کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەرێمی كوردستان بەرو كوێ؟؟!

Thursday, 16/01/2014, 12:00




دوایی ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كورستان لەچوارچێوەی پێشخستنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ دەوڵەتی توركیادا، واژۆكردنی چەندان گرێبەستی ئابوری لەگەڵ ئەو وڵاتەدا لەگەڵ خۆیدا هێنا كە لەسەروی هەموویانەوە گرێبەستی ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ ئەو وڵاتە. ئەمەش لەئێستادا بوەتە سەرچاوەی ئالۆزتربوونی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند، بەجۆرێك كە ئەم گرێبەستانە لەلایەن ناوەندەوە بەنادەستوری و لەلایەن هەرێمیشەوە بەدەستوری خوێندنەوەی بۆ دەكرێت و لەقەڵەم دەدرێت، كە هەردوو بۆچونیش ناچنە چوارچێوەی خوێندنەوەیەكی دروست و دیموكراتیانە بۆ دەستور و لەپێشچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی گەلانی ئێراق، ناوەند بەزهنیەتی شۆڤێنی ناوەندگەرای دەسەڵات و هەرێمیش بەزهنیەتی بەرژەوەندی تەسكی ئابوری خوێندنەوەی بۆ دەكات.
گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە و پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناونی مەزنی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناویندا، وادەخوازێت كە دەرگای نوێ بەڕوی بازاڕو پێداویستیەكانی ئەوروپادا بكرێتەوەو هەندێ دەرگاش كە لەگەلأ بەرژەوەندنی ستراتیژی هەندێك لەو وڵاتانەدا ناگونجێت دابخرێت یان بێكاریگەر بكرێت، بۆ ئەمەش كوردستان بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دەتوانێت لەهەردووبواردا چی كردنەوەی دەرگا یان بێكاریگەركردنی هەندێ دەرگا و دەروازە كە لەرۆژی ئەمرۆدا بەرەیەكی دژ بە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی خۆیان نیشان دەدەن رۆڵ بگێڕێ. پێگەی جوگرافی و دەوڵەمەندی سەرزەمین و بن زەمینی هەرێمی كوردستان چەندان هێندەی تر ئەم هەرێمەی كردوەتە گۆڕەپانی ململانێی تەواوی هێزەكان لەسەروی هەموشیانەوە ئێران و توركیا.
كاتێك هەرێمی كوردستان لەتوانایدا هەبێت گەر بەشێوەیەكی سنورداریش بێت نەوت هەناردەی بازارەكانی جیهان بكات لەرێگەی توركیاوە، لەهەمان كاتدا ئەمە دێـتە واتای كەمكردنەوەی رۆڵی روسیا و ئێران لە هەناردەكردنی پەترۆڵ بۆ بازاڕەكانی جیهان، كە دەیان ساڵە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی ئەو وڵاتانە و پڕكردنەوەی بەشێكی زۆری پێداویستیەكانی ئەوروپا بوە.
بەلەپێش چاوگرتنی سیاسەتی نائەقڵانی و شێوازی گرێبەستە نەوتیەكان و سەرچاوەی كۆكردنەوەی داهاتەكەی تیایدا پێمان دەڵێت؛ ئەگەرەكانی پشت ئەم هەناردە كردنە فرەلایەنەیە. بەرژەوەندی هێزی جیهانی بۆ دەرچونی لەقەیران كە ئێستا تێی كەوتوە، هەروەها پڕداهاتكردنی گروپێكی دیاری كراو لەهەرێمی كوردستان و لەسەروی هەموشیانەوە بەكارهێنانی وەكو كارتێكی فشاری بەرەی سونی بەرامبەر بەبەرەی شیعەی دەسەڵاتداری هەژمونی ئێراق بەكار دەهێنرێت.
لە رۆڵ و پێگەی هەرێم و بوون بەكارت لەدەستی هێزە جیهانیەكاندا تێدەگەی كە بۆچی سەرۆك وەزیرانی ئێراق نوری مالكی گۆڕانكاری لەهەڵوێستەكانیدا بەبەرامبەر كوردان هاتوەو گەشتوەتە ئاستی هەڕەشەی سەربازی و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەبودجەی ئێراق. لەسەرو بەندی ئەم كێشمەكێشانەشدا بانگكردنی هەردو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كورستان لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە زیاتر گومانەكان چڕتر دەكاتەوەو سەربەخۆی بڕیاردانیش لەهەرێمی كوردستان زیاتر دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
رووداوەكانی چەند ساڵی رابردوو و بەتایبەتی ئەم ماوەی دوای ئەگەری جیاواز بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان دەكاتە مژاری گفتوگۆ. پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوینی مەزنی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كە تاكو ئێستا سەركەوتوو نەبوە و بەپێچەوانەوە قەیرانەكانی ناوچەكەی چەندان هێندە قوڵكردوەتەوە و لەگەلأ خۆیدا شەڕی مەزهەبی و ئەتنیكی لەنێو چەندین وڵاتدا هێناوەتە ئاراوە. كە ئەمەش بەشێكی سیاسەتی پارچەكردن و باشتر بەڕێوە بردنێتی، بۆ ئەمەش دوور نیە هێزی جیهانی بەتایبەتی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەبن ناوی كۆتایی هێنان بەقەیران و گوایە دیموكراتیزەكردن و پێدانی مافدا دەوڵەتۆكەیەكی سنوردار بۆ هەرێمی كوردستان بنادبنێت و بەم جۆرەش لەبەشەكانی تری كوردستان هەوڵی ئەوە بدرێت كە باشور بەئەندازەیەك بكرێـتە ناوەند كە وەكو موخاتەبی كێشەی كوردان چاوی لێبكرێت. بۆ دروستكردن و سەرخستی ئەمەش لەرۆژی ئەمڕۆدا هەوڵی رازیكردنی ئەو وڵاتانەدەدرێت كە كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە لەسەروی هەموشیانەوە ئێران و توركیا. كە لەبەرامبەر ئەمەدا ئەو وڵاتانە لەئاست مافەكان و قڕكردنی كوردان گلۆپی سەوز بۆ ئەو وڵاتانە هەڵبكەن. لەئێستادا توركیا وەكو سەردەستێكی بەشی مەزنی كوردستان بەمەرج ئەمەی قەبوڵكردوە كە لەسەروی هەموشیانەوە گرێبەستە نەوتیەكان كە كەس نازانێ چۆن و بەچی شێوازێكن كە پرۆژەكە لەگەلأ پارتی دەسەڵاتداری هەرێم پارتی دیموكراتەوە قەوبولأ كراوە، چەندان مەرجی تریش لەپشت ئەمەوە هەن كە پێكهێنانەكەی هەندێكی پێكهاتبێت هەندێكی ماوەو كاری لەسەر دەكرێت بەتایبەتی دوای هەڵوێستە هاوبەشەكانی توركیا و حكومەتی هەرێم لەمەڕ رۆژئاوای كوردستان ئەم یەكە بەرونی دەركەوت.
ئەگەرێكی تر كە دەكرێت بەدەستپێكردنی ئەم ئاڵۆزیانە رووبەروی هەرێمی كوردستان بێـتەوە ئەگەری شەڕی كورد و عەرەبە، كە هەندێ هێز هەوڵی گوڕكردن و دەستپێكردنی ئەم شەڕە دەدەن و لەبەرامبەریشدا لەسەروی هەموویانەوە ئەمریكا و توركیا ئەمە ناخوازن، چونكە دەخوازرێ بەڕیگەی بەدەسەلاتكردنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەهەرێمی كوردستاندا ئەم ناوچە بكەنە ناوەندێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەیارە ناوخۆی و دەرەكیەكانی خۆیان و لەهەمان كاتدا وەكو كارتێكی ئابوری بەهێز بهێڵرێتەوە، بۆیە ئەم ئەگەرە ئەگەرٍێكی لاوازە چونكە ئەو هێزەی كە لەگەلأ دەستپێكردنی ئەم شەڕە و گوڕكردنێتی خاوەنی ئەو هێزە نیە بتوانێ ئەمە پێك بهێنێت.
وەكو ئەگەری سێهەمیش كە دەكرێـت بوترێت تاكە بژاردەی مایندە بوونی ئایندەی كوردە لەناوچەكە و چارەسەربونی ریشەی كێشە رەواكەیەتی، ئەوەش یەكێتی نەتەوەیی و روحی كوردانە بەتایبەتی لەهەلومەرجی ئاڵۆزیەكانی ناوچەكە كە دەرفەتی مێژوی رەخساندوە، كە لەرۆژئاوا شۆڕش هەیە و لەباكور گەل لەسەر هەڵداندایە و رۆژهەڵاتیش خاوەنی ئەو پۆتانسێلەیە كە ئەو بژاردەش دەكرێت نەك لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی كوردیدا بەڵكو لەچوارچێوەی پرۆژەی نەتەوەیی دیموكراتیك و سیستەمی خۆسە(خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی) كە ئەمڕۆ بژاردەی چارەسەری كێشەی كوردە لەرۆژئاوا و باكور و لەرۆژئاواش سەركەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە كورد بگاتە مافەكانی و سەركەوتنی مێژوی بەدەست بهێنێت. ئەگەری سەركەوتنی ئەم یەكەش بەندە بە پێكهێنانی ئەركی نەتەوەیی و ئەخلاقی و مێژوی سەرشانی هەموو بزوتنەوەكانی گۆڕەپانی خەباتی كوردستان، لەئێستاشدا هێزی دەسەڵاتخوازی باشوری كوردستان و هێزەكانی پشتی لەدژی ئەمەن لەبەرامبەریشدا هەمو ئەو هێزانەی كە ئەمڕۆ پیشەنگایەتی خەباتی نەتەوەیی و دیموكراتی دەكەن لەكوردستان و ناوچەكە بەتایبەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی كوردان بەرێبەرایەتی ڕێبەر ئاپۆ هەموو هەوڵدانیان بۆ سەرخستنی خستوەتە ئەستۆ.
وەكو ئەنجامێك ئەوەی دەتوانێت بوترێت ئەوەیە كە ئاڵۆزیەكانی هەرێم و ناوەند كە سەرچاوەی خۆی لەزهنیەتی دەسەڵاتخوازی و بەرژەوەندی تەسكی ئابوری دەگرێت گەشتوەتە ئاستێك كە ئەگەری چارەسەری لاواز بێـت، لەم نێوەندەدەشدا ئەوەی خۆی فەرز دەكات هەوڵدان و تێكۆشانی گۆڕینی زهنیەتە تا بگاتە ئاستێ لەبری شەڕ ئاشتی، لەبری هەڕەشە گفتوگۆ بۆچارەسەری بكاتە بژاری گفتوگۆ.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە