تاک، کۆمه‌ڵگا، ئازادی
Tuesday, 31/08/2010, 12:00
لێدوان له‌سه‌ر ئه‌و نهێنیه مه‌زنه‌ی تائێستا کۆی بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سوفان و ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌سه‌ری ده‌دوێن و بۆ هه‌ر ساته‌ی جه‌نگه ده‌رونی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی تێدا دێننه مه‌یدان، قسه کردنیانه له‌سه‌ر ئازادی بۆ کۆمه‌ڵگاو، له‌و نێوه‌شدا تاک که به‌رهه‌م هێنه‌ری کۆیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی پێک دێنێت له دوا ساتدا. به‌ڵام ئاخۆ ئازادی به‌مانا مه‌عنه‌وی و کرداریه‌که‌ی بوونی هه‌یه له نێو کۆی گشتی کۆمه‌ڵگاو تاکه‌کاندا؟ یان ئازادی وه‌ک ئه‌سڵی مانا و لێکدانه‌وه‌که‌ی تا ئێستا توانراوه له بواری عه‌مه‌لیدا جێبه‌جێ بکرێت یان هه‌ر ساته‌و به پێی به‌رژه‌وه‌ندی چینه سه‌رده‌سته‌کان لێکدانه‌وه‌ی بۆکراوه؟
یه‌ک خاڵی گرنگ که پێویسته هه‌ڵوێسته‌ی جیدی له‌سه‌ر بکرێت له مه‌ڕ مانای ئازادی، ئاستی ئه‌و شێوه دابه‌شکردنه‌ی ژیانه به‌سه‌ر چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا. دیاره لێره‌دا ده‌بێت بزانین ئازادی وه‌حیه‌کی ئاسمانی نیه تا دابه‌زێنرێته سه‌ر زه‌وی و ئیتر له‌وێوه بسه‌پێنرێت به‌سه‌ر کۆی تاکه‌کاندا، وه‌ک جۆری دینه‌کان که به‌رهه‌مهێنه‌ری ڕاسته‌وخۆی کاری مرۆڤه‌و په‌یوه‌ست کراوه به کارێکی سه‌رو توانای مرۆڤه‌وه و تا ئێستاش به‌زۆر و به شێوازی جۆراو جۆر سه‌پێنراوه به‌سه‌ر دید و هۆشمه‌ندی مرۆڤه‌کانه‌وه.
ئازادی به‌و مانایه‌ی ببێت به به‌شێکی سه‌ره‌کی نێو توخمی هه‌ڵسوڕانی ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤ، بۆخۆی له پێویست بوونی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ده‌رئه‌نجامی بونی ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌ی که سه‌پێنراوه به‌سه‌ر چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا. ده‌سه‌ڵاته سه‌رده‌سته‌کان هه‌میشه مانای ئازادی له‌و خاڵه‌وه ده‌بینن که تا چه‌ند ده‌توانن قازانجی زیاتر به‌ده‌ست بخه‌ن چ له ڕووه ئابوریه‌که‌وه تا ده‌گات به ڕووه سیاسی و مه‌عنه‌ویه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا، ئه‌وان ئاوا له مانای ئازادی تێده‌گه‌ن و هه‌میشه (خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت) وه‌ک یه‌کێک له بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی نێو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان و تاک ده‌بینن. بازرگانێک هه‌میشه وا له مانای ئازادی تێده‌گات، که تا چه‌ند ده‌توانێت کاڵاکانی به شێوه‌یه‌کی قازانج هێنه‌ر ساغ بکاته‌وه و له‌و ڕێگایه‌شه‌وه ئیمکانیاتی ماددی خۆی زیاتر بکات و هه‌ر به‌و جۆره‌ش قازانج له ڕێگای چه‌وساندنه‌وه‌ی به‌رانبه‌ره‌وه به‌ده‌ست ده‌خات.
لێره‌دا ئه‌و جیاوازیه ده‌رده‌که‌وێت له‌سه‌ر لێکدانه‌وه بۆ مانای ئازادی کاتێک وه‌ک تاک چاوی لێبکه‌ین، به‌ڵام کاتێک دێینه سه‌ر کۆی کۆمه‌ڵگا و لێکدانه‌وه‌مان بۆ مانای ئازادی، ده‌که‌وینه نێو لێکدانه‌وه‌یه‌کی جیاوازتره‌وه. بۆ؟ چونکه کۆمه‌ڵگا بۆخۆی له نێو سیسته‌م و سونه‌تێکی پڕ له کێشمه‌کێش و ململانێی سه‌ختدا ده‌بینرێت، له‌م نێوه‌دا کۆمه‌ڵگا به‌بێ هیچ خاتروخۆترێک دابه‌ش ده‌کرێت به‌سه‌ر دوو چینی کۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازدا. چینێک که له‌سه‌ره‌وه‌ن و بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی ژیانیان له‌ده‌ستدایه له گه‌ڵ چینێک که ده‌چه‌وسێنرێته‌وه و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌وه‌دا هه‌میشه به‌کار ده‌هێنرێت. لێره‌دا ئه‌وه‌ی دیار نیه مانای ئازادیه. له کۆمه‌ڵگایه‌کدا چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی بوونی هه‌بێت هه‌ر له‌وێشدا خه‌بات کردن و ده‌ست بردن بۆ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی، گونجاوترین ڕێگا چاره‌یه بۆئه‌وه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه له نێو ئه‌و سونته چینایه‌تیانه‌دا ڕزگاری ببێت و ده‌ستی ڕا بگات به ئازادی دوور له چه‌وساندنه‌وه به‌هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه.
کۆمه‌ڵگای کوردستانیش وه‌ک هه‌ریه‌ک له کۆمه‌ڵگاکانی ئه‌مڕۆ، به‌شێکی دابڕاو نیه له نێو ئه‌و سونه‌ته چینایه‌تیانه‌دا، بۆیه کۆی گرفتێک هه‌یه و به‌رده‌وام ڕه‌خنه ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان ده‌کرێت له‌سه‌ر شێوازی پیاده‌کردنی مانای ئازادی و، ئه‌و کاری ترس و تۆقاندن و تیرۆر کردنانه‌ی ئیستا یه‌خه‌ی ڕۆژنامه‌نوسانیشی گرتۆته‌وه وده‌سه‌ڵات پیاده‌ی ده‌کات، ته‌نها به‌رهه‌می ئه‌و ده‌سه‌ڵاته چینایه‌تیه‌یه که وێڵه به شوێن به‌رژه‌وه‌ندیه سه‌رو گشتیه‌کانی کۆمه‌ڵگادا. له کوردستاندا بۆههرساتهو ئاستی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان له‌به‌رو پێشچوندایه، دژی ده‌رئه‌نجامی ئه‌و بارودۆخه ته‌واو نایه‌کسانی خوازیه‌ی ده‌بینرێت له شێوازی کارکردنی ده‌سه‌ڵاتی کوردید به‌رانبه‌ر به ژیانی گشتی، به‌ڵام به‌بێ بوونی ئاسۆیه‌کی ڕوون. واته خه‌ڵکی نێو چینه ژێرده‌سته‌کان هێشتا نه‌یان توانیوه ئاستی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان له نێو بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕێکخراو بکه‌ن، به‌و مانایه‌ی ئاستی وشیاری ته‌نها له پنتێکی بچوکدایه، هێشتا نه‌یتوانیوه ببێت به هێزێک که ده‌سه‌ڵات هه‌ڵوێسته‌ی له به‌رانبه‌ردا بکات. ته‌نها ئه‌م هۆکاره‌شه وای له توێژێکی ڕۆشنبیری نێو کۆمه‌ڵگا کردوه که وێڵ بێت به شوێن سه‌پاندنی ئازادی‌دا له ڕێگای قه‌ڵه‌مه‌کانیانه‌وه. به‌ڵام ئاخۆ توێژێکی ڕۆشنبیر له نێو کۆمه‌ڵگادا ده‌توانێت ببێت به‌و داینه‌مۆیه‌ی کۆی گشتی چینی ژێرده‌ست به‌لای خۆیدا ڕاکێشێت؟ یان خه‌باتی ڕۆشنبیری ئه‌و توێژه‌ش له‌و ئایدیاوه سه‌رچاوه ده‌گرێت که خوازیاری ئه‌وه‌بن ده‌سه‌ڵات ئازادییان بۆ فه‌راهه‌م بکات و ئه‌مانیش ته‌نها له‌سه‌ر که‌موکورتیه‌کان بدوێن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست ببه‌ن بۆ خاڵی سه‌ره‌کی که خودی مانای چه‌وساندنه‌وه‌یه؟ ئاخۆ له نێو ئاڵوگۆڕێکی چاکسازیدا ده‌کرێت خه‌ونه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌ده‌ست بهێنرێ به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی له نێو کایه سیاسی و ئیداری و ئابوریه‌کانی ده‌وڵه‌تدا بکرێت که خاوه‌ندارێتی تایبه‌ته و ئازادیش هه‌بێت بۆ کۆی گشتی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا؟
دیاره له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره تا ئێستا توێژێک له ڕۆشنبیران و خودی توێژێکی مامناوه‌ند ، کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێگه سه‌ره‌کیه‌کانی ئێستای ده‌وڵه‌ت داری (دیاره مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌یه له کۆی سیسته‌می ئێستادا، کوردستان هێشتا خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نیه، به‌ڵام هاوبه‌شه له کۆی ئه‌و سونه‌تانه‌ی ده‌وڵه‌ت پیاده‌ی ده‌کات)وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه، به‌و هۆیه‌ی ته‌نها له‌م شێوازه‌دایه کۆی ڕه‌نگه‌کان ده‌توانن ته‌عبیر له خواست و ئامانجه‌کانی خۆیان بکه‌ن، ئه‌ویش سیستمی لیبراڵزمی دیمکراس خوازه. ئه‌م توێژه مافی خۆیانه به‌ره‌نگاری له‌و شێوازه حوکم ڕانیه بکه‌ن، چونکه ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندیه تاکیه‌کانی خۆیانی تێدا ده‌بیننه‌وه و هه‌ر له‌و ڕێگایه‌شه‌وه ئازادی ده‌بینن و ته‌فسیری ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر نا کۆی ئه‌و نایه‌کسانیه‌ی له کۆمه‌ڵگادا هه‌یه نابینن و به‌خه‌می سه‌ره‌کی خۆیانی نازانن.
باشه ئه‌گه‌ر ئازادی ته‌نها به‌و مانایه بێت ده‌سه‌ڵات ڕێگات پێبدات ڕه‌خنه‌ی لێبگرێت و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی توندی لێنه‌که‌یت، به‌تایبه‌ت ئه‌و شێوه ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا له کوردستان و ناوچه‌که‌دا هه‌یه، که خۆیان له‌سه‌ر بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتا‌ر و دیکتاتۆرانه بنیات ناوه، جێگای تۆیش نابێته‌وه وه‌ک توێژێکی ڕۆشنبیر به غه‌یری ئه‌وه‌ی ته‌سلیم به خواسته‌کانی ده‌سه‌ڵات نه‌بیت؟ ئاخۆ ئه‌وه‌ت بۆ ده‌کرێت؟ یان ده‌بێت به پێچه‌وانه‌وه خه‌باتی چینایه‌تی درێژه پێبده‌یت و له پێناو ئه‌و ئامانجه مه‌زنه‌دا قه‌ڵه‌مه‌کان بێنه نووسین بۆ ڕێکخراو کردنی خه‌باتی چینایه‌تی دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که ته‌نها له چه‌وساندنه‌وه‌ی چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا مانه‌وه‌ی خۆی مسۆگه‌ر ده‌کات.
خه‌بات کردن له پێناو ئازادی و فه‌راهه‌م کردنی ژیانێکی ئینسانیانه بۆ کۆی گشتی کۆمه‌ڵگا، یه‌کێکه له‌و ئامانجه هه‌ره شه‌ریفانه‌ی که ده‌خوازێت چیتر چینێک نه‌بێت به که‌ڵه‌گا به‌سه‌ر چینێکی دیکه‌وه، ئامانجی گه‌وره‌ی ریفاهو حورمه‌ت و که‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی ئه‌و کاته دێته دی، که خودی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شابێته‌وه، دیاره به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ی مرۆڤایه‌تیش له ڕێگای شۆڕش و خه‌باتی به‌رده‌وامی چینی ژێرده‌ست و ئازادی خوازانه‌وه به‌ده‌ست دێت، تاک و کۆمه‌ڵگا و ئازادیش ته‌نها له‌وێدا مانای واقعی خۆیان ده‌بێت.
تاهیر حاجی حه‌سه‌ن
18/08/2010
هۆڵه‌ندا
تێبینی/ئه‌م نووسینه له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژماره 658 بڵاو کراوه‌ته‌وه
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست