کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیستەمی تەندروستی فاشیل، بەرهەمی دەسەڵاتێکی سیاسی فاشیلە!

Friday, 19/07/2013, 12:00


حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
 
 بەداخێکی زۆروە دوێنێ  ١٨.٠٧.٢٠١٣ کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ بەناوی زریان بەکر دانیشتوی یەکێک لەگوندەکانی سەر بەقەزای شارەزور، بەهۆی نەبوونی دەرزی دژە ژەهری دووپشک لە خەستەخانەکانی سلێمانیدا گیانی لەدەستدا. ئەم روداوە دڵتەزێنە بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ وێرانی‌و بێسەروبەرەیی سیستەمی تەندروستی لەم ووڵاتەدا  کە چەندە کارەساتبار‌و مەرگهێنە. دەمێکە نیە چەندین هاوڵاتی لەشاری هەولێر بەهۆی بەکارهێنانی دەرزیەوە بیناییان لەدەستدا!
 
  بێدەربەستی دەسەڵاتدارانی کوردستان بەرامبەر ژیانی خەڵک لە بیست سالی ڕابردوودا، دەیان کارەساتی لەم  شێوەیەی هێناوەتە ئاراوە. گەندەڵکاری لە بواری دەرمان‌و کەرتی تەندروستیدا و سپاردنی سیستەمی تەندروستی و چارەسەرکردن  بەبازاری ئازادو  قازانجپەرستی، بە کۆمەڵێك بازرگانی چاوچنۆك کە بەچەندین داوەوە بە بەرپرسانی پلەبەرزی حکومەت‌و پارتە دەسەڵات بەدەستەکانەوە بەستراونەتەوە، ئاکامێکی لەوەباشتری نابێت.ئەم سوودپەرستیەی بەرپرسان‌‌و بازرگانەکان بۆتە هۆکاری گیان لەدەستدا دەیان هاوڵاتی و تێکچوونی باری تەندروستی هەزارانی دیکە.
 
 دەسەڵاتی قازانج پەرستی بۆرژوازی کورد و نوێنەرە سیاسیەکانی هیچ کات بەشوێن دانانی سیستەمێکی تەندروستی مۆدێرن‌و ئینسانیەوە نەبوون. ئامانجی سەرەکییان کەڵەکەکردنی هەرچی زیاتری پارەوپوولە، جا ئەمە ئەگەر لەسەر حیسابی ژیان و گیان‌و گوزەرانی خەڵکیش بێت، بۆیان گرنگ نیە.
 
 لەبەرامبەر ئەو بێدەربەستیەی دەسەڵاتداران بەرامبەر گیان‌و ژیانی هاوڵاتیان‌ دەینوێنن، پێویستە دەنگی نارەزایەتی بەرزبکەینەوە. دەبێ بەشێوازی جۆراوجۆر نارەزایەتی‌ جەماوەری و مەدەنی بەڕێ بخەین. خواستی کۆتاییهێنان بەتاوان و کارەساتەکانی بواری تەندروستی بەرزبکەینەوە و رێگا نەدەین چیتر گاڵتە بەژیانمان بکرێت.  دەبێ حکومەت ناچار بکەین خزمەتگوزاری تەندروستی پێویست‌و گونجاو لەهەموو شاروشارۆچکەو گوندێکی کوردستان بەخۆڕایی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان دابین بکات. سیستەمی تەندروستی‌و دەرمان لەژێردەستی بازرگانان وگەندەڵکاریدا دەربهێنرێت. پێویستە لێکۆڵینەوە لە کەیسی زریان بەکر و سەرجەم قوربانیانی دەستی کەمکاری‌و کەمتەرخەمی حکومەت‌و وەزارەتی تەندروستی  ئەنجام بدرێت‌و ئەوانەی دەوریان هەبووە لە رودانی ئەو کارەساتەنادا لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێ‌و سزای شایستەی خۆیان وەربرگن!
 
 حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
 
 کۆمیتەی سلێمانی
 
 ١٩.٠٧.٢٠١٣
 
 07710243118 07701510613
 
   [email protected]
 
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە