ده‌بێت سه‌رۆکی هه‌رێم ، سه‌رۆکی حکومه‌ت ، لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ داوای لێبوردن له‌ خێزانی (سه‌رده‌شت عوسمان) و خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ن

Friday, 17/09/2010, 12:00


ئێمه‌ وه‌ک که‌مپینی به‌رگری له‌ ئازادی _‌ دانیمارک هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ ڕامانگه‌یاند که‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ هیچ شه‌رعیه‌تێکی نیه‌و ناتوانێت سه‌ربه‌خۆ کاره‌کانی بکات، ئه‌وتا ڕۆژی 15/9/2010 لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانبار کردنی خوێندکار و ڕۆژنامه‌نووس (سه‌رده‌شت عوسمان) ڕاستی قسه‌کانی ئێمه‌یان سه‌لماند.

ئه‌م لیژنه‌یه‌ که‌ (سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان) سه‌رپه‌شتی ده‌کرد و چه‌ندین به‌رپرسی حکومه‌ته‌که‌ی (به‌رهه‌م ساڵح) ئه‌ندامن تێیدا، به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌شتوون که‌ (ئه‌نسار ئیسلام) خوێندکار و ڕۆژنامه‌نووس (سه‌رده‌شت عوسمان)یان تیرۆر کردوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (سه‌رده‌شت) به‌ڵێنی هاوکاریداوه‌ به‌م گروپه‌ تیرۆریستیه‌و، به‌ڵێنه‌که‌ی جێبه‌جێ نه‌کردوه‌!!!!!

ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ی که‌ لیژنه‌ی تاوانبار کردنی خوێندکار و ڕۆژنامه‌نووس (سه‌رده‌شت عوسمان) ڕایانگه‌یاندوه‌ هیچ نیه‌ بێجگه‌ سوکایه‌تی به‌ (سه‌رده‌شت) و (خێزانه‌که‌ی) و (سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان) .

ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بۆ سه‌رجه‌م ئازادیخوازان و خه‌ڵکی کوردستان ئه‌گه‌رێکی چاوه‌ڕوان کراوبوو، شانۆگه‌ریه‌ک که‌ قوربانی ده‌کاته‌ جه‌لاد و ئینسانکوژه‌کان ده‌کاته‌ ده‌م ڕاستی خه‌ڵکی کوردستان.

په‌یامی ڕاسته‌وخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌م ڕاگه‌یاندنه‌ چه‌واشه‌کارانه‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌خه‌ڵکی کوردستان بڵێت، هه‌ر ده‌نگێکی ناڕازی یان هه‌ر قه‌ڵه‌مێکی ئازاد، تیرۆریسته‌ یان هاوکاری تیرۆریستانه‌.

دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌و به‌رئه‌نجامه‌ نادروسته‌ی لیژنه‌ی تاوانبارکردنی خوێندکار و ڕۆژنامه‌نووس (سه‌رده‌شت عوسمان) بڵاوی کرده‌وه‌، ئێستا پرسیارێکی گرنگ ڕووبه‌ڕوی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر ده‌بێته‌وه‌،ئه‌ویش ئه‌وه‌یه،‌ ئایا (ئه‌نسار ئیسلام) له‌ هه‌ولێر ئه‌وه‌نده‌ باڵاده‌ستن که‌ به‌ ڕۆژی ڕوناک و له‌ نێوان زانکۆ و په‌یمانگا و به‌ دیار چاوی زێره‌ڤانیه‌وه‌، ئینسانێک بڕفێنن و دواتر بیگوێزنه‌وه‌ بۆ شارێکیتر و پاشان به‌ فیشه‌کێکیش تیرۆری بکه‌ن؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر چۆن ده‌توانن ئاسایشی هاوڵاتیان مسۆگه‌ر بکه‌ن؟ یان بۆچی ده‌سه‌ڵات ته‌سلیمی (ئه‌نسار ئیسلام) ناکه‌ن؟

ئێمه‌ که‌مپینی به‌رگری له‌ ئازادی _ دانیمارک سه‌رله‌به‌ری ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ بۆ تاوانبارکردنی خوێندکار و ڕۆژنامه‌نووس (سه‌رده‌شت عوسمان) ڕه‌تده‌که‌ینه‌نه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نین.

یه‌که‌م: سه‌رۆکی هه‌رێم، سه‌رۆکی حکومه‌ت، لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ تاوانبارکردنی خوێندکار و ڕۆژنامه‌نووس (سه‌رده‌شت عوسمان) داوای لێبووردن له‌ خێزانی (سه‌ده‌شت) و ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ن.

دووه‌م: به‌زووترین کات لیژنه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و ئاشکرا بۆ ئه‌م دۆسیه‌یه‌ پێکبهێنرێت، له‌ ده‌زگاو ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ تایبه‌ته‌کان به‌م دۆسیانه‌، پارێزه‌ره‌ خۆبه‌خشه‌کانی که‌یسی (سه‌رده‌شت)، خێزانی (سه‌ر‌ده‌شت)، ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان، ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن، ژماره‌یه‌ک نوسه‌ر و ڕۆشنبیر که‌ هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری له‌ ئازادیدابوون.

سێیه‌م: بانگه‌وازی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی ئازادیخواز ، ڕۆشنبیر، نوسه‌ران، یه‌کسانیخوازان، که‌مپین و کۆمیته‌کانی به‌رگری له‌ ئازادی ده‌که‌ین که‌، قۆناغێکی تازه‌ له‌ کار و چالاکی له‌ دژی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ده‌ست پێ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ په‌یامی سه‌رکوتێکی زیاتری له‌ هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتوه‌.

که‌مپینی به‌رگری له‌ ئازادی_ دانیمارک

16/9/2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە