەی ئەوەشەوە پەردەپۆشکردنی شکستە گەورە جەماوەری و سەربازیەکانی کەتەسلیمکردنەوەی شەنگال دەستی پێکرد و بەناردنی بەناو پێشمەرگەی رۆژ بۆ سەرشەنگال بەردەوامی هەیە.
مەخمور لەکامپێکی ئاوارە زیاتر ناسنامەی گەلێکە کە لەبەرامبەر ستەم بەرخودانیان هەڵبژاردوەو بەردەوامکردنی بەرخودانیەکەشی ئاستەنگیەکی گەورەیە لەپێش پرۆژەی تاڵانفرۆشکردنی وڵات بەناوی سەربەخۆییەوە کە ناوچە جێناکۆکان بەشێکی ئەم بازاڕیەیەو هەبوونی ئەم رۆحە ناهێڵێت ئەم بازاڕی کردنە سەرکەوێ.
لەئێستادا مەترسی گەورەی چەکدارانی پارتی لەسەر مەخمور بوونی هەیە و دوور نیە ئەگەر بۆخۆشی ئەم هێرشە پێکنەهێنێت بەجۆرێک لەجۆرەکان کوردانی نێو مەخمور بخاتە بازاڕی قوماری لایەنی ترەوەو بەڵایەکیان بۆ بسازێنێت، وەکو چۆن لەکۆتایی ساڵی پار بەچاوپۆشی کردن لەسنورەکانی دەوروبەری مەخمور هەندێ چەتەی داعش خۆیان خزاندە نێو مەخمور، بەڵام بەبەرخودانی کامپەکە و گەریلاکانی کامپەکە رێگە لەکۆمەڵکوژی سەرکامپەکە گیرا.
لەئێستادا مەترسیەکە گەورەیە و ئەوەی بتوانێت بەم ئەگەرانە بڵێت نا تەنها تێکۆشانێکی هاوبەش و ناڕەزاییەتیەکی بەرفراوانە، بێدەنگبوون نیشانەی شەریک بوونە، پێویستە هەموو بڵێین نا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست