کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیموکراسی ئیسلامی سیاسی و زیندانەکانی لای ئەردۆغان!

Monday, 05/11/2012, 12:00





ئەم بابەتە وەڵامێکە بە بابەتێکی ئەبوبەکر عەلی

چەمک و مانای دیموکراسی زیاد لە چەند سەدەیە بەکار دێت لەلایەن دەسەڵاتی سەردەستەوە، یان باشتر وەایە بڵێم لەگەڵ زەمەنی هاتنە مەیدانی سیستەمی سەرمایەداریدا، ئەم چەمکەش وەک هەر چەمکێکی تری مانا لە ئازادی و مانا لە وەدەستهێنانی مافی هاوڵاتی بوون بەکار هاتوە، لە بنەڕەتیشدا ئەوەی مانایەک لە ئازادی و ئەوەی پەیوەندی بە دیموکراسی و مافی هاوڵاتی بونەوە هەبێت لە باری عەمەلیەوە بونی نەبوە. لەم زەمەنەشدا و لەسەردەمی ئەم فرە حیزبیە دیکتاتۆرەی- جێگای دیکتاتۆرە تاکڕەوەکانی گرتوەتەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا، هەرچی حیزبی قەومی و حیزبی ئیسلامی هەیە، دەڵێن بنەماکانی دیموکراسی لە بونی ئێمەوە سەرچاوەیان گرتوە، تا دەگات بەو میدیا بەناو ئازادەی لە کوردستاندا هەیە.
لەگەڵ ئەوەی چەمک و مانای بەکارهێنانی ئەم ووشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانیەکانی پێش زاین و تا ئێستاش خودی بزوتنەوە سیاسی و جەماوەریەکان تا دەگات بە دەسەڵاتە دیکتاتۆرە دڕندەکان بەکاری دەهێنن، بەکارهێنانێک، هەریەک لە ئاست بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆیەوە لێی دەڕوانێت. خۆگەر نمونەی وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیش بگرین، ئەو کات دەبینین ئەو چەمکە تەنها بۆ بەرژەوەندی خودی چینی حاکم و دارودەستەکانیان بەکار هاتوە، نەک بە خاتری کرانەوەی کۆمەڵگا و مافی دەربڕینی ئازادانە بۆ کۆمەڵگا دەستەبەر بکرێت، لەم ڕوەیانەوە چەمکی دیموکراسی تەنها وەک چەمکی سەپاندنی دیکتاتۆریەتی تەواو دەرکەوتوە لە جێگای بنەماوپرەنسیپەکانی نێو خودی چەمکی دیموکراسی. دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی هەر لە سعودیەی عەرەربیەوە تا دەگات بە سودان و یەمەن و لیبیا و جەزائیر و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێرانی ژێر دفەسەڵاتی ئاخوندەکان، وە تازەترینیشیان جێنشینەکەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەکان، جەنابی ئەردۆگانی دیموکراسی خوازە! ئاخۆ گەر بە ویژدانەوە سەیری جێگاوڕێگای ژیانی ملیۆنان لە مرۆڤی چەوساوە بکەین لەو وڵاتانەدا ناگەین بەو دەرئەنجامەی بڵێین لە نێو چەمک و ئایدۆلۆژیایی ئیسلامدا جێگایەک نیە بۆ ئازادی مرۆڤ و چەسپاندنی مافە مەدەنی و ئازادیەکانی؟
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لەم سەدەیەدا وەک باوکی ڕۆحی بزوتنەوە ئیسلامیە سونی مەزهەبەکان دەردەکەوێت، ئەو پیاوە هێندەی هەر دیکتاتۆرێکی دیکەی مێژوی مرۆڤایەتی ،دیکتاتۆرە و دەستی سورە بە گیان لە دەستدانی دەیان هەزار لە مرۆڤی بێتاوانی بەناو کورد زمان! ئاخۆ ئەوە چ جۆرە دڕندایەتی و دیکتاتۆریەتیەکە کە وڵاتی تورکیای ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی زۆرترین مرۆڤی خەباتگێڕ و ئازادیخوازی کورد و تا دەگات بە مرۆڤە شۆڕشگێڕەکانی بەرەی چەپی تورکیا لە نێو زیندانە تاریکەکانی سەر بە دەسەڵاتەکەی ئەردۆغاندا توند کراون؟ ئاخۆ ئەوەیە دیموکراسیەتەکەی ئیسلام و خودی ئیسلامی سیاسی؟ کامەیە ئەو مافەی لە نێو دەسەڵاتە ئیسلامیەکاندا بە ڕەوا بینراوە بۆ هەر نوسەر و هەر بیرمەندێک کاتێک ڕەخنەی جیدی هەبوبێت لەسەر خودی دین و چەمکەکانی ئەو دینە؟ لە کوێدایە ئەو دیموکراسیەتەی هەمیشە بە نوکی شمشێر و بەهێزی تیرۆر بە ڕێوە براوە؟ ئاخۆ لە نێو زیندانەکانی دەوڵەتەکەی ئەحمەدی نەژادا، بە هەزاران لە مرۆڤی تێکۆشەر و ئازدیخواز بەند نەکراون لە سەر ئەوەی دەخوازن دەسەڵاتێکی یەکسانیخواز لە کۆمەڵگادا بەرپا بکرێت؟ ئاخۆ لەکام سەدەدا ئیسلام توانیویەتی دیموکراس خواز بێت؟ لە سەردەمی خەلیفەکان یان لە سەردەمی تاڵیبانەکانی ئەفگانستاندا؟ ئاخۆ هەر هەموو زەمەنەکان دەسەڵاتی مل پەڕاندن و زمان بڕین دەوری تەواوی خۆی نەبوە؟ ئاخۆ بزوتنەوەی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پێناو سەپاندنی مافی چارەی خۆنوسینی گەلێک و خواستی کرانەوەی کۆمەڵگای تورکیا و ڕزگار بونی لە دەستی بیرکردنەوەی شوڤێنی و رەگەزپەرستی نەهاتۆتە مەیدان، هۆکار چیە کە بزوتنەوە ئیسلامیە سیاسیەکان پشتگیری لێناکەن و دژی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان فزەیان لێوە نایەت، کە ڕۆژانە بە سەدان لە مرۆڤی سیڤیل لە خەڵکی کوردستان ڕەوانەی زیندانەکان دەکات یان دەیان کوژێت، ئاخۆ ئەوانیش هەر مرۆڤ نین و بەناو خودا دروستی نەکردون؟! چەمکی دیموکراسیەت بە مانای ئازادی بۆتۆ و دەم داخران بۆمن نایەت، ئەمەی لە وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیدا دەگوزەرێت تەعبیرێکە لەم دەربڕینە شکستخواردوە دژە ئازادیە، گەر نا بۆ لە کوردستاندا دەخوازن یاسای پیرۆزیە ئاینیەکان بسەپێنن بەسەر بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگادا؟!

ئەم نوسینەی ئێستام، لە بنەڕەتدا تەنها ئەم کۆمێنتەی لای خۆراوە بوە لەسەر بابەتێکی ئەبوبەکر عەلی سەر بە یەکگرتوی ئیسلامی لە کوردستان لە ژێر ناوی(دیموکراسی‌:لە بژاردەیەکی‌سیاسیەوە بۆ ئەرکێکی‌ئیسلامی‌). لە سایتی لیڤیندا بڵاو کراوەتەوە. من کاتێک بابەتەکەم خوێندەوە، بە پێویستم زانی کۆمێنتێکی لەسەر بنوسم، لە نێو سایتی لیڤین و ئاوێنە نیوزدا، لە ژێر بابەتەکانەوە جێگایەکیان داناوە بۆ ئەوەی هەر خوێنەرێک ڕەخنەی هەیە یان دەستخۆشی بتوانێت لەو جێگایەدا بینوسێت و بینێریت تا بڵاوی بکەنەوە و بەرچاوی خودی نوسەری بابەتەکەش بکەوێت، بۆ ئەوەی وەڵامی خوێنەرەکان بداتەوە، بەداخەوە ئەم کۆمێنتەی من ڕێگای پێنەدرا لەو جێگایەدا بڵاو بکرێتەوە، بۆیە بەباشم زانی وەک نوسینێکی کورت لەسەر ئەو بابەتە دیدی خۆم بنوسم لە مەڕ چەمکی دیموکراسی و بەتایبەت پەیوەندی ئەو چەمکە لەگەڵ جیهانبینی وشکی ئیسلام و ئیسلامی سیاسیشدا.

پێش ئەوەی کۆمێنتەکەی خۆم بنوسم لەسەر ئەم بابەتە، هیوادارم بەرپرسیارانی ئەم سایتە کە باس لە ئازادی دەربڕین دەکەن کۆمێنتەکەم بۆ بڵاو بکەنەوە، چونکە چەند جاری تر کۆمێنتم نوسیوە بڵاویان نەکردۆتەوە.
بەڕێز ئەبوبەکر عەلی، گەر بۆخۆی لە سیستەمی دیموکراسی تێگەیشتبێت و تەنها بەرژەوەندی ئایدۆلۆژیەکەی زاڵ نەبێت بەسەریدا، دەکرێت پرسیارێک لە خۆی بکات، کە لەکامە زەمەنی مێژوییدا خودی دەسەڵاتە ئیسلامیە بەناو دیموکراسیەکاندا ئەو مافەیان بەڕەوا بینیوە کە خەڵکی کورد مافی جیابونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت؟ ڕەنگە دوور نەڕۆین کەسایەتیەکی وەک رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی ئەم سەردەمە، باشترین نمونە بێت بۆ ئەوەی بزانین ئەو دیموکراسیەتە کامەیە کە ئیسلامی سیاسی بانگەشەی بۆ دەکات؟ ئاخۆ ئەردۆگان بۆ بەهیچ شێوازێک ئامادە نیە دان بە قەوارەیەکی سیاسیدا بنێت کە خەڵکی کورد زمان خۆیان دەیانەوێت چۆن چۆنی بژین؟ ئاخۆ گەر لە ئیسلامدا دیموکراسسیەت بونی هەبێت، لە کامە جێگادایە کە لانی کەم ئەوانەی بڕوایان بە ئاینەکانی تر هەیە نەکرابێتنە ئامانج؟ یان ئەوانەی بڕوایان بەهیچ دینێک نیە؟ یاخود حیجاب کردنی ژنان لە نێو شەریعەتی ئاینی ئیسلامدا، لە کوێدایە ئەو مافە ئینسانی و هاوڵاتی بونیە؟ من دەپرسم لە کاک ئەبوبەکر، ئاخۆ بۆ ئەوەی دیموکراسیەت نەکرێت بە پاروی چەوری دەمی چینی باڵادەستی سەرمایەداران و خودی ڕابەرانی ئاینیش، باشترین ڕێگا چارە بۆ ئەوەی دیموکراسیەت و ئازادی کەمێک بتوانن پێکەوە هەڵبکەن، جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و لە نێو بردنی سیستەمی قازانج پەرستی سەرمایەداری باشترین ڕێگا چارە نیە؟ ئاخۆ تا ئەو ساتەی چینێکی کۆمەڵایەتی لەلایەن چینێکی تری حاکم ڕەواوە بچەوسێنرێتەوە مانای هاوڵاتی بون و مافی هاوڵاتی بوون بونی دەبێت؟ ئیتر دیموکراسیەت لەم زەمەنەدا چ مانایەکی هەیە، گەر تەنها بۆ خۆڵ کردنە چاوی کۆمەڵگا نەبێت؟ من گومانم هەیە، بەتایبەتیش بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵات و خودی ئەو کۆمەڵگا بەموسڵمانکراوانەدا، شتێک هەبێت دورونزیک خزمایەتیەکی لەگەڵ بنەماکانی چەمکی دیموکراسیەتدا هەبێت. تۆ سەیرکە، کامە یەک لە وڵاتانی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵات هەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان گرێدراوی نێو ئەو پلان و بەرژەوەندیانە نەبێت کە زلهێزانی جیهان لە پشتیەوەن؟ بارودۆخی قەیراناوی سوریا، ڕەنگە زیندوترین نمونە بێت، کە بە چ جۆرێک خەڵکی بێدیفاع کراون بە قوربانی نێو بەرژەوەندیەکانی زلهێزانی جیهان و خودی ئەو ڕەگەز پەرستیەی هەڵقوڵاوی نێو خودی دینی ئیسلامە، کە جیایی ما بەینی شیعە و سونەیە، ئەمە کامە هۆکارە ئەو کۆمەڵگایانەی توشی خەڵتانی خوێن کردوە؟ ئاخۆ لە عێراقی نوێدا تا ئێستا بە دەیان هەزار مرۆڤی سیڤیل نەبوون بە قوربانی نێو ئەو جیاوازیە مەزهەب گەراییە، لەوەی ناوی کەسێک، عوسمانە یان عەلی یان عومەر؟ ئیتر کامەیە خزمایەتی ئاینی ئیسلام لەگەڵ دیموکراسیەتدا؟ لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمدا ٣/١١/٢٠١٢.
تاهیر حاجی حەسەن
٤/١١/٢٠١٢
فەرمون بابەتەکەی بەڕێز/ ئەبوبەکر عەلی ببینن؛
http://www.lvinpress.com/K_Direje.aspx?Jimare=951&Cor=7&Besh=Reportaj



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە