کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


له‌گه‌ڵ رێزماندا وا باشتره‌ د. فایەق گوڵپى له‌ سه‌ر ئه‌و به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵانه‌ نه‌کاته‌وه‌

Wednesday, 13/10/2010, 12:00


بەداخەوە خەریكە وەك نەریتێك هەندێك نووسەر و ڕۆشنبیرى كورد لە پێناو دۆستایەتى و پیشەیى، بەرژەوەندیە گشتییەكانیان له‌ یاد ده‌چێت‌ و دەبنە پارێزەر و داكۆكیكەرى هەندێك بەرپرسى گەندەڵ و لەچاوى خۆیانەوە سەیریان دەكەن، نازانن تازە ئەمانە پەنجا بەرگى تریشیان بەبەردا بكرێ، تازه‌ لاى میللەت و خوێنەران هەر بۆگەن و ناشیرینن.
د. فایەق گوڵپى چ وەك هه‌ر دكتۆرێكى بەڕێز و خزمەتگوزار چ وەك كەسایەتیەكى سیاسى ڕۆشنبیرىی سەربەخۆى گەورەى كورد خەریكە وەك هەندێك ڕۆشنبیرى تر، كە چۆن ئەوانیش لاى خەڵك و خوێنەرانى كورد خۆشەویستن، لێ چاکتره‌ خۆی له‌ قه‌ره‌ی باسکردن و ستایشکردنی ئه‌و که‌سانه‌ نه‌دات، که‌ ئه‌مڕۆ پۆست و پله‌ و پایه‌یان هه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌وانه‌ ئه‌وه‌نده‌یان نه‌ماوه‌ که‌ باسی جوانییان بکرێت، زۆر که‌سی ترمان دی، بەداخەوە دكتۆر فایەق ئەوە چەند جارێكە ده‌یبینیین، له‌ هه‌وڵی پارێزەرى تاهیرهەورامى و براكەىدایه‌. حەقى خۆیەتى د. فایەق گوڵپى چۆنیان دەبینێ و چۆنیان دەخوێنێتەوە من حەدم نیە و ڕێگاش بەخۆم نادەم خوانەخواستە بێم ببمە ڕێ نیشاندەرى بەڕێزیان ، كۆى سەرنج و تێبینى من لەسەر جەنابیان ئەوەیە دەڵێم فایەق گوڵپیەك ئەوەندە لەخەمى كێشە و پرسە هەستیار و چارەنووسازە نەتەوەیە مەزنەكانى گەلەكەماندا بێت بەڕاستى ناجۆره‌ بێ قەڵەمەكەى ئەوەندە نزم بكاتەوە بكەوێتە داكۆكى كردن لەمانە و بێ بەمنى خوێنەر بڵێ كاكە ئاگاداربە فەلاحى براى تاهیرهەورامى دكتۆرە ئەوە ڕاست نیە كەدەڵێن دكتۆر نیە ؟ من دەپرسم لە بەڕێزتان براى تاهیرهەورامى خۆى زمانى نیە، یان وەڵامى پێ نیە خێرە جەنابتان هەر بەپەلە دواى نووسینەكە دێن و دەڵێن ئەمە دكتۆرە ، من دەڵێم ئەگەر خۆى زەڕەیەك خاوەنى جورئەت بوایە و ئەگەر دەزانێ بەدەست ماچ كردن نەبۆتە ڕاگرى كۆلیژەكە و لەخۆى بەشك و گومان نییە، پێویسته‌ خۆى وەڵام بداته‌وه‌ ، خۆ كوردستانپۆست ئەوەندە داخراو و خۆپەرست نییە براى تاهیر هەورامى وەڵامى هەبێ و بۆى بڵاونەكاتەوە ، دەبوو خۆى ئەو پۆستى ڕاگرایەتیەیى هەر وەرنەگرتایە دەبوو خۆى گووتباى داواى لێ بوردن دەكەم تا براكەم وەزیربێً من ئەو پۆستە وەرناگرم باخەڵك نەڵێن ئەوە بەهیمەتى براكەى وەرى گرتووە .
من لەجەنابت دەپرسم دكتۆر فایەق ؟ بە تاهیرهەورامى و براكەیەوە بەهەموو ئەو بەرپرس و كاربەدەستانەوە كامەیان ڕۆژێك لەڕۆژان ئەو جورئەتیان هەبووە بڵێن فڵانە پۆست وەرناگرین لەبەر گەندەڵى و ناعەدالەتی؟ دواتر زەمانەت چیە كەتاهیرهەورامى بەهەزار تكا و نزا و پاڕانەوە لەوەزیرى خوێندنى باڵا نەى كردوە بەڕاگر؟ دواتر دكتۆر بەدەست من و تۆ نییە ئەم دەسەڵاتە بۆگەن و ناشیرینە واى لێهاتووە لەكوردستان هەر كەسێك پۆستێك وەرگرێ خەڵك نەفرەتى دەكا چونكە كەس بەحەق و مستەواى خۆى دانانرێ و پۆست وەرناگرێ ، بەرپرسێكیش كەپاك و كوردپەروەر بوو و خیانەتى نەكرد و گوێ ڕایەڵى فەرمانەكانى حزب و مەڵبەند نەبوو ئەوە لەكاتى خۆى و ڕۆژى خۆى دەتوانێ ئەستۆپاكى خۆى بسەلمێنێ پێویست ناكات من و تۆ ئەمڕۆ بێین بەرگرییان لێ بكەین و بیان كەین بەفریشتە ، چونكەخەڵك ئەوەندە ووشیاربۆتەوە هەموویان دەناسێ و باش دەزانێ بایى چەندن بۆ نمونە كەسێكى وەك دكتۆر كەمال میراودەلى یان وەك ئەحمەد میرە بیهێنە لەم دەسەڵاتى پارتى و یەكێتیە بیكە بەوەزیر و كاربەدەست خەڵك نەفرەتى دەكا؟ چونكە هەموو خەڵك دەزانێ كە ئەمڕۆ كەسێك كاسە لێس و موریدى ئەو دووبنەماڵەیە نەبێت نابێ بەوەزیر و كاربەدەست ، پێمان خۆش بێ یان ناخۆش ئەوە

حەقیقەتە و سەلمێنراوە كێ هەیە بەسەدان جار ڕۆژنامەى هاوڵاتى لەبەر نووسینەكانى د.دلاوەرهەورامى نەكڕى بێ ئەوەتە هەمووشمان دیمان پۆستى وەرگرت و وەزیرێكى چەندە شەریفى لێ دەرچوو ئەوەندە نەفس نزم بوو ئەوەندە نەفس دەرچوو وەك سەدان بەرپرس و وەزیر و كاربەدەستى هیچ و پوچى ترى پارتى و یەكێتى هات پەلامارى گۆڤارى لڤینیدا ، تاهیر هەورامیش یەكێكە لەو وەزیرانەى كەئەمڕۆ بەهەمان شێوە كەوتۆتە بەرهەمان نەفرەتى گەل و كارمەندانى تەندروستى بۆیە بەڕاستى من وەك شەخسى خۆم پێم ناخۆشە كەسایەتیەكى وەك فایەق گوڵپى بێ داكۆكى لە ئەمانە بكات و ڕۆژێك بێ و بڵێ ئەمانە لەهەشتاكان زۆر باش بوون و ڕۆژێك بێ بڵێ براكەى دكتۆرە و .... گەر وابێ ئەو بەرپرسە گەندەڵانەى ئێستاش خۆ زۆربەیان لە هەشتكان كوڕى چاك بوون بۆنمونە كەباسى شەهاب و جەعفەر و ئەنوەر دەكرێ من یەكسەر ئەرسەلان بایزم بیردەكەوێتەوە كاتى خۆى ئەویش لەگەڵ ئەمانە گیرا و لەزیندان بوو دوایى ئازاد كرا زۆر جار دەڵێم وەرە ئێستا ئەویش لەسێدارە بدرایە ئەمڕۆ دەیان ووت شەهاب و جەعفەر و ئەرسەلان و ئەنوەر ئەوەتا ئەمڕۆ هەموو لایەكیش دەیبینن چۆن پیاوێكی لێده‌رچوو.

بەڕێز فایەق گوڵپى وەزیرێك ئەوەندە پارە پەرست و گەندەخۆربێ بەپەلەبێ تا چوارشەم و پێنج شەم دێ بگەڕێتەوە بۆ سلێمانى و قۆڵى نەخۆش ببڕێتەوە لەنەخۆشخانە ئەهلیەكەى دەبێ چ ئومێدێكمان پێى بێ بۆ باشتركردنى سیستەمى تەندروستى لەكوردستان لە هەمووشى كارەساتتر ره‌نگه‌ هەموو گەڕانەوەكانیش بەئیفاد بۆ خۆى بنووسێ کێ به‌ کێیه‌؟ یان وەزیرێك كەدەزانێ هەموو كۆمەڵگاى كوردى نەخۆشى دەروونى هەیە خۆ كەس دەست و قاچى نەبەستووە با ئەو پیاوبێ چاكى بكا و قۆڵى خزمەتى لێ هەڵماڵێ و ئەو چوارساڵە شەو ڕۆژ بخاتە سەریەك و هێندە سەر نەكا بەدیوەخانەكانى حزب و نەخۆشخانە ئەهلیەكەى خۆى دابخات و خزمەتى ئەو میللەتە بكات .

یان باسى ئارى سامیت كردوە كە كەللە سەر نەخش دەكا ؟ ئەم ئارى و فەلاح و تاهیر و نمونەى ترى وەك ئەوان تائێستا چەند كەمپ و لیژنەى گەرۆكیان دروستكردوە هەر هیچ نەبێ چەند مانگێك جارێك ناوچەیەك یان شارۆچكەیەك یان گوندێك یان لادێیەكى دوورە دەستى ئەم كوردستانە كاول بووە بەسەر بكەنەوە ؟ هیچ نەبێ سەردانى مەیدانیان هەبێ بۆ ناوچە كیمیابارانەكانى وەك هەڵەبجە و بالیسان و گەرمیان و ناوچەكانى تر هاوشێوەى ئەو كارانەى جەنابت دەیكەى كەجێیى شانازى هەموو لایەك و هەموو كوردێكى دڵسۆزە كە دەڵێن هەفتانە ڕۆژێك نەشتەرگەرى بەخۆرایى لەنەخۆشخانەى سلێمانى دەكا یان هەفتانە ڕۆژێك لەناوچەكانى خۆتان و تاهیر هەورامى نەخۆش دەبینى ئەى ئەو زاتانەى كە تۆ بەرگریان لێ دەكەى بۆ شتێكى ئاوا ناكەن ؟ .

دواجار كاك دكتۆر فایەق هەموومان دەبێ ئەو ڕاستیە باش بزانین ئەمڕۆ لە سایەی كوردستانپۆست و میدیایى ئەهلى و ئۆپۆزسیۆن خەڵك ئەوەندە هۆشیاربۆتەوە دەزانن لەو سەرى دونیا چ دەگوزەرێ نەك لەناوەوەى كوردستان ، شەوێك لەماڵى دۆستێك بووین جەنابت دیمانەت هەبوو هەڵە نەبم لە سەتەلایتى پەیام یان جەماوەر بوو مامۆستایەك لەوێ بوو ووتى لاى بەن ئەم فایەق گوڵپیە ئەگەر ڕاست دەكات ئەى بۆ هاوسەرەكەى ئێستاش لەمەڵبەندى سلێمانیە ؟ ئەوە خۆشى هەر یەكێتیە و نازانم چى و چى ؟ من تا ئەو شەوە نەمزانى كە هاوسەرى بەڕێزى جەنابتان بەرپرسیاریەتى هەیە و لەمەڵبەندى سلێمانیە ؟ مەبەستم لەوە چیە ؟ خوانەخواستە مەبەستم شكاندنى جەنابتان نییە (نەبێتە مەدح و ستایش وەڵامیشم دایەوە ئى ئەو مامۆستا بەڕێزە بۆشم ڕوونكردەوە كە بەڕێزیان لەو كەسانە نیە و خۆى پارتى چارەسەریە و .....) بەهەرحاڵ

لێرەدا من مەبەستم لەخەڵكە هاوڵاتیەك لەم سەرى كوردستان دەزانێ كە فایەق گوڵپى هاوسەرەكەى لەمەڵبەندى سلێمانیە و لەوەوە بڕٍیار لەسەر چارەنووسى تۆش دەدا ؟ بۆیە پێویست ناكات جەنابتان خۆتان بەبابەتێكى لاوەكى وا سەرقاڵ بكەن وەڵا براى فڵان دكتۆرە و پسپۆڕە و شارەزایە لە ددان و ...

بەو هیوایەیى قەڵەمە پیرۆز و پاكەكەى جەنابتان هەر لە خزمەت پرسە نەتەوەیە چارەنووس سازە گەورە و گرنكەكانى میللەتەكەمان دابێت چیتر نەیخەیە خزمەت ئەو دكتۆرە گه‌نده‌ڵانەى كەخۆیان بەپاسەوان و گوێ ڕایەڵى حزب و مەڵبەند دەزانن .

کوردستانپۆست: نووسه‌ر هه‌ندێ وشه‌ و ده‌بڕینی ناشیاوی تێدا به‌کارهێنابوو، دژی ئه‌و که‌سانه‌ به‌باشمانزانی ده‌ستکاریی بکه‌ین و به‌م شێوه‌یه‌ بۆی بڕازێنینه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە