ته‌نها مه‌سعود به‌رزانى بۆى هه‌یه بیخوێنێته‌وه !!
Saturday, 18/07/2009, 12:00
به‌رِێز جه‌نابى سه‌رۆك ئه‌وه بۆ ماوه‌ى (18) هه‌ژده ساڵه خۆت و حیزبه‌كه‌ت له‌م هه‌رێمه‌دا باڵا ده‌ست و فه‌رمانرِه‌وا و فه‌رمان به ده‌ستن . ئایه ده‌توانیت راسگۆیانه و (شه‌فافانه) وه‌ك كه‌سێك كه خۆى به خزمه‌تكارى گه‌ل ده‌ناسێنێت ، وه‌ڵامى ئه‌م چه‌ند پرسیاره‌م بده‌یته‌وه ، ئه‌گه‌ر توانیت وه‌ڵامم بده‌یته‌وه ئه‌وا دڵنیابه كه به‌نده یه‌كێك ده‌بم له‌وانه‌ى كه ده‌نگت پێده‌ده‌م بۆ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامیشت نه‌دامه‌وه ئه‌وا ئامۆژگاریه‌كت ده‌كه‌م ، ئه‌گه‌ر به قسه‌م بكه‌یت ئه‌وا زه‌ره‌ر ناكه‌یت .!!
به‌رِێز جه‌نابى سه‌رۆك! .. ده‌توانى پێمان بڵێى : ئایه شه‌رِى ناوخۆ له‌سه‌ر چى بوو ؟ ئایه شه‌رِى كۆنه قین بوو یا له سه‌ر گومرگى ئیبراهیم خه‌لیل ؟ یاخود شه‌رِى نێوان دوو وڵاتى دراوسێ بوو ئێوه به وه‌كاله‌ت كردتان ؟ تكایه ئه‌گه‌ر ئه‌وانه نه‌بون ؟ هۆكارى راسته‌قینه‌ى ئه‌و شه‌رِه نه‌گریسه چى بوو تكایه وه‌ڵام ..
به‌رِێز جه‌نابى سه‌رۆك!.. ده‌توانى پێمان بڵێى : له به‌روارى (31)ى ئابى ساڵى (1996) دا ده‌بابه‌كانى رژێمى به‌عس چۆن هاتنه ناوشارى هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستانه‌وه؟ ده‌توانى پێمان بڵێى : ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى كه پێش ده‌بابه‌كان كه‌وتبون جه‌نابت نه‌ت ناردبون ؟ ئایه ده‌توانى پێمان بڵێى : ئه‌ندازیارى ئه‌و پیلانه كێ بوو ؟ ئه‌گه‌ر ده‌زانى پێمان بڵێ ، ئه‌گه‌ریش نازانى ئه‌وا ئیتر چۆن رێگا به خۆت ده‌ده‌یت خۆت هه‌ڵبژێرى بۆ سه‌رۆكى خه‌ڵكى هه‌رێمێك كه ده‌بابه‌كانى دوژمن له خه‌وى به‌یانیدا پایته‌ختكه‌یانى داگیر كرد و تۆش ئگات لێنه‌بوو ؟ خۆت بڵێ كه‌سێكى وا بۆ سه‌رۆكیان ده‌شێت ؟ !!
به‌رِێز جه‌نابى سه‌رۆك!... ده‌توانى پێمان بڵێى : خوێنى ئه‌و (10163) ده هه‌زار و سه‌د و شه‌ست و سێ شه‌هیده‌ى كه له شه‌رِى ناوخۆدا به سه‌ركردایه‌تى تۆ و سه‌رۆك تاڵه‌بانى كرا چى لێدێت ؟ ئایه خوێنى پاكیان هه‌روا به فیرِۆ رۆیشت و له نێوانى به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردوو سه‌رۆك و بنه‌مه‌ڵه‌كه‌یاندا دیزه به ده‌رخۆنه كرا‌و ته‌واو ؟!
ئایه جه‌نابى سه‌رۆك! خۆت له ئوتێل پاڵاس له سلێمانى نه‌توت ئه‌گه‌ر تاوانبارانى شه‌رِى ناوخۆ دادگایى بكرێن ئه‌وا جه‌نابت و جه‌نابى تاڵه‌بانى بێ‌تاوان ده‌رده‌چن ؟ ئه‌گه‌ر به ئه‌رك نابێت ده‌توانى پێمان بڵێى : كه تاوانباران كێین؟به‌رِێز جه‌نابى سه‌رۆك!... ئایه ده‌توانین بزانین چاره‌نوسى زیندانیانى سیاسى و گیراوه‌كانى شه‌رِى ناوخۆ چیان به‌سه‌رهات و چه‌ندیان شه‌ل و شێت و چه‌ندیان به‌ربون و چه‌ندیان تا ئێستا هه‌ر له زیندانه تاریكه‌كاندا ماون ، ئایه جگه له خوا و له خۆت و خۆیان و چه‌ند كه‌سێكى كه‌م نه‌بێت ، كه‌سى تر ئاگادارى له حاڵ و گوزه‌رانیان هه‌یه ؟ تكایه ئاواره‌كانى شه‌رِى ناوخۆ له پاى چی‌بوو ؟ تكایه هه‌رگیز به خه‌ونیش ئه‌وه نه‌یه‌ت به خه‌یاڵى جه‌نابتاندا كه ئه‌م پرسیارانه كینه‌یه‌كیان له پشته‌وه‌یه ، چونكه (به گریمانه واى دابنێ كه ئێستا جه‌نابت له‌به‌رده‌م دادوه‌رێكدایت و داواى وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه‌ت لێده‌كات) ؟!!
به‌رِێز جه‌نابى سه‌رۆك!. به‌نده دڵنیام كه ئێستا جه‌نابت هه‌ر دواى خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م چه‌ند دێرِه ده‌ست به‌جێ به‌شوێن وه‌ڵامى پرسیاه‌كان و ئه‌و ده‌ستانه‌دا ده‌گه‌رِێى كه بونه‌ته هۆى ئه‌و هه‌موو كاره نامرۆڤ دۆست و نا كورد په‌روه‌رانه‌دا و هه‌رگیز گومانى جه‌نابتان بۆ ئه‌وه ناچێت كه ده‌ستێك دابتاشن تا له پشتى ئه‌م نوسینه‌وه ناوزه‌دى بكه‌ن .
به‌رِێز جه‌نابى سه‌رۆك!... تكایه وامه‌زانه ئه‌گه‌ر ئێستا وه‌ڵام نه‌ده‌یته‌وه ئیتر من و منه‌كانى تر له ئێستا و ئاینده‌دا چاوه‌رِوانى وه‌ڵام نین ؟
ببوره جه‌نابى سه‌رۆك !.. هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌ڵامانه‌ى سه‌ره‌وه‌دا ئه‌م كورته وه‌ڵامانه‌شمان بدره‌وه :-
یه‌كه‌م : ئایه ده‌توانى بێ پێچ و په‌نا پێمان بڵێیت : موچه‌ى مانگانه‌ى جه‌نابتان چه‌نده ؟ ببوره كه ده‌ڵێم بێ پێچ و په‌نا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه خۆت و ده‌سته‌و تاقم كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندنت به‌رده‌وام باسى (دیموكراتیه‌ت و شه‌فافیه‌ت و مه‌ده‌نیه‌ت و ..هتد) !! ده‌كات و هه‌موو ئه‌و دروشمانه‌ش رێگا ده‌دات به هاوڵاتیه‌كى رۆژنامه‌نوسی وه‌ك به‌نده وه‌ڵامى ئه‌و پرسیارانه بزانم .
به‌رِێز جه‌نابى سه‌رۆك!... ئه‌و پرسیارى موچه‌یه به‌لاته‌وه گران نه‌بێت ،چونكه له حیزبه‌كه‌ى جه‌نابتاندا به‌رپرسى وات هه‌یه له ماڵه‌كه‌یدا بۆفى و كه‌نتۆر و مه‌عره‌زى نوێنه‌كه‌یشى له جیاتى جل و به‌رگ پرِكردوه له گورزه دینار و دۆلار و مناڵه‌كانى بۆ كرِینى چلوره و مه‌ساسه‌یه‌ك گه‌ڵاى دۆلار ده‌به‌ن بۆ خه‌رج كردن . ده‌توانى نوێنه‌رى خۆت بنێرى بۆ (نیوسیتى) له هه‌ولێر بزانى كه ساڵى پار ژنى كام (مه‌سئول) بوو بایى (80) هه‌شتا گه‌ڵا ورده‌واڵه‌ى كرِى بۆ ماڵه‌وه .
به‌رِێز جه‌نابى سه‌رۆك!... خۆ ئه‌مه ئه‌وه نیه هه‌ر (مه‌ئسول) ه‌كانى حیزبه‌كه‌ى تۆ وابن (مه‌ئسول)ى حیزبه‌كه‌ى هاوپه‌یمانیشت هه‌یانه(به گوته‌ى خۆى) بۆ خواردنى كفته‌یه‌ك له سلێمانیه‌وه چۆته (له‌نده‌ن) و پاشان بۆ به‌یانى هاتۆته‌وه . ئه‌مانه هه‌مووى ئه‌گه‌ر تا ئێستا نه‌تزانیوه تكایه بیانزانه .
دووه‌م : ئه‌گه‌ر به ئه‌رك نابێت ئه‌و برِه پاره‌یه‌ى كه له خۆراك به‌رامبه‌ر به نه‌وت مایه‌وه ئاسمان هه‌ڵیكێشا یان زه‌وى قوتیدا ؟ من نازانم چه‌ند بوو ؟ ئیتر جه‌نابت بڵێیت چه‌ند بوو برِوا ده‌كه‌م ، ئه‌نجا چیتان لێ‌كرد چونكه جه‌نابت (4) چوار ساڵه سه‌رۆكمانیت و درۆم لێنه‌بینیویت .. بیستومه ده‌ڵێن بۆتان هه‌ڵگرتوین لاى خۆتان . گوایه ئێمه‌ى هاوڵاتى گیرفانه‌كانمان كونه و ئه‌گه‌ر لاى خۆمان بوایه ئه‌وا تا ئێستا ونمان كردبوو . ماڵتان ئاوا بێت به‌رِاستى ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێكى دڵسۆزانه‌و كوردپه‌روه‌رانه‌ى ترتان و هه‌رگیز بیرمان ناچێت . تخوا ئه‌و برِه پاره‌یه چه‌ند بوو با هه‌ر بیزانین بۆ مێژوو باشه .
سێیه‌م : تكایه پێمان بڵێ : ئه‌و (1600000000) ملیار و شه‌ش سه‌د ملیۆن دۆلاره‌ى كه له شیرینى گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كان هه‌ڵتان گرت چیتان لێ‌كرد ؟ ئایه ئه‌و پارانه‌ى كه له‌م هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژادنه‌دا خه‌رجتان كرد له‌و پاره‌یه‌ى تیا‌بوو؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ت به‌ڵێیه ئه‌وا به‌نده وه‌ك هه‌وڵاتیه‌ك قبوڵم نیه و له‌به‌شى خۆم خۆشنابم و به هه‌موو میله‌تیش ده‌ڵێم كه ئه‌وانیش له به‌شى خۆیان خۆش نه‌بن ، ئه‌گه‌ریش بۆتان هه‌ڵگرتوین ، ئه‌وا تكایه بێ سه‌ر ئێشه بمانده‌نه‌وه ، چونكه ئێمه‌یش گیرفانه‌كانى خۆمان دوریوه‌ته‌وه ، مه‌ترسن كه لاى خۆشمان بێت لێمان ناكه‌وێت .
چواره‌م : ئێوه و حیزبه‌كه‌ى هاوپه‌یمانتان مانگانه برِى (70000000) حه‌فتا ملیۆن دۆلار له بودجه‌ى هه‌رێم حه‌په‌لوش ده‌كه‌ن ،تكایه ئه‌و حه‌په‌لوشه به چ یاسا و ده‌ستورو رێسایه‌كه ؟ بۆ هه‌ر خۆتان بیزانن تكایه با منیش و خه‌ڵكى تریش بزانێت خۆ گوناه و تاوان نیه ؟!!
به‌راست جه‌نابى سه‌رۆك! هه‌ر ئه‌و (70) حه‌فتا ملێۆنه‌یه یان زیاتره و دیزه به‌ده‌رخۆنه كراوه ، ئه‌مه جگه له‌و چه‌ند ملیۆنه‌ى تر كه به ناحه‌ق و به نارِه‌وا ده‌یده‌ن به حیزبه‌كانى تر ، هه‌روه‌ها جگه له‌و (600000) شه‌ش سه‌د هه‌زار موچه‌خۆره‌ى هه‌ردوو حیزبى ده‌سته‌ڵات كه ته‌نها ده‌وامى حیزبه‌كه‌تان و حیزبه‌كه‌ى هاوپه‌یمانتان ده‌كه‌ن . له حكومه‌تیشدا هه‌یانه موچه‌یه‌ك یان دوو موچه‌ى تر‌ى هه‌یه ، ببوره جه‌نابى سه‌رۆك ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كانم كه‌مێك وه‌كو پرسیاره‌كانى به‌كلۆرى ئه‌مساڵ قورسبن تۆزێ ناحه‌قم مه‌گره . خۆ دیار بوو پرسیاره‌كانى ئه‌م ساڵى به‌كه‌لۆریا بۆچى قورس كرابون ، بۆ ئه‌وه‌ى (خوێندكار و قوتابى و ته‌له‌به و فێرخواز) له‌سایه‌ى فه‌رمانرِه‌واى جه‌نابتاندا (ده‌رنه‌چن و نمره كه بێنن و نه‌چنه زانكۆ) ، چونكه حكومه‌ته‌كه‌ى جه‌نابتان تواناى وه‌رگرتنى ئه‌و هه‌موو هینه‌ى سه‌ره‌وه‌ى نیه و له‌و سه‌ریشه‌وه تواناى دامه‌زراندنى ده‌رچوانى زانكۆكانى نیه ته‌نها پله یه‌كى (مه‌نسوله‌كان) نه‌بێت ، كه ئه‌و گه‌نجانه (16 بۆ 18) ساڵ خوێدویانه ئه‌مه جگه له‌وانه‌ى كه (20) ساڵ خوێندویه‌تى ئه‌گه‌ر ساڵێك ده‌رنه‌چون و ساڵێكیش خۆ هێڵانه‌وه‌ى بۆ حساب بكه‌ین له پۆلى شه‌شدا .له سایه‌ى سه‌رى جه‌نابتان و حكومه‌ته‌كه‌تاندا ده‌بێت (20) بیست ساڵیش چاوه‌رِوانى دامه‌زراندن بكه‌ن و پیره حیزبیه‌كانیش با یه‌كى دوو سێ موچه‌یان هه‌بێت قه‌یناكات .
پێنجه‌م : به‌رِێز جه‌نابى سه‌رۆك له ژێر سایه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى به‌رِێزتاندا فه‌رمانبه‌ر هه‌یه موچه‌كه‌ى (10000000) ده ملیۆن دیناره ، هه‌ر له ته‌نیشتى ئه‌وه‌وه هه‌یه (140000) سه‌د و چل هه‌زار دیناره ، پێم ناڵێى ئه‌مه چى ویژدانێكى زیندوو و مرۆڤ دۆست و كورد په‌روه‌ر و نیشتمان فرۆش دایناوه ، ئه‌گه‌ر جه‌نابتان ئه‌وه به ره‌وا نازانن .. بۆ چه‌ندین ساڵه ورته‌تان لێوه نایه‌ت ؟
شه‌شه‌م : له ساڵى (2003) به‌دواوه له بودجه‌ى عێراق له‌و له (17%) یه به پێى ئامارى خۆتان برِى (31000000000) سى و یه‌ك بلیۆن دۆلار زیاتر هاتۆته كوردستانه‌وه واته (سى و یه‌ك هه‌زار ملیۆن) دۆلار . تكایه ده‌توانین بپرسین كه چۆن خه‌رج یان حه‌په‌لوش كرا ، تكایه زویر مه‌به كه‌ده‌ڵێم حه‌په‌لوش چونكه جه‌نابت ئه‌گه‌ر ئاگاشت له هه‌موى نه‌بێت له هه‌ندێكى هه‌ر ئاگادارى ، بۆیه زۆر به‌لاته‌وه وشه‌ى حه‌په‌لوش ئاسایی بێت خۆ تێكدان و شپرژه‌بون و تورِه بونى ناوێت ،چونكه خۆت چاك ده‌زانیت كه هه‌ر له ژێر سایه‌ى خۆت و حیزبه‌كه‌ى خۆت و حیزبه‌كه‌ى هاوپه‌یمانتدایه له ساڵى(1991) وه پاره‌و سامان و ژێرخانى ئابورى ئه‌م هه‌رێمه حه‌په‌لوش ده‌كرێت .
حه‌وته‌م ؟خوا پێم نه‌گرێت ناحه‌زانى جه‌نابت به ره‌قه‌م ده‌ڵێن : بودجه‌ى ساڵانه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم (61000000000) شه‌ست و یه‌ك ملیار دیناره ، ئه‌گه‌ر بێین و دابه‌شى بكه‌ین به‌سه‌ر رۆژه‌كانى ساڵدا به‌مه‌رجێك (115) رۆژى جه‌ژنه‌كانى سه‌رى ساڵ و نه‌ورۆز و ره‌مه‌زان و قوربان و رۆژانى هه‌ینى و شه‌ممه‌ى لێده‌ركه‌یت كه جه‌نابت پشوته و ده‌وامت نیه ئه‌وا رۆژانه برِى (2085470) $ دوو ملیۆن و هه‌شتا و پێنج هه‌زار و چوار سه‌د و حه‌فتا دۆلارى به‌رده‌كه‌وێت ، تكایه ده‌توانى پێمان بڵێى : ئه‌م پاره‌یه چه‌ندى خه‌رج ده‌بێت و چۆن خه‌رج ده‌بێت و چه‌ندى ده‌گه‌رِێته‌وه بانكى حكومه‌تى هه‌رێم و ئایه له‌و پاره‌یه هیچى باڵده‌گرێت بۆ هیچ یه‌كێك له بانكه‌كانى ئه‌وروپا ؟
هه‌شته‌م : به‌رِێز جه‌نابى سه‌رۆك!...ئه‌وه باسى سه‌روه‌رى یاسا و ره‌وشى مافى مرۆڤ و باسى چاره‌نوسى كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كان له‌ولاوه با بوه‌ستێ ، ده‌توانى وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌یانم نه‌ده‌یته‌وه و ئازادى له ته‌رك كردنى ، ئه‌گه‌رتا به‌روارى (23 / 7 / 2009) وه‌ڵامى پرسیاره‌كانت دامه‌وه ، ئه‌وا بێگومانبه ده‌نگى منیش و ده‌نگى منه‌كانى تریش مسۆگه‌ر ده‌كه‌یت و هه‌ر له ئێستاوه پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتنت لێده‌كه‌م ، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامیشت نه‌دامه‌وه ئه‌وا ئامۆژگاریت ده‌كه‌م تا ئه‌وبه‌رواره‌ى سه‌ره‌وه ده‌ست له خۆ هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكى هه‌ریم هه‌ڵبگریت باشتره پێش ئه‌وه‌ى كه ئه‌و رۆژه بێت و ده‌رنه‌چیت .
7 / 7 / 2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست