پرسیارەكانی رۆشنبیر و فەزای رۆشنبیری كوردی
Sunday, 27/12/2009, 12:00
بەشی یەكەم
دەبێت لە كوێوە دەست پێبكەین ؟ چۆن پرسیارەكانمان بەرجەستەبكەین؟چۆن باس لە بواری رۆشنبیری كوردی بكەین؟ لەم بارودۆخە پڕ لە كارەسات و قەیراناوییەی كە زەمەنێكی دورو درێژی بەبێ ئاگایی بڕیوە ..زەمەنێك ئەرك و گرنگی رۆژنامە و بواری رۆژنامەگەری كوردی و میدیاكانی راگەیاندن و بواری رۆشنبیری چۆن پرۆسەی پەیوەندیان بەوانی ترەوە بەرجەستە كردوە ؟ لە روداوە مێژویی و كودەتا ئەنتۆلۆژیەكاندا چی خوێندنەوەو ئامادەكاریەك كراوە..؟چی
عەقڵێكی پێكهاتەیی بەرجەستە كردوە ؟چۆن بەڕوی روداوەكانی واقیعدا كراوەتەوە؟ئایاچۆن لەو تەلیسمە بەستەڵۆكیانە دەردەچێت كە رۆژانە دێنە بەردەمی؟چۆن روبەڕوی پرسیارە ئەنتۆلۆژیەكان دەبێتەوە..؟چۆن بەرهەمهێنان لە فەزا و پانتاییەكانا دەكات؟
لەكاتێكدا كەوتوینەتە قەیرانی بێ پرسیاری و ون بونی روخسار و مەرگی جەدەل و مەعریفە.. ئاساییە بپرسین لەم تێكەڵاوییەی رۆشنبیری كوردیدا چۆن ڕەش لە سپی و گوناه لە پاكیزەیی جیا بكەینەوە؟ كامەیە پەیام و گرنگیەكانی رۆشنبیری و رۆشنبیر كێیە؟ لە كاتێكدا ئێستا بەهەمو داهێنەر و گڕوگاڵكەرێك دەگوترێت رۆشنبیر و نوسەر؟ كە ئەمەش هەقى ڕەواى هەر حیزبێكە كە خاوەنی میدیا بێت و بتوانێت فیكری خۆی پیادە بكات..وە هەمو كەسیش لەمانە پێی بگوترێت رۆشنبیر.. بەڵام لێرە ڕۆشنبیریان پەردە پۆش كردووە..واتە پۆڵینی بواری رۆشنبیری نەكراوە.. جگەلەوەش هیچ میدیا و كەناڵ و بڵاوكراوەیەكی سەربەخۆنیە .. بەم جۆرەش بواری رۆشنبیری ترسناك بوەو لەناو گۆڕانەكانیشا بە سەرلێشێواوی ماوەتەوە ..لەكاتێكدا رۆژانە لاپەڕەی رۆژنامەكان دەخوێنینەوە لەبری ئەوەی بەپێشبڕكێی گۆڕانەكان و دەرخستنی نادیارو زانیاری نوێ و هۆشیاركردنەوە و عەقڵیەتی گفت وگۆكەر لەسەر روداو و پەیوەندی و ئامراز و هۆكارەكانی گەیاندن و لێك تێگەیشتن لە هەڵوێست و ئەزمون و فەرەیی شێواز و مامەڵەی گشتگیری و دۆزینەوەی زمانی نوێ كە بمانخاتە ژێر شەپۆلی بیركردنەوەو گومان و راڕایی بۆ گۆڕانی بنەڕەتی ..هتد.
بەداخەوە بە پێچەوانەی ئەمانەوە زۆریان بۆنی خوێن دایپۆشیون ..بۆ؟ زۆربەیان بە ئاشكرا دەڵێن: شەڕ..شەڕ..بە مانشێت و باسەكانیان ئاگری شەڕ كۆدەكەنەوە .. هەریەكە دژی لایەك دەنوسێت .. بۆچی شەڕ.. كێ كێ بكوژێت ؟ ئایا پێكهاتەی ئەم حیزبە سیاسیانە هەر رۆڵەی كورد نین ..؟كە كاری رۆشنبیر بەر لە هەمو كەس خوێندنەوە و گۆڕینی وێنەی خۆی و كێشەیە لەگەڵ فیكری خۆیدا..تێكشكاندنی تەباییە لەگەڵ دەسەڵات..هەڵوێستە كردنە لەو شتەی كەبیری لێدەكەینەوە ..شەڕی ئێستاش جەنگی گۆڕانكاریەكانە لە دەستور و یاسا و پێشكەوتنەكان..جەنگی داهێنان و ئیشكردن و خۆدۆزینەوە و پێشبڕكێ و رای جەماوەریە..ئیتر هەر هێزێكی سیاسی دەتوانێت لەگەلأ گۆڕانكاریەكان بژی گەشە دەكات و ئەوی تری بەرەو پوكاندنەوە دەچێت..ئەمەش رەوایە زۆر هێزی سیاسی كوردی جگە لەوەی موقەدەرێكن بۆ كورد هیچی تر نین؟ئیتر شەڕ لێرەوە شەڕی عەقڵ و پێشكەوتنە و هیچ فەزایەك بۆ شەڕی سەنگەر نەماوەتەوە .
بەداخەوە پێچەوانەی ئەم سیفاتانەی رۆشنبیر..نە دەسەڵاتێك بۆ رەخنە هەیە و نە وەهم بۆ رۆشنبیری و نە خستنە سەر و جەدەلێك بۆ زانیاری و خوێندنەوەی روداوی رۆژانە و ئەركی تری رۆژنامەنوسی هەواڵ و داهێنانی رۆشنبیری هەیە ..كە بواری رۆشنبیری هەمویان هەوڵی بەرهەمهێنانی مەعریفە دەدەن .. نوسین گەیشتۆتە حاڵەتێك هەقە بڵێین: حورمەتێك بۆ قەڵەم و نوسین بهێڵدرێتەوە..چونكە قەڵەم مانای عەقڵ و ئاشتی بیركردنەوە و فڕێدانی چەك و شەڕەنگێزیە.. كارەساتەكە لەوەدایە هەمووى بە ناوى ڕۆشنبیرو بوارى ڕۆشنبیریەوە دەژمێردرێن كە لە ڕاستیدا زۆربەی شەڕى كادری دواكەوتوى حیزبە نەكو ڕۆشنبیرى .. چونكە رۆشنبیر چاوێكی ترە بۆ سیاسی و پرۆژەیەكی جێگرە بۆی و لە هەمو بارێكدا پەیوەندی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بە هەمو كێشە فیكری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوریەكانەوە هەیە..بە هەمو ئەو بنەمایانەی كە هێزی جوڵانەوە و پەیوەندی وگۆڕانن لەگەلأ سروشت و واقیعدا . بە دۆزینەوە و دەرخستنی كردار و مومارەسەو هەڵوێستەكانەوە.
لێرەوە دەكەوینە نێو تۆڕی دەیەها پرسیاری گرنگ ..كە ناكرێت هەروا بەسانایی تێپەڕی ئەو كارەساتانە بكرێت و لەسەر رۆشنبیری كوردیش بكەونەوە؟ئێمە زۆر جار لە لێكۆڵینەوە جیا جیاكانماندا پۆڵینی رۆڵی رۆشنبیرمان كردوە لە هەمو ئاستەكاندا و بەپێی تیئور و توێژینەوەكان شیكاریمان كردوە ؟ ئەوەی گرنگە ئاشكرایە لە كادری حیزبێكەوە تا مامۆستا و پزیشك و فەرمانبەرێك و رێكخراوە پیشەییەكان و... تاد رۆشنبیرە .. هەروەكو (عەلی حەرب) ئاماژەی پێدەكات رۆشنبیری بەمانا گشتگیریەكەی دروست كردنی ژیان و كاركردنە لە سروشتدا و شێوەیەكە لە شێوەكانی گەیاندن و ئاڵوگۆڕ،بەم پێەش مرۆڤ بێ رۆشنبیری نابێت .ئەگەر لە كەسانی كاری فیكری بێت یان لەكەسانی كاری دەستی ،لەبەر ئەوەی لەبنەڕەتدا مرۆڤ بەبێ فیكر نیە.
توێژەكانی رۆشنبیری زۆر ئاست دەگرنەوە .. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە كامەیە رۆشنبیری داهێنەر و ئەرك و سیفاتەكانی ؟كام دەستەیەیە كە ئەركی گرنگی گۆڕانیان لە ئەستۆدایە؟ كامەیە ئەو دەستە هەڵبژێردراوەی كە بە فیكرەكانیان ئێمەو جیهان دەگۆڕن .. ؟ چۆن لە پانتاییەكانی فیكر و مەعریفەدا كار دەكەن؟كام نامەیەیان پێیە بۆ ئێستا و نەوەكانی ئایندە؟ چۆن دەڕواننە بە جیهانی بون .؟چۆن دیوار و بەربەستەكان تێكدەشكێنن؟ چۆن دەمانخەنە ناو گومان و بیركردنەوە و پرسیارەوە .
چونكە كاری رۆشنبیر تێپەڕاندن و خستنە سەر و دەستنیشانكردنی گرفت و قەیرانەكان و كێشە و ململانێ و نادیار و شتە ونەكان و..دامەزراندنی چەمكی نوێ و تێكشكاندنی چەمكە باوەكانە.. ئەو كەسەیە كە هەمیشە كێشەى لەگەڵ فیكرى خۆیدایە و هەوڵی دامەزراندنی دەسەڵاتی ڕۆشنبیری دەدات.. لێرەدا دەرفەتێ بۆ دەسەڵات ئەكرێتەوە كە پێش بكەوێت نەكو بە ستایش و پیاهەڵدان و هێرشی ناڕەوا.
ئاشكرایە هەمو دەسەڵاتێكی دیموكراتی راستەقینە زیاتر بایەخی بەم هەڵبژاردەیەی رۆشنبیری داوە نەكو كەسانی ناو حیزب.. بە خۆڕایی نیە كە (لینین) كەسێكی وەكو (پوشكین) بە واقیعی تر و باشتر دەزانێت لە (مایكۆفسكی)كە ئەو بەدەنگی شۆڕشی برۆلیتاریا لەقەڵەم دەدا كەدوای سەركەوتنی شۆڕش دەپوكێتەوە .
ئەگەر بەوردی چاوێك بە زۆر لەو نوسینانەدا بخشێنین كە لە رۆژنامە كوردیەكاندا بڵاودەبنەوە .. دەبینین جگە لە ریپۆرتاژ و نوسینی كاڵی سەرپێی و جنێو و هێرشی ناڕەوا هیچی تر نین .. ئەمانە ناتوانن جەدەل دروست بكەن توانای بە دواداچون و پرسیار و توێژینەوە و خوێندنەوەی رابرد و ئێستا و ئایندەیان نیە..ناتوانن بەدوای رەوداوەكاندا بچن و دایەلۆگ دروست بكەن .. جگە لەوەش كە لەسەر كەناڵەكان گۆنگرە و روبەڕوبونەوە و چاوپێكەوتنیان دەبینرێت زۆری پرسیارەكان هیچ ماناو شێواز و جەوهەری پرسیاریان تیا نیە .. بەكورتیش بواری رۆشنبیری لە قەیرانی مەرگی پرسیاردایە .
ئەمەش زۆر هۆكاری هەیە ..كە سەرەكی ترینیان ئەوەیە كە هیچ میدیا و بڵاوكراوەیەكی ئازاد نیەو هەموی سەر بە لایەنێكە و بە دزیەوە وەكو زمان حاڵ وایە..لەلایەكی تریشەوە كەسی پرسیاركەر ئەو كەسەیە كە توانای داهێنانی هەیە..خوێنەرێكە ئەوەی دەیخوێنێتەوە دەیگوێزێتەوە بۆ پرۆژەیەكی بەرهەم هێن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبونى میدیا و ڕۆژنامەى ئازاد كە دەرفەتێكى واى كردۆتەوە كە بوارى ڕۆژنامەوانى كوشتوە.. بەجۆرێك كە ئاستەكانى ڕۆشنبیرى و پەیوەندى خوێنەرو نوسەر پچڕاوە چونكە بواری داهێنان تەنیا لەو ئاستەدایە كە ڕیكلامە بۆ ئەو حیزبەى بە دزیەوە ئەركى دەرچونى ڕۆژنامەكە دەردەكات.ئەو باسانەی بە قازانجی ئەو دەشكێتەوە ..نەكو بە دواداچون و خوێندنەوەیەك بۆئەركە مەعریفیەكانی.یاخود پێگەی لە پرۆژەی گرنگی گۆڕانكاریەكاندا.؟
ئەم بوارە گەیشتە ئاستێك پێویستى بە تەقینەوە هەیە.. هەمویشمان دەكەوینە بەر دادگایى كردنى مێژوو .. چونكە ئەركى ڕۆشنبیر گۆڕینى واقیع و بەرەو پێشبردنیەتى بۆ ئاستێكی تر..شكاندنی بەربەستەكانی فیكری چەق بەستو دیوارە تاریكەكان و سنورەكانە نەكو سەرلێشێواندن و چاوبەستەیی.
ئەگەر دیسان چاوێك بە میدیا و بوارى ڕۆژنامەى كوردیا بخشێنینەوە.. دەبینین هیچ ئاسۆیەكیان نەكردۆتەوەو هیچ پرسیارێكیان نەهێناوەتە ئاراوە.. ڕۆژانە زۆربەی لاپەڕەكان بە باسە سواوەكانى مێژوو پاڵەوانێتی و لاسەنگ بون و هەڵدانەوەی لاپەڕە زانراو و سواوەكانی رابردو .. برینداركردن و برین كولاندنەوە و هتد. ڕەش دەبنەوە ،هیچ بڵاوكراوەیەك نیە بێ لایەنی خۆی پاراستبێت..بای هەریەكەیان بۆ لایەك هەڵدەكات..بە بێ ئەوەى بتوانن بەدواداچون و خستنە سەر و دەرخستنی تەنگەژە و مامەڵە لەگەڵ قەیرانەكانا بكەن و ئاسۆیەك بۆ ئایندە بكەنەوە یاخود لە پرسیارەكانى فیكرو مەعریفەدا سەرقاڵمان بكەن.
ئێستا دەبوو رۆشنبیری كوردی ئاستەنگی گرنگی ببڕیایە ڕۆژنامەنوسانى كورد پانتاییە گرنگەكانى فیكرو داهێنانیان بە پرسیارو بەدواداچون و گەڕانەكانیان پڕبكردایەتەوە. لە بواری خۆیان كە زانیاری و داهێنانە لە بواری گرنگی شارستانی و بە جیهانی بون .
لێرەوە دەتوانین بپرسین: چی بە دواداچونێك بۆ جوتیارانی كورد هەیە؟ چۆن وەزارەتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و ئاوەدانكردنەوە وكارەبایان خستۆتە ژێر پرسیارەوە؟ئایا دەزانرێت ژیانی جوتیاران چیە؟كامەیە بەروبومەكانیان؟داهات و هاوكاریان؟كە كاریگەریەكی گەورە و بۆشاییەكی فراوانیان لە هەمو بوارەكاندا كردۆتەوە. یاخود چۆن خوێندنەوەیان بۆ كێشە كۆمەڵایەتیەكان و شارستانی و كرێكارانی مەعریفە و كرێكارانی راگەیاندن كردوە..؟ یاخود لە هەمو كەلێنەكانی بواری كۆمەڵایەتی و لەلایەكی تریش پرسیارمان لە سەر بواری رۆژنامەوانی رۆشنبیری هەیە كە پابەندی داهێنانن لە سەدان پرسیاری گرنگ كە روبەڕومان دەبنەوە لە كێشە ئەنتۆلۆژی و مەعریفیەكان.
پرسیارەكان زۆرن و زمانمان لاڵ دەبێت ..لە كاتێكدا باری چینایەتی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی توێژینەوە و جەدەلێكی لەسەر نیە، ئایا كۆمەڵگەی كوردی ئێستا لە چی ئاستێكدایە؟چی قۆناغێكی لە گەشەسەندنەكانا بڕیوە؟بەرەو كوێ دەچێت ؟كامەیە پێگەی لە گۆڕانەكانا؟لە مۆدێرنێتە و پێش مۆدیرنیتەو بەجیهانی بون .. دەكرێت كۆمەڵگەیەك بەناو ئەو هەمو گۆڕانە باڵایانەی دەسەڵاتدا تێپەڕێت و نەتوانێت گۆڕانێكی ریشەیی بكات ..؟!كە ئەمەش كاری كەسەكانی فیكر و توێژەرەوەی بوارە جیا جیاكان و رۆشنبیران و رێكخراوە و دامەزراوە رۆشنبیریەكان وكاری دانیشتگا و زانكۆكان و نامەكانی ماجستێر و دكتۆرایە.
ئەوەی ئاشكرایە هەمو ئەو گۆڕانانە دەرەكی و روپوش بون و لە ناوەوە و لە رۆحدا نەكراون . ئەمانە هۆكارەكانیان چین و لە چیەوە سەرچاوەیان گرتوە..؟بۆچی بەدرێژایی 18 سالأ نەتوانراوە بەرەو گۆڕانكاری بچین؟ و تەنیا سەیرمان كردوە .ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات كە تەنیا هەوڵی پاوان كردن و كوشتنی رۆشنبیری داوە و زۆربەی كەسەكانی رۆشنبیریش دامەزراوەكانیان خستە خزمەتی دەسەڵاتەوە ،بەم شێوەیەش هەمیشە بیرو پرسیاریان كوشتوە و ئێمەشیان كردۆتە سەما كەری پاڵەوانێتیەكان ،لەناو ڕۆشنبیریەكی بەر تەسكی سەرەتایی حیزبەكانا گێژیان كردوین.
كە ئەم هەژانە كاری بواری رۆشنبیری بو كە بتوانێت دەسەڵاتی خۆی هەبێت.. بەڵام ئەم بوارە بەرەو ناو حیزبەكان چون و بە خۆیان و دامەزراوە نەتەوەییەكانەوە و بون بە جێگری رۆشنبیری و پێگەكانیان گرتوە بەبێ پۆڵینكاری..چی حەقێك بو یەكێتی نوسەران و هونەرمەندان و زۆر پێگەی تر بچنە ناو ئەم حیزبانەوە ؟ ئەوانە چۆن ئەو بەرپرسیارێتیەیان خستۆتە ئەستۆ؟چۆن دەبێت دام و دەزگای ئەمانە لە نێوان دوحیزبدا دابەش بكرێت..؟ئایا ئەمانەش خرانە ئاستی فەوج و لیواوە..؟بەچی حەقێك پێگەی رۆشنبیریشیان بەش كرد؟. ئەوەش پابەندی باری زەلیلی لە رادەبەدەری ئەو كەسانەیە كەبونەتە جێگری رۆشنبیری و خۆیان كردۆتە زمانحاڵ دەیانەوێت مێژو بە سێڕیسكێن و ئاشەبەتەنورە بخەڵەتێنن ..بۆیەش ناچارین بپرسین كامەیە ماڵی رۆشنبیری كورد..؟هەر بۆیەش دەبێت نەوەی نوێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات چونكە بەرپرسن بەرامبەر بە مێژوی رۆشنبیری نەتەوەیەك .. بەرامبەر بەبێ باوك بون و بە زۆڵ زانینی زۆربەمان .
ئەمە كاریگەری گەورەو كوشندە بو بۆ كورد.. كە جگە لە هەڵبژاردەیەكی كەمی رۆشنبیری لە دەرەوەی دەسەڵات كەوەك (زۆڵ) سەیر كراون ..ئیتر هیچ ناتەباییەك نەبوە و دەسەڵاتی رۆشنبیریش بەرجەستە نەبوە كە دەسەڵاتی رەمزیە واتە دەسەڵاتی قسە و نوسینە بەرامبەر شمشێر و دارایی وەك (علی حرب) ئاماژەی پێدەكات . بۆیەش دەسەڵاتی رۆشنبیری ئەو دەسەڵاتە بوە كە لەناو دەسەڵاتی حیزبدا بە پاشكۆیەتی كاری كردوە .. پرسیاری سەرەكی ئێمە هەمو ئەو رەوتە گرنگانە دەگرێتەوە كە ئەمڕۆ بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی كوردیان لە دەستدایە ..ئایا دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسە یاخود پێگەكانی رۆشنبیری توانایان نیەو تەنیا لەم دەسەڵاتە سودمەندن..؟كوا رۆڵی یەكێتی نوسەران و دانیشتگا و زانكۆكان ..؟ هونەرمەندان و ریكخراوە پیشەیی و رۆشنبیریەكان؟كە زۆربەیان هەرە جێگە ترسناكەكانیان لە هەردو حكومەتدا گرتوەو بونەتە راگری جێگری رۆشنبیری..
لێرەوە دەتوانین بڵێین: هەمو لایەك بەرپرسن چونكە نەدەسەڵات ئەو رۆڵەی بەبێ ئینتما داوە بە هیچ كەس و لایەن و رێكخراوێك و نە بواری رۆشنبیریش ئەو تواناو كارامەییەی هەبوە كە بتوانێت دەسەڵاتی خۆی هەبێت.ئەمەش بە هۆی دەمامكی دەستە رۆشنبیریەكان و پاشقولگرتنیان لە بواری رۆشنبیری و بە حیزبی كردنی پێگەكان. ئەگەر رۆشنبیرانی كورد ئەو كارەساتەیان بە رۆشنبیری نەكردایە ئەوا ئێستا دۆخێكی ترمان دەبو .. ئەمەش مانای بەرپابونی شۆڕشێكی بەرفراوانە لە هەمو بوارەكاندا كە تا ئێستا كورد نەیكردوە . چونكە پێویستی گۆڕانكاری دەبێت رەگی درەختیش بگرێتەوە..كورد تا ئێستا بە شداری هیچ شۆڕشێكی پیشەسازی و بۆرژوازی و كشتوكاڵی و ریشەیی نەكردوە هەروەك (فیێل دراج) ئەو رەخنەیە لە فەزای عەرەبی دەگرێت ..ئەمەش گەورەترین كارەساتە كە بەردەوام لە جیهان بە دابڕاوی و لە ناوخۆشدا بەدواكەوتویی ماوەتەوە ..ئەوەشی كە گرنگە شۆڕشی رۆشنبیریە كە پێویستی و گرنگی ئێستایە و پێویستە رۆشنبیری هەڵبژاردە دەربكەوێت و دایناسۆرەكانی رۆشنبیری كوردی پەردەیان لەسەر هەڵبماڵرێت..و بواری رۆشنبیری كوردی لە هەمو ئاستەكاندا پۆڵینكاری بكرێت و ببوژێتەوە .
ئەمانەش ئێمەیان بێزمان و كەڕو لاڵ كردوەو نەیهێشتوە زمان بكەینەوە میدیاو رۆژنامە و فەزاكانی رۆشنبیری لە ناوەندی قەیرانەكانەوە نەژیاونەتەوە هەتا ناكۆكی پرۆژەكان لە نێوان حەق و ناحەق یان دەسەڵات و مەعریفە دروست ببێت و فەزایەكیان نەخوڵقاندوە هەتا بەرەو زمانێكی رۆشنبیری و كۆمەڵگەیەكی مەدەنی بچین ولەدایەلۆگی شارستانی و بە جیهانی بوندا بەشداری بكەین .. كەپێویستە بەرەو فەزای رۆشنبیری خوڵقێنەر و بەرفراوان بچین بە بەرەوپێشبردنی رۆژنامە و میدیا و فەزای ئازاد و نوێ.. كە بە رۆڵی خۆیان بمانخەنە ژێر پرسیارەوە هەتا لە گۆڕانكاریەكانا بژین و بەشداری لە گۆڕانەكانی بە جیهانی بون بكەین و عەقڵمان بەروی واقیع و بزوتنەوەو ئاڵۆزایەكانیدا بكرێتەوە.
بهشی دووهم:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7c8d7b1d
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست