کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ مه‌یدانی ئازادی نوێژ کردن بۆچیه؟

Monday, 21/02/2011, 12:00


له‌ مه‌یدانی ئازادی نوێژ کردن بۆچیه؟
هاتنه‌ مه‌یدانی خه‌ڵکی ئازادی خوازی کوردستان، له‌ پاش کۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌که‌ی ڕۆژی پێنج شه‌مه‌ ڕێکه‌وتی 17/02/20001 که‌ له‌ ژێر دروشمی پاراستنی ماف و ئازادیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستاندا خۆی پێناسه‌ کردوه‌، تا ئه‌وه‌ی ئاینده‌ی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی کوردستان هێنده‌ی تر به‌ره‌و نادیاری و خولانه‌وه‌ له‌ نێو بازنه‌ی داخراوی سیناریۆکانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌حزابی حاکمدا به‌ره‌و هه‌ڵدێری زیاتر نه‌ڕوات. هه‌موولایه‌ک به‌ میدیاکانی جیهانیشه‌وه‌ ئه‌و په‌رچه‌ کرداره‌ نامرۆڤانه‌یه‌ی هێزوده‌سه‌ڵاتدارێتی پارتی دیموکراتی کوردستانی بینی، به‌ چ ئه‌ندازه‌یه‌کی وه‌حشیانه‌ ڕوبه‌ڕووی تێکدانی ئاراسته‌ی خۆپیشانده‌ران کرایه‌وه‌ و جۆگه‌له‌ی خوێنیان هه‌ڵساند.
دیاره‌ بۆ هیچ لایه‌ک شاراوه‌ نیه‌ که‌ ئه‌حزابی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن له‌ کوردستاندا هه‌رده‌م ویستویانه‌ ئاستی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بۆلای هێزی خۆیان کێش بکه‌ن، تا ئه‌وه‌ی خۆیان بکه‌ن به‌ خاوه‌ن هێز له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حاکمدا. ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه‌ زۆرتر خۆی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌کگرتوی ئیسلامی دا ده‌بینێته‌وه‌(ئه‌گه‌ر چی پێیه‌کیان له‌ نێو ده‌سه‌ڵاتدایه‌ و پێیه‌کی دیشیان له‌ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ زۆره‌دایه‌ که‌ بوونی هه‌یه‌ تا ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر شه‌نسیان هاته‌وه‌ به‌ هه‌ر کام لادا بوو، خۆیانی تێدا ته‌یار بکه‌ن) من ده‌مه‌وێت بپرسم ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئاستی خۆپیشاندان و داواکاریه‌کانی خه‌ڵکی ناڕازی له‌ کوردستاندا زیاتر ڕێکخراوتر و چونه‌ پێشه‌وه‌ی مه‌زنی تۆمار کرد له‌ ڕوژانی ئاینده‌دا، دیسان وه‌ک وڵاتی میسر که‌ شورای ملیۆنی دژی ده‌سه‌ڵات هاتبونه‌ مه‌یدان و داواکریان ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵات و سیستمی ناعه‌داله‌تی بوو وه‌ هه‌ر له‌وێشدا به‌ره‌ی ئیسلامی نوێژی به‌ کۆمه‌ڵیان ده‌کر تا ئه‌وه‌ی شوناسێکی ئیسلامیانه‌ بده‌ن به‌ ڕاپه‌ڕینه‌که‌یان و خواسته‌ ئازادیخوازیه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌ ژێر ئه‌و نوێژ کردنه‌ به‌کۆمه‌ڵیه‌دا بنه‌خشێنن، گه‌رچی ژماره‌ی نوێژکه‌ران له‌ ئاستی ملیۆنی خه‌ڵکیدا ته‌نها وه‌ک دڵۆپێک وابوو له‌ده‌ریایه‌کدا، ئایا ئه‌م کاره‌ش له‌ کوردستاندا پێویستی به‌ ئه‌و کۆپی کردنه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌؟ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێواره‌ی دوێنێ یانی 20/02/2001 پاش ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران له‌ به‌رده‌رکی سه‌را مه‌یدانی ئازادی ئێستا خێمه‌یان تێدا هه‌ڵدا بۆ ئه‌وه‌ی بمێننه‌وه‌ تا درێژه‌ به‌ خۆپیشاندانه‌که‌یان بده‌ن، به‌ڵام هه‌ر له‌وێدا له‌ ڕێگای ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی و لیڤینه‌وه‌ نوسرا بوو که‌ خه‌ڵکی نوێژی جه‌ماعه‌تیان هه‌ر له‌وێدا کرد. من ده‌زانم خه‌ڵکی کوردستان بۆخۆی به‌شێکی خه‌ڵکی موسڵمانن، به‌ڵام ئیشاره‌تدان به‌و نوێژ کردنه‌ هیچ دوور نیه‌ ئاقاری خۆپیشاندانه‌که‌ و ئاستی داخوازیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان به‌ره‌و جێگایه‌کی تر نه‌بات؟ ئێستا ئه‌و حیزبه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیانه‌ تا ده‌گات به‌ مساومه‌ کردنه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ دینیه‌کان و پێفرۆشتنه‌وه‌ی به‌ خه‌ڵکی کوردستان، هێنده‌ی تر ئاراسته‌ی خواسته‌ مه‌ده‌نی و ئازادیخوازیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ره‌و هه‌ڵدیرێک نه‌به‌ن، ڕه‌نگه‌ پاشگه‌ز بونه‌وه‌ و باج دانه‌که‌ی زۆر زه‌حمه‌ت بکه‌وێته‌وه‌. به‌ڕای من خۆپیشانده‌ران نابێت ڕێگا بده‌ن مه‌یدانی ئازادی ببێت به‌ جێگایه‌ک نوێژی تێدا بکرێت، چونکه‌ هه‌ر دووسه‌د مه‌تر ئه‌ولاتر مزگه‌وتی گه‌وره‌ی لێیه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌و کاره‌. خه‌ڵکی ناڕازی کوردستان ئه‌مڕۆ گرفتیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نوێژ کردن و ئه‌و جۆره‌ خواسته‌ ئیسلام گه‌رایانه‌ نیه‌، به‌ڵکو خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان گرفتی سه‌ره‌کیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێکدایه‌ که‌ له‌ مێژوی خۆیه‌وه‌ تا ئێستا خۆی به‌ شۆڕشگێڕ ده‌زانێت و هه‌موو خه‌باتی سیاسی خۆی له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی شۆڕشگێڕێتی و خه‌باتی به‌رده‌وامی بۆ ئازادی ده‌فرۆشێته‌وه‌ به‌و خه‌ڵکه‌، به‌ڵام له‌ باری کرداریه‌وه‌ ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌یه‌و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ک شۆڕشگێڕ نیه‌ به‌ڵکو تاسه‌ر ئێسقان ده‌سه‌ڵاتێکه‌ دژی خواسته‌ ڕه‌واکانی خه‌ڵکی ئازادیخواز و سته‌مکێشی کوردستانه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک خۆی به‌ شۆڕشگێڕ بزانێت هیچ کات ئاماده‌ نابێت دژی خۆپیشانده‌ران ڕێژنه‌ی فیشه‌ک به‌سه‌ریاندا ببارێنێت و مه‌یدان خه‌ڵتانی خوێن بکات. ده‌سه‌ڵاتێک که‌ خۆی به‌ به‌رهه‌می ئه‌و خه‌ڵکه‌ بزانێت ده‌بێت زۆر ڕاشکاوانه‌ ئاماده‌یی ئه‌وه‌شی تێدا بێت که‌ گوێ له‌خواسته‌ ده‌ستبه‌جێکانی خه‌ڵکه‌که‌ی بگرێت و داخوازیه‌کانیان بۆ جێبه‌جی بکات تا ده‌گات به‌مه‌سه‌له‌ی ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی کۆی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ش، نه‌ک له‌ کۆمه‌ڵگادا چینێک له‌ مفته‌خۆران و مشه‌خۆران په‌روه‌رده‌ بکات و چینێکی به‌رینی کۆمه‌ڵگاش له‌ نێو بێزاری و نه‌بونی بێکاریدا به‌ جێبهێڵیت. دیاره‌ به‌شێک له‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌ ناچاری به‌ره‌و هه‌ڵدێری لای بزوتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌کان ده‌برێن و به‌ پێدانی پاره‌ و سڕینه‌وه‌ی هه‌رچ عه‌قڵیه‌تێکی مه‌ده‌نیانه‌ تێیاندا کاره‌کانی خۆیان ده‌به‌نه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌م بزوتنه‌وه‌ ئیسلامیانه‌ زۆر ڕونه‌ که‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی سعودیه‌ و ئێرانه‌وه‌‌ پشتگیری ده‌کرێن، که‌ بۆخۆیان ناڕه‌واترین ده‌وڵه‌تن له‌سه‌ر ئه‌م ڕوی زه‌مینه‌ دژی خواسته‌کانی چینی ژێر ده‌سته‌ی خۆیان. بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نی و که‌سایه‌تیانه‌ی خۆیان به‌ خه‌مخۆری ئاینده‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌زانن، ڕێگا نه‌ده‌ن له‌ ژێر ناوی ئازادیدا، داوجار به‌ڕه‌که‌یان له‌ ژێر پێ ده‌ربهێنرێت و کۆمه‌ڵگا توشی کاره‌ساتی جه‌رگبڕتر بکه‌ن. خه‌ڵکی ئازادیخواز و زه‌حمه‌تکێشی تونس و میسر، دژی ده‌سه‌ڵات و سیستمی ناعه‌داله‌تی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشیان به‌رپاکرد، چونکه‌ زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌ ساده‌ترین ژیان بێبه‌ش بوو، دواجار توێژی گه‌نجانی نوێ که‌ خواستی یه‌کجار مه‌ده‌نی و به‌ سکولار کردنی کۆمه‌ڵگایان پێیه‌ توانیان ببن به‌و هێزه‌ له‌ بن نه‌هاتوه‌ی که‌ هیچ هیزێک ناتوانێت ئاماده‌ییان تێک بشکێنیت، ئێستا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ڕێکخراوی برایانی ئیسلامی، دواجار پێکهێنانی حیزبێکی ئیسلامی به‌ناوی حیزبی ناوه‌ڕاست که‌ به‌شێکن له‌ ڕێکخراوی ئه‌لقاعیده‌ ده‌یانه‌وێت کۆمه‌ڵگا له‌ ژێر ناوی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیدا بنه‌خشێنن،هه‌روه‌ها ئه‌م بانگهێشته‌ له‌لایه‌ن که‌سی دوه‌می ڕێکخراوی تیرۆریستی ئیسلامی سیاسی ئه‌لقاعیده‌، ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهیری و هه‌روه‌ها، قه‌ره‌زاویه‌وه‌، ده‌خوازن ئاستی خواسته‌ مه‌ده‌نی و ڕه‌واکانی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ئیسلامیزه‌ کردنی کۆمه‌ڵگا به‌رن و ئیتجاهی شۆڕشه‌که‌ له‌ئه‌سڵی خۆی ده‌رکێشن، که‌ بنیات نانی کۆمه‌ڵگایه‌کی کراوه‌ و ئازادیخواز بێت له‌ میسردا. جا ئه‌گه‌ر خواستی ئه‌و بزوتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌ له‌ ئاینده‌دا سه‌ر بگرێت، دڵنیام کۆمه‌ڵگای میسر بۆ چه‌ند ده‌یه‌یه‌کی تر ده‌که‌وێته‌ پاشه‌کشێ کردنه‌وه‌ و هه‌رچ خواستێکی ملیۆنی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشیش هه‌یه‌ بۆ جارێکی تر له‌ گۆڕ ده‌نرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م داوا کردنه‌ی بزوتنه‌وه‌ی برایانی ئیسلامی پێناچێت به‌ ئاسانی سه‌ربگرێت، گه‌رچی بانگهێشتی ئه‌وه‌ش ده‌که‌ن که‌ ئه‌مان سه‌ر به‌باڵی توندڕه‌وه‌کان نین. لێره‌دا باسکردنی ئه‌م نمونه‌یه‌ بۆخۆی هه‌ڵگری ئه‌و چه‌مکه‌یه‌ که‌ ئه‌م هاتنه‌ مه‌یدانه‌ ملیۆنیه‌ی له‌ کۆی وڵاتانی باکوری ئه‌فریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پێیان ناوه‌ته‌ ناو به‌رپاکردنی شۆڕشێکی سه‌رتاسه‌ریه‌وه‌،ده‌رئه‌نجامی ئه‌و په‌یامه‌ نیه‌ که‌ کۆمه‌ڵگا پێویستی به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاخونده‌کانی ئێران بانگه‌شه‌ی بۆده‌که‌ن له‌گه‌ڵ حیزبه‌ ئیسلامیه‌کاندا، به‌ڵکو هاتنه‌ مه‌یدانی ملیۆنی خه‌ڵکی سته‌م دیده‌، ڕێک بۆ گۆڕینی کۆی سیستمێکه‌ بۆ ده‌یان ساڵه‌ به‌ری ره‌نجی کۆمه‌ڵگا ده‌دزێت و فه‌رهودی ده‌کات و فه‌سادی ئیداری له‌ نێو کۆمه‌ڵگا ده‌چێنێت، ئه‌م به‌رپاکردنی شۆڕشه‌ بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌و چینه‌که‌مه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگادا بوون به‌بارگرانی به‌سه‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵکی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌. له‌ کوردستان و عێراقیشدا، ئه‌م هاتنه‌ مه‌یدانه‌ ده‌ستی پێکردوه‌ و له‌ زۆرێک له‌ شاره‌کانی عێراقدا ئیتر داخوازیه‌کان به‌ڕونی دیاره‌ که‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ چیان ده‌وێت. ده‌سه‌ڵاتێک که‌ له‌ عێراق و کوردستاندا هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی ته‌واو تائیفی و مه‌زهه‌بی و خێڵه‌کیه‌، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ژێر دروشمی پاراستنی که‌رامه‌ت و ئازادیه‌کانی کۆی خه‌ڵکی عێراقدا خۆی ناساندوه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاتێکه‌ سه‌ر به‌ چینی بۆرژوازیه‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا و به‌هیچ ئه‌ندازه‌یه‌ک نوێنه‌رایه‌تی خواسته‌ڕه‌واکانی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا ناکه‌ن و تا بۆشیان ده‌کرێت ده‌یانه‌وێت کۆمه‌ڵگا داماڵن له‌و ئه‌سڵه‌ مه‌ده‌نیه‌ی هه‌یانه‌. دابه‌ش کردنی خه‌ڵکی به‌سه‌ر شیعی و سونی و نه‌ته‌وه‌کانی تردا هیچ هه‌نگاوێکی مه‌ده‌نیانه‌ نیه‌و ته‌نها بۆ کاولکردنی زیاتری ئاینده‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ و، لێسه‌ندنه‌وه‌ی هه‌رچ مافێکی سه‌ره‌تایی که‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی لێی به‌هره‌مه‌نده‌. ئه‌م هاتنه‌ مه‌یدانه‌ی ئێستا خه‌ڵکی سیڤیل و نه‌وه‌ی نوێی کۆمه‌ڵگا پێی هه‌ستاوه‌ له‌ کوردستاندا، باش ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بتوانن داخوازیه‌کانیان تۆکمه‌تر بکه‌ن و هه‌نگاوی جیدییان ئه‌وه‌ بێت که‌ کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی مه‌ده‌نیانه‌دا ببرێت، تا ئه‌وه‌ی چیتر پێویست نه‌کات ئه‌حزابی ئیسلامی و یان هه‌رچ هێزێکی تر به‌ ناوی نیشتمان و چالاکتر کردنی ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمیه‌وه‌، هه‌نگاوه‌کانیان به‌ره‌و ئاقارێکی نادیاردا، ببرێن.
بۆیه‌ ده‌بێت مه‌یدانی ئازادی له‌ کوردستاندا ببێت به‌و جێگایه‌ی تۆوی که‌لتورێکی نوێی ته‌واو مه‌ده‌نیانه‌ی تێدا بچێنرێت، که‌ چیتر کۆمه‌ڵگا ڕزگاری ببێت له‌م شێوه‌ سیاسه‌ت کردن و ناعه‌داله‌تیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی بوونی هه‌یه‌. ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌ ئه‌رکی مه‌زنی له‌سه‌رشانه‌ و ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌توانێت ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌ و ئاقارێکی کۆمه‌ڵگایه‌کی بێترس و کوشتار ببات، به‌مه‌رجێک خاوه‌نی ئاسۆیه‌کی ڕۆشن بێت، ئه‌گه‌ر نا دوور نیه‌ مه‌یدانی ئازادی بکرێت به‌ جێگای نوێژ کردنی ئیسلامی سیاسی و شه‌ڕی خوێناوی تێدا دروست ببێت، چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا به‌ شوێن ئه‌و هه‌له‌وه‌یه‌ تا بتوانێت ئه‌و داواکاری و خواسته‌ ڕه‌وایانه‌ به‌ کاری موئامه‌ره‌ و گێره‌ شێوێنی بدات له‌قه‌ڵه‌م و ڕه‌وایه‌تی بدات به‌خۆی تا کۆمه‌ڵگا خه‌ڵتانی خوێن بکات. هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ لیبیای موعه‌مه‌ر قه‌زافی و سه‌یفی کوڕیدا جێبه‌جێی ده‌که‌ن و کوشتاری جینۆسایدیان به‌رپاکردوه‌ دژی خه‌ڵکی راپه‌ڕیو ئازادی خواز، چونکه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ ئیسلامی سیاسین، به‌م ده‌لیله‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و پیاوه‌ به‌ناو شۆڕشگێڕه‌ وه‌ڵامی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش بداته‌وه‌ و ڕه‌وایه‌تی بدات به‌خۆی و ده‌سه‌ڵاته‌ 42 ساڵیه‌که‌ی.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ هیچ کات شه‌رمیان لا نیه‌ له‌ په‌یداکردنی درۆکردن و ناوناتۆره‌دان به‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌، بۆیه‌ ده‌کرێت خه‌ڵکی ئازادیخوازیش به‌ شێوازێک بێته‌ ده‌ره‌وه‌ که‌ هیچ خاڵێکی لاواز نه‌دات به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌،‌ تا ئه‌وه‌ی نه‌چێته‌ ژێر باری جیبه‌جێ نه‌کردنی داخوازیه‌کانه‌وه‌. کوردستان وه‌ک هه‌رچ وڵاتێکی تر و بگره‌ زیاتریش پێویستی به‌ به‌رپاکردنی شۆڕش و هاتنه‌ مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی چیتر سامانی کۆمه‌ڵگا هه‌روا به‌هه‌ده‌ر نه‌برێت و ئاینده‌ی کوردستانیش له‌م هه‌ڵواسراویه‌ سیاسیه‌یدا نه‌مێنێته‌وه‌، ئه‌م کاره‌ش به‌ شۆڕشێکی ئاسۆدار و به‌رچاو ڕون ده‌کرێت، که‌ خه‌ڵکی کوردستان ته‌نها خۆیانن بتوانن ئه‌م ئه‌رکه‌ به‌جێ بهێنن.
تاهیر حه‌سه‌ن
21/02/2011
هۆڵه‌ندا


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە