مەلا بەختیار بە بڕیارى خودى یەكێتیى دەستگیر دەكرێت
Tuesday, 20/10/2009, 12:00
پاش ئەوەى مەلا بەختیار ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكێتى نیشتیمانى دەیەوێت پێچەوانەى بڕیارەكانى یەكێتى كار بكات، بە فەرمانى جەلال تاڵەبانى سكرتێرى یەكێتیى ناوبراو دەستگیر دەكرێت و بۆ ماوەیەك زیندانى دەكرێت.
مەلا بەخیار لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامى ترى یەكێتى كە ئەندامى سەركردایەتیشیان تێدایە، لە هەوڵدان بۆ دژایەتییكردنى یەكێتى نیشتیمانى لە كاتێكدا خۆى ئەندامى سەركردایەتى ئەو حزبەیە، بۆیە سكرتێرى یەكێتى بە بڕیارى ئەنجومەنى سەركردایەتى بڕیارى دەستگیركردنیان دەدات و بۆ ماوەیەك زیندانى دەكرێن.
چاودێرێك رایگەیاند: "هۆكارى دەستگیر كردنى مەلا بەختیار و هاوڕێكانى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەركردایەتى پێى وابووە ئەو گروپە دەستیان لەپشتە و مەبەستیان شێواندنى خەباتى یەكێتى و هەڵوەشاندنەوەى بووە".
لە بارەى كێشەیەكى نزیك لەو كێشەیەش رۆژنامەى (چاودێر) كە مەلا بەختیار خاوەنى ئیمتیاز و بەڕێوەبەرى بەرپرسە تێیدا، رۆژى دووشەممە 19/10/2009 رایگەیاند: "لەسەر پۆستى مەڵبەندى گەرمیانى كۆمەڵى ئیسلامیى كێشە لە نێو ئەندامان و بەرپرسانى ئەو حزبەدا دروست دەبێت و بە شەش كەسەوە پەلامارى جێگرى پێشووى مەڵبەندەكە دەدرێت و چەكەكەى لێدەسەنرێت".
دیارە ئەو هەواڵەى چاودێر درێژەى تریشى هەیە، بەڵام تەنها ئەوە بە پێویست زانرا ئەوەندەى لێوەربگیرێت.
ئەمەى پێشەوە پێشەكى بابەتێكە كە پێویستە رۆژنامەى چاودێر باش بیخوێنێتەوە، ئەوكات دەزانن ئەخلاق و یاساى رۆژنامەگەریى لەكوێیە؟ با ستافى كاراى رۆژنامەكە وەڵامى بداتەوە، خۆ بە حیساب ئەوان پسپۆڕییان هەیە لە ئیتیكى رۆژناگەرییدا و ئێستا خوێندكارى دكتۆرایە لەو بوارەدا!
ئێوە كە هەواڵێك دەنووسن، دڵنیام دەزانن بەهاى هەواڵ یەكێكیان تازەییە، بەڵام بۆیە بەروارتان لە هەواڵەكەتاندا نەنووسیوە، بۆ ئەوەى خۆتان و خوێنەرانیشتان گێل بكەن، یان گێلن و (كاویار كەلارى!!!) ئامادەكارى هەواڵەكە پێى زانیون و ئەوەى قۆستۆتەوە و ئەو هەواڵەى بۆ ناردوون.
ئەو هەواڵەى بە حساب ئێوە باسى دەكەن جارێكى تر بیخوێننەوە، لە خۆتان بپرسن: پێشەكى كوا رەگەزى هەواڵ! دواتر كوا ئەخلاق؟ پاشان كوا لێدوانى لایەنى دووەم؟ لە دواییدا كوا و كوا و كوا و ... هتد؟ تا قەڵەم دەنووسێت دەتوانرێت پرسیارتان لێبكرێت بێ ئەوەى وەڵامتان پێبێت بۆى.
بەڵام ناحەقتان ناگرم لەوانەیە لە سەروتانەوە پێتان وترابێت: "دەبێت لە لاپەڕە (1و2)دا هەواڵتان هەبێت لەسەر دژایەتیى كۆمەڵى ئیسلامى"، ئەگینا نەدەكەوتنە ئەو هەڵە گەورەیە و خۆتان و حزبەكەتان (ى ن ك) بە لاڕێدا نەدەبرد، دەشێ ئەو هەواڵە پەیوەندیى نێوان ئێوە و كۆمەڵ تێك بدات.
لە كۆتاییشدا ئەو پێشەكییەى لە بارەى دەستگیر كردنى مەلا بەختیار نووسیومە، راستى دەكەمەوە، چونكە من وەك ئێوە نیم كە نازانن رەگەزە سەرەكییەكانى هەواڵ لە هەواڵدا بنوسن، ئەوەى كە ماوەتەوە هەواڵەكە تەواو بكات بریتییە لە: "ئەو رووداوە لە ناوەڕاستى هەشتاكاندا رووى داوە و ئەو كەسانە لەسەر مەسەلەى ئاڵاى شۆڕش (ئاش) دەستگیر كراون".
ئەوەى ماوەتەوە بیڵێین، ئەوەیە كە ئەم دوو هەواڵە هاوشێوەى یەكترن، ئەوەى كۆمەڵ بەر لە موشەكبارانكردنى بارەگاكانى رووى داوە و ئەوەى ئێوش بەر لە راپەڕین، تەنها جیاوازیى ئەوەیە من تەواوى هەواڵەكەم خستۆتە ڕوو، بەڵام ئێوە خۆتان لێ لاداوە، ئەگەر مەلەفە كۆنەكانییش قسەى لەسەر بكرێتەوە و دووبارە هەڵبدرێتەوە، برینە كۆنەكان دەكولێتەوە و گۆبەنێكى گەورەش ساز دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست