کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌لامه‌تی گیانی ڕۆژنامه‌نوس سۆزان جمال له‌ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتداراندایه‌!

Thursday, 16/05/2013, 12:00



دوابەدوای بڵاوبونەوەی کتێبی(یەک ملیۆن پرسیار و وەڵام دەربارەی سێکس) کەلەلایەن سۆزان جەمال، سەرنووسەری گۆڤاری زانستی سەردەمه‌وه‌ وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی، هه‌واڵی هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لەڕێگای ئیمەیل‌و مۆبایلەوە، له‌میدیاکاندا بڵاوبوه‌وه‌. بە پێی لێدوانەکانی سۆزان جه‌مال، خاوەنی ئەم هەڕەشانە کەسانی سەر بەڕەوت‌و لایەنە سەلەفی‌و ئیسلامیەکانن‌و داوایان لێکردوە کە کتێبەکەی کۆبکاتەوە واز لە بڵاوکردنەوەی بهێنێت، ئەگەر نا ئەوا ژیانی خۆی‌و منداڵەکانی لەژێر مەترسیدان.
بێگومان ئه‌مه ‌یه‌که‌مجار نییه ‌که‌زمانی هەڕەشە لەلایەن مه‌لاو گروپه ‌ئیسلامیه‌کانه‌وه‌، ڕووبه‌ڕوی ڕۆشنبیران‌و نووسه‌ران، ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵکو له‌چه‌ند ساڵی ڕابردووی ژێرسایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆرژوازی کوردو حزبه‌کانی وه‌ک پارتی‌و یه‌کێتیدا، خه‌روارێک له‌تاوانی تیرۆرو کوشتن، ‌هه‌ره‌شه‌و سوکایه‌تی کردن به‌دژی ‌نووسه‌ران‌و ڕوشنبیرانی کوردستان که‌وتۆته‌به‌رده‌ست‌، که‌به‌هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و ووتارو بابه‌تانه‌، که ‌له‌گه‌ڵ زه‌وق‌و بۆچوونی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئیسلامیه‌کاندا نایه‌ته‌وه، ده‌ستی بۆبراوه‌‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیسلامی سیاسی‌و ڕه‌وته‌کانی له‌پێناو زاڵکردنی فه‌زای کۆنه‌په‌رستی‌و دواکه‌وتوویی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگدا، زمانی هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن‌و تیرۆریان به‌ده‌سته‌وه‌گرتبێت، ئه‌وا خودی ده‌سه‌ڵاتداران، خۆیانن که ‌له‌م مێژوه‌دا، ڕیگاپێده‌رو به‌رپرسیاری سه‌ره‌کین. به‌تایبه‌تیش سیاسەتی سازش‌و هاوکاری‌و کۆمه‌ک کردنی به‌رده‌وامی حزبه‌ده‌سه‌ڵاتداراکان، به‌ره‌وته‌ ئیسلامه‌یه‌کان، سه‌رچاوه‌و به‌رهه‌م هێنه‌ری ئه‌و هیرش‌و هه‌ڕه‌شانه‌یه ‌که‌بۆسه‌ر نووسه‌ران‌و ئازادیخوازان‌و ئازادی به‌یان‌و ڕه‌خنه‌و چاپه‌مه‌نی به‌ڕیخراوه‌. دامەزراندنی وەزارەتی ئەوقاف‌و تۆڕی مزگه‌وت‌و مه‌لای موچه‌خۆر، تا شه‌ریک کردنی حزبه‌ ئیسلامیه‌کان له‌ده‌سه‌لات‌و دانی بودجه‌و هه‌ڵخستنی ئازادی بێسنور بۆ کارو هه‌ڵسوڕان‌و ده‌زگاکانی میدیایان، تاجێخستنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک له ‌ده‌ستورو یاساکانی ولاتدا.. هه‌موو ئه‌مانه ‌کۆمه‌کیان کردووه‌ به‌وه‌ی هێرش‌و په‌لاماری کۆنه‌په‌رستان حاله‌تێکی به‌رده‌وام بێت بۆسه‌ر ڕۆشنبیران‌و ئازادیخوازان. ته‌نانه‌ت هێنانی یاسای پیرۆزیه‌ئاینه‌یه‌کان بۆ نێوپه‌رله‌مان له‌لایه‌ن مه‌لاکانی سه‌ر به‌پارتیه‌وه‌، خۆی به‌ڵگه‌یه‌کی ئاشکرای ئه‌م سیاسه‌ته ‌لاینگریه‌ی ده‌سه‌لاته‌ به ‌ڕه‌وته ‌ئیسلامیه‌کان.
ئازادی به‌یان‌و ڕه‌خنه‌و چاپه‌مه‌نی‌و ڕۆژنامه‌نوسی، مافێکی بێ ئه‌ملاولای خه‌ڵکی کوردستانه‌و ده‌بێ به ‌خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ده‌سه‌لاتدارانی پێ ناچاربکرێ. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ئه‌م جۆره‌ هه‌ڕه‌شانه‌ی کۆنه‌په‌رستان سه‌رکۆنه‌و مه‌حکوم ده‌کاو به‌هه‌وڵیکی دژی ئینسانی‌و کوێرانه‌ی ده‌ناسێنێت که‌ له‌پێناو سه‌رکوت‌و پاشه‌کشه‌پێکردن به‌ڕه‌وتی ئازادیخوازی‌و سکولاریزم له‌کوردستاندا ده‌ستی بۆبراوه‌. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، خۆی به‌پشتیوانی سۆزان جه‌مال‌و هه‌ر خه‌باتێکی ئازادیخوازان ده‌زانێ که ‌له‌دژی کۆنه‌په‌رستی‌و سه‌رکوتی ئازادیه‌کان‌و ئازادی بیروڕا، دێته‌مه‌یدانه‌وه‌. هاوکات دەسەڵاتدارانی کوردستان بەرپرسیار ده‌کات لە پاراستنی گیانی سۆزان جەمال‌و بانگەوازی ڕۆشنبیران‌و نوسەران‌و خەڵکانی ئازادیخوازیش دەکات، کە له‌پێناو دانانی سنورێک بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی کۆنه‌په‌رستان، دەنگی ناڕەزایەتی، هه‌ڵبڕن.
کۆمیتەی سلێمانی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٥/٠٥/٢٠١٣


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە