کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مردنی کۆرپه‌ ساواکه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ له‌ نێو موزایه‌ده‌ی میدیای باڵی بۆرژوازی کوردا!

Wednesday, 01/02/2012, 12:00



ده‌سه‌ڵاتی بۆرژواکان هه‌میشه‌ له‌سه‌ر لاشه‌ی پڕ له‌ هیلاکه‌تی چینی چه‌وساوه‌ی کۆمه‌ڵگادا خۆیان ڕاگرتوه‌. بۆرژواکان به‌ خۆیان و ده‌سه‌ڵاته‌ جۆراوجۆره‌کانیانه‌وه‌ تا ده‌گات به‌ میدیا پڕ له‌ چه‌واشه‌کاریه‌کانیان، وا خۆیان نیشانی کۆمه‌ڵگا ده‌ده‌ن که‌ ئه‌وان نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کانن له‌ کۆمه‌ڵگادا.
ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی کوردی له‌ کوردستاندا، یه‌کێکه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ چه‌واشه‌کار و ناعادیلانه‌یه‌، هه‌رده‌م خۆی به‌خه‌م خۆری خه‌ڵکی کوردستان ده‌رده‌خات. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌، بۆخۆی ده‌سه‌ڵاتێکی چینایه‌تیه‌و له‌سه‌ر تێکشکاندنی هه‌یمه‌نه‌تی چینی زه‌حمه‌تکێشی کۆمه‌ڵگای کوردستان خۆی و چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ بازرگانه‌که‌ی کردۆته‌ خاوه‌ن ملیاردلێر بوون. ئاخۆ ئه‌گه‌ر داموده‌زگا په‌روه‌رده‌یی و ته‌ندروستیه‌کان جۆرێک له‌ په‌روه‌رده‌ی ڕه‌وشتی یه‌کسانیخوازیانه‌یان تێدا بوایه‌، له‌ پاش زیاتر له‌ بیست ساڵی ته‌مه‌نی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ هێشتا به‌م شێوه‌ فاسیده‌ی ئێستا ده‌بوو؟ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا کۆی خه‌ڵکی کوردستانی دابه‌ش کردوه‌ به‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ بیرکردنه‌وه‌ حیزبیه‌ی خۆی زاڵ کردوه‌ به‌سه‌ر ئیراده‌ی کۆمه‌ڵگادا. کاتێکیش موچه‌ زیاد ده‌که‌ن یان ده‌ست ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانێکی نیوه‌ناچڵ ئه‌نجام بده‌ن، دێن له‌و کاته‌شدا به‌مه‌رجی سه‌ردانه‌واندن و خۆ به‌کۆیلله‌ کردنی ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له‌ ژێرده‌ستیاندان هه‌نگاوه‌کانیان هه‌ڵده‌نێن. کاتێک به‌رنامه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌، خولانه‌وه‌یه‌ له‌ نه‌هێشتنی کۆمه‌ڵگا، به‌تایبه‌ت چینی کرێکار و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش له‌و وڵاته‌دا هه‌نگاوێک به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت و ئاستی وشیاری سیاسی بباته‌ سه‌ره‌وه‌، له‌ کاتێکی وادا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خۆماڵیه‌ به‌ چ شێوازێک ده‌بێت ناوی لێبنێین ده‌سه‌ڵاتێکه‌ له‌ خزمه‌ت کۆی گشتی کۆمه‌ڵگادایه‌. ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بۆرژوازیه‌ کوردیه‌ له‌ خزمه‌ت بواره‌کانی پێشکه‌وتنی ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵگادا بوایه‌، ئاستی ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان ده‌گه‌شتنه‌ ئه‌م ئاسته‌ی ئێستای؟ ئه‌وه‌ شه‌قام و ئاستی گوزه‌رانی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ ده‌توانێت باشی یان خراپی کارکردی ده‌سه‌ڵات دیاری بکات، نه‌ک ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ر خۆی له‌سه‌ره‌وه‌ بڕیار بدات که‌له‌و باشتر نیه‌ بۆ خزمه‌تکردنی کۆمه‌ڵگا؟
ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆریه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بیش له‌ چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و قه‌وانه‌ ڕزیوه‌یان ده‌وته‌وه‌ که‌ ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتێکی عه‌داله‌ت خوازن و ئه‌وه‌ ده‌ستی ده‌ره‌کیه‌ ده‌یه‌وێت پشێوی کۆمه‌ڵایه‌تی دروست بکات له‌ کۆمه‌ڵگادا، به‌ڵام کاتێک هاتنه‌مه‌یدانی ملیۆنی جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ی کۆمه‌ڵگایان بینی نه‌ک هه‌رخۆیان واقیان وڕما، به‌ڵکو زلهێزانی جیهانیش که‌وتنه‌ نێو دڵه‌راوکه‌ی مه‌زنه‌وه‌- له‌و کاره‌ی که‌ ئه‌وان نه‌یان ده‌توانی چاوه‌ڕوانی هاتمه‌مه‌یدانی ملیۆنان له‌ ئینسانی به‌شخوراوی کۆمه‌ڵگا بکه‌ن. میدیای بۆرژوازیه‌ت هه‌رده‌م وه‌ک به‌شێکی دانه‌بڕاو له‌ نێو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی چینی ده‌سه‌ڵاتداردا، به‌رده‌وام به‌شوێن جۆره‌ سیاسه‌تێکه‌وه‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵگا له‌ خه‌ته‌ چینایه‌تیه‌که‌ی وه‌ده‌رنێ و له‌ ژێر ناوی یه‌ک پارچه‌یی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ و یه‌ک دینیدا بیهێڵێته‌وه‌. میدیای ده‌سه‌ڵاتدارانی بۆرژوازی کوردیش تا ده‌گات به‌ میدیای باڵی ئۆپۆزیسیۆنیش هه‌مان قه‌وانی پێکه‌وه‌ ژیانی و دوور له‌ خۆخستنه‌ نێو خه‌ته‌ چینایه‌تیه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا خۆیان به‌یان ده‌که‌ن و، هه‌ڵسوڕانی سیاسی خۆیان ده‌به‌نه‌ پێشه‌وه‌. هه‌ریه‌ک له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بۆرژوازی و بازرگانه‌ کوردیه‌ی هه‌یه‌، له‌سه‌ر دزینی سامانی گشتی کۆمه‌ڵگا به‌ ده‌یان و سه‌دان ڕۆژنامه‌ و تیڤی و که‌ناڵی ئاسمانیان داناوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م بودجه‌یه‌ له‌سه‌ر حسابی بێبه‌شکردنی ژیانی خه‌ڵکی هه‌ژاری کۆمه‌ڵگا نه‌بێت، ئه‌و بودجه‌یه‌یان له‌ کوێ بوو که‌ بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌و که‌ناڵه‌ چه‌واشه‌کاریانه‌دا خه‌رج ده‌کرێت به‌شی دروستکردنی ده‌یان نه‌خۆشخانه‌ی مۆدێرن ده‌کات، که‌ هه‌زاران منداڵی ساوای وه‌ک نێرگزی کۆرپه‌، له‌مردن ڕزگار بکات. ئه‌وه‌ دنیای چه‌واشه‌کاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆرژوازیه‌ی کورده‌ که‌ ژیانی هه‌ژارانی کۆمه‌ڵگه‌ی به‌م ئاسته‌ی ئێستای گه‌یاندوه‌، که‌ ڕۆژانه‌ به‌ده‌یان و سه‌دان خێزانی هه‌ژار به‌ڕێوه‌ن به‌ره‌و وڵاتی ئێران و تورکیا بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشه‌کانیان، خۆ ئه‌و خانه‌وادانه‌ی که‌ له‌ نمونه‌ی ئه‌و باوک و دایکه‌ی نێرگزی کۆرپه‌شن، ده‌بێت هه‌ر به‌و شێوازه‌ی ئێستایان له‌ چاوه‌ڕوانی مه‌رگی کۆرپه‌کانیاندا بن.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ ناتوانین بگه‌ین به‌و ئاسته‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی تێیدان، به‌م شێوه‌یه‌ هه‌رده‌م خه‌ریکی چه‌واشه‌کردنی ئاستی بیرکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگان، به‌ڵام خۆ ده‌بێت بپرسین ئه‌رێ ئه‌و ملیارانه‌ی هه‌تانه‌ له‌کام بانکی نیشتمانیدا حه‌شارتان داون؟ ئاخۆ ئه‌و ملیارانه‌تان به‌ دۆلار و ئیرۆیه‌ له‌ بانکه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپی و وڵاتانی دیکه‌ی خاوه‌ن سه‌رمایه‌داری گه‌وره‌دا دانه‌ناوه‌؟ بۆچی کاتێک بارودۆختان ده‌که‌وێته‌ لێژیه‌وه‌ و شۆڕشی چه‌وساوه‌کان ده‌رتان ده‌په‌ڕێنن له‌ وڵاتدا، ڕاسته‌وخۆ له‌ وڵاتانی زلهێزه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ ملیار دۆلاریان لای ئێمه‌یه‌ و ته‌جمیدمان کردوه‌!؟ ئاخۆ بۆ ناتوانن ده‌یان جێگای په‌روه‌رده‌یی بکه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی وشیاری سه‌دان خێزانی هه‌ژاری وه‌ک ئه‌و باوک و دایکه‌ی نێرگز له‌و ئاسته‌ دواکه‌وتویه‌ی ژیانیان ڕزگار بکه‌ن و کۆرپه‌له‌که‌شیان له‌ مردن ڕزگار بکرێت؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ تا ده‌گات به‌ میدیای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی چینی چه‌وساوه‌ی کۆمه‌ڵگادا نین، بۆچی پێشوه‌خت فریای ئه‌و خێزانه‌ هه‌ژاره‌ نه‌که‌وتن، یان ئه‌وه‌تا هه‌رهه‌موتان له‌سه‌ر بێلانه‌یی خه‌ڵکی هه‌ژار شه‌ڕه‌کانی خۆتان ده‌به‌نه‌ پێشه‌وه‌ و خۆتان وا له‌به‌رانبه‌ر کۆمه‌ڵگا نیشان ده‌ده‌ن که‌ من له‌وی تر باشترم و من هه‌ڵبژێرن؟
بۆرژوازیه‌ت له‌سه‌ر جیهان بینیی درۆی پێکه‌وه‌ ژیان و برایه‌تی گه‌مژانه‌ دامه‌زراوه‌. ئه‌وان خاوه‌ن چینێکن به‌بێ چه‌وساندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا ناتوانن به‌رده‌وام بن له‌ ژیانیاندا. کورسیه‌کانی ژێریان هه‌مووی له‌ خوێنی خه‌ڵکی هه‌ژار دروست کراوه‌، پاروه‌ گران به‌هاکانیان هه‌مووی له‌سه‌ر حسابی بێبه‌ش کردنی مه‌لایین خێزانی کرێکار و هه‌ژاری کۆمه‌ڵگادایه‌. ئیتر ئه‌م برایه‌تی و خاوه‌ن یه‌ک ده‌ستیه‌ له‌ کوێدایه‌؟ ئاخۆ منداڵه‌کانی ئێوه‌ که‌ له‌دایک ده‌بن، چه‌ندین سه‌رپه‌رشتیار و دکتۆری تایبه‌ت و خزمه‌تکار به‌ئاگا نین لێیان؟ کوا منداڵی ماڵه‌ هه‌ژاره‌کان له‌و به‌هره‌مه‌ندیه‌ی منداڵی ئێوه‌ هه‌یه‌تی به‌هره‌مه‌ندن؟ بۆرژواکان یه‌ک دنیای تایبه‌تیان هه‌یه‌، ئه‌ویش، بێشه‌رمییه‌!!!!!!! هیچ کات ناسڵه‌مێنه‌وه‌ له‌ درۆکردن و خۆڵ کردنه‌ چاوی خه‌ڵکی هه‌ژاره‌وه‌. ئه‌وان وه‌ک چۆن دین له‌ خزمه‌تیاندایه‌، به‌و شێوه‌یه‌ش خه‌ڵکی هه‌ژار ده‌خه‌ڵه‌تێنن که‌ ژیانی ئه‌وان خودا پێی به‌خشیون، ئه‌وه‌ نیه‌ کۆی پایه‌ دینیه‌کانیش باس له‌ بوونی هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌کات؟ خۆئه‌گه‌ر هه‌موو که‌سێک وه‌ک یه‌ک ژیانی هه‌بوایه‌ ژیان هیچ مانایه‌کی نه‌ده‌ما!!!!!!!!!!!! ئه‌مه‌ درۆی گه‌وره‌ی بۆرژوازیه‌ته‌ له‌هه‌رکوییه‌کی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا بن.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی تا ده‌گات به‌ ده‌زگای ته‌ندروستی ئاگایه‌کیان له‌ مه‌ینه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی هه‌ژاری کوردستان بوایه‌، ئه‌وا نه‌ده‌بوو (نێرگزی) کۆرپه‌ له‌و ته‌مه‌نه‌ چکۆله‌یدا ژیانی کۆتایی پێبهاتایه‌، من ناڵێم هیچ یه‌ک له‌ کۆرپه‌ تازه‌ له‌ دایک بوه‌کان قابیلی ئه‌وه‌ نین بمرن، به‌هه‌رچ شێوازێک بێت، به‌ڵام بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی و سه‌رجه‌م بواری ته‌ندروستی له‌و وڵاته‌دا، جێگای شه‌رمه‌زاریه‌ که‌ نه‌یان توانیوه به‌شێوه‌یه‌کی ‌ تایبه‌تی ئاگایان له‌ ژیانی ئه‌و خێزانه‌ هه‌ژاره‌ بێت، چونکه‌ له‌ ڕوی ته‌مه‌نه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و باوک و دایکه‌ بکرێت ته‌مه‌نیان له‌ سه‌روو چل ساڵیه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ بۆ ئه‌و ته‌مه‌نانه‌ پێویستی به‌ چاودێری تایبه‌تی پزیشکی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت بۆخێزانێکی ده‌ستنه‌ڕۆیشتوی وه‌ک ئه‌و باوک و دایکه‌ داماوه‌. باسی هه‌بوونی موچه‌ ده‌که‌ن که‌ هه‌یانه‌، خۆ ئێوه‌ شه‌و ڕۆژ باس له‌ مافی هاوڵاتی بوون ده‌که‌ن له‌ کوردستاندا، هێشتا خه‌ریکن ئه‌و بڕه‌ یارمه‌تیه‌شیان به‌زیاد له‌سه‌ر ژیانیان ده‌بیننه‌وه‌؟ ئاخۆ ته‌نها دانی مووچه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ خێزانانه‌ به‌سه‌ یان دابین کردنی جێگای تایبه‌ت ومانه‌وه‌یان له‌ ژێر چاودێری تایبه‌تی پزیشکی و په‌روه‌رده‌یدا، بۆیان؟


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە