کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


تەنها مەسعود بەرزانى بۆى هەیە بیخوێنێتەوە!

Friday, 24/07/2009, 12:00


بەڕێز جەنابى سەرۆك ئەوە بۆ ماوەى (18) هەژدە ساڵە خۆت و حیزبەكەت لەم هەرێمەدا باڵا دەست و فەرمانڕەوا و فەرمان بە دەستن  ئایا دەتوانیت راسگۆیانە و (شەفافانە) وەك كەسێك كە خۆى بە خزمەتكارى گەل دەناسێنێت، وەڵامى ئەم چەند پرسیارەم بدەیتەوە ، ئەگەر توانیت وەڵامم بدەیتەوە ئەوا دڵنیابە كە بەندە یەكێك دەبم لەوانەى كە دەنگت پێدەدەم بۆ سەرۆكایەتى هەرێم ، ئەگەر وەڵامیشت نەدامەوە ئەوا ئامۆژگاریەكت دەكەم ، ئەگەر بە قسەم بكەیت ئەوا زەرەر ناكەیت.!
بەڕێز جەنابى سەرۆك .. دەتوانى پێمان بڵێى : ئایە شەڕى ناوخۆ لەسەر چى بوو ؟ ئایە شەڕى كۆنە قین بوو یا لە سەر گومرگى ئیبراهیم خەلیل ؟ یاخود شەڕى نێوان دوو وڵاتى دراوسێ بوو ئێوە بە وەكالەت كردتان؟ تكایە ئەگەر ئەوانە نەبون؟ هۆكارى راستەقینەى ئەو شەڕە نەگریسە چى بوو تكایە وەڵام.
بەڕێز جەنابى سەرۆك.. دەتوانى پێمان بڵێى : لە بەروارى (31)ى ئابى ساڵى (1996) دا دەبابەكانى رژێمى بەعس چۆن هاتنە ناوشارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى كوردستانەوە؟ دەتوانى پێمان بڵێى: ئەو پێشمەرگانەى كە پێش دەبابەكان كەوتبون جەنابت نەت ناردبون ؟ ئایا دەتوانى پێمان بڵێى : ئەندازیارى ئەو پیلانە كێ بوو ؟ ئەگەر دەزانى پێمان بڵێ، ئەگەریش نازانى ئەوا ئیتر چۆن رێگا بە خۆت دەدەیت خۆت هەڵبژێرى بۆ سەرۆكى خەڵكى هەرێمێك كە دەبابەكانى دوژمن لە خەوى بەیانیدا پایتەختكەیانى داگیر كرد و تۆش ئگات لێنەبوو ؟ خۆت بڵێ كەسێكى وا بۆ سەرۆكیان دەشێت؟!
بەڕێز جەنابى سەرۆك.. دەتوانى پێمان بڵێى: خوێنى ئەو (10163) دە هەزار و سەد و شەست و سێ شەهیدەى كە لە شەڕى ناوخۆدا بە سەركردایەتى تۆ و سەرۆك تاڵەبانى كرا چى لێدێت ؟ ئایە خوێنى پاكیان هەروا بە فیڕۆ رۆیشت و لە نێوانى بەرژەوەندى هەردوو سەرۆك و بنەمەڵەكەیاندا دیزە بە دەرخۆنە كراو تەواو ؟!
ئایە جەنابى سەرۆك خۆت لە ئوتێل پاڵاس لە سلێمانى نەتوت ئەگەر تاوانبارانى شەڕى ناوخۆ دادگایى بكرێن ئەوا جەنابت و جەنابى تاڵەبانى بێتاوان دەردەچن؟ ئەگەر بە ئەرك نابێت دەتوانى پێمان بڵێى: كە تاوانباران كێین؟
بەڕێز جەنابى سەرۆك.. ئایا دەتوانین بزانین چارەنووسى زیندانیانى سیاسى و گیراوەكانى شەڕى ناوخۆ چیان بەسەرهات و چەندیان شەل و شێت و چەندیان بەربون و چەندیان تا ئێستا هەر لە زیندانە تاریكەكاندا ماون ، ئایە جگە لە خوا و لە خۆت و خۆیان و چەند كەسێكى كەم نەبێت، كەسى تر ئاگادارى لە حاڵ و گوزەرانیان هەیە؟ تكایە ئاوارەكانى شەڕى ناوخۆ لە پاى چیبوو؟ تكایە هەرگیز بە خەونیش ئەوە نەیەت بە خەیاڵى جەنابتاندا كە ئەم پرسیارانە كینەیەكیان لە پشتەوەیە، چونكە (بە گریمانە واى دابنێ كە ئێستا جەنابت لەبەردەم دادوەرێكدایت و داواى وەڵامى ئەم پرسیارانەت لێدەكات) ؟!
بەڕێز جەنابى سەرۆك بەندە دڵنیام كە ئێستا جەنابت هەر دواى خوێندنەوەى ئەم چەند دێڕە دەست بەجێ بەشوێن وەڵامى پرسیاەكان و ئەو دەستانەدا دەگەڕێى كە بونەتە هۆى ئەو هەموو كارە نامرۆڤ دۆست و نا كورد پەروەرانەدا و هەرگیز گومانى جەنابتان بۆ ئەوە ناچێت، كە دەستێك دابتاشن تا لە پشتى ئەم نوسینەوە ناوزەدى بكەن.
بەڕێز جەنابى سەرۆك.. تكایە وامەزانە ئەگەر ئێستا وەڵام نەدەیتەوە ئیتر من و منەكانى تر لە ئێستا و ئایندەدا چاوەڕوانى وەڵام نین؟
ببورە جەنابى سەرۆك .. هەر لەگەڵ ئەو وەڵامانەى سەرەوەدا ئەم كورتە وەڵامانەشمان بدرەوە:-
یەكەم: ئایە دەتوانى بێ پێچ و پەنا پێمان بڵێیت : موچەى مانگانەى جەنابتان چەندە؟ ببورە كە دەڵێم بێ پێچ و پەنا مەبەستم ئەوەیە كە خۆت و دەستەو تاقم كەناڵەكانى راگەیاندنت بەردەوام باسى (دیموكراتیەت و شەفافیەت و مەدەنیەت و ..هتد) !! دەكات و هەموو ئەو دروشمانەش رێگا دەدات بە هاوڵاتیەكى رۆژنامەنوسی وەك بەندە وەڵامى ئەو پرسیارانە بزانم.
بەڕێز جەنابى سەرۆك.. ئەو پرسیارى موچەیە بەلاتەوە گران نەبێت، چونكە لە حیزبەكەى جەنابتاندا بەرپرسى وات هەیە لە ماڵەكەیدا بۆفى و كەنتۆر و مەعرەزى نوێنەكەیشى لە جیاتى جلوبەرگ پڕكردوە لە گورزە دینار و دۆلار و مناڵەكانى بۆ كڕینى چلورە و مەساسەیەك گەڵاى دۆلار دەبەن بۆ خەرج كردن. دەتوانى نوێنەرى خۆت بنێرى بۆ (نیوسیتى) لە هەولێر بزانى كە ساڵى پار ژنى كام (مەسئول) بوو بایى (80) هەشتا گەڵا وردەواڵەى كڕى بۆ ماڵەوە.
بەڕێز جەنابى سەرۆك.. خۆ ئەمە ئەوە نییە هەر (مەئسول)ەكانى حیزبەكەى تۆ وابن (مەئسول)ى حیزبەكەى هاوپەیمانیشت هەیانە (بە گوتەى خۆى) بۆ خواردنى كفتەیەك لە سلێمانیەوە چۆتە (لەندەن) و پاشان بۆ بەیانى هاتۆتەوە. ئەمانە هەمووى ئەگەر تا ئێستا نەتزانیوە تكایە بیانزانە.
دووەم: ئەگەر بە ئەرك نابێت ئەو بڕە پارەیەى كە لە خۆراك بەرامبەر بە نەوت مایەوە ئاسمان هەڵیكێشا یان زەوى قوتیدا؟ من نازانم چەند بوو ؟ ئیتر جەنابت بڵێیت چەند بوو بڕوا دەكەم ، ئەنجا چیتان لێكرد چونكە جەنابت (4) چوار ساڵە سەرۆكمانیت و درۆم لێنەبینیویت .. بیستومە دەڵێن بۆتان هەڵگرتوین لاى خۆتان . گوایە ئێمەى هاوڵاتى گیرفانەكانمان كونە و ئەگەر لاى خۆمان بوایە ئەوا تا ئێستا ونمان كردبوو . ماڵتان ئاوا بێت بەڕاستى ئەمەش هەڵوێستێكى دڵسۆزانەو كوردپەروەرانەى ترتان و هەرگیز بیرمان ناچێت . تخوا ئەو بڕە پارەیە چەند بوو با هەر بیزانین بۆ مێژوو باشە .
سێیەم : تكایە پێمان بڵێ : ئەو (1600000000) ملیار و شەش سەد ملیۆن دۆلارەى كە لە شیرینى گرێبەستە نەوتیەكان هەڵتان گرت چیتان لێكرد ؟ ئایە ئەو پارانەى كە لەم هەڵمەتى هەڵبژادنەدا خەرجتان كرد لەو پارەیەى تیابوو؟ ئەگەر وەڵامەكەت بەڵێیە ئەوا بەندە وەك هەوڵاتیەك قبوڵم نیە و لەبەشى خۆم خۆشنابم و بە هەموو میلەتیش دەڵێم كە ئەوانیش لە بەشى خۆیان خۆش نەبن ، ئەگەریش بۆتان هەڵگرتوین ، ئەوا تكایە بێ سەر ئێشە بماندەنەوە ، چونكە ئێمەیش گیرفانەكانى خۆمان دوریوەتەوە ، مەترسن كە لاى خۆشمان بێت لێمان ناكەوێت .
چوارەم : ئێوە و حیزبەكەى هاوپەیمانتان مانگانە بڕى (70000000) حەفتا ملیۆن دۆلار لە بودجەى هەرێم حەپەلوش دەكەن ،تكایە ئەو حەپەلوشە بە چ یاسا و دەستورو رێسایەكە؟ بۆ هەر خۆتان بیزانن تكایە با منیش و خەڵكى تریش بزانێت خۆ گوناه و تاوان نیە؟!
بەراست جەنابى سەرۆك هەر ئەو (70) حەفتا ملێۆنەیە یان زیاترە و دیزە بەدەرخۆنە كراوە، ئەمە جگە لەو چەند ملیۆنەى تر كە بە ناحەق و بە ناڕەوا دەیدەن بە حیزبەكانى تر ، هەروەها جگە لەو (600000) شەش سەد هەزار موچەخۆرەى هەردوو حیزبى دەستەڵات كە تەنها دەوامى حیزبەكەتان و حیزبەكەى هاوپەیمانتان دەكەن . لە حكومەتیشدا هەیانە موچەیەك یان دوو موچەى ترى هەیە، ببورە جەنابى سەرۆك ئەگەر پرسیارەكانم كەمێك وەكو پرسیارەكانى بەكلۆرى ئەمساڵ قورسبن تۆزێ ناحەقم مەگرە . خۆ دیار بوو پرسیارەكانى ئەم ساڵى بەكەلۆریا بۆچى قورس كرابون، بۆ ئەوەى (خوێندكار و قوتابى و تەلەبە و فێرخواز) لەسایەى فەرمانڕەواى جەنابتاندا (دەرنەچن و نمرە كە بێنن و نەچنە زانكۆ) ، چونكە حكومەتەكەى جەنابتان تواناى وەرگرتنى ئەو هەموو هینەى سەرەوەى نیە و لەو سەریشەوە تواناى دامەزراندنى دەرچوانى زانكۆكانى نیە تەنها پلە یەكى (مەنسولەكان) نەبێت، كە ئەو گەنجانە (16 بۆ 18) ساڵ خوێدویانە ئەمە جگە لەوانەى كە (20) ساڵ خوێندویەتى ئەگەر ساڵێك دەرنەچون و ساڵێكیش خۆ هێڵانەوەى بۆ حساب بكەین لە پۆلى شەشدا.لە سایەى سەرى جەنابتان و حكومەتەكەتاندا دەبێت (20) بیست ساڵیش چاوەڕوانى دامەزراندن بكەن و پیرە حیزبیەكانیش با یەكى دوو سێ موچەیان هەبێت قەیناكات .
پێنجەم : بەڕێز جەنابى سەرۆك لە ژێر سایەى حكومەتەكەى بەڕێزتاندا فەرمانبەر هەیە موچەكەى (10000000) دە ملیۆن دینارە، هەر لە تەنیشتى ئەوەوە هەیە (140000) سەد و چل هەزار دینارە، پێم ناڵێى ئەمە چى ویژدانێكى زیندوو و مرۆڤ دۆست و كورد پەروەر و نیشتمان فرۆش دایناوە، ئەگەر جەنابتان ئەوە بە رەوا نازانن .. بۆ چەندین ساڵە ورتەتان لێوە نایەت؟
شەشەم: لە ساڵى (2003) بەدواوە لە بودجەى عێراق لەو لە (17%) یە بە پێى ئامارى خۆتان بڕى (31000000000) سى و یەك بلیۆن دۆلار زیاتر هاتۆتە كوردستانەوە واتە (سى و یەك هەزار ملیۆن) دۆلار. تكایە دەتوانین بپرسین كە چۆن خەرج یان حەپەلوش كرا ، تكایە زویر مەبە كەدەڵێم حەپەلوش چونكە جەنابت ئەگەر ئاگاشت لە هەموى نەبێت لە هەندێكى هەر ئاگادارى، بۆیە زۆر بەلاتەوە وشەى حەپەلوش ئاسایی بێت خۆ تێكدان و شپرژەبون و توڕە بونى ناوێت، چونكە خۆت چاك دەزانیت كە هەر لە ژێر سایەى خۆت و حیزبەكەى خۆت و حیزبەكەى هاوپەیمانتدایە لە ساڵى (1991) وە پارەو سامان و ژێرخانى ئابورى ئەم هەرێمە حەپەلوش دەكرێت.
حەوتەم؟ خوا پێم نەگرێت ناحەزانى جەنابت بە رەقەم دەڵێن: بودجەى ساڵانەى سەرۆكایەتى هەرێم (61000000000) شەست و یەك ملیار دینارە، ئەگەر بێین و دابەشى بكەین بەسەر رۆژەكانى ساڵدا بەمەرجێك (115) رۆژى جەژنەكانى سەرى ساڵ و نەورۆز و رەمەزان و قوربان و رۆژانى هەینى و شەممەى لێدەركەیت كە جەنابت پشوتە و دەوامت نیە ئەوا رۆژانە بڕى (2085470) $ دوو ملیۆن و هەشتا و پێنج هەزار و چوار سەد و حەفتا دۆلارى بەردەكەوێت، تكایە دەتوانى پێمان بڵێى: ئەم پارەیە چەندى خەرج دەبێت و چۆن خەرج دەبێت و چەندى دەگەڕێتەوە بانكى حكومەتى هەرێم و ئایە لەو پارەیە هیچى باڵدەگرێت بۆ هیچ یەكێك لە بانكەكانى ئەوروپا؟
هەشتەم: بەڕێز جەنابى سەرۆك.. ئەوە باسى سەروەرى یاسا و رەوشى مافى مرۆڤ و باسى چارەنوسى كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لەولاوە با بوەستێ، دەتوانى وەڵامى ئەم پرسیارەیانم نەدەیتەوە و ئازادى لە تەرك كردنى، ئەگەرتا بەروارى (23 / 7 / 2009) وەڵامى پرسیارەكانت دامەوە، ئەوا بێگومانبە دەنگى منیش و دەنگى منەكانى تریش مسۆگەر دەكەیت و هەر لە ئێستاوە پیرۆزبایى سەركەوتنت لێدەكەم، ئەگەر وەڵامیشت نەدامەوە ئەوا ئامۆژگاریت دەكەم تا ئەوبەروارەى سەرەوە دەست لە خۆ هەڵبژاردن بۆ سەرۆكى هەریم هەڵبگریت باشترە پێش ئەوەى كە ئەو رۆژە بێت و دەرنەچیت.
ئومێد محمد
[email protected] 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە