کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وانە پەروەردەییەکان بۆ کۆمەڵگای کوردستان - بەشی یەکەم

Tuesday, 02/04/2013, 12:00







لە یادی شەش ساڵەی دوعادا کام هەنگاو پێویستە!

بۆچی دوعا کوژان هێشتا زیندوون لە نێو فەرهەنگ و کەلتوری باوی کۆمەڵگای کوردستاندا؟!
لە ٧/٤/٢٠٠٧ دا، دوعا، بەدەستی کەلتورێکی پیاوسالارانەی دواکەوتوی پشت بەستوو بە بەها ڕزیوەکانی ژینگەی خێڵ و عەشیرەت و مەزهەب، بەردە باران کرا.

کۆمەڵگای کوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە بۆ ژنان بوو بە جەنگڵستانێک ولەو ماوە مێژوییەدا تا ئەم ساتە، ڕۆژ نیە، لەو کوردستانەدا هەواڵی تیرۆرکردن و کوشتن و لاقە کردنی ژنێک یان کچێک نەبیستین. ئاخۆ دەبێت چ بەربەستێک لەم نێوەدا هەبێت لەوەی کە ئەو چەمکە پیاوسالاریە ناتوانێت خۆی لێدەرباز بکات و بگات بەو بڕواییەی کە ژن وەک ئەمی پیاو مرۆڤێکە و شایانی ڕێز و حورمەتە؟ ئاخۆ سەرجەم کۆمەڵگا بەرپرس نیە لە مانەوەی ئەو فەرهەنگ و کەلتورە پیاوسالاریە دواکەوتوییە؟ ئاخۆ گەر خودی کۆمەڵگا لەڕوی پەروەردەییەوە لە ژێر گوشارێکی چەق بەستوو وە شکست خواردودا نیە، بۆچی ناتوانێت کۆتایی بەو فەرهەنگە دڕندانەییەی بهێنێت؟ ئاخۆ گەر کۆمەڵگای کوردی وابەستە نیە بە کۆمەڵێک پرەنسیپ و بەها گەلێکەوە کە دورە لە کۆی ئەو بەها ئەخلاقیەی کە کۆمەڵگایەکی کراوە هەیەتی،ڕۆژی بەم ڕۆژە کارەسات ئامێزە دەگەیشت؟ لێرەدا من ناخوازم، بەرانبەر وا لێم تێبگات کە من سوکایەتی بە کۆمەڵگا دەکەم، بە پێچەوانەوە، من دەمەوێت کۆی ئەو فەرهەنگە باوە زاڵەی لە ناواخنی کۆمەڵگادا خۆی حەشارداوە و بەردەوام دەخوازێت چەق بەستویی لە شوێنی کرانەوە و پرسیار کردن دابنێت، لەنێو ببرێت. چونکە پاراستنی ئەو شێوازە لە ژیان کردن، کە ژنان تێیدا وەک کەرەستەیەک بەکار دەهێنرێن، لە ڕاستیدا ئەوە مانای نەبونی پەروەردەیەکی تەندروست دەگەیەنێت لە کۆمەڵگادا. تا ئەم ساتەوەختە لە کوردستاندا یان بڵێین لە هەرێمی کوردستاندا، زۆرترین ئاماری ژن کوژی تۆمار کراوە، وە بەئەندازەیەکیش ئەو ئومێدە هێشتا دوور دەبینرێت کە هەنگاونانێکی جیدی هەبێت لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ لە گۆڕنانی ئەو فەرهەنگە دژە مرۆییە.
دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا، هێندەی خودی ئەو بەرە پیاوسالاریە مەزهەب گەراییەی یەزیدیەکان خوویان پێوە گرتوە و ناخوازن کرانەوە لەنێو ئەتنیکەکەیاندا بێتە ئاراوە، بەشدارە لە گیان بەخت کردنی دوعادا، بەدەستی ئەو هێزە تاریکەی کە خۆی کردۆتە تارماییەکی ڕەش بەسەر سەری ژنانی ئەو ناوچەیەوە.
یاد کردنەوەی دوعا، بۆخۆی هەڵگری ئەو چەمکە یەکسانیخوازەیە کە بەرەیەک لە مرۆڤی ئازادیخواز لە کۆمەڵگادا خەباتی ڕۆژانە دەکەن، تا چیتر هیچ مرۆڤێک بەتایبەتیش ژنان نەکرێن بە قوربانی نێو ئەو چەمکە قەتیس بوانەی بۆ هەزاران ساڵە دەستی خستۆتە گەردنی ژنان و وەک (نیو) مرۆڤ وێنایان دەکات. یاد کردنەوەی دوعا، تەنها بۆ ئەوە نیە بڵێین لەو ڕۆژەدا کارەساتێکی مرۆیی ڕویدا، هێندەی ئەو یاد کردنەوەیە بۆ گەیاندنی پەیامی کۆی ئازادیخوازانی نێو کۆمەڵگایە کە بەدەسەڵات بڵێین؛ ئێوە بە چ ڕویەکەوە باس لە گۆڕان و هەنگاو نان دەکەن بۆبنیات نانی کۆمەڵگایەکی تەندروست، لە کاتێکدا ڕۆژ نیە لەو کۆمەڵگایەدا لە ژنێک زیاتر نەبێت بە قوربانی نێو کەلتوری پیاو سالاری. یاد کردنەوەی دوعا و هاوشێوەکانی بۆ ئەو پەرچە کردارە دژەیە کە ناخوازێت چیتر ئەو فەرهەنگ و کەلتورە داخراوە ببێتە جێگا شانازای لەنێو زهنیەتی کۆمەڵگادا، بەڵکو دەخوازین و خەباتی بەردەوامی ڕۆژانەی بەرەی ئازادیخواز بۆ ئەو مێژوەیە کە چیتر ژنان نەبن بە قۆچی قوربانی دەستی ئەم خێزان و ئەو دەسەڵاتی پیاوسالاری.
کۆمەڵگای کوردی، گەر خۆی نەخاتە ژێر ڕەخنەی واقعیانەوە، دیارە تا دوا ڕادە خۆی لە گەمژەبونیدا دەبینێتەوە، ڕەخنەی واقعی، مەبەست لەوەیە، بۆ تا ئێستا کە فەراهەمە- بە ئامرازە تەکنەلۆجیەکانی سەردەم و لە هەمان کاتدا بەکاریشیان دێنێت و بێ ئەوەی ڕێگا بەخۆشی بدات واز لەو چەمکە دواکەوتوانەیە بهێنێت کە هەڵگریەتی،(ئاخۆ ئەمە ئەو دوو لانەییە نیە، کە هەم گیرۆدەی وابەستە بونەیەتی بەچەمکی خێڵ گەرایی و هەمیش بەبێ ئەوەی خۆی بخوازێت کەوتۆتە نێو جیهان بینی خودی سیستەمی قازانج خۆری بۆرژوازیەوە؟) کوشتنی ژنان تەنها لە کوردستاندا باو نیە، بەڵکو لەنێو کوردانی ئاوارەی ئەوروپاشدا تا ئێستا گوێ بیستی دەیان، سیناریۆی ڕەش بوین کەلەلایەن پیاوانی وابەستە بە عەقڵیەتی ڕزیوی داخراو ، خوشک و دایک و هاوسەری خۆیان کوشتوە، بە دڕندانەترین شێواز. ئاخۆ بەردەوامی ئەم کارە دڕندانانە، نیشانەی ئەو چەمکە نیە، کە پیاوی کورد بە چ ئەندازەیەک لە ژێر قەیراندایە؟ قەیرانی تێنەگەیشتن لە مانای خۆشەویستی، قەیرانی تێنەگەیشتن لەوەی کە ژنیش وەک ئەم مرۆڤێکەو خاوەن ئیرادە و توانای تایبەت بەخۆیەتی؟ قەیرانی نەبونی پەروەردەیی مرۆییانە، بۆ هەنگاو نان بەرەو جیهانێک کە چیتر ئاستی گیرۆدە بون (بەهیچ) ێک،ڕزگار بکات و تێی پەڕێنیت. دەکرێت بپرسین ئایا لە جوگرافیای کوردستاندا، جیاوازیەکان بەو ئەندازەیەن کە ببن بەو جیگایەی وەک گۆڕستانێک بۆ ژنان بی بینین؟ ئاخۆ کارەساتەکە لەکام هۆکارەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئاخۆ ئەرکی ئەو جەمعە لە ئەحزابی قەومی و دینی و بەرەی میدیایی، چ کارێکیان کردوە بۆ ئەوەی بتوانن ڕوسوریەک بەخۆیان ببەخشن و توانای ئەوەیان هەبێت بڵێن بەڵی ئێمە خەباتمان کردوە بۆ نەهێشتنی کەلتوری پیاوسالاری ژن کوشتن؟ خودی دەسەڵات و کۆمەڵگاش لەنێو قەیرانێکی قوڵدا دەژین، قەیران بەو مانایەی، کە ئەم دوبەرەیە نەیان توانیوە یان ناخوازن ئەو چەمکە دواکەوتویەی گیرۆدەی خواستەکانی خێڵ و خێزانە تێپەڕێنن لەلایەک وە لەلایەکی دیکە بۆخۆیان کەوتونەتە نێو جیهان بینی شارستانی سیستەمی پاوانخوازی سەرمایەداریەوە و لەمانا فراوانەکەی ئەو ئاڵوگۆڕە، تێگەیشتن لێی بوە بەزەحمەت و لەم نێوەدا پێکدادانە سلبیەکان دێنە دەرەوە، هێندەی هەنگاونانێک هەبێت ڕوە و پێشەوە و ڕوە و داهێنان و سود وەرگرتن لەو ئامرازە نوێیانە.. خۆ دەرباز نەکردن یان تێنەگەیشتن لەنێو ئەو دوو چەمکە جیاوازەدەا، دەبێتە دەرئەنجامێک تەنها ژنان باجەکەی بدەن.
وابەستە بوون بە پاراستنی چەمکی ئەو بەهایانەی لە کەلتوری خێزان و خێڵەوە ماوەتەوە، وا دەکات نەوەی نێر، هەمیشە خۆی سەردار بێت و بەپێی خواستەکانی ئەو ژنان جێگاو ڕێگایان بۆ دابین بکرێت، لێرەدایە خودی قەیرانێک کە ڕەگەزی نێر لە کۆمەڵگای ئێمەدا تێی کەوتوە و تا بناگوێی لە ژێر قەیراندایە. قەیرانێک هیچ کات نزیکایەتی لەگەڵ خواستە مرۆییەکاندا نیە، کە دەیەوێت ژنیش وەک پیاو بونی هەبێت و بەشدار بێت لە پێکهاتەی کۆمەڵگا بوندا. ئەو پێکهاتە کۆمەڵگا بونیە، قۆناغێکە خۆشەویستی و ئازادی تێیدا جێگیر بوە و ترس لە وەی شەرەف پەیوەست کرابێت بە ڕەگەزی مێوە بونێکی نەماوە. لە کۆمەڵگا بونێکی واشدا، جێگایەک نیە بۆ ئەوەی بەهانەیەک بدۆزرێتەوە بۆ کوشتنی ژنان، دیارە کاتێک کۆمەڵگا دەگات بە قۆناغێکی ئاوا، لەوێدا خودی کۆمەڵگا بوە بەخاوەن پەروەردەی تەندروست و خاوەن ئاکاری سیاسی ڕەوشت بەرزی.
سەرجەم ئەو شێوازە پەروەردەییەی لەنێو فەهەنگ و چەمکە کەلتوریەکانی کۆمەڵگای کوردیدا بونیان هەیە، بە شێوازێکن، پێویستیان بە ڕەخنە کردن و فڕێدان هەیە، کاتێک پەروەردەی کۆمەڵگا بەو شێوەیە بێت کە ڕێگا بدات، ژن بکوژرێت یان ناچار بکرێت بەوەی خۆی بەدەستی خۆی، خۆی لەنێو بەرێت، ئیتیر هیچ هۆکارێک نیە بەوەی بڵێین ئەم شێوازە لە پەروەردە پێویستی بەمانەوە هەیە. لە کۆمەڵگای خاوەن پەروەردەی یەکسانیخوازیدا، مانایەک نیە بۆ ئەوەی بەرەی کۆنە خواز بڵێن کۆمەڵگا، بەتایبەتیش ژنان بەرەو بەرەڵای بانگهێشت دەکرێن، بەپێچەوانەوە، دەتوانین بڵێین ئەو بەرەڵایەی خودی ئەو کۆ کەلتورە پیاوسالاریە باوە چینایەتیە بەرهەمی هێناوە، هۆکاری سەرەکیە بۆ ئاوا کردنی ئەم کارەساتەی دەرهەق بە ژنان دەکرێت. نمونەکانی هاوشێوەی دوعا، بەسن بۆ ئەوەی بەکۆی کەلتوری باو بڵێین؛ ئەوە کامە پەروەردەیە کە ئەم چەمکە وەحشیانەی بەرهەم هێناوە؟ ئاخۆ گەر ژنان وەک مرۆڤێکی تەواو پێناسە بکرێن و لەژێر خواستی پەروەردەی دینی پیاوسالارانەدا، ڕزگاریان ببێت، جێگایەک دەمێنێتەوە بۆئەوەی تێیدا وەک لە ڕێ لادەر و بەرەڵا سەیر بکرێن؟ ئاخۆ گەر چەمکەکانی خۆشەویستی بەمانا مرۆیەکەی بونی هەبێت، ژنان وەک کەرەستەیەک دەکرێن بەکاڵاو کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێت؟ ئاخۆ ئەو شێوازە باوەی کە هەر ژنێک بەپێی ئەو دینەی سەپێنراوە بەسەریدا، دەکرێت لەو چوارچێوەیەدا زەواج بکات، بۆخۆی هۆکارێک نیە بۆ ئەوەی یاخی بونەکانی وەک دوعا ئاسا بەرهەم بهێنێت؟ ئاخۆ گەر بەربەستیەکانی دین نەبوایە دوعا دەکرا بە کۆچی قوربانی نێو خواستی پیاوانی خێڵ؟ کۆمەڵگای ئێمە چەندەی پێویستی ڕۆژانەیان هەیە بۆ دابین کردنی خواردن و بژێوی ژیانیان، هێندەی ئەو پێداویستیە ڕۆژانەییەش پێویستی بە خەباتی جیدی هەیە بۆ ڕزگار بوون لەو چەق بەستوییەی تێی کەوتوە و، هەنگاو هەڵبنێت بەرەو پەروەردەیەکی نوێ و کەلتورێکی نوێ کە خودی کەسێتی ژن، وەک مرۆڤێکی تەواو خاوەن ئیرادە ببینێت و ڕێزی لێبگرێت، تەنها لە دۆخێکی وادا کۆمەڵگا و خودی دەسەڵات دەتوانن شانازی بە بونی خۆیانەوە بکەن و بڵێن خاوە پەروەردەیەکی مەزنی مرۆییانەین. کوشتنی جیهان بینی ترس و ڕەها کردنی ئیرادە یەکێکە لەو بەها مەزنانە... لەبەشی ئایندەدا دێمە سەر ئەو چەمکە. .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە