وه‌ڵام دانه‌وه‌ی به‌رد به گولله!
Friday, 18/02/2011, 12:00
17/02/2011، ئیتر بۆ خه‌ڵکی ئازادیخواز و زه‌حمه‌تکێشی شاری سلێمانی وه‌ک ڕۆژه ئاساییه‌کانی تری نیه و ئێواره‌ی شار به ده‌نگی ڕێژنه‌ی گولله باران به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا داباری و به‌و شێوه‌یه وه‌ڵامدرایه‌وه. ڕۆژی پێنج شه‌مه، دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانێکی هه‌زاری له‌لایه‌ن تۆڕی به‌رگری له ماف و داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، بانگه‌وازی بۆکراو، پێی هه‌ستا، بۆئه‌وه‌ی سنورێک دابنرێت بۆ کۆی ئه‌و بێمافی و فراوان بونه مه‌زنه‌ی دزینی سامانی کۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ناسیۆنالیزمی کوردیه‌وه، که بۆ ماوه‌ی 20 ساڵه به‌ری ڕه‌نجی کۆمه‌ڵگا له گیرفانی خۆیان ده‌نێن و هه‌رده‌م خۆیان به عادیلانهترین و دیموکراسیانهترین ده‌سه‌ڵات داده‌نێن له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌و ڕاستیه‌ی جارێکی تر نیشان دایه‌وه، که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، دیکتاتۆریانه‌یه و هیچ کات له به‌رژه‌وه‌ندی و پاراستنی که‌رامه‌تی تاکی زه‌حمه‌تکێش و خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستاندا نیه، به‌ڵکو ئه‌و خاوه‌نی هێزی سه‌رکوتگه‌ر و داپڵۆسێنه‌ره به ڕوی داخوازیه ڕه‌واکانی توێژی گه‌نجانی سته‌م لێکراو خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشدا.
وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌و به‌ردانه‌ی خه‌ڵکی توڕه و ناڕازی (که زۆربه‌یان به پێی تهمهنهکانیاندا دیاره له دایک بووی سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 و پێش ئه‌و مێژوه‌ن)، گرتیانه لقی 4 ی سه‌ر به پارتی دیموکراتی کوردستان، وه‌ڵامی چه‌کدارانی ئه‌و پارته به گولله ڕێژ کردنی خۆپیشانده‌ران و کوشتن و بریندارکردنی خه‌ڵکێکی زۆر، بۆخۆی ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که بڵێین؛ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و لقه‌ی پارتی دیموکرات له‌و سه‌ر جاده سه‌ره‌کیه نه‌بوایه که وه‌ک ڕه‌مزی ده‌سه‌ڵاتدارێتیه، ده‌ستی خه‌ڵکی پێده‌گه‌یشت تا به‌رده بارانی بکه‌ن؟ چ هۆکارێک وا ده‌کات که تا ئێستا مه‌قه‌ڕ و لقه‌کان و بنکه سه‌ربازیه‌کانی حیزبه‌کان له ناو شاردا هه‌بن و به چه‌کدار بپارێزرێن؟ ئاخۆ بۆ هێزی پۆلیس و پاراستنی ئاسایشی خۆپیشانده‌ران، له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا نه ڕۆشتن تا کۆتایی به‌و ڕێگایه دێت که لقی چواری لێیه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م وه‌ڵامه دڕندانه‌یه‌ی لقی 4 دژی خۆپیشانده‌ران، به جۆرێک له جۆره‌کان تاکتیکی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی خۆی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامێکی وای لێبکه‌وێته‌وه تا ئه‌وه‌ی چیتر خه‌ڵکی ناڕازی نه‌وێرن ده‌ست ببه‌ن بۆ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین، ده‌بێت کۆی ئه‌و تاوانکاریه له ئه‌ستۆی ئه‌وانیش بێت؟ چونکه به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی خۆیان هه‌یانه، واته ده‌سه‌ڵات، ده‌بێت هێزی پۆلیس و دژه ئاژاوه به‌رپرسیار بن له هه‌رچ ڕوداوێک که ده‌که‌وێته‌وه؟ یان ده‌یانه‌وێت به‌م شێوه‌یه به کۆی ئه‌وانه‌ی ڕازی نین به سه‌پاندنی یاسای خۆپیشاندان، بگه‌یه‌نن، که چیتر قسه‌ی بێسه‌ر و به‌ر مه‌که‌ن و ئه‌وه ته‌نها پسپۆرانی یاسای و داڕێژه‌رانی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه ده‌توانێت دیاری بکات چ جۆره چاره‌سه‌رێک گونجاوه بۆ مه‌سه‌له‌ی ئازادی و خۆپیشاندان، نه‌ک قسه‌کانی ئێوه؟
نه هاتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردی له‌گه‌ڵ پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نیدا، بۆخۆی هه‌روا کارێکی نه‌شیاو نیه، به‌ڵکو ئه‌وه مه‌نتیقه که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌گه‌ڵ کۆی حیزبه ئۆپۆزیسێۆن و هاوشهریکهکانیاندا، به‌شێکن له‌و ده‌رئه‌نجامه یه‌قینه‌ی که ده‌یانه‌وێت خه‌ڵکی مه‌ده‌نی کوردستان پاشه‌کشه پێ بکه‌ن به‌ره‌و دواوه‌و نوقمیان بکه‌ن له‌و باره گه‌نده‌ڵی و فه‌ساده ئیداره‌یه‌ی دروستیان کردوه، تا چیتر به ئاره‌زوی خۆیان لاف و گه‌زافی خۆیان لێده‌ن و وه‌ک سه‌رۆکه دیکتاتۆریه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی که هه‌ر یه‌کێکیان که سه‌یری هه‌یکه‌ل و ده‌موچاویان ده‌که‌یت وێنه‌ی په‌یکه‌رێک ده‌دات، چونکه هێند داماڵراون له ئه‌سڵی ته‌مه‌نه‌که‌ی خۆیان به کاری میکیاژ کردن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک گه‌نجێک هێشتا دیار بن، ئه‌مانیش هه‌ر وه‌ک ئه‌وان ئه‌و مۆدێله له ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌میشه‌یی ده‌خوازن، ئیتر گرفتێکیان نیه له‌وه‌ی نه‌وه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا به چ جۆرێک گه‌وره ده‌بن و چ جۆره ئاینده‌یه‌کیان ده‌بێت.
به هه‌زاران گه‌نج خوێندن ته‌واو ده‌که‌ن و پاشتر ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه ده‌بن، به‌بێ ئه‌وه‌ی پلانێکی وا هه‌بێت له حکومه‌تی کوردی‌دا که ئه‌و ده‌رچوانه دابمه‌زرێن و جێگاوڕێگایهکیان هه‌بێت له به‌ڕێوه بردنی کۆمه‌ڵگادا. ته‌نها کارێک هه‌بێت له‌لای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته حاکمه واسیته کردنه تا ئه‌وه‌ی بکرێیته پۆلیسێک یان له نێو هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌کاندا ببیت به چه‌کدار، ئاخۆ به‌م شێوازه ده‌توانرێت تا چه‌ند ساڵ ئیداره‌ی کۆمه‌ڵگا بکرێت؟ ئاخۆ 20 ساڵ ته‌مه‌نێکی ئێجگار زۆر نیه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له‌به‌ری وڵات له بنه‌وه‌ڕا جارێکی تر بنیات بنرێته‌وه به باشترین شێوازی نوێ و فه‌راهه‌م کردنی هه‌لی کاری گونجاو بۆ زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا؟ ئه‌رێ چ کاتێک و له چ سه‌رده‌مێکدا بووه خه‌ڵکی ناڕازی و به‌شمه‌ینه‌ت خۆپیشاندانێکیان کردبێت بۆ وه‌ده‌ست خستنی داخوازیه‌کانیان و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ره‌وه به گێره شێوێن و تێکده‌ر وه‌سف نهکرابیتن؟ ئاخۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان تا چ کاتێک ده‌توانن خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌ت ملکه‌چ پێبکه‌ن و هه‌میشه به گولله باران کردن وه‌ڵام به داخوازیه‌کانیان بده‌نه‌وه؟ ئاخۆ ده‌گونجێت له ده‌سه‌ڵاتێکی خوێناوی وه‌ک ئاخونده‌کانی ئیسلامی سیاسی له ئێران‌دا، داوا بکرێت لێیان ئازادی بۆ کۆمه‌ڵگا فه‌راهه‌م بکرێت و ڕێگای چاکسازی و ئاڵوگۆڕ به پێی خواسته‌کانی ملیۆنی گه‌نجانی نوێ بڕواته پێشه‌وه؟ یان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌بێ گولله باران کردن هیچ ڕێگا چاره‌یه‌کی تر ناهێڵێته‌وه بۆ ڕێز و ڕیزی خۆپیشانده‌رانی ملیۆنی ناڕازیانی کۆمه‌ڵگه؟ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی و یه‌کێتی هه‌مان شێوازی ئاخونده‌کانی ئێران و فاشیسته‌کانی تورکیا و سوریا‌و وڵاتانی وه‌ک لیبیا و یه‌مه‌ن و جه‌زائیر جێبه‌جێ ده‌که‌ن و هه‌مان ڕێگا هه‌ڵده‌بژێرن؟ ئاخۆ له نێو ده‌سه‌ڵاتێکی ئاوا نوقوم بوو به گه‌نده‌ڵی و فه‌سادی ئیداری و هێزی میلیشیای و دڕنده‌یی، ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا ده‌بێت به شێوازی ئاشتیانه داخوازیه‌کانی کۆمه‌ڵگا جێبه‌جێ بکرێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران و یه‌کگرت و کۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ناوی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن؟ ئاخۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به تاکتیکی سیاسی ده‌یده‌ن له‌قه‌ڵه‌م که خۆی بێبه‌ری کرد له‌و خۆپیشاندانه یان له ڕاستیدا ئه‌وان هه‌ر ئه‌و په‌یامه‌یان پێیه که ده‌خوازن ده‌سه‌ڵات به جۆرێک له ده‌ستی ئه‌حزابی حاکم ده‌ربێنن و خۆیان بۆ جارێکی تر خواسته‌کانی ملیۆنی ئینسانی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخوازی کوردستان بخه‌نه ژیر پێیانه‌وه؟ ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه به ناو گۆڕانه، دیاره ته‌نها ئه‌وه‌ی ده‌وێت که گۆڕانێکی ڕیشه‌یی له کوردستاندا دروست نه‌بێت، ئه‌گه‌ر نا ده‌بوا هه‌ڵوێستێکی جوامێرانه‌ی هه‌بوایه به‌رانبه‌ر ئه‌و کاره دڕندانه‌یه‌ی که له لقی 4 وه کرایه سه‌ر خۆپیشانده‌رانی بێ‌دیفاع. نه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وه به‌کارێکی گێره شێوێن وه‌سف بکات. له کاتێکدا سه‌رانی ئه‌و بزوتنه‌وه به ناو جه‌ماوه‌ریه خۆیان باش ده‌زانن که خه‌ڵکی ده‌نگی پێدان له‌و هه‌ڵوێسته‌وه بوو، که ئومێدێکیان لا دروست ببێت که سه‌رانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ده‌توانن ببن به‌و خه‌وه‌ی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش هه‌یه‌تی بۆ گه‌شتنی به ئاینده‌یه‌ک که تێیدا وه‌ک ئینسانێکی ئازادیخواز که‌رامه‌ت و حورمه‌تی پارێزراو ده‌بێت.
ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه ملیۆنیه‌ی ئێستا کۆی وڵاتانی جیهانی عه‌ره‌بی گرتۆته‌وه بۆخۆی ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ڕاده مه‌زنه‌یه له بێمافی و نه‌بوونی ژیانێکی ئینسانیانه که شایسته بێت به داخوازیه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئینسانی کۆمه‌ڵگایه‌کی مۆدێرن. ئاخۆ کاتێک خه‌ڵکی ده‌نگیان ده‌که‌ن به‌یه‌ک و به‌یه‌کجار هاوار ده‌که‌ن بڕوخێت خۆتان و ده‌سه‌ڵاتتان، ئیتر چی له‌م په‌یامه ڕونتر هه‌یه؟ بێگومان لێره‌دا ئه‌م خه‌ڵکه ملئیۆنیه له‌لای ده‌سه‌ڵاتی حاکم به گێره شێوێن و تێکده‌ر و ده‌ستی ده‌ره‌کیه‌وه وه‌ڵام ده‌درێته‌وه، له کوردستان و عێراقی دوای ڕژێمی دیکتاتۆری سهدهام، هه‌مان، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی هه‌یه دژی ئه‌و کۆ بێحورمه‌تیه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و حیزبه حاکمه‌کانه‌وه به خه‌ڵکی سیفیل ده‌کرێت؟ هه‌ر چه‌ند جار هاوار ده‌کرێت ژیانمان نه‌ما، خزمه‌تگوزاری نیه، منداڵه‌کان قوتابخانه‌ی پێویستیان نیه‌و له خزمه‌تی پێویست به‌هره‌مه‌ند نین، ڕاده‌ی نه‌خۆشیه کوشنده‌کان تا دێت له زیاد بوندایه، بێ‌کاری و گرانی بازاڕ و نه‌بونی ئاوی خواردنه‌وه و نه‌بونی کاره‌با. ئه‌م کۆ داواکاریانه هه‌روا نا کرێت سه‌دان و هه‌زاران جار دوباره بکرێنه‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداران هیچ ههنگاوێکی جیدی هه‌ڵنه‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ده‌م داواکاریه‌کانی خه‌ڵکیه‌وه بچن. ده‌بێت له کاتێکدا ئه‌م باهۆزه‌ی شۆڕش کردن له وڵاتانی خاوه‌ن دیکتاتۆره‌کاندا ده‌ستی پێکردوه و ئیتر دیواری ترس و تۆقاندنیان ڕوخاندوه و بۆیان ده‌رکه‌وتوه که سه‌رۆکه‌کان به چ ئه‌ندازه‌یه ڕه‌زیل و ترسنۆکن، تازه ناکرێت جارێکی تر ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵگا بۆ دواوه بسوڕێنرێت.
گه‌نجان و چینی ناڕازی له کوردستاندا، به‌بێگومان کردن ، کاریگه‌ری ئه‌و ڕاپه‌ڕین و شۆڕش کردنانه‌ی ئێستایان له‌سه‌ره‌و به ئومێدێک و وره به‌رزیه‌کی ده‌زانن بۆخۆیان. بۆیه له کاتێکی وادا نابێت به کارێکی نامۆ سه‌یری هیچ لایه‌کیان بکه‌ین، چ لای خۆپیشانده‌ران که هه‌ڵگری چه‌مکێکی یه‌کجار توڕه‌یین له ده‌سه‌ڵات، که ئاماده نیه داخوازیه‌کانیان بۆ جێبه‌جێ بکات، به‌ناچار به به‌رد باران کردن ڕقی خۆیان ده‌رببڕن له‌هه‌رچ ده‌زگایه‌کی سه‌ربازی و ئیداری که هێمایه بۆ توانای ده‌سه‌ڵات، وه ته‌قه کردنی ده‌سه‌ڵاتدارانیش به هه‌مان شێوه ناکرێت به کارێکی نامۆ بزانین، چ له عێراقدا و چ له کوردستان، چونکه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه خاوه‌ن یه‌ک ئایدیان، ئه‌ویش ئایدیای به‌کار هێنانی زه‌بروزه‌نگ و کوشتوبڕی کۆمه‌ڵگا له‌کاتی ڕوبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌راندا. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه خاوه‌ن هیچ پێگه‌یه‌کی مه‌ده‌نی نین و سه‌رکرده و بن کرهیان خۆیان واته‌نی به ڕێوڕه‌سمی هێز هاتونه‌ته سه‌ر جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات گرتن و به هه‌مان شێوه‌ش به کۆمه‌ڵگا ده‌ڵێن هه‌ر به زه‌بری خوێن ڕشتن و هێز به‌کارهێنان واز له ده‌سه‌ڵات ده‌هێنن. یانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هیچ بوای به مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن و دۆڕاندنی ده‌نگه‌کان نیه که واز له کورسی ده‌سه‌ڵات بهێننن بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌کی تر ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرن، وه‌ک ئه‌و خه‌باته‌ی ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و باڵی ئیسلامی ده‌خوازن له ڕێگای سندوقی ده‌نگدانه‌وه بچنه سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات. تا بونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بنه‌ماڵه‌ییه هه‌بێت له کوردستاندا، هیچ لایه‌نێک بۆی نیه باس له ده‌سه‌ڵاتدارێتی بکات؟ ئیتر چۆنی لێکده‌ده‌نه‌وه ئه‌وه هه‌ر که‌س بۆخۆ ئازاده.
کۆی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆرییانه، ته‌نها به ڕێگای به‌رپاکردنی شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، که ئاسۆ دار بێت به جێخستنی ژیانێکی ئاسوده و یه‌کسانی خواز بۆ کۆمه‌ڵگا، ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌مانه له بنه‌وه ڕا له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، به‌بێ کارێکی وا ناکرێ چاوه‌ڕێی ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی بین له کۆمه‌ڵگادا؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست