کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌ردۆغان پیاوێک پڕاو پڕ له‌ ئیسلام بوون و فاشیزم بوون!

Saturday, 12/11/2011, 12:00






ئایدۆلۆژیای ئیسلام و ئایدۆلۆژیای فاشیزم دوو چه‌مکن، هه‌ڵگری جۆرێک له‌ هاوپه‌یمانی و توانای پێکه‌وه‌ هه‌ڵکردنیان هه‌یه‌ به‌یه‌که‌وه‌. ئه‌ویش ئه‌و ڕێچکه‌ ڕاسیزمه‌یه‌ که‌ خۆی له‌سه‌ر توندڕه‌وی بنیاته‌کانی دین و و ناسیۆنالیزمی ده‌مارگیر بنیات ناوه‌. ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ به‌ جۆرێکه‌ له‌ سیاسه‌ت و کارکردی فاشیانه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێداندا ڕه‌نگی خۆی داوه‌ته‌وه‌. پارتێک هه‌ر وه‌ک پارته‌ ده‌مارگیر و ڕاسیسته‌کانی تورکیا، ناواخنی سیاسه‌ت و هه‌ڵسوڕانیان له‌و دروشمه‌ فاشیانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تای دروست بوونی ده‌وڵه‌تی تورکدا بنیات نرا، ئه‌ویش دروشمی (دلخۆش به‌ به‌وه‌ی تورکیت). ئه‌م دروشمه‌ پڕاوپڕ له‌ فاشیزم و تێگه‌یشتنی ڕاسیستیانه‌یه‌. به‌جۆرێک هیچ بۆشاییه‌ک به‌جێ ناهێڵێت، بۆ ئه‌وه‌ی تۆ کۆی کۆمه‌ڵگه‌کانی ترو مرۆڤه‌کانی سه‌ر ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ له‌ ئاست خۆتدا ببینیته‌وه‌.
کارکردن له‌سه‌ر ئه‌م بینات و چه‌مکه‌ ڕاسیستیانه‌، بێ دابڕان بوه‌و سه‌رجه‌م پارته‌ دینی و ناسیۆنالیسته‌کانی تورکیا کاریان له‌سه‌ر کردوه‌. بۆیه‌ بۆ که‌سێکی وه‌ک ئه‌ردۆغانیش که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی ده‌وڵه‌تی تورکیایه‌، به‌ ڕاشکاوانه‌ پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مکه‌ ده‌کات و نه‌فی کۆی نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کان و که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌کانی تر ده‌کاته‌وه‌ که‌ به‌هۆکاری داگیرکاری و به‌ شێوازی کاری ئیمپریالیزمانه‌ی سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی لێکێنراون به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکدا. ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت له‌ تورکیادا ته‌نها یه‌ک ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌، ئه‌ویش ده‌وڵه‌تی تورکیایه‌. ئه‌م هێمایه‌ بۆخۆی هیچی که‌متر نیه‌ له‌و دروشمه‌ی که‌ ئینسانی تورک دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ر ده‌کات کاتێک ده‌ڵێت؛ دڵخۆش به‌ به‌وه‌ی که‌ تورکیت!
خه‌لکی کوردستان له‌ باکوردا، زیاد له‌ 20 ملیۆن ئینسان ده‌بن و هه‌روه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی تری ژێرده‌ست له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌سته‌وه‌ ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ له‌ ژێر ناوی کورد بووندا، ده‌ریایه‌ک له‌ قوربانی بوون دراوه‌. خودی ده‌سه‌ڵاتی فاشیزمی تورکیا له‌ نزیک سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌و پێشه‌وه‌ هه‌ڵگری ئه‌م سیاسه‌تی دڵ ڕه‌قی و بێحورمه‌تی کردنه‌ بوون به‌ مرۆڤی کورده‌وه‌، له‌و وڵاته‌دا. من وه‌ک ناسیۆنالیستێک دیفاع له‌ کورد بوون ناکه‌م، به‌ڵام وه‌ک مافێکی ڕه‌واو هه‌قی کۆمه‌ڵگایه‌ک که‌ خاوه‌ن زمانی تایبه‌تی خۆیانن، ده‌بێت کۆی ئه‌و ئاسته‌ له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و بێڕێزی کردن به‌ بیست ملیۆن ئینسان هه‌رده‌م شه‌رمه‌زار بکرێت، که‌ ده‌وڵه‌تی فاشیزمی تورکیا هۆکاره‌که‌یه‌تی. خودی ئه‌و به‌ربه‌ریه‌ته‌ی ئه‌م ناسیۆنالیزمه‌ فاشیه‌ هه‌ڵگریه‌تی هیچی که‌متر نیه‌ له‌ کۆی ئه‌و چه‌مکانه‌ی که‌ هیتله‌ر، ڕاسیزم و فاشیزم بوونه‌که‌ی فه‌لسه‌فه‌ی حیزبه‌ نازیه‌که‌ی خۆی له‌سه‌ر بنیات نا.
کارکردن له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مکه‌ فاشیزم بوونه‌یه‌، حیزبی ئیسلامی داد و گه‌شه‌ پێدان تا ئێستا خۆی له‌سه‌ر بنیات ناوه‌، گه‌رچی ئه‌م حیزبه‌ به‌ خودی فه‌لسه‌فه میانڕه‌وه‌‌ دینیه‌که‌ی، توانیویه‌تی پشتگیری و هه‌ماهه‌نگی له‌لایه‌ن زلهێزانی جیهانه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنێت و له‌گه‌ڵ هه‌مان به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تیانه‌ی سیسته‌مه‌ سه‌رمایه‌داریه‌کانی دنیادا هاوئاهه‌نگه‌، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ هه‌ر خودی حیزبه‌ ئیسلامیه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و حیزبه‌ ئیسلامیه‌کانی کوردستان وه‌ک ئیلهام به‌خشێکی مه‌زن ده‌یبیننه‌وه‌، بۆ سه‌رکه‌وتنی ئاینده‌ی خۆیان و، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش دڵخۆشن پێی که‌ خودی ئه‌و حیزبه‌ فاشیه‌ بتوانێت له‌ ئاینده‌دا، کۆی هێز و تواناکانی سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی بگێڕێته‌وه‌ و، خۆی وه‌ک ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته‌ پێناسه‌ بکاته‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر وڵاتانی ڕۆژئاوادا.

پارتی کرێکارانی کوردستان، ته‌نها پارتێکی ناسیۆنالیزم چه‌په‌ که‌ هه‌ڵگری ستراتیژیه‌تی جیاوازتره‌ له‌ کۆی پارته‌کانی هه‌رکام له‌ به‌شه‌کانی تری کوردستان. ڕێبازی ئه‌و پارته‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو بوه‌ که‌ توانیویه‌تی ملیۆنان له‌ ئینسانی زه‌حمه‌تکێش و ئازادی خوازی کورد و تورکیش به‌لای خۆیدا ڕاکێشێت و خه‌باته‌که‌شه‌ی له‌ پێناو ڕزگار کردنی کۆمه‌ڵگادایه‌، له‌و چه‌مکه‌ فاشی و ڕاسیستیانه‌ی که‌ تا ئێستا ئینسانی تورکی له‌سه‌ر ڕاهێنراوه‌. کۆمه‌ک کردنه‌ گشتیه‌کانی زلهێزانی جیهان بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داری تورکیا و پشتگیری کردنی له‌ کۆی ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌یکاته‌ سه‌ر پارتی کرێکاران، بۆخۆی ئه‌و ڕاستیه‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ نیشان ده‌دات، که‌ ئه‌و پارته‌، به‌ چ جۆرێک ده‌یه‌وێت له‌م پارته‌ ناسیۆنالیزمه‌ کوردیانه‌ی دیکه‌ نه‌چێت که‌ لای زلهێزانی جیهان، هه‌ڵگری چه‌مکه‌ دیموکراتیک و عه‌داله‌تخوازیه‌کانن!!!!!!!!!! ئه‌گه‌ر پیناسه‌ کردنی پارتی کرێکاران به‌ تیرۆریست و یاخی بوو له‌ قه‌له‌م ده‌درێن له‌لایه‌ن زلهێزانی نیزامی سه‌رمایه‌داری و خودی ده‌سه‌ڵاتی فاشیزمی تورکیاوه‌، ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌که‌ی دروستی ته‌واوی سیاسه‌ت و ستراتیژی ئه‌و پارته‌ نیشان ده‌دات. چونکه‌ هه‌رکات زلهێزانی جیهان به‌رگریان کرد له‌ پارتێک یاخود حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن، به‌و مانایه‌ دێت که‌ سیاسه‌ت و ئامانجی ئه‌و لایه‌نه‌ یه‌کانگیره‌ له‌گه‌ڵ ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی زلهێزانی جیهاندا. پارتی کرێکارانی کوردستان چ کاتێک سیاسه‌ت و ستراتیژیان وه‌ک حیزبه‌ ئیسلامیه‌ توند ڕه‌وه‌کان بووه‌،(که‌ به‌حیزبه‌ تیرۆرستیه‌کان ناسراون) له‌ کاتێکدا خودی ئه‌و پارته‌ ئیسلامیانه‌ی هه‌رده‌م له‌لایه‌ن زلهێزانی جیهانه‌وه‌ به‌ناڕاسته‌وخۆ پشگیری کراون و ئیدامه‌ دراوه‌ پێیان، له‌ پێناو دواخستنی ئاستی وشیاری سیاسی کۆمه‌لگاکاندا. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ که‌ سێکی وه‌ک ئۆج ئالان ده‌گیرێت و ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی فاشیزمی تورکیا ده‌کرێته‌وه‌ و، له‌ کۆی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی که‌ باسی عه‌داله‌تی و مافه‌کانی هاوڵاتی بوون ده‌که‌ن، جێگایه‌کی بۆ ئه‌و تێدا نیه‌!!!!!!!!! ئه‌مه‌ بۆخۆی ته‌نها ڕاستیه‌که‌، په‌یوه‌سته‌ به‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ده‌مارگیر و نا ئینسانیه‌ته‌وه‌ که‌ کۆی سیسته‌می ئه‌مڕۆی جیهانی سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر بنیات نراوه‌.

ره‌نگه‌ بڵێن چۆن ئایدۆلۆژیای دینی ئیسلام و فاشیزم پێکه‌وه‌ دێنه‌وه‌؟ خودی ئه‌و چه‌مکه‌ توند ڕه‌ویی و خۆ سه‌پاندنانه‌ی ده‌درێته‌ سه‌رشانی کۆمه‌ڵگاکان و ناچار ده‌کرێن هه‌ڵگری ئه‌و یاسا و ڕێوره‌سمانه‌ بن، بۆخۆیان ڕاسته‌وخۆ ده‌چنه‌ هه‌مان پێگه‌وه‌ که‌ دنیای فه‌لسه‌فه‌ی فاشیزم و ڕاسیزمی له‌سه‌ر بنیات نراوه‌. به‌ تایبه‌تیش خودی ئه‌م دوو ئایدۆلۆژیایه‌، هه‌رده‌م کار له‌سه‌ر چه‌مکێک ده‌که‌ن، که‌ ئینسان توشی گیرۆده‌ی و نه‌توانین له‌ ده‌رچوون بکه‌ن به‌رانبه‌ر ئه‌و دوو ئایدۆلۆژیایه‌. به‌مانایه‌کی تر خودی ئه‌و دوو چه‌مکه‌ وا کۆمه‌ڵگا ڕاده‌هێنن که‌ تایبه‌ت مه‌ندیه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی چینایه‌تی له‌خۆدا حه‌شار ده‌دات و وا نیشان ده‌دات، که‌ ئه‌و دوو چینه‌ سه‌ره‌کیه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگادا هه‌ن خاوه‌ن یه‌ک ئامانج و خاوه‌ن یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندین. لێره‌دایه‌ که‌ خودی ئایدۆلۆژیای دین و فاشیزم هه‌لگری یه‌ک دنیا بینین که‌ به‌ قازانجی سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدار و چینه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی نێو کۆمه‌لگا ته‌واو ده‌بێت.
کاتێک پارته‌که‌ی ئه‌ردۆغان هه‌لگری ئه‌و چه‌مکه‌ دینیه‌یه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵگری چه‌مکی دوه‌میشه‌ و به‌ ملیۆنان له‌ ئینسانی زه‌حمه‌تکێشی کورد ناچار به‌وه‌ ده‌که‌ن پشتگیری له‌و پارته‌ بکات، چونکه‌ ئیسلامه‌ و هه‌ڵگری بنه‌ما دینیه‌کانی دینی ئیسلامه‌. ئه‌م هۆکاره‌شه‌ وا ده‌کات ئاستی وشیاریه‌ چینایه‌تیه‌کان لاواز بن و خودی ئه‌و چه‌مکه‌ ترسناکه‌ شۆفێنیه‌شی نه‌بین که‌ ڕۆژانه‌ پیاده‌ی ده‌کات.
ئه‌وه‌ خه‌باتی یه‌کسانی خوازی و خودی خه‌باتی چینی کرێکار و به‌شمه‌ینه‌تانی کۆمه‌ڵگایه‌، ده‌توانیت کۆی ئه‌و چه‌مکه‌ فاشیزم بوون و ئیسلامه‌ سیاسیه‌ له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، نه‌ک ئه‌و سیاسه‌ت و مامه‌حه‌مه‌ی کردنه‌ی پارته‌ ناسیۆنالیزمه‌ کوردیه‌کان ده‌یکه‌ن بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا. تا ئه‌و کاته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی نیزامی چینایه‌تی ده‌وڵه‌تی تورک به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌ فاشیزمه‌ی خۆی، ململانێ ناسیۆنالیستیه‌کانیش به‌رده‌وام ده‌بن و ته‌نها خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و به‌شمه‌ینه‌تی ئه‌و وڵاته‌ باجده‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ی ده‌بن. فاشیزم و ئیسلامی سیاسی، ته‌نها ده‌توانێت دڵ ڕه‌قی و نائینسانی بوون و جه‌هل و ده‌به‌نگی به‌رهه‌م بهێنیت. خه‌ڵکی کوردستان وه‌ک مافێکی سه‌ره‌تایی خۆیان هه‌قیانه‌ له‌ ڕیفراندۆمێکی سه‌رتاسه‌ریدا بڕیاری چاره‌نوس سازی خۆیان بده‌ن له‌وه‌ی جیا ببنه‌وه‌ یان له‌گه‌ڵ ناوه‌ندا بژین، سه‌رکوت و خوێناوی کردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی ژێر ده‌ست، ته‌نها ده‌توانێت ڕاپه‌ڕین و خه‌باتی به‌رده‌وام له‌گه‌ل خۆیدا بهێنێت، نه‌ک وا چاوه‌ڕوان بکرێت ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئاستی ته‌سلیم بوون و کۆیلایه‌تی قبول کردن!!!!!!!!

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە