کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌سه‌ڵاتێکی مافیاییه‌ یان شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازه‌؟

Tuesday, 17/04/2012, 12:00







ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی کوردستان پێکهاتوه‌ له‌ دوو پارتی سه‌ره‌کی و چه‌ندین ورده‌ پارتی دیکه‌. ئه‌م دوپارته‌ سه‌ره‌کیه،‌ یانی (یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان) پێکهێنه‌ری سه‌ره‌کی ئه‌مڕۆی ده‌سه‌ڵاتن له‌ کوردستاندا له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 وه‌. کۆی ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ پێکیان هێناو، له‌ ژێر دروشمی ده‌نگی ئازادانه‌ی خه‌ڵکدا جلوبه‌رگیان بۆ دایه‌ دورین، وه‌ دواتر هه‌ر خۆیان کۆی که‌سه‌ دیاره‌کانی ناو پارته‌کانی خۆیانیان له‌ کۆی داموده‌زگاکاندا دانا،به‌تایبه‌تیش جێگا گرنگه‌کان که‌ په‌یوه‌ستن به‌ ئاستی به‌رپرسیارێتی و ته‌رتیب کردنی ژیانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌. له‌و مێژوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ تا ئێستا به‌ هه‌زاران پێشێلکاری دژی خواست و ئازادیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌نجام دراوه‌ و تا ئێستاش ئه‌و دادگایه‌ی که‌ باس له‌ سه‌ربه‌خۆ بونی ده‌کرێت، ڕێگای پێنه‌دراوه‌ یه‌ک دۆسیه‌ به‌سه‌رکه‌وتووی بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجام. دابه‌ش کردنی خه‌ڵکی کوردستان بۆسه‌ر لایه‌نگیری کردن له‌م دوو پارته‌ سه‌ره‌کیه‌، له‌ ڕێگای ئاستی وشیاری تاکه‌وه‌ نه‌بوه‌، هێنده‌ی ده‌رئه‌نجامی جیهانبینی ترس و پێدانی پاروه‌نانێکی له‌ پشته‌وه‌ بوه‌. یانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستی گرت به‌سه‌ر کۆی داهات و سامانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌. کۆی به‌رپرسه‌کانی نێو ئه‌م پارتانه‌، تا پێش ڕاپه‌ڕین خاوه‌نی هیچ ئیمکاناتێکی مادی نه‌بوون، به‌ڵام له‌ماوه‌ی ئه‌م بیست و یه‌ک ساڵه‌ی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتیاندا، نه‌ک هه‌ر نه‌بوون به‌ ملیۆنێر، به‌ڵکو به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ک خۆیان جیا کردوه‌ له‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان، که‌ چیتر زمانێک نه‌مایه‌وه‌ بۆ ده‌ربڕین له‌وه‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه‌ کۆی خه‌بات و شۆڕشه‌که‌یان گرێ بده‌نه‌وه‌ به‌ ئاستی ئازادی و ڕزگاری خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ له‌ ده‌ست جیهانبینی چه‌وساندنه‌وه‌ و ژێر ده‌سته‌یی.
کاتێک خه‌ڵکی کوردستان، وه‌ به‌تایبه‌تیش زۆرینه‌ هه‌ژار و چه‌وساوه‌که‌ی، ته‌نها ئومێدێکیان هه‌بوو له‌ سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسدا، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو، به‌ڵکو ده‌رفه‌تێکی مێژوییان بۆ وه‌چنگ بکه‌وێت و رزگاریان بێت له‌ده‌ست زوڵم و ناعه‌داله‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌ و به‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی خۆماڵی شاد ببنه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا که‌ کۆی ئه‌م زۆرینه‌یه‌ هیچ ئاشنایه‌تیه‌کیان نه‌بوو له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ر هیچ مانایه‌ک بۆ زمانحاڵی زمانی دایک ناناسێت ئیتر عه‌ره‌بی بێت یان کوردی یان فار سی ...تادوای. ئێستا خه‌ڵکی کوردستان ماوه‌ی بیست و یه‌ک ساڵه‌ له‌ ژێر ده‌ستی خاوه‌ندارێتی ده‌سه‌ڵاتی کوردیدان. به‌ چاوی خۆیان کۆی ئه‌و دوباره‌بونه‌وه‌ی هه‌مان چه‌وساندنه‌وه‌ی پێشوی ژێر ده‌ستی ڕژێمی به‌عسیان بینیه‌وه‌، که‌ ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ خۆماڵیه‌که‌ به‌رهه‌م هێنه‌ریه‌تی. لێره‌دا ده‌بێت بپرسین ئاخۆ له‌ نێو فه‌رهه‌نگی ده‌سه‌ڵاتێکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازدا، ڕێگا به‌ ئاماده‌کاری ده‌کرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی گروپی مافیایی له‌و نێوه‌دا؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ له‌ خزمه‌ت زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستاندا بوایه،‌ کاری له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی ئیراده‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ نه‌ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌بونی خۆیان و که‌رامه‌تیان بکه‌ن؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک خۆی به‌خزمه‌تکاری خه‌ڵکه‌که‌ی بزانێت بۆچی به‌درێژای مێژوی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خۆماڵیه،‌ نه‌یتوانی ڕاده‌ستی ئه‌و ده‌یان موسته‌شاره‌ بکات بۆ دادگا که‌ ده‌ستیان هه‌بوو له‌ ئه‌نفال کردنی خه‌ڵکی بێدیفاعی گونده‌کانی کوردستاندا؟ ئایا ئه‌وه‌ له‌ کاری ده‌سه‌ڵاتێکی خۆبه‌شۆڕشگێڕ ده‌وه‌شێته‌وه‌ یان له‌ کاری ده‌سه‌ڵاتێکی مافیاگه‌رایی؟ بۆچی له‌م مێژوه‌ درێژه‌دا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌یتوانی کۆی بنیاتی کۆمه‌ڵگای کوردستان سه‌رله‌نوی داڕێژێته‌وه‌ و جێگایه‌ک خۆشبکات بۆ کۆمه‌ڵگا که‌ چیتر گومانێکیان له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خۆماڵیه‌ نه‌بێت که‌ وابزانن له‌ خزمه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه‌دا نین؟ ئایا ئه‌و ده‌یان هه‌زار ژنه‌ی کرانه‌ قوربانی ده‌ستی کۆنه‌په‌رستی و ناموسپه‌رستی له‌ کوردستاندا، چ دیدگایه‌ک بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌گێڕرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر خودی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر و درێژه‌ پێده‌ری ئه‌و فه‌رهه‌نگ و که‌لتوره‌ داڕزیه‌وه‌ نیه‌ له‌ نێو کۆمه‌لگاد بونی هه‌یه‌ا؟ ئاخۆ کاری گروپی مافیا گه‌رایی چ جیاوازیه‌کی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بونی، ئه‌م شێوه‌ ڕه‌وشتانه‌دا؟
شاردنه‌وه‌ی که‌یسی تیرۆر کردنی سه‌رده‌شت عوسمان و ده‌یان که‌یسی دیکه‌ له‌ کوردستاندا بۆکام هۆکار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ له‌ کاتێکدا گه‌ر ده‌سه‌ڵات خۆی به‌خزمه‌تکاری به‌ره‌و پێشچونی کۆمه‌ڵگا بزانێت، تا ئه‌و که‌سانه‌ ڕاده‌ست نه‌کات به‌ دادگا واز له‌و که‌یسانه‌ ناهێنیت؟ بۆچی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خۆماڵیه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ خه‌ریکی به‌رهه‌مهێنانی جیهانبینی فاسد بونی و گه‌نده‌ڵیه‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا؟ ئه‌گه‌ر دادگا بونی هه‌بێت له‌ شێوه‌ سه‌ربه‌خۆکه‌ی خۆیدا بۆ نه‌ده‌کرا تا ئێستا ئه‌و سه‌دان که‌یسانه‌ی هه‌یه بگه‌نه‌ ئه‌نجامی کۆتایی خۆیان و ‌ ژێر گڵ نه‌کرێن؟ ئاخۆ ئاسایشی پاراستنی کۆمه‌ڵگا له‌ کوێدایه‌، کاتێک به‌رپرسێک ده‌گیرێت و ڕه‌وانه‌ی دادگا ده‌کرێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی و دزینی سامانی کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام له‌ کاتێکی که‌مدا ده‌زگای ئاسایش که‌سی ناوبراو ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆلای خۆی و له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژدا هه‌واڵی خۆخنکاندنی بڵاو ده‌کرێته‌وه‌! ئاخۆ تا ئێستا له‌ نێو به‌رپرسانی کوردستاندا، که‌لچه‌رێکی وا بونی هه‌یه‌ له‌وه‌ی گه‌ر ڕۆژێک به‌رپرسێک ناوی زڕا به‌وه‌ی دزی کردوه‌ له‌ سامانی گشتی کۆمه‌ڵگادا، ئاماده‌ بێت خۆی، خۆی له‌نێو ببات؟ ئاخۆ ئه‌و کۆ ئیمکانیاته‌ی ئێستا له‌به‌رده‌م به‌رپرسانی کوردستاندایه‌ له‌ کوێوه‌ هێناویانه‌؟ ئاخۆ به‌ڕه‌نجه‌ شانی خۆیان بوون به‌ خاوه‌نی ئه‌و کۆ ئیمکانیاته‌ مادیانه‌؟ ئیتر دزین چ مانایه‌کی هه‌یه‌؟
گیان له‌ ده‌ستدانی قایمقامی سلێمانی، نیشانه‌ی ئه‌و زه‌نگه‌ ترسناکه‌یه‌، که‌ چیتر ئه‌م که‌سانه‌ی پارت به‌ڕێوه‌ ده‌بن و ئێستا ده‌سه‌ڵاتیشیان له‌ ژێر ده‌ستایه‌، تا ئه‌و کاته‌ دۆستی یه‌کترن که‌ ڕاستیه‌کان ئاشکرا نه‌که‌ن بۆ خه‌ڵکی کوردستان. چی ده‌بوو گه‌ر زانا حه‌مه‌ ساڵه‌ح له‌ دادگادا ئابڕوی بچوایه‌ و بۆ خه‌ڵکی کوردستان ئاشکرا بکرایه‌ کۆی ئه‌و دزیانه‌ی له‌ سامانی گشتی کردویه‌تی؟ بۆ ڕێگا نه‌درا به‌وه‌ی دادگا ئه‌رکی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێت له‌ کاتێکدا ئه‌و پیاوه‌ خۆی ئامه‌ده‌ بوو له‌ به‌رده‌م دادگادا؟ ئاخۆ بردنی ئه‌و پیاوه‌ بۆ ئاسایش له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ بوه‌ گه‌ر به‌سه‌ریدا سه‌پا که‌ دزی کردوه‌ له‌ سامانی گشتی کۆمه‌ڵگادا ئه‌وه‌ ئابڕوی ده‌چێت و بۆ سه‌ر پارته‌که‌ی ده‌بێته‌ نیشانه‌ی شه‌رمه‌زاری مه‌زن و، دواجار کۆمه‌ڵگا متمانه‌ ناداته‌وه‌ به‌و پارته‌ی ناوبراو تێیدا به‌رپرسیار بووه‌؟ بۆ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ نیه‌ که‌سێکی وه‌ک تارق هاشمی ڕاده‌ستی دادگای باڵای عێراقی بکات، له‌ کاتێکدا ئه‌و پیاوه‌ تاوانبار کراوه‌‌ به‌وه‌ی ده‌ستی هه‌بوه‌ له‌ کاره‌ تیرۆریستیه‌کان که‌ خه‌ڵکی بێدیفاعی عێراقی تێدا بوه‌ به‌ قوربانی؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر تارق هاشمی جێگری سه‌رۆک کۆمار، تاوانباره‌ به تێوه‌گلان به‌ کاری تیرۆریستی، وه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ئاماده‌ نه‌بێت ڕاده‌ستی یاسای بکاته‌وه‌، سه‌رۆکی هه‌رێمیش ناچێته‌ هه‌مان خانه‌ی تاوانباریه‌وه‌؟ ئه‌مه‌ بانێک و دوو هه‌وا نیه‌؟ کامه‌یه‌ سه‌روه‌ری یاسا له‌ کاتێکدا وڵات کۆمه‌ڵێک گروپی مافیایی به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن؟

عێراق و کوردستان به‌گشتی کراوه‌ به‌و گۆڕه‌پانه‌ی به‌هیچ ئه‌ندازه‌یه‌ک خه‌ڵکه‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌که‌ی ناتوانێت ڕزگاری ببێت له‌ کۆی ئه‌و تۆڕه‌ جاڵ جاڵۆکه‌یه‌ی بۆی ته‌نراوه‌، تا ئه‌و ساته‌ی خۆی یه‌ک لای نه‌کاته‌وه‌ له‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که‌ کۆی ئه‌م پارتانه‌ به‌ دوژمنی سه‌ره‌کی خۆی نه‌زانێت. چاره‌سه‌ری ئه‌م نائارامی و نا جێگیریه‌ی ئێستا له‌ عێراق و کوردستاندا هه‌یه‌، خۆ ڕزگار کردنی زۆرینه‌یه‌ له‌ هه‌یمه‌نه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌. خۆ ڕزگار کردنێک ئیتر هیچ مانایه‌ک بۆ ئاستی به‌رپرسیارێتی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ نه‌هێڵێته‌وه‌ و له‌ سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات وه‌ده‌ریان نێت. ئاستی ڕیفۆرم کردن له‌ ده‌سه‌ڵاتێکدا بێمتمانه‌ی و گه‌نده‌ڵی تا بینه‌قاقای ڕۆچوه‌، ناتوانێت سه‌رکه‌وتوو بێت، چونکه‌ ئه‌و ریفۆرم کردنه‌ وه‌ک ئه‌و تۆڕه‌ وایه‌ که‌ ته‌نها ماسیه‌ به‌د به‌خت و وردیله‌کان ده‌گرێت.
به‌رده‌وام بوونی ئه‌م پارته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ له‌م شێوه‌ ترسناکانه‌ی تیرۆر کردنی تاکه‌ ئازادیخوازه‌کانی کۆمه‌ڵگا تا ده‌گات به‌ خودی به‌رپرسه‌کانیش، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ک زه‌نگێکی پڕ له‌ مه‌ترسی و سیگناڵێکه‌ ده‌ڵێت هه‌رکه‌س بخوازم تیرۆری ده‌که‌م. ئه‌مه‌ نیشانه‌ی مردووی کۆمه‌ڵگا ده‌گه‌یه‌نێت له‌وه‌ی هه‌ر ساته‌ و له‌ چاوه‌ڕوانی له‌ نێو بردنی تاکێک بین له‌ کۆمه‌ڵگادا به‌ شێوه‌ی نهێنی. ئاخۆ کامه‌یه‌ سه‌روه‌ری یاسا؟ ئاخۆ ئێستا ناگه‌ین به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که‌ ئه‌وه‌ سه‌رۆکی وڵات و به‌رپرسه‌ پله‌ یه‌که‌کانن که‌ یاسان نه‌ک شتێک به‌ناوی یاساوه‌ بوونی هه‌بێت و ده‌زگایه‌یکیش به‌و ناوه‌وه‌ بونی هه‌بێت.
مانه‌وه‌ی ئه‌م که‌شه‌ پڕ له‌ گومان و بێمتمانه‌یی و نائارامیه‌ له‌ نێو دیدی کۆمه‌ڵگادا به‌ دوو حاڵه‌ت کۆتایی پێ دێت؛ یه‌کیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ و ئازادیخوازی کوردستان چیتر ڕێگا به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌دات له‌ کوشتنی نهێنی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا به‌رده‌وام ببێت، وه‌ ده‌ستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ مافیا ئاساییه‌ بنبڕ بکه‌ن. وه‌ دوه‌میشیان که‌ زۆر نه‌گه‌تیفانه‌یه‌، ئه‌ویش ده‌ستخۆشی کردن و مله‌که‌چی کردن بێت بۆ ده‌سه‌ڵات له‌ به‌رده‌وام بوونی ئه‌م کارانه‌یدا. دیاره‌ له‌ وه‌ها حاڵه‌تێکدا هیچ ڕێزێک بۆ که‌مه‌ڵگا نامێنیته‌وه‌، له‌وه‌ی پێی بوترێت کۆمه‌ڵگایه‌کی زیندوه‌، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی که‌ ناوی لێبنرێت کۆمه‌ڵگایه‌ک‌ له‌ کوردستاندا بوونی هه‌یه‌، پڕاوپڕ له‌ مل‌که‌چی و کۆیلله‌ بوونی؟! ئاخۆ کۆمه‌ڵگای کوردستان ئاماده‌یه‌ ئه‌م نازناوه‌ی پێبدرێت؟
ژیان به‌سه‌ربه‌ستی و ئازادی و یه‌کسانیه‌وه‌ ده‌توانیت مانادار بێت، تا ئه‌م سێ ئامانجه‌ش دابڕاو بێت له‌ نێو ژیانی کۆمه‌ڵگادا، هه‌میشه‌ ژێر ده‌سته‌یی و ملکه‌چ کردن خاوه‌نی ماڵ ده‌بن!!!!!!!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە