کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆسرەت ڕەسول على: كزە هیواكانت لە هەولێر لەدەست دا.

Friday, 03/07/2009, 12:00


چەند ڕاستیەك هەیە دەربارەى بەڕێز كۆسرەت ڕەسول لە ڕابردوودا پێم باشە خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆستى لێ ئاگادار بكەمەوە.
یەكەم: ئەم بەڕێزە لە هەشتاكانى سەدەى ڕابردوو كاتێك لە شاخ بەرپرسی مەڵبەندى سێ بوو، ئەو رۆژانە رۆژە هەرە پڕشنگدارەكانى كوڕە بەورەكانى هەولێر بوو، لە یادمە زۆربەى ئەو شەوانە دواى هەڵكوتانە سەر هێزەكانى موشتەرەكە و ماڵى سەرۆك جاشەكان، ئەو پێشمەرگانە لە گەڕەكى باداوە و فولكەى زراعە كە هەزار مەترێك لە فیڕقەى یەرمووكى گەڕەكى ئیسكان دوور بوو تا بەرەبەیان شایی و هەڵپەڕكێیان بوو!! سەیرى ئەم جورئەتە!! هەر ئەو شەوانە كۆسرەت لەدوورە دەست ولە بارەگاى مەڵبەندى سێ خەریكى شەوە سوورەكانى خۆى بوو، بەڵام ئافەرینەكان بۆ ئەو دەچوو. ئەو رۆژانە و ئەو كوڕانەى مەڵبەندى سێ كە زۆرێكیان دەرچووى زانكۆش بوون كۆسرەتیان دورست كرد.
دووەم: لە ڕاپەڕینە شكۆدارەكەى ئازار، دەڵێن ئێمە داینەمۆى رزگاركردنى هەولێر بووین، بەڵام یەك راستى هەیە دەبێت خەڵكى بیزانن كە ئەم برادەرە تا تەواو دڵنیا نەبوو كە هەولێر ئازادكراوە، پێ ى نەخستە ئەم شارەوە بگرە كە هاتن كۆمەڵانى خەڵك فیڕقەكانى فارووق و یەڕمووك و دائیرەى ئەمن و مەنزومەى شیمالاییان بە تەواوى ئازاد كردبوو. بەڵام ئێستا كەباسى ڕاپەڕینى هەولێر لە11ى ئازارى 1991 دەكرێت تەنها وێنەكەى ئەم برادەرە نیشاندەدرێت و باسى شەهیدەكان هەر ناكەن!! خۆتان حوكم بدەن!!!
سێ یەم: كاتێك سەرۆكى حكومەتى هەرێم بوو لە هەولێر بە تایبەتى دواى ساڵى 1994 و سەرەڕاى ئابڵوقە بێ ماناكانى سەرى ڕەش لەسەر هەولێر و خراپى بارى ئابوورى هەولێرى یەكان لەو رۆژانەدا، ئەم بەڕێزە پارەى حكومەتى بەكاردەهێنا بۆ دەوروبەر و نزیكەكانى خۆى و نفوزى خۆى پێ زیاد دەكرد و سەرۆكى حكومەت دیوەخانانەى هەبوو كە چەند ملیۆن دینارى سویسرى ئەو كاتە بوو، كەواتە نفوزى كاك كۆسرەت و جەماوەرەكەى لە هەولێر تەنها مەنێەب دابەشكردن و پاراستنى پەرژەوەندى چەند كەسێك بووە، ئەمە سەرەڕاى شەڕى ناوەخۆ كە تا ڕادەیەك لە بەرژەوەندى ئەو دابوو.
چوارەم: لەم وێنانەى سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە نفوزى كۆسرەت لە هەولێر لەسەر بنچینەى بەرژەوەندى تاكە كەس و مەنێەب دابەشكردن و پارە بووە نەك ئایدۆلۆجى و شتى لەم بابەتانە، بەڵگەم بۆ ئەمە كاتێك ئەرسەلان بایز كۆمیتە تایبەتیەكانى هەولێرى لەبەر دەست كۆسرەت دەرهێنا و خستیەوە سەر مەكتەبى ڕێكخستن، زۆرێك لەو كۆسرەتیانە وەرگەڕان بەلاى باڵەكەى ئەرسەلان بایزدا.
كۆتایى: بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئێستا لە هەولێر هەموو باڵەكانى یەكیێتى لە ڕووى بنكەى جەماوەرى یەوە لەو پەڕى لاوازى دان، مەڵبەند و كۆمیتەكانیش ئەگەر تەنها یەك مانگ مووچەییان نەدەنێ هەموویان دەچنەوە ماڵەوە. ئەمڕۆ جەماوەرە بەرفراوانەكەى یەكیێتى لە هەولێر ئینتیمایان بۆ یەكیێتى (خەتى گشتى) نەماوە،چونكە پێیانوایە ئەم یەكیێتى یەى ئێستا ناتوانێ خەونەكانیان بهێنێتە دى، زۆربەى هەرە زۆرییان رۆژانە سەردانى ئۆفیسەكانى لیستى گۆڕان دەكەن و هەندێكیان لە ساڵى 1994 ەوە ئیستیقالەیان لە ڕیزەكانى یەكیێتى داوەو ئەمرۆ كار بۆ سەرخستنى ئەم لیستە دەكەن. بەڵام هەولێرییەكان دەڵێن: تا ئەو خاڵە ئێمە پاڵپشتى ئەم لیستە دەكەین كە لە خزمەت و لە ئاست داواكارى یە ڕەواكانى گەل بێ و هەر كاتێك لایدا، ئێمەش ئەو كاتە بە دڵنییاییەوە كار بۆ لادانیان دەكەین هەروەك چۆن ئەمرۆ كار بۆ هەرەس پێهێنانى لیستى گەندەڵەكان دەكەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە