دیمۆكراسی..یان حوكمی عەبباسی؟!

Wednesday, 25/05/2011, 12:00


دیمۆكراسی، ئەزانی چەند تاوان لەژێر ناوتەوەكراوە؟ ئەزانی چەند هەق (نا) هەق و، چەند (نا) هەق-یش هەق كراوە؟ دیمۆكراسی، ئەزانی دەرەبەگەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (جگە لەئیسرائیل)، لەژێر ناوەكەتەوە دەسەڵات بۆ نەوەكانیان قۆرخ دەكەن. دیمۆكراسی، ئەزانی..ئەزانی..؟.
ئەو دیمۆكراسییەی (گوایە) كەئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بوونی هەیە، كتومت وەك حوكمی ئومەوی و عەبباسییەكانی جارانە..
ئاخر چۆن نا؟ (زۆربەی) خەلیفەكان، تا بەیانی مەستی شەراب و سۆزانییەكان بوون، كەچی دەهاتن پێشنوێژیی بەیانیان بۆ خەڵك دەكرد و، لەجیاتی دوو، چوار ركاتیان دەكرد؟.
دیمۆكراسییەكەی ئیرۆشمان؛ بەهەمان شێوە!! لەبەرچاوی دنیا (هەڵبەتە رۆژاوا)، هەڵبژاردن دەكرێ، بەڵام پێشوەخت ئەوان بڕیاری مانەوەیان داوە و، نایكەنە نا مەردی تا لەدەستیان بێ تەزویركاری دەكەن (ماشەڵڵا لەو مەردایەتییەیان!!).
ئومەوی و عەبباسییەكان؛ نامەیان بۆ خەڵك دەنارد، بێ ئەوەی بزانرێ چی تیا نووسراوە، ناچاری خەڵكیان دەكرد "بەڵێ"ی بۆ واژۆ بكەن..
دیمۆكراسییەكەی ئیرۆشمان؛ لەسەر دەنگنەدان بەدەسەڵات، نانبڕاوت دەكەن!.
ئومەوی و عەبباسییەكان؛ چۆنكە بەدەنگی میللەت نەهاتبوونە سەر دەسەڵات، بۆیە هیچ رێز و نرخێكیان بۆ خەڵك دانەدەنا و، هەركەسێكیش بیوتایە (لەل) دەیانكرد شێت و شەل، بۆ ئەمەش شەلاتی و سەرسەرییان نەبوون كەم!!.
دیمۆكراسییەكەی ئیرۆشمان؛ خزمەتی خەڵك ناكا و، هەر جۆرە دەستێكی بێگانەش بهێنرێتە كوردستان (؟؟!) ئەبێ بە زەبری دەبابە و مودەڕەعە و موڕتەزیقەی عەرەب لەناو ببرێ.
ئومەوی و عەبباسییەكان؛ هەر جۆرە دەنگێكی ناڕازییان ببیستایە فەرمانی سەر بڕینیان دەدا، چۆنكە زەندیقی و شعووبی بوون..قەتڵیان حەڵاڵە!!.
دیمۆكراسییەكەی ئیرۆشمان؛ كاتێ ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵیانە، ئەوە كوڕی چاكن و یەكگرتوویی كورد فرە خاسە*، خۆ ئەگەر خەت خوار بكەن، ئەوە دەیانەوێ ئەزموونە ساواكەی هەرێم لەبار بەرن و (وەك بڵێی هەر دەسەڵات هاونیشتمانی هەربێ و خەڵكی تر تابووری پێنجەمە)، ..دەستی دەرەكی و بێگانەیان لەپشتە، هەر بۆیەش چار نییە، دەبێ "ئەزموونە ساواكە" بپارێزرێ..
ئەرێ مێژوو خۆی دووبارە ناكاتەوە؟؟ حوكمی عەبباسی و دیمۆكراسییەكەی لای خۆمان زۆر پێك ناچن؟؟ بەهیوای را و سەرنجی خوێنەرەوە و قەڵەم بەدەستان..
دیمۆكراسیی راستینە تاكە چارەسەرە
18/5/2011
*(خاس) لێرەدا بە شێوەزاری گەرمیانی وهەورامی بەكار هێنراوە كە واتای "باش"ی دەگەیەنێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە