وه‌ڵام به بابه‌تێکی مه‌لا به‌ختیار
Wednesday, 18/01/2012, 12:00
له سایتی چاودێردا، به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار، بابه‌تێکی بڵاو کردۆته‌وه له ژێر ناونیشانی(یه‌که‌مین ساڵڕۆژی ڕاپه‌ڕین و ڕه‌هه‌نده‌کانی دیموکراسی). ئه‌م بابه‌ته‌ی ده‌رباره‌ی ئالوگۆڕهکانه له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا و،15/12/2012 ساڵێک به‌سه‌ر یه‌که‌مین ساتدا تێده‌په‌ڕێت که بوعزیز گیانی خۆی کرده قوربانی ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌لومه‌رجه قورسه‌ی له سه‌ر ژیانی بوو، دیاره ملیۆنانی وه‌ک بوعزیز له هه‌مان هه‌لومه‌رجی قورسی ژیانی بێ‌کاری یاخود کارێکی مه‌مره و بژیدا ده‌ژیان له وڵاتی تونس‌دا. مه‌لابه‌ختیار، وه‌ک ئه‌وه‌ی که جێگه و پێگه‌ی چینایه‌تی و سیاسیه‌که‌ی جیاوازتره له کۆی چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که هه‌رده‌م له به‌رده‌م چه‌وساندنه‌وه و ناخۆشی ژیاندایه، لێکدانه‌وه‌کانیشی بۆ هۆکار و یه‌که‌م ساتی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی چینی چه‌وساوه له‌و کۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بیانه‌دا، جیاوازه.
له سه‌ره‌تای بابه‌ته‌که‌یدا، ئیشاره به خاڵێک ده‌کات که ڕاپه‌ڕین و ڕوداوه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی به هیچ شێوه‌یه‌ک له خه‌یاڵدانی هیچ حیزبێک و فه‌یله‌سوفێک و سه‌رکرده‌یه‌کدا نه‌بووه، یاخود زۆرینه‌ی ڕوداوه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی له سه‌ده‌ی ڕابردوه‌وه تا ده‌گات به‌م سه‌ده‌یه‌ش به‌بێ بنه‌ما بوون.!!!!!!!!!! ئه‌م دێڕه بۆخۆی ههڵویستهکردنێکی سیاسی ده‌خوازێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئاخۆ ڕاپه‌ڕین و ڕوداوه‌کان به‌بێ بنه‌ما بوون و هه‌روا له قودره‌تی قادره‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه، که وای له‌و ملیۆنان له ئینسانی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخواز کرد ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و بانگی ڕوخاندنی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتیان به‌رز کرده‌وه؟ ئاخۆ به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار هیچ ئاگایه‌کی له ده‌رئه‌نجامه‌کانی قه‌یرانی دارای و ئابوری ئه‌مریکا هه‌یه که له ساڵی 2008 وه به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ ده‌رئه‌نجامه‌کانی هێنایه ده‌ره‌وه و به شێوه‌یه‌کی خێراش تا گه‌شتینه ساڵی 2011 خودی ئه‌و قه‌یرانه کۆی وڵاتانی جیهانی له‌م سه‌رزه‌مینه گرته‌وه؟ ئاخۆ کاتێک باس له په‌یوه‌ندیه جیهانگیریه‌کان ده‌کات و ئاستی ڕوداوه‌کان و ڕاپه‌ڕینه‌کانی ئه‌م سه‌ده‌یه به جیاوازتر ده‌بینێت له چاو سه‌ده‌کانی پێشوتردا ده‌رئه‌نجامی خودی ئه‌و جیهانگیریه، ئه‌وه چ هۆکارێکه وا ده‌ست نابات بۆ ده‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌و قه‌یرانه ئابوریه نێونه‌ته‌وه‌یه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری که هۆکاری سه‌ره‌کی بووه له دورست بونیدا، هه‌روه‌ها له خێراتر کردنی ڕاپه‌ڕینی وڵاتانی عه‌ره‌بی و باکوری ئه‌فریکادا؟ ئاخۆ کۆی ناڕه‌زایه‌تیه کرێکاریه‌کانی چینی کرێکاری جیهان نابینێت به تایبه‌تیش له وڵاتانی ئه‌وروپا و خودی کیشوه‌ری ئه‌مریکا، به چ ئه‌ندازه‌یه‌ک دژی بارگرانی سه‌ر ژیانیان شه‌قامه‌کانیان پڕکردۆته‌وه و دژی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له مهیدناندان تا ده‌گات به‌م ساته‌وه‌خته‌ش ناڕه‌زایه‌تی و ڕێپێوانه‌کان هه‌ر به‌رده‌وامن؟
له کاتێکدا ئه‌وه‌ی لای به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار به بێبنه‌ما ده‌بینرێت، له باری واقعی و هه‌لومه‌رجی ماددی ژیانه‌وه کارێکی چاوه‌ڕوان کراو بووه، له‌وه‌ی بۆ هه‌ر ساتێک ئه‌و چینه زه‌حمه‌تکێشه فرسه‌تێکی ده‌ست بکه‌وێت و دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتاره بێته مه‌یدانه‌وه. بێ‌کاری و گرانی و نه‌بوونی بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌بوونی هیچ ئازادیه‌ک که ته‌عبیر بێت له دابینکردنی ژیانێکی یه‌کسانیخوازی، هۆکاری سه‌ره‌کی بوون له ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی گه‌لانی عه‌ره‌بیدا.
بوعزیز، بۆخۆی یه‌ک پێناسه‌ی چینایه‌تی چینی کرێکار و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش ده‌گه‌یه‌نێت، ئاخۆ بۆ که‌سێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌رژه‌وه‌ند خواز نه‌هات گڕ له خۆی به‌ربدات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازادی و دیموکراسی له‌و وڵاته‌دا نیه؟ ئایا به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار، چ خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌یه بۆ کۆی ئه‌و کرێکار و لاوه خێر له خۆ نه‌دیوانه‌ی دوای بوعزیز له وڵاتی میسر گڕیان له جه‌سته‌ی خۆیان به‌ردا؟ ئایا ئه‌وه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه نیه که له‌لایه‌ک ئاستی چه‌وساندنه‌وه به ئه‌ندازه‌یه‌ک بووه، هه‌رچ کام له مانگرتن و سه‌رهه‌ڵدانه کرێکاریه‌کان له ساڵانی پێشوتردا به تایبه‌تیش له میسردا، به‌رده‌وام له‌لایه‌ن هێزی داپڵۆسێنه‌ری ده‌وڵه‌ته‌وه ڕوو به ڕوی لێدان و زیندانی کردن بوو بونه‌وه؟ بۆچی هه‌روا ده‌بێت به ساده‌یی و به‌بێ بنه‌ما سه‌یری سه‌رهه‌ڵدانی ڕاپه‌ڕین و ڕوداوه‌کان بکرێت له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا؟ ئاخۆ ئه‌و چینه ملیاردێره‌ی له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا هه‌ن، هۆکار نین بۆ ده‌رخستنی زیاتری چه‌وساندنه‌وه‌ی چینی کرێکار و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش له‌و وڵاتانه‌دا؟ ئه‌و چه‌ندین ده‌یه‌ی که بزوتنه‌وه قه‌ومیه‌کان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بوون به ناونیشانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و دیموکراسی و چه‌سپاندنی مافه‌کانی مرۆڤ، ئاخۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجانه بۆخۆیان نه‌بوو بوونه خۆره بۆسه‌ر گیانی چینی کرێکار و ئینسانی ئازادیخوازی ئه‌و وڵاتانه؟. هیچ کام له شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدان و ڕاپه‌ڕینه‌کان له مێژوی مرۆڤایه‌تیدا له هه‌رکام کونجی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌دا به‌بێ هۆکار و به‌بێ بنه‌ما نه‌هاتونه‌ته ده‌ره‌وه،به‌ڵکو هه‌رده‌م هه‌لومه‌رجی ماددی(ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گه‌یه‌نێت) به‌شێکی سه‌ره‌کی بوون له کۆی ئالوگۆڕهکاندا.
به‌ڕێز مه‌لابه‌ختیار، ئیشاره‌ت به خاڵێک ده‌کات له نێو بابه‌ته‌کیدا، که له وڵاتانی ڕۆژئاوادا هه‌میشه ڕوداوه‌کان و ئاڵوگۆڕه‌کان چاوه‌ڕوان کراو بوون چ له ڕووی ئابوری و ته‌کنه‌لۆجی و تا ده‌گات به پێوه‌ری فه‌یله‌سوفان بۆ ڕوداوه پێشوه‌خت و چاوه‌روان نه‌کراوه‌کان و چی‌و چیتره‌وه، به‌ڵام له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ئه‌م کاره چاوه‌ڕوان کراو نه‌بینراوه. ئاخۆ کاتێک که‌سێکی وه‌ک مه‌لابه‌ختیار که خۆی به ڕوۆشنبیرێکی مومتاز ده‌زانێت، ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ی له چ ئاستێکدایه؟ له کام وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتدا هه‌یه له کۆی پیویست بوونی ئاڵوگۆڕه‌کاندا، خودی چینی زه‌حمه‌تکێش و چه‌وساوه هه‌ڵسوڕێنه‌ری سه‌ره‌کی نه‌بوو بن تێیدا؟ به‌ڵام کاتێک خودی ئه‌و چینه چه‌وساوه‌یه خۆی نه‌ناسیوه وه‌ک چینێکی یه‌ک ڕیز و ڕێکخراو، هه‌رده‌م دابینکردنی خواسته‌کانی خراونه‌ته ژێر وه‌عده‌و وه‌عیدی کۆی ئه‌و عهمیلانهی له‌لایه‌ن وڵاتانی زلهێزی سه‌رمایه‌داریه‌وه به زۆر سه‌پێنراون به‌سه‌ر خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیودا. کام یه‌ک له بزوتنه‌وه قه‌ومی و دینیه‌کان هه‌یه له وڵاتانی عه‌ره‌بی و کیشوه‌ری ئاسیادا، له‌لایه‌ن خودی زلهێزانی چه‌وسێنه‌ری ڕژێمی سه‌رمایه‌داریه‌وه پاڵپشت نه‌کرابێتن و به پێی ئه‌و داخوازی و به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوری و سیاسیانه‌ی هه‌بوه، جڵه‌وی خودی سیسته‌مه‌کانیان له ده‌ستی خۆیاندا ڕانهگرتبێت؟ بۆچی کۆی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان له وڵاتێکی وه‌ک عێراقدا، هه‌روا به‌بێ بنه‌ماو له نه‌بوونی فه‌یله‌سوفی خه‌یاڵ داڕێژه‌وه، سه‌رچاوه‌یان گرتبوو، له مێژوی ڕابردودا؟ ئاخۆ زیندانه‌کان و له سێداره‌دانه‌کان، به‌شێک نه‌بوون له هێزی داپڵۆسێنه‌ری ڕژێمی ناسیۆنالیست سه‌رمایه‌داری به‌عس، که گیانی ده‌یان هه‌زار له ئینسانی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخوازی عێراقی له نێو برد. ئاخۆ چ هۆکارێک وای له کۆی بزوتنه‌وه قه‌ومی و دینیه‌کانی ئێوه کرد که بچنه شاخ و به سه‌دان هه‌زار له ئینسانی چه‌وساوه‌ی کوردستان وا لێبکه‌ن بیته نێو ڕزیهکانتانهوه و گیانی خۆی فیدا بکات، بۆ ئه‌وه‌ی له دواساتدا شۆڕش سه‌ربکه‌وێت و گه‌لانی عێراق و کوردستان ڕزگاریان بێت له ده‌ستی سته‌می ده‌سه‌ڵاتی فاشستی به‌عس؟ ئاخۆ ئه‌و کاره‌ش هه‌ر به‌بێ بنه‌ما بوو؟ له کاتێکدا کۆی ڕژێمه دیکتاتۆر و تۆتالیتێره‌کانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات له ژێر هه‌یمه‌نه‌تی پاراستنی وڵاتانی زلهێزی سه‌رمایه‌داری جیهانیدا خۆیان ڕاگرتبوو به پێوه.
له به‌شێکی تری بابه‌ته‌که‌یدا، به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار باس له خاڵێک ده‌کات، که ئاستی راپه‌ڕینه‌کانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ی گه‌لانی عه‌ره‌بی وه‌ک سه‌ده‌کانی پێش‌و نیه له ئاست شێوازی شۆڕش و هاتنه مه‌یدانه چینایه‌تیه‌کاندا، به‌ڵکو ئه‌مه‌ی ئه‌م جاره جیاوازتره‌و کۆی لێکدانه‌وه‌کانی پێشوی خستۆته ژێر پرسیاره‌وه، (یانی مه‌سه چینایه‌تی و ئایدۆلۆژیه‌کان).جارێکی تریش ده‌بێت بڵێین ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی ڕوداوه‌کانی خێراتر کرد له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌ر ئه‌نجامی کاره‌ستباری خودی ئه‌و قه‌یرانه ئابوریه جیهانیه‌یه که سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بهرههمهێنهرهکهیهتی له‌م سه‌ده‌ی بیستویهکهمهدا، سیسته‌می قازانج په‌رستی ئه‌م سه‌رده‌می ته‌کنه‌لۆژی و زانستی پێش که‌وتنی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، بۆخۆی ده‌رئه‌نجامێکن که خودی ڕاده‌ی قازانجی خه‌یاڵی کردۆته‌وه بۆ چینی ده‌سه‌ڵاتدار و، بۆئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی سه‌رمایه‌داره‌کان به خێراریهکی خه‌یاڵی و چاوه‌ڕوان نه‌کراو بچێته پێشه‌وه و له ئه‌نجامیشدا خودی ئه‌و چینه‌ی له کۆمه‌ڵگادا به‌رهه‌مهێنه‌ره ده‌بێت ئاستی بێ‌کاری و باری قورسی ژیانی زیاتر بکرێت، خۆ قازانج کردنی ئه‌و چینه باڵاده‌سته‌ی له کۆمه‌ڵگادا هه‌یه له ئاسمانه‌وه بۆیان نابارێت، به‌ڵکو ده‌رئه‌نجامی دزینی زیاتری پاروی ده‌می هه‌ژارانه. خودی ئه‌و قه‌یرانه ئابوریه هۆکاری سه‌ره‌کی بوه له پێشخستنی ڕاپه‌ڕینه‌کانی گه‌لانی عه‌ره‌بیدا و له ناواخنیشدا یه‌ک ڕاپه‌ڕینی چینایه‌تی و به‌تایبه‌ت چینی کرێکار و خه‌ڵکی ئازادیخواز بووه دژی کۆی پایه سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌وڵه‌ت. که ده‌وڵه‌تێکی پان ئیسلامیستی و ناسیۆنالیستین.
له کۆی وڵاتانی ڕۆژئاواشدا هه‌رده‌م قه‌یرانه ئابوریه‌کانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، جه‌نگێکیان به شوێن خۆیاندا هێناوه تا ئه‌وه‌ی چینی کرێکار نه‌توانێت خۆی وه‌ک چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بناسێت، قه‌یرانی ئابوری ساڵی 1929، بۆخۆی هۆکارێک بووه بۆ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی دوه‌می جیهان، که خودی جه‌نگی یه‌کمی جیهانیش ئه‌و هۆکاره بووه که قه‌یرانی ساڵی 1929 ی به‌شوێن خۆیدا هێنا بوو. له‌م نێوه‌نده‌دا، پلان و پرۆژه‌کانی زلهێزانی جیهان هه‌رده‌م سه‌رکوتکه‌رانه‌یه بۆسه‌ر چینی به‌رهه‌مهێنه‌ر له کۆمه‌ڵگادا.
خاڵێکی تری نێو بابه‌ته‌که‌ی به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار، ترسه له ده‌سه‌ڵات گرتنی ئیسلامی سیاسی له وڵاتانی ڕاپه‌ڕیوی گه‌لانی عه‌ره‌بیدا، وه بانگه‌واز بۆ بزوتنه‌وه سکولار و چه‌پ و ڕێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کان ده‌کات به ئاگا بن و هه‌وڵی جدی بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دیموکراسی به‌رقه‌رار ببێت و بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌کان هه‌یمه‌نه‌تی دیکتاتۆریانه‌ی خۆیان نه‌سه‌پێنن به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا!!!!! من ده‌مه‌وێت له به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار بپرسم، کام یه‌ک له حیزبه ناسیۆنالیسته‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی له ژێر ناوی دیموکراسیه‌ت و مه‌ده‌نیه‌تدا نه‌هاتنه سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات، که خودی ئه‌و بزوتنه‌وه ناسیۆنالیستانه هه‌رده‌میش هه‌ڵگری چه‌مکه دینیه‌که‌ی دینی ئیسلامیش بوون له نێو ده‌ستور و یاساکانیاندا؟ ئاخۆ ئیستا ئێوه‌ش به خۆتان و بزوتنه‌وه‌که‌تانه‌وه خۆتان به هه‌ڵگری چه‌مکی سکولار و لیبراڵیزم و چه‌پی بۆرژوازی و تا ده‌گات به ده‌ست پێوه‌گرتنی بنه‌ماکنی دینی ئیسلام، نازانن؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئێوه سکولار و مه‌ده‌نین، له کام ساتدا توانیوتانه خه‌بات بکه‌ن بۆ جیای دین له ده‌وڵه‌ت و سه‌پاندنی یه‌کسانی نێوان ژن و پیاو؟ ئاخۆ له ماوه‌ی ئه‌م مێژوه زیاد له بیست ساڵه‌یه‌ی حوکم ڕانیتاندا، ده‌یان هه‌زار له ژنی ژێر ده‌ست و زه‌حمه‌تکێش له‌لایه‌ن هه‌یمه‌نه‌تی دینی و پیاو سالاریه‌وه نه کراون به قوربانی؟ ئه‌وه کام هۆکار بووه وا تا ئێستا نه‌تان توانیوه په‌روه‌رده‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ڵستانه له نێو به‌رن که بۆ ژنان به‌ڕێخراوه؟ کام ده‌ست هاتوه ده‌ستانی گرتوه که نه‌توانن خه‌بات که‌ن بۆ جیای دین له ده‌وڵه‌ت؟. ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئێوه و بزوتنه‌وه‌که‌تان سکولار و مه‌ده‌نین، کام هۆکار وای لێکردن له گه‌ڵ کۆنه‌په‌رسترین حیزبی ئسلامی سیاسی له عێراق ڕێک بکه‌ون و ده‌ستوری ئیسلامی بسه‌پێنن به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئازادیخوازی عێراق و کوردستاندا؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئێوه و بزوتنه‌وه‌که‌تان له خه‌می سه‌رخستنی دیموکراسی و ئارامی کۆمه‌ڵگادان، ئه‌وه کام هۆکار بوو که خرۆشانی 17/2 تان خوێن باران کرد؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئێوه خۆتان به دیموکراسیخواز و عیلمانی ده‌زانن، ئه‌وه کام هۆکار بوو ده‌ستان برد بۆ کوشتنی کۆمۆنیسته‌کان له شاری سلێمانی؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئێوه بزوتنه‌وه‌یه‌کی دیموکراسی و عیلمانین تا ده‌گات به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش، هه‌رده‌م ده‌ستێکتان به ئیسلام و ئیسلامی سیاسیوه نه‌بوه بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی وشیاری چینایه‌تی له کۆمه‌ڵگادا گه‌شه نه‌کات؟ ئێستا چۆنه بانگه‌واز ده‌که‌ن بۆ هێز و بزوتنه‌وه سکولار و چه‌په‌کان که به ئاگا بن له‌م ساته‌وه‌خته‌دا که بزوتنه‌وه ئیسلامیه سیاسیه‌کان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌یبه‌نه‌وه.
ئاخۆ بردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌کان له وڵاتانی ڕاپه‌ڕیوی عه‌ره‌بیدا، بۆ خۆی به‌شێک نیه له‌و سیناریۆیه‌ی زلهێزێکی وه‌ک ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا هیدایه‌تیان ده‌کات؟ ئاخۆ خودی بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌کان هه‌رده‌م به‌شێک نین له قازانج بۆ سه‌رخستنی پرۆژه ئابوری و سیاسیه‌کانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی؟ بۆ کاتێک شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی 1979 دژی هه‌یمه‌نه‌تی دیکتاتۆریانه‌ی ڕژێمی شا هاتنه مه‌یدان و توانیان بنج و بناوانی ئه‌و ڕژێمه له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، وه دواجار، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌کرا بزوتنه‌وه چه‌په‌کان بێنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات، خودی وڵاتانی ڕۆژئاوا تا ده‌گات به زلهێزێکی سه‌رمایه‌داری وه‌ک ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا، باش له‌و ده‌رئه‌نجامانه تێگه‌یشتن، بۆیه به‌په‌له گه‌شتنه لای خومه‌ینی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی ئیسلام گه‌را له فه‌ره‌نسا و ناردیانه‌وه بۆ ئێران و سه‌پاندیان به‌سه‌ر خه‌لکی شۆڕشگێڕی ئێران‌دا؟ ئه‌گه‌ر خودی زلهێزانی جیهان به‌شێک نه‌بن له خنکاندنی چینی کرێکار و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش له وڵاتانی ئاسیا و باکوری ئه‌فریکا و ڕۆژهه‌ڵاتدا، ئه‌وه ئێستا نه ئێوه ده‌تان توانی فه‌لسه‌فه‌ی ناسیۆنالیستی لێبده‌ن و نه ئیسلامی سیاسیش ده‌یتوانی به‌م ئاسته‌ی ئیستای بگات. چونکه له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتدا هیچ کاتێک چه‌وساندنه‌وه‌ی دینی نه‌بوه، هیچ کاتێک ڕێگا نه‌گیراوه له هیچ که‌سێک خه‌ریکی خواپه‌رستی خۆی بێت وه هه‌رده‌م به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی دادگا و یاساکان به‌ڕێوه چوون. وه چه‌وساندنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستیش له سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه نه‌بوه(خه‌ڵکی کوردستان هه‌ر چوار پارچه‌که و هه‌ندێک که‌مه نه‌ته‌وه‌ی تر نه‌بێت به تایبه‌تیش له ئێران و عێراقدا که چه‌وساندنه‌وه‌ی قه‌ومی بوونی هه‌یه)، به‌ڵکو خودی ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تێکی چینایه‌تی بووه و به پێی قۆناغه‌کان و هه‌لومه‌رجه‌کان سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ری چینایه‌تی بووه، ئه‌وه‌ی ناڕازی بووه به‌رانبه‌ر سونه‌ت و کارکردی ده‌وڵه‌ت، خودی چینی به‌رهه‌مهێنه‌ر بوه له کۆمه‌ڵگادا. بۆیه کۆی هاتنه مه‌یدان و ڕوداوه‌کان بنه‌مای واقعی ماددی خۆیان هه‌بوه و هه‌یه. وه ئه‌وه‌ی لێره‌دا نه‌یتوانیوه سه‌رکه‌وتنی خۆی به‌ده‌ست بهێنیت، خۆ نه‌ناسینی چینی کرێکار و ئینسانی ئازادیخوازه له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا، چونکه تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌و چینه کۆمه‌ڵایه‌تیه نه‌توانێت ئیراده‌ی سیاسی چینایه‌تیانه‌ی خۆی بناسێت، هه‌رده‌م وا بوه له دواساتدا له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه بۆرژوا قه‌ومی و مه‌زهه‌بیه‌کانه‌وه که سه‌ر به سیسته‌می خاوه‌ندارێتی تایبه‌تن، گورگانه خوارد کراوه.
تێبینی/ له‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌توانن بابه‌ته‌که‌ی به‌ڕێز مه‌لابه‌ختیار بخوێننه‌وه
http://cawder.org/yeke.php?besh=Nusraw&perrge=nusraw&nujimare=22780
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست