كلیلی كردنەوەی سنورەكانی رۆژئاوای كودستان لای كێیە!!!
Friday, 28/12/2012, 12:00
لەوەتەی مەسەلەی داخستنی سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوەی كەوتۆتە رۆژەڤی میدیاكانەوە وەكو ئەوەی باس كردنی ئەم راستیە دەستێكی لەپشتەوە بێت، هەندێ لایەن وەكو شتێكی هەڵواسراو بەناوی دەكەن و هەندێكی تریش بەشەڕێك دژی ئەوانەی كە سنورەكانیان داخستوە بەناوی دەكەن، وەك ئەوەی كە كورد شتێكی نەبێت مێشكی خۆی پێوە مەشغوڵ بكات بەوەوە خۆی مەشغوڵ بكات كە هەواڵی هەڵواسراو هەڵواسیێت.
راستی ئەوەیە سنورەكان نەك هەر داخراون گەر بشكرێنەوە پەیامێكە بۆئەوەی كە گەر بمەوێت هەر كات و ساتێ دەتوانم دایبخەم و برسیت بكەم، یانی ئەوەی كەكراوە رەنگە كاتی بێت بەڵام سیاسەتێكی ستراتیژیە كە ناتوانرێت تەنها بەداخستنێكی ئاسایی سەیر بكرێت، چونكە داخستنی سنور لەهەلوومەرجێكدا كە هەر كەس دەزانێ هەموو سنورەكان بەڕووی رۆڵەكانی وڵاتێكدا داخراوە و تاكە رێگایەكە بۆ ئەوەی كە گەل برسی نەبێت و نەكەوێتە نێو رەوشێكی هاوشێوەی شارەكانی تری سوریا بۆیە نەك پرسیارێ بەڵكو دەیان پرسیاری بێ وەڵام بەجێ دەهێڵێت، وەڵامدانەوەی هەندێ لەو پرسانەش ئەركێكی گرنگ و دەستلێبەرنەدراوە.
ئەوەی مەبەستمە بێنمیە زمان ئەوەیە كە ئەو رەوشەی لەرۆژئاوای كوردستان هەیە زیاتر لە شۆڕشێ كە چارەنوسی گەلێك پەیوەندیدار دەكات، مەسەلەیەكی نەتەوەیی و ئینسانیە و لەهەمان كاتیشدا تێڕوانینی دوونیای دەرەوە بۆ كوردانی رۆژئاواو ئەو خەتەی كە نەبونەتە سەربازی كەس مژارێكە كە زیاتر لە دووژمن و ناحەزێك بەڵكو دەیان ناحەزی بۆدرووستبوە، هەربۆیە لەهەلوومەرجی ئەمڕۆدا لەسوریا بەگشتی بەهۆی هەبوونی ئەجیندای جیاوازو دەستی جیاواز لەسوریا تاڕادەیەك هەر دەوڵەت و لایەنێك هاوكاری گروپێك دەكات ئەمیش تاڕادەیەك ئەركی گەلانی عەرەبی ئاسان كردوە، بەڵام بەنسبەتی كوردانەوە رەوشێكی پێچەوانە مژاری باسە چونكە كوردان هەر لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی سوریاوە، بەئەڵتەرناتیڤ و سیستەمی خۆیان و بەپاراستنی خۆیانەوە كەوتنە ناو شۆڕش ئەمەش خاڵێكی جیاكەرەوەی مژاری گفتۆگۆیە هەر كارێكیش بەرامبەر كوردانی رۆژئاوای كوردستان بكرێـت دەچێت چوارچێوەی هەمان گومانی لەباربردنی ئەو سیاسەتە ژیرانەی كە لەرۆژئاوای كوردستان پەیڕەو كراوە، كە تاكو ئێستا بەبێ بەدیلێكی زۆرو خوێنڕشتنێكی زۆر بەدیهاتوە.
لەرۆژی ئەمڕۆدا داخستنی سنورەكان كە هەرێمی كوردستان بەراشكاوانە دەڵێت لەدەستی مندا نیە، تارادەیەك راستیە بەڵام كە بوترێت هەموو راستیەكانە ئەوە لەنزیكبونەوەیەكی گێلانە زیاتر شتێكی تر نیە. لەكاتێكدا سوریا بۆتە ناوەندی شەڕی هێزەكان و گۆڕەپانی ململانێی هێزەكان بۆ بەدەستخستنی سیستەمی پاش ئەسەد بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆیان، ناكرێ لەچوارچێوەی سوریادا سیاسەتێكی سەربەخۆ پەیڕەو بكرێـت و لەئاستیدا بێدەنگ بن، بۆیە هەرچیەك پێیان بكرێـت بۆئەوەی ئەم سیاسەتە بێننە سەر ێگای خۆیان و بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆیان بەكاری بهێنن دەیكەن، نمونەی ئەمەش شەڕی چەند رۆژەی سەریكانی رۆژئاوای كوردستان بوو كە دەوڵەتی تورك بەڕێگەی ئەندامانی ئەلقاعیدە لەدژی گەلی كورد كردی، كە ئامانج لێی ئەوەبوو بەبەردێ چەند چۆلەكەیەك بكوژێ من لێرەدا تەنها چۆلەكەیەكیان باس دەكەم كە مەسەلەی بەجێكردنی ئەجیندای دەوڵەتی توركە لەرووی هەگەمۆنی بەسەر هێزەكانی ناو سوریادا وەكو چۆن ئەمڕۆ بەشێكی زۆر لەو هێزانە لەوچوارچێوەدا هەڵسوكەوت دەكەن، بەداخیشەوە دەڵێم كەبەشێكی زۆری پارتەكوردیەكان كە لەنێو ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریادان لەو خەتەدا جێگای خۆیان دەگرن. كەواتە نەبون بەسەربازی كەس یان خزمەت نەكردن بەهیچ دەوڵەتێك و كەوتنە نێو بەرەی گەل ئەو هۆكارە سەرەكیەیە كە لەگەڵ جەوهەری تەواوی هێزەكانی نێو سوریاو دەستەكانی نێو سوریاشدا ناگونجێ.
لەلایەكی تر لە رۆژئاوای كوردستان بەهێندەی هێزی دەرەكی و ئەجیندای جیاوازی دەرەكی بۆ لەباربردنی دەستكەوتەكان شەڕێكی زهنی ناوخۆی هەیە، لەرۆژئاوا زهنیەتێكی باوی پارتی كلاسیك هەیە، كە تا ئێستاش بڕوای بەهێزی خۆی نیە و پێی وایە پێویستە هێزێكی دەرەكی پاڵپشتت بێت بۆئەوەی بتوانی مافەكانت وەدەست بخەی، كە ئەمەش لەسەر ئاستی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و بارزانی سەرۆكایەتی ئەم خەتە دەكات و لەرۆژئاوای كوردستانیش هەموو پارتەكانی نێو ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا لەبن سێبەری ئەم ئیدۆلۆژیەدا هەڵسوكەوت دەكەن، بۆیە هەموو ئەو پارتانە بەهێندەی ئەوەی كە بتوانن وەكو پارتێك كە لەبەرەی میلەتا جێگە بگرن لەو بەرەیەدا جێگا دەگرن كە هەمیشە چاوی لەدەرەوەیە بۆیە زیاتر لەمیلەت خۆیان لەهەولێرو پارتی دیموكراتی كوردستان نزیك دەكەن كە ئاشكراشە پارتی دیموكرات و بارزانیش لەم چوارچێوەدا خۆی بە رەحمەتی توركیاوە هەڵواسیوە، كەواتە ئەوەی كە لەرۆژئاوا دەگوزەرێ شەڕێكی نێوان دووبەرەی میلەت و بەرەی بێباوەڕ بەمیلەتە، بۆیە هەركارێك بكرێت بەناچاری دووناوی لێدەكرێت، ناوێك لەگەڵ میلەت بە ناوێك میلەت ناتوانێ شەڕی ئازادی سەربخات، باشە گەر باوەڕت بەگەل هەیە لەقامیشلۆ و عەفرین بگیریسێوەو كار بكە، لەناوگەلدا بە، كاتی شۆڕش هەولێر و ئەنقەرە وەڵامی پێداویستیەكان ناداتەوە، بەپێچەوانەوە دەتوانی هێز بەگەل ببەخشی ببیە پارچەیەك لەگەل، كەواتە ئەوەی دەگوزەرێ شەڕێكە لەسەر ئەوەی كە گەل دەتوانێ بیكات یان هێزێكی دەرەكی دەتوانێ گەل بخاتە نێو جموجوڵەوە.
هەر بۆیە گەر پێمان وایە رۆژئاوای كوردستان گۆڕەپانێكی تێكۆشانی دەستخستنی مافەكانی گەلێكە كەدەیان ساڵە لەسەر دەستی رژێمی بەعسی سوری دەچەوسێتەوە، دەبێت ئەجیندای سەرەكی كار كردنیشمان ئەوە بێت ئەوە بەو گەلە بڵێین، كە خاوەن ئەو هێزەن كە ئاسەوارەكانی ئەم سیاسەتە دووروودرێژە بسڕنەوە گەر وانەبێت ئەوەشی بیكەین جگە لەدرێژەدان بەسیاسەتی پێشو بەڵام بەشێوەیەكی مۆدێرن تر شتێكی تر نیە.
ئەوەی ئەمڕۆش لەداخستنی سنورەكاندا بەدی دەكرێت شەڕێكە بۆسەر خستنی بەرەیەك كە پێی وایە دەبێت لەدەرەوەی ئیدۆلۆژیای خۆی سیاسەت و تێكۆشان بەڕێوەنەچێت، ئەمەو دەوڵەتی تورك بەئاشكرا كاتێ بانگی لەپارتەكانی نێو ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا كرد، وەكوتر لەو بەڵگە نهێنیانەی كە دەست راگەیاندنەكان كەوتبوون لە رێكەوتنە نهێنیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و پارتەكانی ئەنجومەنی نیشتمانی و دەوڵەتی تورك ئەو راستیە بەروونی دەركەوت كە تورك دەڵێت، من ئامادەم فیدراڵی بەئێوە بدەم بەو مەرجەی پەیەدە و ئەنجومەنی گەل كە بەهەڵبژاردن گەلی هەڵی بژاردوە بێكاریگەر بكەن، باشە پرس لێرەدا ئەوەیە ئەوەی ئەنجومەنی گەل و پەیەدە داوای دەكات هەمان شت نیە، یاخود بەڕێوەبردنێكی هەرێمی نیە لەلایەن كوردانەوە كە ئەمڕۆ ناوی نراوە خۆسەری دەكرێ سبەی فیدراڵی و دووسبەی كۆنفدراڵی و هی تریش بێت، جیاوازی چیە لەداواكردن لەلایەن بەرەیەك و بەرەیەكی ترەوە ئەمە راستی مەسەلەكەیە، كە ئاستی باوەڕبوون بە ئیرادەی گەل و باوەڕبوون و خۆ لەبن سێبەری هێزێكی تردا دیتن خاڵی سەرەكی مەسەلەكەیە، كەواتە دەكرێ بوترێ بەهێندەی ئەوەی كلیلەكە لەدەستی دەرەوەدایە بۆكردنەوەی سنورەكان دووهێندەی ئەوەش لەدەستی ئەو كوردەدایە كە پێی وایە بەكردنەوەی سنورەكان خەتی سیاسی و فكری و خۆی لاواز دەبێت، بۆیە لێرەدا بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەكی مرۆیی و نەتەوەیی كەوتونەتە داوی پاراستنی خەتی فكری خۆیان.
بابەتێكی تر كە پێویستە بیرنەكرێ ئەویش مەسەلەی شەڕی نفوسی پارتی دیموكراتە لەرۆژئاوای كوردستان، لەم كاتەدا كە گەلی رۆژئاوای كوردستان دوای زیاتر لەساڵ و نیوێك رووی راستی هەمو پارتەكانی رۆژئاوایان بۆدەركەوت و تێگەشتن كێ یان چی ئیدۆلۆژیایەك دەتوانێ بیانپارێزێ بۆیە گەر هەمووشیان نەبێت زیاتر لە 80%گەل لەبن سیبەری ئەنجومەنی گەل و پەیەدەدا كۆبوونەوە، ئەم رەوشەش زیاتر لەهەر كەس بۆ پارتی دیموكرات جێگای نیگەرانیە، كە چۆن دەبێ بە هاوكاری چەندین پارت و هاوكاری ملیۆنان دۆلار نەتوانێ هەبوونی خۆی لەرۆژئاوا بسەپێنێت، چۆن دەبێت پارتێكی گەل كە بەشێكە لەگەل بەبێ هیچ هاوكاریەكی دەرەكی لەرۆژئاوا ببێتە خاوەن گۆڕەپانەكە، بۆیە لێرەدا بژاردەی لەرێگەی پارتی سیاسیەوە وەكو تاكە بژاردە ناتوانێ بیگرێتە دەست و ناچارە بەڕێگەی تر هەبوونی خۆی بداتە قەبوڵ كردن، ئەمەش چیە؟ برسی بكە، موحتاجی، پاشان بەمەرجەكانی خۆت ملكەچی بكە.
ئەمەش خاڵێكی تری داخستنی سنورەكانە كە بەم كارە پەیامی ئەوە درا گەر من نەبی دەمری لەبرسا بیرت نەچێت منیش هەم، گەر لەدەسەڵات و بەڕیوەبردنا پشكی من نەبێت، كارێك كەمنیش بیكەم هەیە، بەقەولە مەشهورەكە، "گەر نەتوانم بونیادی بنێم توانای تێكدانیم هەیە" كەواتە پەیامەكە دەكرێت بەكورتی لەچەند خاڵێكدا كۆبكرێتەوە، یەكەم پێویستە تۆش وەكو من بیت هەرچیم گوت بڵێ باشە گەر ئەنجامەكەشی جیاوازبوو، دووهەم ملكەچ بكە بۆ فەرمانی ئەوهێزانەی كە پێت وایە دژی كوردن بەتایبەتی توركیا چونكە بێئەوان ناتوانیت ئاسودە بژیت، سێهەم پێویستە ئەوە بزانی كە بە بێ لەپێش چاوگرتنی هەبوونی قاعیدەی جەماوەری دەبێت ئەوەی من دەمەوێ بەڕێگەی هەندێ لایەن بیكەم جێبەجێی بكە، كەواتە دان بەمنا بنێ وەكو هێزێكی سەرەكی و خاوەن بەش منیش ئامادەم دەرگای رەحمەتی خۆمت بەسەردا بكەمەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست