کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شازی ئازادی!

Wednesday, 20/04/2011, 12:00






سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ زۆرێکی دیکه‌ له‌ پیاوانی سیاسی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌، له‌ زۆر بۆنه‌دا گلله‌ی له‌ نه‌وه‌ی نوێ ده‌که‌ن که‌ له‌ زه‌مه‌نێکدا له‌ دایک بوون زه‌بر و کوشتاری دڕندانه‌ی ڕژێمی به‌عس به‌ سه‌رۆکایه‌تی سه‌دامیان نه‌دیوه‌. ئه‌گه‌ر شانس یاوه‌ریان بوایه‌ و کۆی نه‌وه‌ی نوێی دوای راپه‌ڕین سه‌رده‌می به‌عسیان ببینایه‌، ئه‌و کات تێده‌گه‌یشتن که‌ پاراستنی ئه‌م ئه‌زمونه‌ چه‌ند گرنگه‌!!!!!!!!!!
ئایا به‌ڕاستی سه‌رۆکی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ناسیۆنالیزمه‌ له‌ خزمه‌تی پاراستنی ئازادی و که‌رامه‌تی ئینسانی کوردان؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ کۆی ئه‌و دیمه‌نه‌ دڵته‌زێن و دڕندانه‌یه‌‌ی له‌ 17/02/2011 وه‌ ڕوبه‌ڕووی خه‌ڵکی سیڤیلی کوردستان کراوه‌ته‌وه‌- له‌لایه‌ن هێزی میلیشیایی ئێوه‌وه‌، هه‌مان دیمه‌نی قێزه‌ونی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسی فاشی نیه‌؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ ئێوه‌ن به‌م نه‌وه‌ خێر له‌ خۆ نه‌دیوه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینتان ووت؛ خه‌م مه‌خۆن که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌دایک نه‌بوون، ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌و ڕۆژگاره‌تان به‌ شه‌قی کوردیه‌وه‌ پیشان بده‌ین؟ ئای ئێمه‌ له‌ نێو چ گه‌مه‌یه‌کی کۆمیدیدا ده‌ژین؟ دڵنیام تا ئه‌و ساته‌ی ژیانێکی ئازادیخوازانه‌ و ساتێک که‌ ئینسان له‌ خه‌ویشدا خه‌و به‌ترسه‌وه‌ نه‌بینێت، نه‌یه‌ته‌ دی، تارماییه‌کانی سه‌دام هه‌میشه‌ زیندوون؟ سه‌دام و فه‌رهه‌نگه‌که‌ی هه‌میشه‌ له‌ نێو سیسته‌مێکی دیکتاتۆردا هه‌ن و له‌ دایک ده‌بن، به‌ڵام هه‌رله‌وێشدا چینێکی ناڕازی هه‌ن ڕوو به‌ڕووی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌بنه‌وه‌ تا ئه‌و کاته‌ی ژیانێکی ئازادانه‌و پڕ له‌ سه‌روه‌ری و که‌رامه‌ت بۆ ئینسان دابین ده‌که‌ن، بێده‌نگ نابن. دیواری ترسه‌کان چه‌ند به‌رز بن له‌ ئاست ئیراده‌ی خۆناسینی هێزی به‌ره‌ی ئازادیخوازندا بچوک ده‌بنه‌وه‌ و ده‌ڕوخێرێن. تۆ بڵێی لای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ناعه‌داله‌ت و پاوان خوازه‌ چ جیاوازیه‌ک هه‌بێت له‌و ئیهانه‌ و شه‌ق وه‌شاندن و کێبڵ وه‌شاندن و زیندانی کردنانه‌ی سه‌رده‌می به‌عس و ئه‌مه‌ی ئێوه‌دا؟ ئاخۆ تامی شه‌ق و ئیهانه‌کردن هه‌ریه‌ک تامیان نیه‌؟ بۆ ده‌بێت ڕه‌وایه‌تی به‌خۆتان بده‌ن له‌وه‌ی ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌یه‌ دیفاع له‌ ئازادیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات، به‌ڵام کۆی ناڕه‌زایه‌تیه‌ک که‌ له‌ نێو شه‌قامی کوردیدا هه‌یه‌ هه‌رهه‌موی به‌ ئاژاوه‌گێڕ ناو ده‌نێن؟
ئاخۆ ئه‌مه‌ شازی ئازادی نیه‌ له‌ کوردستاندا، بکوژ ده‌ستی ڕه‌ها بێت له‌ سه‌ربه‌ستی خۆی و کوژراو و تێهه‌ڵدراو به‌تاوان بار بزانرێت؟ ئاخۆ کردنی هه‌ولێر و ناوچه‌ی بادینان به‌ زیندانیه‌کی گه‌وره‌ و هێنانی هێزی میلیشیای به‌ جلی مه‌ده‌نیه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر و کردنی به‌ سه‌ربازگه‌یه‌ک به‌ جلی مه‌ده‌نیه‌وه‌، له‌وه‌ی چه‌ند که‌س پێکه‌وه‌ نه‌توانن گرد ببنه‌وه‌ له‌ شوێنێکدا، چ ئاماژه‌یه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت له‌ نێو ئه‌و ئازادیه‌ی که‌ لای ئێوه‌ ده‌ست ده‌که‌وێت؟ ئاخۆ جێگه‌ی شه‌رمه‌زاری نیه‌ لاتان کاتێک باس له‌ سه‌روه‌ری یاساو سه‌ربه‌خۆی داگاو په‌رله‌مان ده‌که‌ن، به‌ڵام هیچ یه‌ک له‌م سێ لایه‌نه‌ هیچ بونێکی سه‌ربه‌ستی خۆیانیان نیه‌ له‌وه‌ی بڕیارێک بده‌ن جیاوازتر بێت له‌ خواستی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئێوه‌؟ یاسا کامه‌یه‌ له‌ کاتێکدا پێچراوه‌ته‌وه‌ به‌ کۆنه‌په‌رستی و فه‌رز کردنی ده‌م داخستنی کۆمه‌ڵگا که‌ نه‌توانن خۆپیشاندانیش بکه‌ن به‌بێ مۆڵه‌ت؟ ئاخۆ ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و مه‌ده‌نیه‌ته‌ی باسی لێوه‌ ده‌که‌ن؟

ئازادی چ مانایه‌کی هه‌یه‌ له‌ کاتێکدا سلێمانی و زۆربه‌ی شاره‌کانی سه‌ر به‌و پارێزگایه‌ کراوه‌ته‌ مۆڵگه‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کانتان و به‌نهێنی له‌ ڕێگای مۆبایله‌وه‌ گرته‌ ڤیدیۆی ده‌گیرێت(چونکه‌ بائاشکرا گرتنی ئه‌و دیمه‌نانه‌ خاوه‌نه‌که‌ی به‌رشه‌ق ده‌درێت و ڕه‌وانه‌ی زیندانه‌کان ده‌کرێت!، ده‌ورانێکی سه‌یره‌ گوڵم له‌ نێو سیاسه‌تی ئه‌م ناسیۆنالیزمه‌ کوردیه‌دا) بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نه‌ ناشیرینانه‌مان بۆ بگوێزنه‌وه‌ له‌ ڕاستی ئه‌و به‌سه‌ربازگا کردنه‌ی شار و داگیر کردنی سه‌کۆی مه‌یدانی ئازادی؟ ئه‌مه‌ چ جۆره‌ پارێزگاری کردنێکه‌ له‌ مانای ئازادی و سه‌روه‌ری ئه‌و ده‌زگایانه‌ی که‌ ده‌بوا ببوایه‌ن به‌ جێگا متمانه‌ی خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان؟
ئه‌رێ به‌راست ئه‌وه‌ کام سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانه‌ کاتێک وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ بانگهێشت ده‌کات بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ڕوداوه‌کانی 17/02 و ناوبراو سوێند ده‌خوات ئه‌وه‌ی هێنراوه‌ بۆ نزیک گرده‌که‌ ده‌بابه‌ نیه‌و ناقیله‌ی ئه‌شخاسه‌، له‌کاتێکدا هیچ ناقیله‌یه‌ک له‌وێدا نیه‌، له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌بابه‌ش نه‌بن و ناقیله‌ بن، نه‌توارێت به‌و ناقیله‌یه‌ شه‌ڕی چه‌کداری هه‌ڵگیرسێنرێت له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ره‌که‌یدا!!! ناوبراو سوێندی به‌و خودایه‌ی ته‌نها له‌ خزمه‌تی سیسته‌می ناعه‌داله‌ت خوازیدایه‌،خوارد، که‌ ئه‌وان هیچ هێزێکی چه‌کداریان نه‌ناردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندران مه‌یدانه‌کانیان پێ چۆڵ بکه‌ن!!. به‌ڕاستی ئه‌و کۆ هێزه‌ چه‌کداره‌ سه‌ر به‌کام لایه‌نن و چه‌ند جۆرن؟ خۆ ئه‌گه‌ر بپرسین ئاخۆ ئه‌و هێزه‌ چه‌کداره‌ که‌ سه‌روسیمای هرچی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر و دڕنده‌ هه‌یه‌ له‌ خۆیاندا کۆیان کردۆته‌وه‌، ئاخۆ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زێنراون و سه‌ر به‌م وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌ی ئێوه‌، نین؟ ئاخۆ ئه‌و هێزه‌ سه‌رکوت گه‌ره‌ له‌ خزمه‌تی کێدایه‌ بێجگه‌ له‌ خزمه‌تی سه‌رانی ملیاردلێری کوردستان؟
خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخوازی کوردستان ئه‌گه‌ر به‌م دیمه‌نه‌ قێزه‌ون و دڕندانه‌یه‌ی ئه‌م دوو مانگه‌ی هێزوده‌سه‌ڵاتی ئه‌م حیزبه‌ کوردیانه‌ که‌ دژی ئیراده‌ی مه‌زنی خۆپیشانده‌ران کردیان به‌ ئاگا نه‌یه‌نه‌وه‌ و کۆی ئه‌و سته‌مه‌ی بیست ساڵه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌سه‌پێنرێت به‌سه‌ریاندا، نه‌جوڵێن و بێده‌مگی هه‌ڵبژێرن، جارێکی تر ده‌مانخاته‌وه‌ نێو ئه‌و دیمه‌نه‌ سریالیانه‌ی که‌ بڵێین له‌ ڕۆژهه‌ڵات و له‌ کوردستانیشدا ناگه‌ین به‌ ساته‌وه‌ختێک که‌ ئازادی به‌ مانا زیندوه‌که‌ی خۆی بتوانێت له‌ دایک ببێت؟ به‌ڵام ئه‌و هێزوئیراده‌ مه‌زنه‌ی له‌لایه‌ن کۆی نه‌وه‌ی نوێ و به‌ره‌ی ئازادیخوازی کۆمه‌ڵگاوه‌، ماوه‌ی دومانگه‌ به‌ ئاشکرا دیواری ترسیان ڕوخاندوه‌، پێمان ده‌ڵێن جارێکی تر خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و ناڕازی، ده‌ورانێکی تری سته‌م و دیکتاتۆریه‌ت قبوڵ ناکات به‌ هه‌رچ نرخێک بێت. ئه‌م ئیراده‌ مه‌زنه‌ی ماوه‌ی دومانگه‌ ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریه‌تی له‌ کوردستاندا هێناوه‌ته‌ له‌رزین و هه‌رچی جۆری ڕه‌زیلانه‌ و سه‌رکوتکردن هه‌یه‌ تاقی کردۆته‌وه‌ دژی ئه‌م ئیراده‌ مه‌زنه‌ی له‌ مه‌یداندایه‌، ده‌ری ده‌خات که‌ ئه‌م ئیراده‌یه‌ هه‌نگاوی مه‌زنی خۆی هه‌ڵناوه‌ و تا نه‌گات به‌ سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاری کۆڵ نادات.
ترساندن و فیشه‌ک باران کردنی خه‌ڵکی ئازادیخواز، ئیتر بۆته‌ په‌رچه‌می ڕسوایی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ی بیست ساڵه‌ خه‌ریکی دزینی سامانی کۆمه‌ڵگایه‌و له‌ ڕێی درۆ گه‌وره‌کانیه‌وه‌ تا ئه‌م چرکه‌ ساته‌ هێشتا به‌شێکی له‌ خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی له‌ خزمه‌تی خۆیدا هێشتۆته‌وه‌ و به‌ره‌ی ناڕازی کۆمه‌ڵگاش به‌ گێره‌شێوێن ده‌دات له‌ قه‌ڵه‌م. ئاخۆ کام یه‌ک له‌ هاوشێوه‌کانتان له‌ ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌ ئه‌م به‌ره‌یه‌ی له‌ ناڕازیان و ئازادیخوازانی کۆمه‌لگای به‌ گێره‌شێوێن و دزوجه‌رده‌ ناودێر نه‌کردبێت؟. ئێوه‌ تا ئه‌و کاته‌ ڕاستان کرد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادی که‌ ئه‌م کۆ ملیۆنیه‌ ته‌سلیمی خواسته‌ دزیوه‌کانی ئێوه‌ی سه‌رۆک و بنه‌ماڵه‌، بوون، به‌ڵام کاتێک ئه‌م هێزه‌ ملیۆنیه‌ دێته‌ مه‌یدان و ته‌خت و تاراجتان لێتێک ده‌دات، ئیتر هه‌روایه‌، ئه‌م کۆ ملیۆنیه‌ لای ئێوه‌ گێره‌شێوێن و تێکده‌رن!!!!!!!! به‌راستیش هه‌ر وایه‌؟
هه‌ره‌یه‌ک له‌ ئێوه‌ی سه‌رۆک، بن عه‌لی و حوسنی و قه‌زافی و عه‌لی و به‌شار و ئه‌حمه‌د و مالکی و عه‌بوڵا و ئێوه‌ تاڵه‌بانی به‌رزانی، تا ئێستا خاوه‌نی چه‌ند ملیاردن؟ ئاخۆ ئه‌و ملیاردانه‌ی کۆتان کردۆته‌وه‌ به‌رهه‌می خه‌بات و ئازادیتانه‌ له‌ کاتی هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتاندا؟ برسی کردن و بێکار کردنی ملیۆنان به‌شه‌ر له‌ کۆی وڵاتانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سیسته‌مانه‌ی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن کێ لێی به‌رپرسیاره‌؟ برسی کردنی ملیۆنان ئینسان له‌ عێراقی دوای سه‌دامدا کێ لێی به‌رپرسیاره‌؟ کوشتنی هه‌زاران ژن له‌ کوردستاندا کام فه‌رهه‌نگ و که‌لتوری ده‌سه‌ڵاتدارێتی لێی به‌رپرسیاره‌؟ له‌ عێراقێکی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وتی ژێر زه‌وی، هێشتا 9 ملیۆن به‌شه‌ر له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریه‌وه‌ن، ئه‌مه‌ کێ لێی به‌رپرسیاره‌؟ مانه‌وه‌ی ڕاده‌یه‌کی ئێجگار زۆر له‌نه‌وه‌ی نوێ له‌به‌رده‌م بێکاری و نه‌توانینی به‌وه‌ی ئاینده‌ی خۆی دیاری بکات کێ لێی به‌رپرسیاره‌؟ ئاخۆ ئه‌م کۆ ملیۆنیه‌ هه‌موو هه‌ر ئاژاوه‌گێڕن؟ ئاخۆ ئه‌مه‌ شازی ئازادی نیه‌ ئێوه‌ بۆ خه‌ڵکی سته‌م لێکراوی کوردستانتان، هێناوه‌؟ ئاخۆ جیاوازی چیه‌ له‌ نێوان ئه‌و شه‌قه‌ی ئه‌منێکی سه‌رده‌می به‌عس و پاسدارێکی فارس و جه‌ندرمه‌یه‌کی تورک هه‌ڵی ده‌ده‌ن له‌ ناڕازیانی کۆمه‌ڵگه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌قه‌ی ئه‌منێکی کوردی هه‌ڵی ده‌دات له‌ ژنان و کوڕانی نێو مه‌یدانی ئازادیه‌کانی کوردستان؟ ئه‌م ده‌ورانه‌ شکستی یه‌کجاره‌کیتانه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ستی پێبکه‌ن!!!!!!!! ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌و چینه‌ به‌رینه‌ی کۆمه‌ڵگاوه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌تان لێده‌سێنرێته‌وه‌ و مێژوتان به‌ ڕه‌شی ده‌نوسریته‌وه‌.
ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری خاوه‌ن سیسته‌می دیکتاتۆری برای یه‌ک نین، ئه‌وه‌ چ هۆکارێکه‌ تا ئێستا تاڵه‌بانی سه‌رۆکئ عێراقی نوێ! هاوخه‌می و پشتگیری خۆی بۆ دیکتاتۆرێکی وه‌ک حوسنی له‌کارلابراو به‌شار ئه‌سه‌دی دیکتاتۆری سوریا ده‌نێرێت؟ ئه‌مه‌ی ئێوه‌ هێناوتانه‌ شازی ئازادیه‌ بۆ پاراستنی بنه‌ماکانی هه‌یبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی خۆتان و ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌که‌تان، به‌دیاریشی ده‌زانن بۆ خه‌ڵکی سته‌ملێکراوی کوردستان!!‌ ئه‌م ئازادیه‌تان ته‌نها به‌ زه‌بری شه‌ق و کێبڵ و زیندان بۆ ماوه‌ته‌وه‌، ده‌ستان خۆش بێت!!!! به‌ڕاستی شازی ئازادیتان بۆ هێناوین!!؟

فه‌رموون سه‌یری ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ن بزانن به‌ چ جۆرێک به‌دزیه‌وه‌ وێنه‌ی ئه‌و هێزه‌ چه‌کداره‌ ده‌گیرێت که‌ هێنراونه‌ته‌ سه‌رای ئازادیه‌وه‌.
http://83.169.12.202/K_Direje.aspx?Jimare=4542&Besh=Hewal&Cor=1
http://www.youtube.com/watch?v=lHLhBOT_E_M&feature=share
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە