حكومەت و كابینە و كادان!
Sunday, 02/03/2014, 12:00
بەئیجازەی شاعیران:
پێكنایە نازانم بۆچی ئەم حوكمەتە پێك باڵایە
پێكراوین و كوشتوینی كەس لەچارەی دەردمان نایە
پێكنەهات و بۆ روت و جەواڵ سفرەی سوڵتان پرلەپێكە
كابینە و هەر نەبوە خانوو وەستاكەی كاری ناڕێكە
رەنگە گاڵتە ئامێزانە بێت بەڵام ئەوە راستیەكی تاڵە كە دوێنێ ئێمە لەژێررەحمەتی میوانداری ئیراندا چاوەڕێی چادور یان كابینەیەك بوین بۆ حەوانەوە، ئەمڕۆش بەشێك لەئاوارەكانی وڵات هەر چاوەڕێن قۆناخی چادر كۆتایی پێبێت و ببنە خاوەنی كابینەیەك تا هیچ نەبێت لەژێر رەحمەتی براكانیانا گەرما و سەرما كەمتر كاریان تێبكات. چەندە ناخۆشە كە بەبیست و سێ ساڵ حوكمڕانی و لاف و گەزافی دیموكراتی توانایی دروستكردنی كابینەیەك و دابینكردنی چەند كابینەیەكی ترمان نەبێـت، ئیتر كابینە بوەتە خەونی ئەو مناڵەی كە دەیەوێ سبەی بەپاسكیلە چكۆلانەكەی وەكو مناڵانی گەڕەك بەنێو كۆڵانەكاندا بێت و بچێت یاری پێبكات، بەهاوڕێكانی بڵێ ئەوەتە منیش باوكم پاسكیلی بۆكڕیوم، بەڵام چی بكات باوكی داماو كە ئەسپێ لەگیرفانیا سەوزەڵێ خانمێتی و موچەكەی بوەتە مژاری بازرگانی دەستی سوڵتان و هاوڕێكانی چۆن بتوانێ بۆی بكرێت.
كورد دەڵێ :ئاشی نەزان خوا دەیگێڕێ، بەڵام ئەفسوس ئەوەتە ئاشەكەی ئێمە بە سێ سەد چوار سەد راوێژكاری سوڵتان و سەرۆك وەزیران، لەگەلأ هەزاران پەرلەمانتار و وەزیری لەسەر كار و خانەنشینیش كراو و سەدان نوسەر و جەریدە نوس و دەزگای ئەهلی و دە دوازدە پارتی ئۆپۆزسیۆنەوە! هێشتا بای شەماڵی لێی هەڵنەكردوەو ترسی ئەوەشمان لەسەرە دراوسێكانمان رێگری لەهاتنی هەواكە بكەن، جا ئەو جارە حاڵمان باش نابێت و دەبێت بگەرێینەوە بۆ مێژوو و دروستكردنی دەساڕە ئارد هاڕەكان جا بەناشوكریش نەبێت ئاردەكەی سفر نیە و ئەوجا ناچارین نانێكی بێتام بخۆین.
هەر كەس خاوەن شەهادەی حكومیە، بەڵام بەداخەوە كەسمان نیە خاوەن شەهادەی پێكەوە لكاندن بێت، بۆیە ئاوازی سازەكانمان یەك لەشەرقە و یەك لەغەرب ریتمی ئیقاعەكانیشمان یەك لە(راپ)دەخوێنێ كە مەگەر هێزی دۆ سێ هەسپ بگاتە خێرایەكەی، یەكی تریش لەئاوازی سونەتی دەخوێنێ كە جار جار بەرێكەوت پێویستی بە ئیقاع هەیە، وێنە كێشەكانمان هێندە لەیەكتری جیاوازن زۆرجار هەندێكیان كارێكاتێری خراپ بونی جۆگەلەیەكی ئاومان بۆ دەكێشن لێمان دەكەن بە تابلۆكەی مۆنالیزا و بە رۆژان شیكردنەوەی لەسەر دەكەن، هەندێكی تریشیان وێنەی مێشێكمان بۆ دەكێشن هێندە مەزنی دەكەن مرۆڤ دەكەوێتەوە گومانەوە! ئاخۆ مێشی ئەم وڵاتە لەگامێشی ئەفریقا مەزنتر نیە! . واز لەوە بێنە دوكتۆرەكانیشمان هەندێكیان بەساڵانە بەهیوان دەرگای نەخۆشخانەكان ببینن و بەهرەكانیان نیشان بدەن، بەڵام ناتوانن چونكە تاعین نین، هەندێكی تریشیان وردە بەردی نێو گورچیلەیان لێكردوین بە گابەردەكانی قەندیل و روت و قوتمانەكەنەوە تابیان شكێنن و نەجاتمان بدەن لەئازارەكەی. مامۆستاكانیشمان جاران فێریان دەكردین(بابە برام چەك هەڵگرن، هەموو بۆ خەبات راپەڕن) ئەمڕۆ ئەوانیش ناچار كراون فێرمان بكەن(براو خوشكان دەست هەڵگرن هەموو بۆ مەعاش هەڵپەڕن)، شتی سەیرتریش هەیە جاران رێكخراوەكانی ژنان وەسێتی شاعیرانیان پێكدەهێنا بۆ هۆشیاری ژنان ئەمڕۆ پێش مردنیان گۆڕیان بۆ هەڵدەكەنن. ئەمە و زۆر شتی تریش بەڵام خەڵكە عەوامەكەش ناچار كراون بۆ بینی یارییەك لەشێوەی یاری گلادیاتۆرەكانی سەردەمی رۆمای كۆن، كە ئەگەر زاڵم بیباتەوە یان مەزڵوم هەر دەبێت چەپڵەی بۆ لێبدەین .
ساڵ هات و چوو هەر چاوەڕێی كابینەین، زستان هات و چوو هەر چاوەڕێین ئەم سێ و چوارە پێكەوە بلكێن، ئێ گیانە ئەم پێوە لكانە موعجیزەی دار عەساكەی حەزرەتی موسای پێویست نیە، دەتۆ دەسەڵاتدارەكانی پێشوو دەست لەدوسێ جۆگەی نەوت بەردەن، كاكی ئۆپۆزسیۆن تۆش دەست لەغروری دەسەڵات بەردە و بڵێ من لەگەلأ عام، نەك عام لەگەلأ من، ئێ تۆش كاكی دینداری سیاسی خۆ تۆ لەمن باشتر پاداشتی خێر و حەسەنە دەزانی هەندێ دڵت نزم بێت با هەندێ زوتر پێك بێت بەخوا گەر وانەبێت هەر پێك نایەن.
گەر هەر پێكیش نەهاتن و رەوشمان وەكو خۆی مایەوە پێیان بڵێن: كاتی ئەوە هاتوە لێگەڕێین با ئەو فەقیرانە كێشە شەخسیەكانی خۆیان چارەسەر بكەن، ئەوان چی پەیوەندیەكیان بەئێمەوە ماوە، ئیتر خۆشیان تێدەگەن هی ئێمە نین، هەر چەندە ئێمە رامان سپاردن بەڵام كورد وتەنی: مرۆڤ گەر لەكونێكەوە دووجار مار پێوەی دا ئەوە خەتایی مار نیە بەڵكو گێلی خۆیەتی. چارەمان ئەوەیە بەحكومەت بڵێن تۆ بەڕیگای خۆتا بڕۆ بەڵام لێمان گەڕێ ئێمەش بەرێگای خۆمانا بڕۆین، رێگریشمان لێمەكە گەر ئێمە نەهاتینەوە سێبەری دارە رزیوەكەتان، مەمان كوژن و لێشمان مەدەن گەر توشی شكست بوون بەهۆی نەفرەتی ئێمەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست