کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا ئەردۆغان و داود ئۆغلۆ زیاتر لە PKK و پەیەدە خەمخۆرن بۆ ئایندەی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە؟

Friday, 03/08/2012, 12:00


سەردانی لە ناکاوی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورکیا داود ئۆغلۆ، بۆ پارێزگای کەرکوک، هەڵگری چەند چەمک و لێکدانەوەی سیاسی و ئابوریە و بۆخۆی ئامانجێکی تایبەت لە ناواخنیدا هەیە. ئەو سەردانە تایبەتە لە کاتێکدایە بێگوێدانە پرەنسیپە دیبلۆماسیە باوەکانی نێو سیاسەتی دەوڵەتداری، ئەنجام دەدرێت و دەسەڵاتەکەی مالیکی پێ قەڵس دەبێت.

هەلومەرجی ئالۆزاوی سوریا و هاتنە مەیدانی خەڵکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی ئەو وڵاتە، دژی ڕژێمەکەی ئەسەدی کوڕ و بە ئومێدی کۆتا هێنان بەو ڕژێمە تاوانکارە، ساڵێکی زیاتر تێپەڕاندوە، بەڵام هێندەی ئەم ساتە وەختە ڕژێم نزیک نەبوەتەوە لە لێواری گۆڕی خۆیەوە. لە ڕۆژئاوای کوردستانیشدا زۆرێک لە شارە کورد نشینەکان ڕزگار کراون و لە ژێر دەستی پارتی یەکێتی دیموکراتدایە(پەیەدە)، ئەم پارتە بە هەمو ماناو لێکدانەوەیەکەوە جیاوازترە لە کۆی پارتە بەرهەڵستکارەکانی مەوجود، چونکە لەلایەک گرێدراوی هیچ یەک لە هەڵوێست و سیاسەتەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری نیە و لەلایەکی دیکەشەوە نزیکایەتیەکی ئایدۆلۆژی هەیە لەگەڵ پارتی کڕێکارانی کوردستاندا. ئەم هۆکارەیە وای لە کۆی پارتە بەرهەلستکارە قەومی و دینیەکان کردوە کە پەژارە و خەمی خۆیان بەرانبەر بەو پارتە دەردەبڕن و کەوتونەتە ناوناتۆرە هەڵواسین و چەواشەکاری بەوەی ئەم پارتە کوردیە یەک سیاسەتی دیکتاتۆریانە پەیڕەو دەکات و، دووش لایەنگری ڕژێمی بەعسی سوریایە. ئەوەی وا دەوڵەتی شۆفێنیستی ئەردۆغانی بێزار کردوە و ئۆغلۆ بەپەلە ڕەوانەی کوردستان دەکات و لە کەرکوک دانیشتن لەگەڵ پارێزگار بکات و ئامادەیی خۆی دەرببڕێت بۆ ئیمزا کردنی وەرەقەی سپی، یانی ئامادەیی دەوڵەتی تورکیا بۆ برەودان بەگەشە سەندنی شاری کەرکوک، خۆی لە خۆیدا نیشانەیەکی ئاشکرای بە کرێگیراوی دەسەڵاتی کوردی دەردەبڕێت بۆ ئەو ئامانجانەی کە دەوڵەتی تورکیا بە شوێنیەوەیەتی. لەلایەکی تر دانیشتنی ئۆغلۆ لەگەڵ پارتە کوردیەکانی دیکەی ڕۆژئاوا لە هەولێر هەمان کاری تەسلیم بونی ئەو پارتانە دەگەیەنێت کە دەوڵەتی تورکیا دەخوازێت بیان کاتە دوژمنی پارتی پەیەدە. (من وەک خۆم هیچ کات لەگەڵ بیر کردنەوەی نەتەوەچێتی و مەیلە بوارژوازی و کۆنەپەرستیەکانی ئەم ئایدۆلۆژیایەدا نیم، یانی وەک کەسێکی نەتەوەپەرست بیر ناکەمەوە، وە ڕێگاش بەخۆم نادەم بکەومە نێو ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیایەوە).

پارتی کرێکارانی کوردستان، گەر پارتێکی نەتەوە پەرست و میللی گەرا بوایە، ئێستا دەمێک بوو لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و خودی سیستەمی سەرمایەداریدا گونجانی دەکرد و ساتوسەودای بە ئامانجەکانی خۆیەوە دەکرد، هەروەک چۆن پارتە کوردیەکانی کوردستان دەیکەن و نمونەی پارتە نەتەوە پەرست و دینیەکانی وڵاتانی عەرەبی کردویانە و هەر هەمویان بەشێکن لەو پێکهاتە ئامانج دارەی کە بە شوێن پاراستنی سیستەمی سەرمایەداریەوەن. بە پێچەوانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان و خودی ئۆج ئالان، خاوەن هەڵوێست و سیاسەتی ڕۆشنن لە دیفاع کردن لە سۆسیالیزم و ئازادی، ئازادیەک کە هیچ سنوری نەتەوە و دینێک تێیدا بەم شێوازەی هەیە بونی نیە. خودی ئەو ئامانج و خەباتەی ئەو پارتە هەڵگریەتی لە ڕوی عەمەلیەوە سەلماندویەتی کە بە چ ئەندازەیەک دوژمنی سەرسەختی خودی سیستەمی نەتەوەپەرستی و سیەرمایەداریە. گەر وانەبوایە لە نێو سیاسەت و سیستەمی باوی سەرمایەداریدا جێگەی دەبوەوە. خودی ئەو پرەنسیپە بەرزانەی ئەو پارتە بە شوێنیەوەیەتی دەرخەری ئەوەن کە ئەو پارتە پارتێکی سۆسیالیزمی سەر بە سۆسیالیزمی زانستیە، گەر هەر کەسێک بخوازێت لە ئۆج ئالان تێبگات، با پەرتوکی (داستانی ژیانەوە بخوێنێتەوە یان پەرتوکی مێژویەک لە ئاگر بخوێنێتەوە کە چاوپێکەوتنێکی جەمیل بایکە) ئەو جا بە ئاسانی و بە ڕۆشنی لەو ڕێڕەوە مەزنە تێدەگات کە خابتی ئەو پارتە لە پێناو چ ئامانجێکی بەرزی سۆسیالیستیدایە.
ئۆج ئالامن بە تێگەیشتنی من کە سێکە بەتەواوی لە سیستەمی سەرمایەداری و بنەما چەوسێنەرەکانی ئەو سیستەمە تێگەیشتوە و لە هەمان کاتدا مرۆڤێکە لە ئامانجی بەرزی مارکس و ئەنگڵس و لینین، تێفکریوە و پابەندە بەو ڕێچکە فکریەوە کە ئەو ڕابەرانە هەڵگرین. لێرەدا من ناخوازم مەدح و سەنای ئەو پارتە و ڕابەرەکەی بکەم، هێندەی دەمەوێت بە شێوەیەکی واقعیانە لەو پارتە تێبگەین بۆچی سەرجەم سیستەمی باو لەگەڵ دەوڵەتەکانی ئەمڕۆ دژی خودی ئۆج ئالان و خەباتی پارتی کرێکارانن؟ تەواوی پارتە بەناو سۆسیالیستیەکان لەمڕۆدا یان سەر بەڕەوتی سۆسیالیزمی شورەوی جارانن، یاخود سەر بە ڕەوتێکن نەیان توانیوە ئاستی خەباتیان بگەیەننە ئەندازەیەک بونیان هەست پێبکرێت و مەیلی کۆمەڵگایان بۆلای خەباتەکەیان ڕاکێشابێت، بە پێچەوانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان، بە ئەندازەیەک لە نێو خودی خۆیدا پەرەی بەخەبات داوە، تواناکانی و هەڵسوڕانیان دەرخەری ئەو بەرەو پێشەوەچونەیانە. پارتێکە لە نێو خودی خۆیدا هەڵگری چەمکە واقعیەکانی مانای ئازادین، خەبات کردن بۆ ئازادیش ئەو لێبڕاویە مەزنەی دەوێت کە ئەو پارتە دەیکات.

هەموو تاکێکی ئازادیخواز دەزانێت سیاسەتی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا هێندە وەحشیانەیە، تەنانەت وای لە زۆرێک لە خەڵکی تورکیش کردوە هەر بەو چاوە ڕاسیستی و نەژاد پەرستیەوە بیر بکەنەوە کە خودی سەرانی دەوڵەت بیر دەکەنەوە، ئەوە ئاستی ڕاسیسمی دەوڵەتی تورکیە وادەکات کە بڵێت پێکاکا، پارتێکی نەژاد پەرست و توند ڕەو و قەومیە، گەر وایە بۆچی دەسەڵاتی دەوڵەتی سەرمایەداری تورکی لە گەڵ دەسەڵاتدارانی باشوردا ئەو کۆ پەیوەندیە ئابوری و سیاسیەی هەیە؟ ئاخۆ ئەوانیش میللی گەرایی و نەتەوە پەرست نین؟ دەبێت بە چاوێکی ڕەخنە ئامێزەوە لەو تێگەیشتنانە ورد ببینەوە و لێیان تێبگەیەن. سیستەمی سەرمایەداری لەمڕۆدا ئەوەی بە تەنها بە دوژمنی سەرسەختی خۆی ببینێت، تەنهاو تەنها یەک ڕیزی چینی کرێکار و پارتی پێشڕەوی ئەو چینەیە، بەغەیری ئەم چینە، سیستەمی سەرمایەداری هیچ پارتێکی تر بە دوژمنی خۆی نازانێت، خودی پارتە قەومیەکان و پارتە دینیەکان، بەشێکن لەو پێکهاتەو ئامانجانەی کە سودمەندی یەکەم لێیان خودی سیستەمی قازانج پەرستی سەرمایەداریە، چونکە گەر بونی ئەو ئایدۆلۆژیا قەومی و دینیانە نەبێت، ئەوجا خودی ئەم سیستەمە ناتوانێت جەنگەکانی برەو پێبدات لەگەڵ ململانێ ناوخۆییەکانیدا کە دەکەوێتە بەردەم ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی چینی کرێکارەوە.

بریا لە هەر وڵاتێکدا ئۆج ئالانێک و پارتێکی وەک پارتی کرێکارانی کوردستان بونی هەبوایە، ئەوجا دەبینرا کە ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابوریەکان بە چ شێوەیەک دەبوون. ئەوە ئاستی بەرەو پێشچونی ئەو پارتەیە کە ئەمڕۆ تەواوی سیاسەتی دەوڵەتی تورکی و ناوچەکە و جیهانیش لێی هاتونەتە مەیدان و خەریکی تەشهیر کردنین، ئەوە گریانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی میللی گەرای سوریایە کە هێندەی دەسەڵاتی ڕژیمی بەعسی سوریا خەم و پەژارەشیانە بەرانبەر بە پارتی پەیەدە، چونکە دەزانن ئەو پارتە بە شوێن ئامانجێکەوەیە کە جیاوازترە لەو ئامانجانەی خودی کۆی پارتە بەرهەڵستکارە دینی و میللی گەراییەکانی دیکە بە شوێنیەوەن. ئەوە ئاستی پاشکۆیی ئەو پارتانەیە بە سیاسەت و ئامانجەکانی وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکاو تورکیا و وڵاتانی عەرەبیەوە، کە خودی ئامانجەکانی شۆڕشی بەرەو هەڵدێر بردوە، هەروەک ئەو پارتە عێراقیانەی لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە لەسەر دەبابەی ئەمریکیەوە خۆیان کرد بە دەسەڵاتدار بەسەر خەڵکی بەشمەینەتی عێراقەوە، دەرئەنجامەکانیش هەمو لایەک و هەمو مرۆڤێکی ئازادیخواز دەیبینێت کە ئەو کۆمەڵگایەیان بە چ ئەندازەیەکی ناشیرین لەبەریەک هەڵوەشاندۆتەوە و بۆ سەدان ساڵ بەرەو دواوەیان گەڕاندۆتەوە.

ئەوە خەمخۆری دەوڵەتی سیاسی تورکیا نیە بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی سوریا و کوردستان، ئەوان هێندەی بە شوێن داگیرکاریەکەوەن، هێندەی بە شوێن هێز هاوسەنگیەوەن لە دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، بۆ ئەوەی هەیمەنەتی پاوانخوازی خۆیان بسەپینن بەسەر ستراتیژی ناوچەکەدا، بەهیچ شێوازێک بە شوێن ئازاد کردن و رزگار کردنی خەڵکی بەشمەینەتی سوریاوە نین. ئەوان دەخوازن مەدێکی ئیسلامی سیاسی سەر بەخۆیان و ڕەوتی سونی گەرایی لە ناوچەکەدا بەهێز بکەن و هەروەک سەردەمی عوسمانیەکان و سەفەویەکان، جارێکی تر کۆمەڵگاکان بخەنە نێو هەمان ژیان و دواکەوتویەکەوە. ئەوە ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی سیاسی تورکیایە و لەو ڕێگایەشەوە دەخوازێت نەک هەر پارتی پەیەدە و پێکاکا لە نێو بەرێت، بەڵکو ئامانجیان لە ناودانی سەرجەم ئازادیخوازانە.

دەوڵەتی تورکیا، جێ بەجێ کەری خودی پەیام و ستراتیژی ئەمریکای زلهێز و ناتۆیە، ئەو دەوڵەتە فاشیە بەو پشتگیریە نێو دەوڵەتیەوە توانای مانەوەی خۆی ڕاگرتوە لە بەرانبەر خەباتی پارتی کرێکارانی کوردستاندا، ئەوە سیاسەتی دەوڵەتی زلهێزی سەرمایەداری ئەمریکایە کە خودی خۆی بەرهەمهێنەری تیرۆریزمە، بە پێ کا کا ش دەڵێت پارتێکی تیرۆریستیە، ئاخۆ چەوسێنەر تیرۆریستە یان چەوساوە و ئازادیخواز؟


فەرمون ئەم لینکەش ببینن:
http://www.hawlati.co/babetekan/23970

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە