جارێكى دیكە هێرش دەكرێتە سەر رادیۆی دەنگ
Wednesday, 09/03/2011, 12:00
پاش كەمتر لە دوو رۆژ بەسەر هەڵكوتانە سەر رادیۆی دەنگ لەكەلار و تاڵانكردنی لەلایەن هێزێكى چەكدارى نەناسراوەوە، ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە 9/3/2011 ، هێزێكى دەمامكدارى ئاسایش جارێكى تر هەڵیانكوتایە سەر بارەگاى رادیۆكەمان و پەلامارى كارمەندەكانیان دا.
ئێوارەى ئەمڕۆ چەند چەكدارێكى ئاسایشی دەمامكدار، شارەزایانە هەڵیانكوتایە سەر بارەگاى رادیۆی دەنگ و پەلامارى كارمەندەكانیان داو دەیانەویست بەرەو ژوورى ستۆدیۆ بەڕێوە بكەن، بەڵام لەلایەن كارمەندانى رادیۆكەوە رێگیرییان لێكرا و نەهێڵران بێنە ژوورەوە، بەوهۆیەى ئەمری دادگایان پێنییەو بۆیان نییە لە خۆیانەوە بێنە ناو دەزگایەكى راگەیاندنەوە.
ئەم رووداوە لەكاتێكدایە كە دوو رۆژە رادیۆی دەنگ لەلایەن هێزێكى چەكدارەوە تاڵانكراوەو كەرەستەكانى هەموو تێكشكێنراون و بەرپرسانى حكومەتى هەرێمیش بەڵێنیان داوە بەدواداچونى جیددی بۆ دۆزینەوەى ئەنجامدەرانى بكەن.
ئێمە وەكو ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى رادیۆی دەنگ، ئەم هەڵكوتانەى ئاسایش گومانمان لەلا درووست دەكات كە پەیوەندی هەبێت بەو هێرشەى چەند رۆژی رابردوو كە تاڵانكردنى رادیۆكەمانى لێكەوتەوە. بۆیە حكومەتى هەرێم و پارلەمان و رایگشتیی ئاگادار دەكەینەوە كە ژیانى هەموو كارمەندانى رادیۆكەمان لە ئەستۆی حكومەت و بەتایبەتیش ئاسایشى گەرمیان دایە، داوا دەكەین لێكۆڵینەوە لە هەردوو هێرشەكە بكرێت و تەداخولی جیددی بكرێت بۆ وەستاندنى هێرشی سەر بارەگاو كارمەندانمان.
ئەنجومەنى بەرێوەبردن
9/3/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست