ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی تونس وانه‌یه‌ک بۆ ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کان
Sunday, 16/01/2011, 12:00
هاتنه‌مه‌یدانی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و ئازادی خوازی تونس دژی سته‌م و پیاده‌کردنی سه‌رکوتی سیاسی و ئابوری له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌که‌ی زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لی، ئاماژه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بوو بۆ کۆی ده‌سه‌ڵاته شمولی و به‌رده‌وامه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆریه‌کان له جیهاندا. تونس وڵاتێکه ده‌که‌وێته سه‌ر کیشوه‌ری ئه‌فریقا، ئه‌و وڵاته هاوکات دراوسێی جه‌زائیر و لوبنانه، دوو وڵاتی دیکه‌ی لێوان لێو له چه‌وساندنه‌وه و درێژه دان به سیستمی دیکتاتۆریه‌ت. ئه‌م هاتنه مه‌یدانه ده‌سته جه‌معیه‌ی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی ته‌نس، که دیاره زه‌مه‌نێکه چاوه‌ڕوانی هه‌لێکه بۆی ڕێبکه‌وێت و گورزی کاریگه‌ر له کۆی سیستمی سیاسی ئه‌و وڵاته بوه‌شێنیت.
ڕوداوه‌کانی تونس هێند به‌خێرای چووه پێشه‌وه و سه‌ری ده‌رهێنا له توانایی هیچ وڵاتێکی سه‌رمایه‌داریشدا نه‌بوو به‌ر به‌و هاتنه‌مه‌یدانه مه‌زنه بگرێت، ئه‌گه‌ر به ناڕهستهوخۆش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆریه‌که‌ی زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لیش بوایه، بۆیه به‌ناچاری زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌تایبه‌تیش سه‌رۆکی گهورهزلهێزی جیهان باراک ئۆباما، پیرۆزباییان له ڕاپه‌ڕینی گه‌لی تونس کرد. کاتێک خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و شۆڕشگێڕ دێنه مه‌یدان دژی ئه‌و سته‌مه‌ی له‌سه‌ریانه، ده‌توانن به‌کۆی ئه‌و ئیراده شۆڕشگێڕیه‌ی هه‌یانه سه‌رله‌به‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسیه له‌به‌ریه‌ک هیڵبوهشێننهوه که له کاتێکیشدا له‌به‌ر دڵڕه‌قیه‌که‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته وادهرکهوتبێت که ڕوخانی له خه‌یاڵ کردنیشدا جێی نابێته‌وه. ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه، ئاخۆ ئه‌و ڕهنجهمهزنهی خه‌ڵکی دای و هاته سه‌رجاده تا کۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بن عه‌لی هێنا له 14/01/2011 دا، بڵێی به‌رهه‌مه‌که‌ی بۆ ئه‌و چینه زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخوازه بگه‌ڕێته‌وه، یان دیسان جارێکی تر ههوڵو قوربانی و ڕاپه‌ڕینی ئه‌و خه‌ڵکه ئازادیخواز و زه‌حمه‌تکێشه ده‌چێته‌وه گیرفانی ئه‌حزابی قه‌ومی و بۆرژوازی ئۆپۆزیسێۆنهوه؟ که‌م نین ئه‌و ڕوداوه مێژوویه مه‌زنانه‌ی خه‌ڵکی چه‌وساوه و شۆڕگێڕ له مێژودا نه‌خشی دیاریان هه‌بوه له کۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه مه‌زنه‌کانی ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کاندا و به سه‌دان هه‌زار قوربانی له پێناودا دراوه و دواجار به پێچه‌وانه‌وه که‌وتۆته‌وه ده‌ست هه‌مان ئه‌حزابی ناسیۆنالیستی و دینی و سه‌ر به چینی بۆرژوازی له کۆمه‌ڵگادا. شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی 1979 دا نمونه‌یه‌کی به‌رچاوی ئه‌و خه‌باته مه‌زنه‌ی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی ئێران بوو دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی شا‌و چینه‌که‌ی که زیاتر له چه‌ند سه‌د هه‌زار قوربانی لێکه‌وته‌وه، به‌ڵام دواجار به‌ری زه‌حمه‌ت و خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵکی بۆ ئاخونده دڕنده‌کان بوو. یاخود ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی عێراق دژی سته‌می ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری به‌عسی عه‌ره‌بی ناسیۆنالیزم له عێراقدا له ساڵی 1991 دا و، دواجار ئه‌وه‌ی به قازانجی خه‌ڵکی نه شکایه‌وه هاتنه سه‌رکاری ده‌یان حیزبی بۆرژوازی قه‌ومی و دینی بوو، (له دوای ڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دامه‌وه)، که تا ئێستاش خه‌ڵکی بێدیفاعی عێراق باجی ئه‌و بارودۆخه ناجێگیره ده‌دات. لێره‌دا ده‌بێت بپرسین هۆکاری ئه‌م ئاڵوگۆڕانه چین و بۆچی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش هه‌میشه قوربانیده‌ری نێو ئه‌و ئاڵوگۆڕه سیاسیانه‌یه؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌بێت له‌و ڕێچکه سیاسیه‌وه بڕوانین که ده‌سه‌ڵاته‌کان له زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و وڵاتانی سه‌ر به‌کیشوه‌ری ئاسیا‌و ئه‌فریقا، هه‌میشه سه‌ر بهسونهته دیکتاتۆریهکانن و هیچ بوارێک بۆ کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و ئازادی چینی ژێرده‌ست ناهێڵنه‌وه تا هه‌ناسه‌یه‌ک بدات، هه‌روه‌ها خودی کۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌م وڵاتانه‌دا تا ئه‌و کاته‌ی خه‌ڵکی لێیان دێنه مه‌یدان، هه‌میشه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی گه‌وره زلهێزه‌وه به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه چینایه‌تیه‌کانی خۆیان که زۆرترین لایه‌نه ئابوریه‌کانن، پارێزگاریان کردوه له مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه. سه‌یرکه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و دیکتاتۆری له میسردا بۆ زیاتر له دوو ده‌یه له حوکمدایه، به‌پێی دوا هه‌واڵی سایتی ویکیلیکس وا ڕهگهیهنراوه که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌مریکا پشتگیری له مانه‌وه‌ی حوسنی موباره‌ک ده‌کات بۆ هه‌تایه، له‌و لاشه‌وه چینی کرێکار و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکیشی ئه‌و وڵاته له‌ناله‌بارترین هه‌لومه‌رجی ژیاندایه‌و چاوه‌ڕێی بزۆسکێک ده‌کات تا بیگه‌شێنێته‌وه و به‌هاتنه مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری، ڕاپه‌ڕینی خۆی بکات دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و سیستمه دیکتاتۆریه، دیاره کۆی وڵاتانی عه‌ره‌بی نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری میسرن.
خاڵێکی دیکه‌ی گرنگ له نێو به‌هه‌ده‌ر چونی خه‌بات و ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌ریه‌کان له‌و وڵاتانه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بێ ئاسۆی سیاسی و چینایه‌تی ئه‌و چینه زه‌حمه‌تکێشه، کاتێک خه‌ڵکی چه‌وساوه بێزار ده‌بێت له هه‌موو شتێک و هیچ کات ئیراده‌ی مه‌زنی خۆیشی دهرکپێناکات، ئه‌و کات خوازیاری هه‌رچ ئاڵوگۆڕێکه که ئه‌و سیستمه مه‌وجوده نه‌هێڵێت، دیاره ئه‌مه خهترترین و خراپترین جۆری بێئاسۆی ئه‌و چینه نیشان ده‌دات، چونکه دواجار کۆمه‌ڵێک سه‌رکرده و ده‌سه‌ڵاتی داپڵۆسێنه‌ری دیکه‌ی ڕوبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه و ژیان و گوزه‌رانی خۆیشی ده‌چێته‌وه نێو هه‌مان هه‌لومه‌رجی ڕابردوو، یانی کرانه‌وه‌ی زیندانه‌کان به ڕوی ناڕازیانی زه‌حمه‌تکێش و مانه‌وه‌ی په‌تی سێداره و درێژده‌ان به‌هه‌مان دادگای ناعه‌داله‌تی سیستمی ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆریه‌کان، به‌ڵام به شێوازێکی تر.
ئێستا ئیتر له زۆربه‌ی وڵاتانی ئاماژه‌پێکراو مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان به‌و ئه‌ندازه‌یه پێوویستی به‌مانه‌وه نه‌ماوه، خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشیش هه‌رساته‌و چاوه‌ڕوانی ههلو مهرجێکن بۆیان ڕێکبکه‌وێت، تا هێزی ملیۆنی خۆیان بێننه مه‌یدان و دژی ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ر بجه‌نگن.
هه‌میشه بۆهاتنه مه‌یدان دژی ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تیه‌کان و ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆریه‌کان هێمایه‌ک به‌سه بۆئه‌وه‌ی خرۆشان به‌دوای خۆیدا بهێنێت، ئه‌م ڕووداوه مه‌زنه‌ی له تونس ڕویدا ئه‌گه‌ر له ده‌رئه‌نجامی خۆسوتاندی(محه‌مه‌د بو عه‌زیز)ی میوه فرۆش و ده‌رچوی زانکۆش بێت، هیچ له‌و ڕاستیه که‌م ناکاته‌وه که ئاستی بێ‌کاری و برسێتی و بێحورمهتی کردن به‌ژیانی چینێکه‌وه سه‌رچاوه ئه‌سڵیه‌که‌ی هاتنه مه‌یدانه‌که‌یه، به‌ڵام هێزی بزواندنی سۆز وهاوخه‌می بۆ ڕوداوێکی دڵته‌زێن، وا ده‌کات ئیتر کاتی هاتنهمهیدانهکه دیاری بکات. جێی ئاماژه‌یه له‌ناوه‌ڕاستی مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی رابردودا دوای ئه‌وه‌ی پۆلیسی تونس ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ی میوه‌فرۆشی گه‌نجێك به‌ناوی (محه‌مه‌د بوعه‌زیزی) كه ده‌رچوی زانكۆ بو، ناوبراو ئاگری له‌جه‌سته‌ی خۆی به‌رداو گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ش بوه هۆی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی كه دوای مردنه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی گرته‌وه.
هه‌روه‌ها به‌پێی ئاماری سهندیكاو رێخکراوه مه‌ده‌نییه‌کانی ئه‌و وڵاته، تاوه‌کو ئێستا 58 که‌س بونه‌ته قوربانی.
دوای وه‌رگرتنی سه‌ربه‌خۆیی له‌وڵاتی فه‌ره‌نسا، بن عه‌لی دوه‌مین سه‌رۆکی تونس بو، که له‌ساڵی 1987دا‌و له‌کوده‌تایه‌کی سپی‌دا، حه‌بیب بورقیهی له‌کارخست و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ی گرته ده‌ست.(ئه‌م به‌شه له هه‌واڵێکی سایتی سبه‌ی وه‌رم گرتوه).
بۆرژوازیهت وه‌ک چینێکی چه‌وسێنه‌ر له کۆمه‌ڵگادا، هه‌میشه ده‌یه‌وێت جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات و له هه‌مانکاتدا جڵه‌وی ئاڵوگۆڕه سیاسیه‌کانیش هه‌ر له ده‌ستی خۆیدا بهێڵێته‌وه، تا ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌به‌دی وای نیشان بدات که هیچ به‌دیلێک له‌م سیستمه ناعه‌داله‌تیه باشتر نیه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی له ئه‌رزی واقعدا ده‌گوزه‌رێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌م پروپاگه‌نده‌یه نیشان ده‌دات، ئێستا له‌هه‌مووکات زیاتر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌م چینه مشه‌خۆره بووه به‌هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر کۆی ژیانی چینێکی به‌رینی کۆمه‌ڵگا، به‌رهه‌م هێنه‌ری جه‌نگ و دواکه‌وتووی و کاولکاری و هێنانی قه‌یرانه ئابوریه‌کان ته‌نها خودی ئه‌م چینه ده‌سه‌ڵاتداره دڕنده‌یه. لانی که‌م ڕه‌نگه ئێستا له هه‌رچ ده‌وره‌یه‌کی پێشوتر ڕون بێت بۆکۆی مرۆڤایه‌تی، که مانه‌وه‌ی ئه‌م سیستمه سه‌رمایه‌داریه چه‌ند مه‌ترسیه بۆزیاتر کردنی به‌رپا کردنی جه‌نگ و هێنانی بێ‌کاری و برسێتی. چاره‌سه‌ر نه‌کردنی ئه‌م قه‌یرانانه‌ش بۆخۆی ده‌رئه‌نجامی هاتنه مه‌یدان و ڕوبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی چینی چه‌وساوه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی چینی سه‌رمایه‌دار، دواجار خه‌ڵکی به‌زۆرینه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر ڕاپه‌ڕین و شۆڕش کردن.
ڕه‌نگه خاڵێکی دیکه بۆسه‌ر لاواز کردن و بێئاسۆیی زیاتر بۆ گه‌شتن به ئاسۆی خه‌باتی سۆسیالیستیانه له وڵاتانێک که ئیسلامیان کردوه به شوناسی گشتی کۆمه‌ڵگا، بگه‌ڕێته‌وه بۆ کاریگه‌ری ئه‌و فه‌رهه‌نگه قه‌تیس ماوه‌ی نێو دنیا بینی ئیسلام که کۆی کۆمه‌ڵگا به‌یه‌ک دیوودا ده‌بینێت و نایه‌وێت کۆمه‌ڵگا وه‌ک دووچینی سه‌ره‌کی ببینرێت و خه‌ته چینایه‌تیه‌کان له به‌رچاو ناگرێت، یانی مانه‌وه‌ی خه‌ڵکی بۆ به‌رگری له دینی ئیسلام و دوور که‌وتنه‌وه له ئاسۆ و ئامانجی سه‌ره‌کی ڕزگاری به‌خشی چینی کرێکار، یانی هه‌ڵبژاردنی ڕێگای سۆشیالیزم. نه‌بوونی ئه‌م ئاسۆ مه‌زنه و ده‌رئه‌نجام مانه‌وه‌ی ئاسۆی ناسیۆنالیستی و دینی و هاتنه مه‌یدانی ئه‌حزابی له جۆری ریفۆرمیستی باڵی بۆرژوازی، له ئاینده‌یه‌کی که‌مدا دیسان خه‌ڵکی بێچاره ده‌خاته‌وه نێو زۆنگاوی مانه‌وه له بێهوده‌ییدا، درێژه پێدانی هه‌لومه‌رجی ڕابردو له نێو هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره‌یه‌کی نوێ‌دا، واته خه‌ڵه‌تاندنی ئه‌و خه‌ڵکه ناڕازیه‌ی دوێنێ،که بۆخۆی ده‌رئه‌نجامی ترسناکتر به‌شوین خۆیدا ده‌هێنێت بۆ ئاینده‌یه‌کی نادیار، چونکه له غیابی بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی چینایه‌تی سۆشیالیزمیدا، ئاسۆ و ئامانجه مه‌زنه‌کانیش جارێکی تر بهگورگانه خواردن ده‌چن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانین بڵێین ئه‌م ڕاپه‌ڕینه مه‌زنانه بۆخۆی نیشانه‌ی توانای هاتنه مه‌یدان و ڕێکخراو بوونی ئه‌و چینه مه‌زنه نیشان ده‌دات دژی کۆی ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کان و سیستمه سه‌رمایه‌داریه‌کان له جیهاندا، ئه‌گه‌ر له‌م ساته‌وه‌خته‌شدا ئه‌م چینه مه‌زنه هه‌ڵگری ئاسۆیه‌کی سیاسی سۆشیالیزمی زانستیش نه‌بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست