کێ لە ئاستى رۆشنبیرى تاک بەرپرسە؟
Wednesday, 08/06/2016, 20:44
بە تێپەڕبوونى زەمەن، نەریتە کۆمەڵایەتیەکان کاڵبونەتەوە، بەئەندازەى تامەزرۆبون و هیواخواستنى هەمووان بۆ گەڕانەوەى بەرائەت و جوانى جاران.
دیاردە کۆمەڵایەتیەکانى ئەمڕۆش گوزارشتن لە دڵڕەقى و داچۆڕان لە هزر و رۆشنبیرى تاک.
زۆر جار (ئینسانیەت ) ئەوەى پەیوەندى بەناخەوە هەیە ،دەتوانێت تەواوى کەم و کوریەکانى کۆمەڵگا و مرۆڤایەتى بشارێتەوە
بەڵام قەرەبوى نارۆشنبیربوون ناکاتەوە.
دواکەوتوویى ئاستى رۆشنبیرى تاک مەترسیەکى گەورەى کۆمەڵایەتیە لەسەر ئاستى گەشەسەندنى تەواوى بوارەکانى ژیان دەشکێتەوە. هزروتێڕوانینى تاک لەتواناى دایە کاریگەرى گەورە لە گۆڕانکاریەکان دروست بکات،هەنگاو بەهەنگاوى ئاراستەکانى ووڵات دیارى بکات.
بەبێ رۆشنبیرى تاک هیچ هەنگاوێک بۆ پێشکەوتن بەدى ناکرێت.دواکەوتویی گەورەترین کارەساتە کە روبەرووى کۆمەلگا بێتەوە، بۆ دەربازبوون شۆڕش و راپەڕینى مەزنى هزرى گەرەکە. هەڵسانەوەى کۆڵەکە شکاوەکان،بە پێویست زانینى رۆشنبیریە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.
نکۆڵى لەوە ناکرێت کە دەسەڵاتى ئیدارەدان و ساسەت بەرپرسى یەکەمە لە ئاستى رۆشنبیرى تاک بەتاکى کۆمەڵگا، چونکە کەرەستەکانى پێشخستنى ئەو بوارەى لە ئەستۆدایە، لە سیستەمى پەروەردە و زانکۆ، سەرپەرشتى کردنى ئاراستەى راگەیاندن و دەزگاکانى وەشان، دواتر لە رێگەى دامەزراوەى رۆشنبیرى هەوشێوەى وەزارەتى رۆشنبیرى لیپرسراوەتى بەگەرخستنى داینەمۆى هزرە، بەهۆى چاڵاکیە بەرفراوانەکانى بوارى ئەدەب و نوسین، تا رێکخستنى دامەزراوە ئاینیەکان بۆ خزمەتى تێڕوانینى دروستى کۆمەڵگا بۆ ژیان و چۆنیەتى مامەڵە لەگەڵ کردنى.
خۆ ئەگەر دەسەڵات لەهەرووڵاتێک ویستى دواخستنى پرۆسەى رۆشنبیرى تاکەکانى هەبێت،تەنانەت هەوڵى مەنگ بوون و پەنگ خواردنەوەى تێڕونینەکانى کۆمەڵگاى هەبوو، گومانى تێدا نیە هەنگاو بەرەوە دیکتاتۆریەت و حوکمى ناتەندروست و ویرانکەر دەنێت و چارەنوسى هاوڵاتیان ڕەش دەبێت و زەمەنێکى یەکجار زۆرى پێویستە بۆ گەڕانەوەى هەقیقەتى ژیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست