ڕاگەیەنراوى ژمارە (دوو) له گروپى زەنگى زانكۆوه.
Friday, 08/04/2011, 12:00
بەناوى خواى گەورە
جەماوەرى بەشەرفى كوردستان و شۆڕش گێڕە كۆڵنەدەرەكان ئەى ئەوانەى دژى زۆردارى و ستەم دەوەستنەوە ، سڵاوى خواتان لێبێت.
بەڕێزان ئێمە وەك (گروپى زەنگى زانكۆ) لە زانكۆى سەلاحەددین لە بەروارى (30/3/2011) خۆمانمان ڕاگەیاند و پشتیوانى و ئامادەبوونى خۆمانمان بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان لە زانكۆى سەلاحەددین و هەولێر ڕاگەیاند. بەڵام كاتێك لە هەولێرى پایتەخت كۆمەڵێك قوتابى و خوێندكارى زانكۆ لە ڕۆژى (دووشەممە 4/4/2011) خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا ئێمەش وەك (گروپى زەنگى زانكۆ) لە كاتى خۆپیشاندانەكەدا هەواڵمان پێدرا دەستبەجێ ئەندامەكانمان ئاگادار كردەوە بۆ بەژداریكردن لەو خۆپیشاندانە بەڵام پێش ئەوەى ئێمە بگەینە شوێنى خۆپیشاندانەكە هێزە سەركوت كەرەكانى پارتى و پاراستن بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران كردبوو، وە هەردوو ڕۆژنامەنووس (نیاز عبدوالله، وریا حمەكریم) دەستگیركرابوون.
شۆڕش گێڕان و دۆستانى كورد و كوردستان و هاونیشتمانیان ئەم دەسەڵاتە سەركوت كەرەى هەولێر بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان و قوتابى و خوێندكارانى زانكۆ دەكات كەتا ئێستا مەگەر ڕژێمە گۆڕبەگۆڕەكەى بەعس شان لە شانى بدات. ئێمە كەلە زانكۆ دەوامى ئاسایی خۆمان دەكەین بەڵام ئەم ڕژێمەى هەولێر بەهەموو شێوەیەك سەركوتمان دەكات لە ڕێگە هەڕەشە و چاو لێسوور كردنەوە و هەوڵێكى زۆریش دەدات بۆ كڕێنى قوتابیان و خوێندكارانى زانكۆ بەپارە، ئەم دەسەڵاتە بەهەموو شێوەیەك هێزى چەك و پارە بەرامبەرمان بەكاردەهەێنێت بۆ مانەوەى خۆى لەدەسەڵات، وە ئێستاش زانكۆكەمان بووەتە دەزگایەكى ئیستیغباراتى و وەتەنانەت واى لە قوتابیان و خوێندكاران كردووە كە متمانەمان بە (برا و خوشك و هاوڕێ دڵسۆزەكانیان) نەكات كە بچوكترین قسەى دڵى خۆى لەلاباس بكات.
ئەى شۆڕش گێڕانى كوردستان و دۆستانى چاكسازى ئێمە لە دواى ئەو هەموو ترس و تۆقاندنەى كەبەرامبەرمان دەكرێت پشتیوانى و پشتگیرى خۆمان دووبارە ڕادەگەیەنین بۆتان و ئامادەى خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان و بەژداریكردنى هەر خۆپیشاندانێكى جەماوەرى بۆ دەست خستنى ئازادى و یەكسانى لە كوردستان.
گروپى زەنگى زانكۆ لە زانكۆى سەلاحەددین 8/4/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست