کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لۆزانی دووهەم بە تێكۆشانی هاوبەشی كوردان مایە پووچ دەبێت

Tuesday, 21/01/2014, 12:00








گەرچی بڕیار بوو كۆنفڕانسی جنێڤ 2 ماوەیەك پێش ئێستا و لەساڵی پار ئەنجامدرابا، بەڵام رەوشی ئاڵۆزی سوریا و بوون بەگۆڕەپانی ململانێی زلهێزەكان و پشكی هێزی زلهێزەكان لەئایندەی ئەو وڵاتە هاوكێشەكەی گۆڕی و لەكاتی خۆیدا جنێڤ 2 بەڕٍێوەنەچوو .
كۆنفڕانسی جنێڤ (2) لەئێستادا وەكو بژاردەیەكی سەرەكی بۆ كۆتاییهێنان یاخود كەمكردنەوەی كێشەكانی سوریا چاوی لێدەكرێت، بەڵام كارەكتەرەكانی بڕیاردەر و بەشداربووی كۆنگرەكە هێمای شكستی پێش دەستپێكردن دەدەن، كاتێك هێزی بەشداربووی جنێڤ و بڕیاردەرەكانی تەماشا بكەی ئەم راستیە بەڕوونی دەردەكەوێـت . لەئێستادا و ئەوەی وەكو نوێنەری گوایە گەلانی سوریا و خەمخۆری ئایندەی ئەو وڵاتە بەشداری كۆنفڕانس دەبێت ئۆپۆزسیۆنی ئەستەمبوڵ ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا و لەلایەكی تر رژێمەكەی ئەسەدە . هەرچی ئەنجومەنی نشتیمانی سوریایە تاكە هۆكاری مانەوەی وەكو ناو بەكارهێنانێتی وەكو كارتێكی فشار بەرامبەر بەرەی شیعەی (ئێران) و هاوكارەكانی وەكو روسیا و چین و چەند وڵاتی تر كە لەگەڵ‌ رووخانی رژێمەكەی ئەسەددا نیین . ئەم هێزە لەئاستی ناوخۆیدا بەهۆی ئەجیندای جیاواز و شەڕی ناوخۆییەوە تا ئەو ئاستەی كە هیچ هێزێكی نەماوە . هەرچی رژێمەكەی ئەسەدیشە لەبەر شەڕی بەرەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی و روسیا و هاوپەیمانەكانی وادەخوازرێت لەسەر پێكانی خۆی بمێنێتەوە بەڵام بەشێوەیەك كە لاواز و بێهێز بێت . لێرەوە دەتوانین بڕیار لەسەر ئەوە بدەین ئەو دوو كارەكتەرەی وەكو ئامراز نیشاندەدەرێن بۆ چارەسەری ئاڵۆزیەكانی سوریا جگە لەئامرازێك شتێكی تر نین .
بەڵام ئەمە نایەتە ئەو واتای رۆڵی ئەو وڵاتانە ناتوانێ توندو تیژیەكانی سوریا سنوردار بكات، بۆیە دەتوانرێت بوترێت ئەم كۆنفڕانسە دەرگایەك دەكاتەوە بۆ لێگەڕینێكی جیاواز كە ئایندەی ئەو وڵاتە بەرەو دیموكراتی ببات، لەئێستاشدا ئەوەی كە ئومێدی لێدەكرێت و تاكە ئەڵتەرناتیڤی چارەسەریەكانە هێڵی سێهەمە كە كوردان پێشەنگایەتی دەكەن، بەبینینی ئەم راستیە و هەوڵەكانی هێزە جیهانیەكان بەتایبەتی توركیا بۆ پەراوێز خستن و بەشداری پێنەكردنی كوردان لەكۆنگرەكەدا تێدەگەی كە هەم هێزە جیهانیەكان نایانەوێ سوریایەكی دیموكرات بنیاد بنرێت، هەمیش هەوڵدانەكان بۆ دووبارە بوونەوەی لۆزانێكی تر لەئارادایە . كورد لەهاوكێشەی ئێستای سوریادا نەك تەنها وەكو نەتەوەییەكی خاوەن ماف بەڵكو وەكو هێزێكی خاوەن ئەڵتەرناتیڤی هزری و هەمیش وەكو هێزی جەوهەری شۆڕش لەسوریادا خاوەن كارەكتەری سەرەكی و تاكە هێزی چالاكی گۆڕەپانەكەیە .
لەسەروبەندی بڕیاری دەستپێكردنی كۆنفڕانسی جنێڤ 2دا كوردان ئەڵتەرناتیڤی خۆیان بەڕەسمی راگەیاند، ئەمەش رەنگە وادەی راگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستانی پێشخستبێت، بەڵام لەهەمان كاتدا وەڵامێكی ژیرانەیە بۆ هێزە ناوخۆی و دەرەكیەكان چونكە كاتێك بڕیار لەسەر جنێڤێكی بێ كورد درا یەكێ لەئامانجە سەرەكیەكانی بێ مۆراڵ‌ (مەعنەویەت) كردنی كوردان بەبنەما گیرا، بەڵام هەڵسوكەوتی ژیرانە لەجێگای خۆیدا وەڵامی ئەو پیلانگیڕیەی دایەوە . ئەوەی زیاتر جێگای داخە بەشداری پێنەكردنی كوردان نیە لەكۆنگرەكەدا، بەڵكو بەناوی نوێنەرایەتی كورد و لەبن سێبەری ئەو هێزانەی كە كوردیان وەكو دوژمن ئیعلان كردوە بەشداری هەندێ لایەنی بەناو كوردی بەكرێگیراوە، كە نوێنەرایەتی هێڵی خیانەت و لەباربردنی بژاری چارەسەری دەكەن لەئاستی نێودەڵەتیدا . بۆیە بەشداری پێكردنی چەند كەسێكی نێو ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردی سوریا كە تەڤگەرێكی دەرەوەی رۆژئاواو ئوتێلەكانی ئەستەمبوڵ و هەولێرن جگە لەشەرعیەت دان بە لۆزانی نوێ واتایەكی تری تری نیە .
لەكاتی بڕیاری لۆزان كە هێشتا كاریگەریەكانی فاشیزمی عوسمانی و كەلتوری خێڵگەرایی و تەریقەتگەرایی و پارچەبوونێكی بەرفراوان لەنێو كوردانی هەر چوارلای كوردستاندا جێگای باس بوو، لەسەروبەندی لۆزانی 2 = (جنێڤ 2) كوردان لەزۆر روەوە رەوشێكی پێچەوانە ژیان دەكەن، بۆیە رەنگە هێزی جیهانی سەرەڕای بڕیاردان لەسەر جنێڤ بێ كورد بڕیاری سەركوتكردنی بژاردەی ستراتیژیان بێت لەدوای بڕیارەكانی كۆنگرە، بەڵام ئەوەی لەرۆژی ئەمڕۆدا لەو قوربانیدانە پێشەنگایەتی كردوەو لەسەرەتایی ئەو شۆڕشەوە بەسەدان شەهیدی لەو پێناوەدا داوە، بەبڕیاردان بۆ راگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری سوربوونی خۆی بۆ قوربانیدان لەپێناو ئازادی كوردان دووبارە كردەوە . ئەمە لەهەمان كاتدا جگە لەپێداگیری لەقوربانیدان لەپێناو ئازادی و دیموكراتی لەهەمان كاتدا چۆن لەكۆنگرەدا شەڕ لەكەسی گەلی كوردا بەرامبەر گەلانی سوریا راگەیەندرا ئەوە كوردانیش مەیدانیان لەو هێزانە خوێند كە ئامادەنین هەبوونی كوردان قبوڵ بكەن، بەواتاییەكی تر ئەگەری پشتی كۆنگرە شەڕی هەمەلایەنەی ئەو لایەنانەیە بەرامبەر كورد چ رژێمی بەعسی سوریا چ بەناو ئۆپۆزسیۆن و ئەو هێزانەی كە پشتگیریان دەكەن .
هەر چەندە رووداوەكانی پاش جنَیڤ و هیواكان بەجنێڤ 2 زۆر نەبن ، بەڵام بەنسبەت كوردەوە بڕیارداری لە پەراوێزخستنی كوردان لە كۆنفڕانسەدا، بژارەكانی پێش كورد زیاتر دەكات. ئەوەی كە پێویستە لە ئێستادا كوردان زیاتر بەخۆیەوە سەرقاڵ بكات جێگیرتر كردن و سەرخستنی هەموو پایەكانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیە لەرۆژئاوای كوردستان، لەسەروی هەمووشیانەوە بەهێزكردنی هێزی خۆپاراستنی سیستەمە، كە خەڵكێكی ناكۆكی نێوان هەندێ هێزی گۆڕەپانەكەیە بەتایبەتی ئەو هێزانەی كە هێزی خۆیان لەپارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراقەوە دەگرن . چونكە گەر تا ئێستا چەتەكان داعش نوێنەرایەتی شەڕی هێزە كورد نەخوازەكانیان كردبێت لەمەو بەدوا بەئاشكرا رەنگە توركیا و سوریا وئێران و بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریاش لەبن ناوی پێكهێنانی بڕیارەكانی كۆنفڕانسەكەدا هێرشەكانیان پەرە پێبدەن .
هەرچی كوردانە لەبەشەكانی تری كوردستانیش ئەركی مێژویی قۆناخ لەپێشیانە چونكە ئەوەی بڕیاری لەسەر پەراوێزخستنی كوردان داوە لەهەمان كاتدا بڕیاری بێ ستاتۆكردنی تەواوی كوردانی داوە لەئایندەی رۆژهەڵاتی ناویندا لەهەموو بەشەكانی تری كوردستان، لێرەوە دەتوانرێت بوترێت كوردان لەگەڵ لۆزانی دووەمدا رووبەروو هێڵراونەتەوە و تاكە بژاردەی مایە پوچ كردنی لۆزانی دووهەمیش تەنها تێكۆشانی هاوبەشی هەموو كوردانە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە